Erbil 2°C پێنجشەممە 02 کانوونی دووەم 23:38

ئاڵای كوردستان رەمزی هەرمانی كورد و لە دەستێكی ئەمین پارێزراوە

100%


 رێبوار حەمەلاو شوانی
بە درێژایی مێژوو ، دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان بەردەوام لە هەوڵی ئەوە دا بوونە ، تا شوناس ، مێژوو، شكۆ و ئاڵای كوردستانمان لێ‌ زەوت بكەن و لەو رێگەیەوە مۆڕكی كوردایەتی بسڕنەوە و یانیش لە نێو نەتەوە و گەلانی ناوچەكە بیتوێنەوە و دەست بە خاكی و نیشتیمانی دا بگرن . ئەوەی جێگەی شانازییە ئەوەیە، پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە سەردەمی كۆماری كوردستان لە مەهاباد و تا بە ئەمرٍۆ شەڕی هەرمانی ئاڵا و شوناسی نەتەوەیی دەكات و دوژمنان و داگیركەران بە هەموو توانایەكی سەربازی ، ماددی و هەواڵگری و چەك و جبەخانەی پێشكەوتوو و چەكی كۆمەڵكوژ و پیلانگێری وتیرۆر و گەلەكۆكەی نێودەوڵەتی نەیانتوانیووە ، دەست بە سەر ئەو ئاڵایەدا بگرن كە رەمزی بوونی نەتەوەیەكی خاوەن ماف و زیندوویی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئاڵای كوردستان پیرۆزترین رەمزی نەتەوەی كورد، هەمیشە شانازیت پێوە دەكەین و لە هەموو شوێنێكی جیهان لەگەڵمانیت.
لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان لە دوای مستەفا بارزانی رابەری رۆحی نەتەوەیی كورد  ، كێ ئەوەندەی پێشمەرگە ،سەرۆك بارزانی توانیویەتی پێ پارێزانە هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت و رەوتی مێژوو و دۆزە رٍەواكەی سەرەرای بوونی دەیان كۆسپ و تەگەرە و مەترسی بە قازانج و بەرژەوەندی میلەتەكەی پێشبخات. ئەوێ رۆژێ ئەگەر بۆ یەكەمجار هەڵبژاردنی گشتیی لە هەرێمی كوردستان نەبوایە و دامەزراوەی شەرعی و یاسایی بۆ كورد بونیات نەنرابان، كورد لە كوێی هاوكێشەكان دەبوو، شانازی دانانی بەردی بناغەی ئەم كیانە كوردییەی ئەمڕۆ ئاڵاكەی لە كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكاندا لە پاڵ شانی راستی سەرۆكەكەی دەشەكێتەوە بۆ كێ دەگەڕێتەوە، جگە لە سەرۆك بارزانی. ئەوە سەرۆك بارزانی بوو بەردەبازی مێژووی نوێی كوردی گۆڕی و بە پێشنیاز و بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی لە 1992دا توانی خەباتی چەكداری شاخ بگۆڕێت بە خەباتی مەدەنیانەی كورد لەپێناو بنیاتنانی كیانێكی سیاسی ئەوتۆ كە لە هاوكێشەی نوێی سیاسەتی ناوچەكەدا حسابی ورد و گرنگی بۆ بكرێت.

ئاڵا ڕەمزێكی مەزنی هەر نەتەوە و خەڵك و كۆمەڵگایەكە، نەتەوەی كوردیش وەك نەتەوەكانی دیكە ئەو مافەی هەیە كە ئاڵای تاییبەت بەخۆی هەبێت. ساڵی 1999 پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی دەركرد لە بارەی ئاڵای كوردستانەوەو  شێوازی ئاڵاكەو مامەڵەكردنی لەگەڵیدا بە یاسا رێكخست، كە ئەمە دەقەكەیەتی:یاسای ژمارە 14 ساڵی 1999
یاسای ئاڵای هەرێمی كوردستان - عێراق
مادەی یەكەم: هەرێمی كوردستانی عیراق ئاڵایەكی شێوە لاكێشەیی دەبێت پانیەكەی سێ یەكی درێژییەكەی دەبێت بەسەر سێ لاكێشەی ئاسۆیی یەكسان لە درێژی‌و پانی دابەشكراوە، بەم شێوەیەی پێكهاتووە:
1-    لاكێشەی سەرەوە رەنگی سوورە، هێمایە بۆ شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد.
