Erbil 15°C شەممە 20 نیسان 00:56

لە بارەی گۆڕانکارییەکانەوە..ئایا مەترسییەکان زیاترن یان دەرفەتەکان؟

ئەمە سەردەمی "تەکنۆکرۆنیک"ە، سەردەمی بە بچوکترین ئامراز گەورەترین کاریگەری دروست ئەبێت
بەهرۆز جەعفەر
100%

لە بارەی گۆڕانکارییەکانەوە..ئایا مەترسییەکان زیاترن یان دەرفەتەکان؟

بەهرۆز جەعفەر

جەنگ و ململانێ بە ڕێوەیە؟ بێگومان (ململانێ-Conflict) و (جەنگ-War) ڕووئەدات و بەڕێوەیە. ئەگەر ململانێ و جەنگ لە مێژووی مرۆڤایەتی، لە مێژووی فیکریی سیاسی کۆن، ناوەڕاست، نوێ و هاوچەرخ دەربکەیت هیچ نامێنێتەوە. دۆخەکە فەوزایە! بێگومان ئەبێت فەوزا-Anarchy ئامادەیی هەبێت. بە بڕوای ڕیالیستەکان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دا فەوزا بەشێکە لە سروشتی خودی گۆڕەپانەکە. چونکە ئەبێت هەر دەوڵەتەو، هەر لایەنە بە دوای هێز دا بۆ خۆی بگەڕێت، لە ڕێگەی هێزەوە ڕەنگە ئاشتی و ڕاگرتنی باڵانسی ‌هێز دروست بێت، لە دیدی ئەماندا، پەیوەندیی لە میانەی "ململانێ" ەوە دروست ئەبێت.

ئەگەر جەنگی جیهانی یەکەم ڕووی نەدایە، ئیمڕۆکە نە قەتەر دەوڵەت ئەبو، نە مۆندیال لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەکرا. ئەگەر کورد لە (ئەیلولی ١٩٦١) شەڕو شۆڕشی هەڵنەگیرساندایە، سەدام لەگەڵ "شا" ی ئێران ڕێک نە ئەکەوت، ئەگەر پەشیمانبونەوەی سەدام نەبوایە لە ڕێککەوتنەکە، جەنگی ‌هەشت ساڵەی ئێران- عێراق دروست نە ئەبو، جەنگی کەنداویش نە ئەبو، هەرێمی کوردستانی عێراقیش لەو میانەیەدا، وەک دیفاکتۆیەک لە ئەنجومەنی ئاسایشەوە دانی پیادا نە ئەنرا..

بێگومان، جەنگ ڕووئەدات، ململانێ هەیە.. بەتایبەتی و زۆر بەتایبەتی لە عێراق هیچ شتێک جێگیر نییە. لە نرخ و کوالێتی پاکەتێک جگەرەوە تا ئەگاتە یاسا دەرچوێندراوەکانی پەرلەمان و ڕێککەوتنی هەرێـم و حکومەتی مەرکەزیی، هیچ شتێك ستراکتۆرێک یان بنچینەیەکی درێژ خایەنی بۆ پابەندبون پێوەی نییە، هەموو شتەکان بۆ ماوەیەکە، هەموو شتەکان لەسەر بنەمای پەیوەندی کەسیی و ئاستی پەیوەندیی نێوان گروپەکانە.

لێرەوە، بە گوێرەی زانیاریی و پەیوەندییەکانی ئێمە، بە گوێرەی ئاماژە ناوخۆیی، عێراقی و ناوچەییەکان، بە گوێرەی ئەو یەکتربڕینە جیهانییە نوێیەی لە ئارادایە، وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار ئەدەمەوە:

یەکەم: لە بازاڕی دۆلارەکەوە، کابرایەک، دیارە سەفتەیەک تومەن یان لیرەی بە دەستەوەیە و، تەلەفۆن ئەکات : بیکڕم یان بیفرۆشم: وەزعەکە بەرەو کوێ ئەڕوات؟ وەزعەکە بەرەو هیچ کوێ ناڕوات لە جێی خۆیەتی. ئێران هێرش ئەکاتە سەر هەرێمی کوردستان؟ ئێران کەی هێرشی نەکردۆتە سەر کورد؟ لە هەخامەنشینەکانەوە (لە تەختی جەمشیدەوە) ئێران بە هەموو جۆڕێک کورد ئەکوژێت، لە داریان ئەدات، کۆمەڵکوژیان ئەکات، لە ناوخۆدا تێکیان بەرئەدات، کارەبا ئەدات بە شارێک و نایدات بەویتر، لەگەڵ بەلووچ و ئازاردا پەیوەندییەکانی کورد بە یەکدا ئەدات، داگیرکاریی ئەکات...تادوایی. تورکیا دەستدرێژی ئەکاتە سەر ناوچەکە، تورکیا هەر خۆی وا خوڵقاوە دەستدرێژی بکاتە سەر دەوروبەری خۆی، لە ساڵی (١٢٩٩) ەوە زیاتر لە حەوتسەت ساڵە تورکیا دەستوەرئەدات، پڕۆفیسۆر "ئەحمەد داود ئۆغلۆ" لە کتێبی "قووڵایی ستراتیژیی" دا ئەنوسێت "تورکیا بۆ ئەوەی لە ئاسایش دا بژی، ئەبێت ئاسایش بۆ ئەوانی تریش دابین بکات" واتا بۆ ئەوەی تورکیا بکەوێتە سەقامگیرییەوە، ئەبێت دەستلەکاری ئەوانی تر وەربدات، هەر لە بولقان و دەریای ڕەشەوە تا دەریای سپی ناوەڕاست. لە نیسانی ٢٠١٤ لە نێوان هەردوو قوبرسەکەدا خەریکی قاوەخواردنەوە بوین، کاتێکمان زانی، هەلیکۆپتەر وەک ڕەوە چۆلەکە چوون بە ئاسمانداو، لە زەویشەوە هەمەری سەربازی ئەبینران، تومەز قوبرسە یۆنانییەکە کە دەوڵەتە گازی سروشتی دۆزیوەتەوە، تورکیاش کەشتییەکی بە پێچەوانەی یاسای سنورە ئاوییەکانەوە ڕەوانەی ئاوەکانی ئیسرائیل و میسرو قوبرس کردووە، سنورەکانی پێشێلکرد بە کەشتییەک کە ناوەکەی (باربارۆس) بو، باربارۆس وەزیری ئاویی دەوڵەتی عوسمانی بو!

تورکیا هاتۆتە ناو خاکی هەرێمەوە؟ تورکیا هەر لە خاکی هەرێمدا بووە، هەر لەساڵی (١٩٩١) ەوە تورکیا بەڕەزامەندی ناتۆ و ئەنجومەنی ئاسایش بنکەی سەربازیی لە بادینان داناوە. عێراق هێرشمان ئەکاتە سەر! ئەی بێگومان عێراق هێرش ئەکات، چۆن نایکات، کەی نەیکردوە؟! نێوان حیزبە کوردییەکان باش نییەو، کورد یەکڕیز نییە: کورد کەی یەک ڕیز بوە؟

جەنگی ڕووسیاو خۆرئاوایە، هەر هەبوە. ململانێی ئیسرائیل و فەلەستینە؟ هەزاران ساڵە ئەو ململانێ و جەنگە هەر هەیە، بە پێچەوانەوە ئێستا جیهان کەمتر بایەخ بە جەنگی عەرەب و ئیسرائیل ئەدات، ئیسرائیل وعەرەبیش وازیان هێناوە، کێشەیەک بوو، هەر هەبو! بەردەوام چارەسەری نەبو، ئیتر هەموولایەک لێی بێتاقەت بوونەو، دۆخێکی نوێ هاتۆتە پێشەوە جیهان بایەخ بە ئەولەویاتی دیکە ئەدات..

