Erbil 15°C ھەینی 19 نیسان 22:32

بەیت و بالۆرەکانی سۆشیال میدیا!

پیران ئه‌میر
100%

پیران ئەمیر

کەسایەتیی کاریزمایی هەر کەس و سەرۆکێک، لە مامەڵەی ڕۆژانە و دروستی لەگەڵ بارودۆخەکانی ڕۆژدا دەردەکەوێت، کە زیرەکانە ئاییندەیان لێ بخوێنێتەوە.

ڕوون و ئاشکرایە کە هەرێمی کوردستان لە کاریگەریی نەتەوە و دەوڵەتانی ناوچەکە بەدەر نییە، بۆیە مامەڵەی دروست و شیاو لەگەڵ کۆمەڵگاکانی دەوروبەر، دەرئه‌نجامی دروستی لێ دەکەوێتەوە. بە واتایەکی تر، نزیکبوون لە فیگەرەکانی کۆمەڵگای دراوسێکان، بە واتای نزیکی تێڕوانینی ئەوان و چەسپاندنی باوەڕی خۆت لە بۆچوونی تاک بە تاکی ئەوان.

هەموومان دەزانین عێراق وڵاتێکی تژی لە نەتەوە، ئایین، ئاینزا و مەزهەبی جۆراوجۆرە، بۆیە کۆبوونەوە و لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەو گرووپە ئیتنی و ئایینییانە گرنگ و پڕ بایەخە و لەسەر ئاستە سیاسی و ئیدارییەکان دەرئەنجامی باشی دەبێت.

بەدەر لەوە، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، کەسایەتی و فیگەر و چالاکی ناسراو لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و مەدەنی پەیدا بوون، کە لە کۆمەڵگای خۆیان گوێ بۆگیراو و حیساب بۆکراون و لەسەر ئاستی شەقام و تەنانەت لە ئاستی باڵای حکوومەتیش، مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

ئەوەی لێرە و لەو چەند ڕۆژەدا بۆتە جێگای باس و خواسی خەڵک، دیداری ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ گەنجێکی عەرەبی عێراقی کە یوتیوبەر و چالاکێکی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.

جگە لەوەی مێژووی وێنەکە کۆنە و بۆ هاوینی دوو ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە، وەکووتر لەوانەیە بەشێکی کەم لە خەڵکی ئێمە شارەزای شێوازی کارکردنی ئەو گەنجە بێت. ئەو گەنجە بەوە بەناوبانگە کە زیاتر بە شێوازی کۆمیدی و لە سۆشیال میدیادا پەیامەکانی کۆمەڵگاکەی دەگەیەنێت و لەسەر ئەوەش جارێک لەلایەن (جۆ بایدن)ی سەرۆکی ئەمریکا و باڵۆێزخانەی ئەو وڵاتە لە عێراق دەستخۆشیی لێ کراوە، هەروەها لەلایەن (مستەفا کازمی)ی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق پێشوازیی لێ کراوە و لەسەر ئاستی شەقامی عێراقییش، وەک کەناڵێک بۆ گەیاندنی پەیامی کۆمەڵگا لەلایەن خەڵکەوە سوودی لێ وەردەگیرێت. واتە دەکرێت دانیشتن لەگەڵ ئەو گەنجە، بەجۆرێک لە جۆرەکان بە دانیشتن لەگەڵ شەقامی عێراقی دابنرێت، بەدەر لە دانیشتن و کۆبوونەوە لەگەڵ سیاسییەکانی عێراق.

مەبەستی سەرەکیی ئێمە لێرە ئەو چالاکەی سۆشیال میدیا نییە، کە ئاخۆ کێیە و چۆن و بە چ شێوازێک کار دەکات، بەڵکو مەبەست ئەو ناحەقییەیە کە بەرامبەر سەرۆکی هەرێم دەکرێت سەبارەت بەو دیدارە.

لەکاتێکدا لای هەمووان ئاشکرایە، کە جەنابی سەرۆکی هەرێم لە ڕابردوودا، جگە لەوەی تێکەڵی کۆمەڵگا بووە و لە شەقام و شوێنە گشتییەکان و ڕێوڕەسمە ڕۆشنبیری و هونەری و وەرزشی و جڤاتییەکان بەشدار بووە و لە بۆنەی جیاوازدا، شار و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی بەسەرکردۆتەوە و لەنزیکەوە هاووڵاتییانی بینییوە، هاوکات لە کاتی جیا جیا و بەپێی دەرفەت، بە تەنیا و بە گرووپ لەگەڵ چالاک و کەسایەتی و خاوەن بیرۆکەکانی کۆمەڵگا کۆبۆتەوە و هاوکاری و پاڵپشتیی کار و بیرۆکەکانی کردوون.

ئەوەی نێچیرڤان بارزانی لە سەرکردەکانی ناوچەکە جیا دەکاتەوە، باوەڕبوونیەتی بە فرەیی و نزیکبوون لە هەمووان بە یەک مەودا، بەچاوپۆشین لە تێڕوانینی تەسکی حیزبی و ناوچەگەری، گوێی بۆ داوا و خواست و خۆزگەی هەمووان گرتووە.

هەر لەو ڕوانگەیەشەوە بوو کە لە ڕابردوودا چ وەک تاک یان بە گرووپ، لەگەڵ دەیان گەنجی بەهرەمەند و خاوەن بیرۆکە، هونەرمەندان و ڕووناکبیران، ڕۆژنامەنووسان و چالاکی مەدەنیی هەرێمی کوردستان کۆ بووەتەوە و ئەم دیدارانەش لە شەقامی کوردی و عێراقیدا، دەنگدانەوەی بەرفراوانیان دروستکردووە.

بۆیە پێویستە هەموو ئەوانەی بەیت و بالۆرە بۆ دیداری جەنابیان لەگەڵ ئەو گەنجە عەرەبە دەهۆننەوە و سواری شەپۆلێکی ناحەز بوون، لەژێر کاریگەریی سۆز و چەواشەی میدیایی و وێنەی دروستکراو بێنە دەرەوە، ژیرانەتر مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکانی ڕۆژ بکەن و بەر لە هەر بڕیاردانێکی کوێرانە، ڕەهەندی ڕووداوەکان لێک بدەنەوە کە بڕیارە لەبارەیەوە بدوێن.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.