2-    لاكێشەی ناوەڕاست سپییە، هێمایە بۆ ئاشتی‌و ئازادی ‌و دیموكراتی‌و لێبوردەیی كە گەلی كوردستان دەیەوێت.
3-    لاكێشەی خوارەوە رەنگی سەوزە، هێمایە بۆ كشتوكاڵ‌و سروشت ‌و ژینگەی كوردستان.
4-    لە ناوەراستی لاكێشە سپیەكەدا خۆرێك هەیە رەنگی زەردە، دەكەوێتە خاڵی یەكتربڕی رووبەری لاكێشەكە، 21 تیشكی سێگۆشەی یەكسانی لێ دەردەچێت، بەرزی تیشكەكان دەگاتە ناوەڕاستی هەردوو لاكێشەی سوورو سەوز، خۆرەكە هێمایە بۆ بەردەوامبوونی ژیان‌و مەعریفەو هیواو گەشبینی، 21 تیشكەكەش هێمایە بۆ بۆنەی نەتەوەیی نەورۆز، رۆژی بەرەنگاربوونەوەو راپەرین‌و شۆڕش‌و رزگاری دژی زوڵم‌و ستەم‌و چەوسانەوە.
پەرلەمانی كوردستان ئەم رۆژەی وەك رۆژی ئاڵای كوردستان دیاریكرد و هەمو ساڵێك لە 17ی كانوونی یەكەم بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەم رۆژی چەندین چالاكی جۆراوجۆر لە ناوەندەكانی خوێندن و دام و دەزگا حكومییەكان ئەنجام دەدرێت. ئاڵای كوردستان پرە لە مێژووی پر شانازی و سەوەری و خۆراگری ڕەمزی گیانفیدایی و تێكۆشانی گەلی كوردە، هەر دەم شكۆ و سەروەری گەلێكە لە پێناو ئازاد و سەربڵندی و شەكاوە بوونی ئەو ئاڵایە لە ژێر سەخترین هەڵومەرجەكەكاندا توانیوێتی بەرگری لە شوناس و ئاڵاكەی بكات ، بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی شەهیدان و شۆڕشگێڕانی گەلەكەمانە، ئاڵایی كوردستان ، رەمز و سیمبوڵی هەموو كوردێكی ئازادیخواز و سەربەخۆیخواز و سەربەست ژینە . دیاریكردنی ئەم رۆژە پەیوەندی بە یەكەم هەڵكردنی ئاڵای كوردستانەوە هەیە لە كۆماری مهاباد، كە لە 17 كانونی یەكەمی ساڵی 1946 و 75 ساڵ بەر لە ئێستا لەلایەن پێشەوا قازی محەمەد،لە مەیدانی چوارچرا بۆ یەكەمجار ئاڵای كوردستان هەڵكرا و لە شێوەدا جیاواز بوو لەو ئاڵایەی ئێستا بۆ كوردستان دیاریكراوە. مێژووی درووست بوونی ئاڵا بۆ دەیان هەزار ساڵ پێش ئیستا دەگەڕێتەوە و كاتێك كە مڕۆڤە سەرەتاییەكان بۆ ناساندی دۆست و دووژمنی خۆیان لە پێستی حەویوان كەڵكیان وەر گرتووە و وەك ڕەمز و ڕەنگ و هێمای خۆیان پێناسەیان كردووە. لە مێژووی میسر،ی كۆندا هاتووە كە ئەوان لە دارێكی درێژ كە پەیكەرێكی ئاسنینی بەسەرەوە بەسترابووە، وەك هێما و ڕەمزی نەتەوەیی خۆیان كەڵكیان لێوەر گرتووە و پێناسەیان كردووە. بەڵام ئەگەر باس لە مێژووی ئاڵا لە پەڕۆ یان پارچە بكەین، ئەوا دەبێ بڵەیین كە چینی،یەكان