دووەم: ئایا کێشەکان لە کوێوە دێن؟ پرسی ئەوەی ڕووداوێک بۆ ڕووئەدات! پرسێکی تاڕادەیەک فەلسەفییە (بەتایبەتی لەمدواییە سلاڤۆی ژیژاک زۆر ختوکەی ئەمەی ئەدا، تا ڕادەیەک نزیک بو لە تێزەکانی مارکس). بە لای مارکسەوە، ڕووداوێکی گەورە کاتێک ڕووئەدات، کە ئاوسە بە کۆمەڵێک ڕووداوی کەڵەگەبوی پێش خۆی، وای لێدێت لەناکاو ڕووداوێک ڕووئەدات کە سەت ساڵ جارێک دووبارە نابێتەوە، ئینجا لە ئەنجامی ئەمەدا، هەیە لەزەویدا کەوتوە هەڵئەستێتەوە، هەیە بەپێوە وەستاوە وەها ئەکەوێت هەڵناسێتەوە (وەکو ئیمپراتۆریەتەکانی پرتوگال و هۆڵەنداو ئیسپانیا). بەلای کینز واڵتز- Kenneth Waltz ەوە کە پێشەنگی نیۆ-ڕیالیستەکان (قوتابخانەی واقیعییەتی نوێ-Neorealists) یە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کتێبی "تیۆریی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی دا" لە (١٩٧٩) دا نووسی، هەموو شتەکان پەیوەستە بەم چەمکانەوە: ڕۆڵی هێز لە سیاسەت و لە ناو پەیوەندییەکاندا، بەرژەوەندیی نیشتیمانی، بەشداری هێز، ستراکچەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، جەمسەرگیریی. ئەو لایوایە، مەترسی و هەڕەشەکان پەیوەندیی بە ستراکچەر/ بونیادی سیستەمی نێودەوڵەتییەکەوە هەیە:

ئێمە ئێستا لە کۆتاییەکانی (٢٠٢٢) دا بەرەو قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئەچین کە قۆناخی کێبڕکێی هێزە گەورەکانە (Superpowers Competitive). بە مانایەکی دی ململانێ هەرێمیی و ناوخۆییەکان، ئەوەشی کە خەڵکی ناوچەیەک درۆنێکی نە ناسراو ئەبینن و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکە ئەڵێن" پەیوەندیمان بە سەرووی خۆمانەوە کردووە"، ئەمە هەمووی لە ململانێی نێوان "ئەمریکاو چین" ەوە "ناتۆ و ڕووسیا" ەوە دێن. ئینجا کورد لەمیانەی ململانێی سۆپەر پاوەرەکاندا خۆی چۆن و لە کوێدا ئەبینێتەوە، ئەگەرەکانی چۆن لەسەر مێزەکە پۆلێن کردووەو بژاردەکانی ڕووبەڕووبونەوەی چیین..ئەوە لە کۆتا لێکۆڵینەوەماندا لە "پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی" بە ناونیشانی "جیۆپۆڵه‌تیكى وزه‌و ململانێى حه‌وزه‌كان: ڕوانگه‌یه‌ك له‌ په‌ناى به‌ ئاسایش كردنى سیسته‌مى نوێى هه‌رێمایه‌تى و جیهانییه‌وه‌" وێنەیەکمان دروستکردووە.

سێهەم: ئایا پرسی کورد هەڵکشاوە یان داکشاوە؟ هەردووکیان. هەڵکشاوە لەبەرئەوەی ئەمە سەردەمی جەنگی سارد نییە. ئەمە سەردەمی "تەکنۆکرۆنیک"ە، سەردەمی بە بچوکترین ئامراز گەورەترین کاریگەری دروست ئەبێت..سەدان ساڵی خەباتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بەقەت مەرگی "ژینای ئەمینی" باسو-خواستی کورد لەم گۆی زەوییە نەچۆتە پێشەوە. زەمینەکە لەبارە بۆ ئەوەی کورد سوود لە جیهانی مۆدێرن ببینێت، نەک گلەیی لە جیهانی مۆدێرن بکات. کورد نابێت باسی مەزڵومییەتی خۆی و ستەم و خیانەت لە ‌هێزەکانی دیکە بکات، ئەمە بۆ میدیا شتێكی چاکە، بۆ سیاسەت دەست نادات. زەمینەکە لەبارە کورد بە "پرۆژە" بەرژەوەندییەکانی خۆی بلکێنێت بە بەرژەوەندی زلهێزەکانەوە. زلهێز زلهێزە، یان ئەبێت تۆش هێزێکی زلت هەبێت، یان وەک مێش و مەگەز بچیتە لووتی فیلەکانەوە بێزاریان بکەیت (ئەوە حیکایەتی هەشتاکانی نێوان سەرۆکی چین و قوبرس بو، چینییەکە بە قوبرسییەکەی گوت ئەکرێت بەرژەوەندی هاوبەشمان هەبێت، قوبرسییەکەش، گوتی: جا قوربان ئێمە وەک مێش و فیل واین؟ سەرۆکی چین وتی" زۆرجار مێشەکان ئەتوانن فیلەکان بێزار بکەن و بچنە لووتیانەوە").

