Erbil 3°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 07:31

بۆچی "یەكێتی" دژایەتی كوردستانی بەهێز دەكات؟!

100%

ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری و نەبوونی سەركردایەتی لەنێو یەكێتی و پاشاگەردانی لە دەڤەری سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجە و تاڵانكاری، تیرۆر و ڕەخساندنی دۆخێكی نالەباری و نەگونجاو بۆ خەڵكی دەڤەرەكە و بەتایبەت شێوازی ناتەندروستی مامەڵەكردن لە ڕووی سیاسی و لۆژیكەوە لەگەڵ هێز و لایەنەكان و مانۆڕی هەڵە له‌ ڕووی سیاسییەوە، بەتایبەت لەگەڵ حكوومەتی كوردستان و دامودەزگە یاسایی و دادوەری و بوارەكانی تر و هەوڵدان بۆ لێكترازان و شەڕانگێزی لەلایەن سەركردایەتیی ئێستای یەكێتییه‌وه‌ ئاماژەن بەوەی كە ئەو حزبە هیچی بەدەسته‌وه‌ نییە و هەموو شتێكی دۆڕاندووە و ئەوەی ماوە تەنها شەڕانگێزی و ئاژاوەگێڕییە.

یەكەم، هۆكاری ئەوەی ئێستا یەكێتی بەرامبەر بە پارتی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان تووشی هیستریا و هەڵچوون و شەڕانگێزی كردۆتەوە، یەكێتی حەز بە كوردستانێكی بەهێز ناكات، بەو واتایەی كە ئەوەی نەیارانی كورد قورمیشی دەكەن و فەرمانی پێ دەكەن پێوستە جێبەجێیان بكات.

دووەم، حكوومەتێكی بەهێز واتا بوونی یاسا و بەهێزبوونی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان، واتا ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چاكسازی، واتا بوونی یەك حكوومەت و یەك ئیدارە كە ئەوەش گەورەترین ترسی دوژمنان و ناحەزانی كوردستانه‌ و یەكێتی باش لەو راستییە گەیشتووە.

سێیەم، روون و ئاشكرایە بوونی یەك سەرۆك و یەك حكوومەتی كارا و خاوەن بریار هۆكارە بۆ جێبەجێكردنی یاسا و پلانەكانی لە ڕووی سەقامگیری و ئەمنی و دارایی و ئابووری و وزە و ئاوەدانی و بەهێز لە ناوخۆ و بە تایبەت دێپلۆماسی كارا لە دەرەوە و هتد.. پێچەوانەكەشی هەمان ئەو بابەتەیە كە نەیارانی ئەم گەل و حكومڕانییە هەرگیز چاویان پێی هەڵنایەت و یەكێتی وەك كارتێكی گوشار بەكار دێنن.

چوارەم، ویستی یەكێتی هەمیشە و بە درێژایی 30 ساڵی ڕابردوو بۆ دوو سەرۆكی و دوو ئیدارەیی و لاوازبوون هەرێمی كوردستان بووە، هەرگیز نەیووستووە هێز و دەسەڵاتەكان و داهاتەكان لەنێو یەك دامەزراوە و بۆ خزمەتی كوردستانیان بەكاربهێنرێت، خەڵكی بێدەنگ بن و داوای مووچە و خزمەتگوزاری لە دەڤەری سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجە نەكەن.

پێنجەم، یەكێتی ده‌یەوێت سیاسەت و ستراتیژییه‌تی هەرێمی كوردستان بە حەز و ویستی ناحەزانی گەلی كورد بێت بەتایبەت ئەو وڵاتە هەرێمییەی كە ئەوان كاری بۆ دەكەن، ئەوان هەرگیز لەگەڵ بوونی هێزێكی نیشتمانی پێشمەرگە نین، چونكە ئەوه‌ ویستی نەیارانی كوردستانە كە كوردستان بەهێز نەبێت و داهات و مووچە و بودجە لە حكووومەتی كوردستان وەڕبگرن و لەولاشەوە هیچ داهات نەگەڕێنەوە نێو خەزێنەی حكوومەت.

شەشەم، یەكێتی دەیەوێت كاری ڕفاندن و تۆقاندن و تیرۆر و تێكدانی سەقامگیری بكەن، بەڵام هەمووان چاو بەرامبەر كارە تێكدەرانەكانیان دابخەن، بەڵام ئیتر هەم سەردەمی فیفتی بە فیفتی بە سەرچووە و هەمیشە كابینەی نۆ بە سەرۆكایەتیی ڕێزدار مەسرور بارزانی، نایاسایی و تاڵانكاری یەكێتییه‌كه‌ی باڤڵ قبووڵ ناكات ، دەبێت یەكێتی قەبارەی خۆی بزانێت، ڕاستییەكی تریش هەیە دەبێت یەكێتی و كلكەكانی بزانن كە زۆر لەمێژە دوژمنان و ناحەزان خەونی شكستپێهێنانی قەوارەی هەرێمی كوردستان و دامودەزگەكانی دەبینن و چەندین پیلانگێڕییان داڕشت و دایدەرێژن و هەر لە مووشەكبارانكردن و درۆنبارانكردن و گەمارۆی جۆراجۆر، بەڵام ھەموو جارێك شكست بەو پیلان و خەونە نەزۆكانە ھێنراوە.

ئەوەی ماوە بگوترێت ئەوەیە ئەگەر یەكێتی خۆی بە هاوبەش دەزانێت و باوەڕی بە كوردایەتی و قەوارەی هەرێمی كوردستان هەبێت، دەبێت پابەندی ڕێنەماییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت لە ڕووی یاسایی و دارایی و ئەمنیی و بوارەكانی تریش، چونكە ئەم دەستكەوتانە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانەی دەیان ساڵە و ڕیشەی لەنێو دڵ و قوڵاوی هەر تاكێكی كوردستان و چیا و دەشت و دۆڵی ئەم كوردستانە داكوتاوە و بەڕەشەبای نەیاران و بەكرێگیراوان نالەرزێت.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.