و هیندی،یەكان یەكەمین خەڵك بوونە كە ئاڵایان لە پەڕۆ و پارچە ساز كردووە. لە یەكێ لە سەرچاوە مێژووییەكاندا هاتووە كە 1100-1200 ساڵ پێش لەدایك بوونی مەسیح، چینی،یەكان لە ئاڵای پەڕۆ و پارچە كەڵكیان وەر گرتووە. دواتر یوونان،ییەكان و ڕوومییەكان ئاڵای پەڕۆ و پارچەیان بەكار بردووە، بەتایبەت لە كاتی ڕاگەیاندنی شەڕ و ئاشتیدا وەك هێمای سەركەوتن بەكاریان هێناوە.
 مانای چوار ڕەنگەكەی ئاڵای كوردستان
 سوور : هێمای شۆڕشگێڕی و خوێنی شەهیدانی میللەتی كوردە لە پێناو مافەكانیاندا. 
سپی : هێمای ئاشتیی و ئاساییشە كە میللەتی كورد بەردەوام ئاشتیخوازبووە. 
سەوز : لە سروشتی كوردستانەوە هاتووە و هێمای ژیانەوەیە.
 زەرد : مەبەست لەڕۆژە بیست و یەك تیشكییەكەیە كە هێمای دواڕۆژی میللەتی كوردە. 
لەم ڕۆژەدا جەخت لەوە دەكەینەوە كە كوردستان لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە تەبایی ناوخۆیی و گیانی برایەتی و لێك تێگەیشتن و لێبوردەیی وكاری هاوبەشی پێكەوەیی هەیە لە چوار چێوەی پرەنسیپە دیموكراسیەكان و یاسا بەركارەكان هەیە . ئاڵا بە مانای ناسنامەو سیمبوڵی هەر نەتەوەو هەرێم و گروپێكە ، ئاڵای كوردستان ڕەمزی شۆڕشی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردە لە دێر زەمانەوە تا ئەمرۆ ئاڵا بە شێوازو ڕەنگی جیاواز لە هەموو پارچەكانی كوردستان مێژوویەكی هەیە . ،ئاڵای كوردستان مێژوویەكی دووروو درێژی هەیە و لە دەیان داستانی نەبەردی قارەمانانەی پێشمەرگە بەرگری لێكراوە بوو هەمیشە بۆتە بەرگی دەیان و سەدان ڕۆڵەی نیشیمان شەهید بوونە . مێژووییەكی دیكەی پڕشانازی بۆ  نەتەوەكەمان ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و سەركەوتنی  لە رۆژی 25/9/2017 و بەشداریكردنی كوردستانیان بە ئاڵای كوردستانەوە و دەنگدان بە بەڵێ‌ بۆ سەربەخۆیی ، جارێكی تر رۆحی زیندوو و بەرز راگرتن و گەیاندنی پەیامێك بوو بۆ هەموو دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان كە نەتەوەیی كورد لە ژێر هیچ گووشار و چەوساندنەوە و ستەمكارییەك ئامادە نییە دەستبەرداری بەدەسهێنانی مافەرەواكانی بێت ئەویش بەدەسهێنانی مافی دەوڵەتی كوردستان و ئەم ئاڵا پیرۆزە سمیبوڵی خۆنەچەماندن و بەرگریكردن لە كورد وكوردستان.. ئاڵای كوردستانیش لە دەستێكی ئەمین دا پارێزراوە .
 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.