چوارەم: دەرفەتەکان لە عێراقدا بۆ کورد جێگەی گەشبینین؟ بێگومان، بەڵام کاتییە (وەک لەسەرەوە باسمان کرد). ئەم دەرفەت و گەشبینییە بۆ هەرێمی کوردستان لە کوێوە دێت؟ لەوێوە دێت کە چوارچێوەی هەماهەنگی یاخود هێزەکانی ئیدارەی دەوڵەت لە عێراقدا لە یەک چەشن دروست بوون، دوو چەشن حکومەتی دروست نەکردوە تا ئەمیان بەویتریان بڵێت: کورد خیانەتکارەو بودجەکە ببڕن و... تادوایی. سووننەکان زیاتر لە کورد پابەندن بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانەوە (لە ڕووی سیاسییەوە تەواو وابەستەن بە خواستەکانی کوردەوە، لە ڕوویەکی دیکەشەوە گازێکی زۆر لە ئەنبار دۆزرواوەتەوە بە نهێنی و بە خشکەیی هەمووان ئیشی لەسەر ئەکەن)، هێزە شیعییەکانی کە مووشەکیان ئەگرتە هەرێمی کوردستان و ئەوانەشی ئیدانەیان ئەکرد، هاوڕان ئەگەر کورد نەبێت کابینەکەی "شەیاع سودانی" سەرکەوتوو نابێت، چونکە خۆیان پاڵپشتی جەماوەرییان زۆر لاوازە، موقتەدا سەدریش لە بۆسەیاندایە.

سەرئەنجام

کورد، چاک ئەکات بۆ هێرشەکانی تورکیا و ئێران، عێراق ئەکاتە هاوبەشی خۆی و تێگەیشتنی قووڵ دروست ئەکات، ئەبێت کورد ئەنجومەنێکی بە‌هێزو خاوەن بڕیاری لە بەغدا بەردەوام ئامادە بێت. هەرچی هێرشەکانی ئێران و تورکیایە فاکتەری ناوخۆیی ئەو دوو وڵاتە لە پشتیانەوە وەستاوە، نەک ئامانجێکی ستراتیجی بۆ داگیرکاریی.. ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیایە، لە (٢٠٠٢) ەوە تا (٢٠٢٢) فەرمانڕەوایی وڵاتەکەی کردووە، لەلای ڕوون نییە کە (٢٠٢٣) ئەو سەرۆکە یان نا؟ هەموو چاودێرە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەسەر سەرۆک کۆماری تورکیا لەوەدا کۆکن، کە پێویستی بەوەیە جەنگێک هەڵبگیرسێنێت. هەرچی ئێرانە، ئەگەر مەرگی ژینای ئەمینی و خۆپیشاندان و شۆرشە جەماوەرییەکە نەبوایە، هەرگیز هێزی بەرەو سنورەکان نە ئەجوڵاند. بە واتایەکی تر فەرمانڕەوایانی ئێران و تورکیا ترس ناخی داگیرکردوون، پێویستیان بە ئاکتێكە.

" بەڵێ، گۆڕانکاریی ڕووئەدات، لەماوەی کەمتر لە یەک مانگدا و پێش کۆتایی هاتنی ڕۆژەکانی ٢٠٢٢، گۆڕانکاریی بەرچاو ڕووئەدەن لە عێراق و دەوروبەردا، لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا، گۆڕانکارییەکە ئەوەیە کە گرژییەکانی ناوخۆی پارتی و یەکێتی زۆر کەمتر ئەبنەوە". دۆخەکە ئاڵۆزە؟ بێگومان ئاڵۆزە، ئیشی سەرکردایەتی سیاسی هەر ئەوەیە ئیدارەی ئاڵۆزییەکان بدات و، هێزی زیاتر بۆ بەرزاڕاگرتنی ئاسایشی نیشتیمانی خۆی بپچڕێت".

86Samih Harki, فرهاد عريف ستار and 84 others

31 Comments

1 Share

Like

Comment

Share

جیهان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.