Erbil 15°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 19:23

ئایا مەترسی سەر هەولێر جدییە؟

ئاسۆ حاجی
100%

دەربارەی شاری هەولێر و مەترسی توشبوونی بە گرفتی كەم ئاوی، بە كەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی و لێدانی ژمارەیەكی زۆری بیر، مەترسیەكەی جدیدییە و قسەكردن دەربارەی پێویستە، بەڵام لە چ گۆشەنیگایەكەوە قسە دەكەی ئەوەش گرنگە.
پرسیاری سەرەكی و گرنگ ئەوەیە، ئایا حكومەت پێشبینی ئەو مەترسیەی كردووە و خوێندنەوەیەكی دروستی بۆی هەبووە، ئایا پلانێكی هەیە بۆ بەرگرتن بەو مەترسیە؟
وەڵامی ئەو پرسیارانە بە خۆشحاڵییەوە (بەڵێ)یە، شەخسی سەرۆكی حكومەت ئەو دۆسیەی گرتۆتە ئەستۆ و لەلایەن نووسینگەی تایبەتی خۆییەوە كاری لەسەر دەكرێ، لە رێگای سێ پڕۆژەی ستراتیژی، كە ئەمانەن:
پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار، كە بۆ ماوەی یازدە ساڵ تەنها لە قۆناغی دیزاین كردن دەخولاوە و پەكی خرا بوو، بەڵام ئێستا زیندوو كراوەتەوە و بەرنامە ئەوەیە لە كەمترین ماوە و بە توانای ناوخۆیی(تابكرێ) ئەنجامبدرێ، كە شاری هەولێر لە مەترسی بێ ئاوی رزگار دەكات.
پڕۆژەی بەنداوی مەنداوە،  لە سەر زێی گەورە دروست دەكرێ، جگە لە دابین كردنی ئاوی خواردنەوە، لە بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا بەشدار دەبێت، هەروەها لە ئاودێری كردنی گەورەترین رووبەری كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستاندا، كە بە رووی هەولێر دەشتەكانی بەڕانەتی و دەشتی هەولێر دەگرێتەوە، بە رووی دهۆكیش دەشتی ئاكرێ و گۆرانەتی بەراو دەكات.
پڕۆژەی بەنداوی گۆمەسپان، كە جگە لە گڵدانەوەی ئاو و دروست بوونی ناوچەیەكی گەورەی گەشتوگوزاری لە بناری چیای سەفین، ئەوە بەشدار دەبێت لە دابین كردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شاری هەولێر، بەبێ ترۆمپا یاخود پشت بەستن بە وزەی دەستكرد، بەڵكو بە هەمان ئەو رێگایەی پاشا سەنحاریب بەر لە زاین ئاوی گەیاندۆتە قەڵای هەولێر، ئەوەش بیرۆكە و بڕیاری شەخسی مەسرور بارزانی یە، كە مێژوو و خزمەتی هەولێر و كوردستان لە گەشترین داهێنان و رووداوی مێژووی دووبارە دەكاتەوە.
بە تەواو بوونی ئەو پڕۆژانە، سەرجەم بیرەكانی ئاوی هەولێر دادەخرێن، وێڕای ئەوەش حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیەكی ستراتیژی هەیە بۆ بوژاندنەوە و زیادكردنەوەی ئاوی ژێر زەوی، كە مەسرور بارزانی خۆی سەرپەرشتی دەكات. 


 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.