پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان یان پەیوەندییەکانی دەرەوە میتۆدی سەرەکی پێشکەوتن و مانەوەی ھەر دەوڵەت و وڵاتێکن، بەبێ پەیوەندی تەندروست و ھەماھەنگکارانە، ئەستەمە دۆخی ئابووری بەرەو ئاراستەی بەرز ھەنگاو بنێت، جیالەوە لە ھەموو ڕووە جیاوازەکانی دیکە (سیاسیی، ئابووریی، کۆمەڵایەتی، کلتوری، فەرھەنگی، ئایدۆلۆجی ھتد..) پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکە گرنگ و پێویستن، مێژووی پەیوەندی نێوان وڵاتان بە سیاسەتی دیپلۆماسیی بۆ سەردەمێکی کۆن و درێژخایەن دەگەڕێتەوە، لە سەردەمی ئیسلام و ڕۆمەکان و بێزەنتینەکان و ھەژموونی دەوڵەتانی ئەوروپا و وڵاتە خاوەن دەسەڵاتەکانی ڕابردووی مرۆڤایەتی، بەشێوازی جیاجیا پەیوەندییەکان دەیە دوای دەیە فراوانبوون.
چارلز کالڤۆ لەبارەی دیپلۆماسییەت و پەیوەندیی نێوان وڵاتان دەڵێت: "لە زانستی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی جیاواز کە لە ئەنجامی بەرژەوەندی هاوبەشەوە سەرچاوە دەگرێت، هەروەها لەسەر بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی گشتی و بڕگەکانی پەیماننامە و ڕێککەوتننامەکانەوە سەرچاوەی گرتووە" بنەمای دیپلۆماسیی خەسڵەتی یەکەمین و سەرەکی فراوانکردنی پەیوەندییەکانە پەیوەندییەک کە لەسەر باوەڕی یەکدی قبوڵ کردن و یەکگرتوویی لەپێناو ئاشتی و پێکەوەژیان و ڕووبەڕوونەوەی تەحەددیەکانی جیھان خۆی ببینێتەوە، لە دوای جەنگی دووەمی جیھانیی کاتێک ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزرا، ئیدی قۆناغێكی نوێ بۆ جیھان ھاتە ئاراوە، ئەگەرچی باوەڕ وابوو کە کۆدەنگی و ھاوئاھەنگی نێوان وڵاتان خۆی لەم ڕێکخراوە گەورەیەدا دەبینێتەوە، بەڵام ڕکەبەرییەکانی جەنگی سارد و کێشەی فەڵەستین و کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جەنگە جیاوازەکانی دوای ئەو قۆناغە نەبوونە دەرچەی چارەسەری ئارێشە سیاسییەکان، شەڕی نێوان ڕوسیا و ئۆکراینا باشترین دەلیل و سەلمێنەرە کە سیاسەتی دیپلۆماسیی تا ئێستا ڕێڕەوی دروستی خۆی نەگرتووە و ھێشتا پێویستی زیاتری بە لێکتێگەشتنی نێوان دەوڵەتان ھەیە، ئەگەرچی پاراستنی بەرژەوەندی دەبێت سیاسەتی سەرەکی و یەکەمینی وڵاتان بێت، بەڵام ئەگەر بەرژەوەندییەکان ببنە حەز و خواستی فراوانخوازی ئەوا لە ڕێگە دروستەکە لادەدات کە پاراستنی یەکدەنگی نێوان وڵاتانە و ئەوەش مەترسی جەنگی وێرانکاری لێدەکەوێتەوە. (تاڵیبان) لە ئەفغانستان ئەگەرچی ھێشتاش نامۆیە بە سیاسەتی نێودەوڵەتی بەڵام گەیشتوونە ئەو باوەڕەی کە بەبێ دانپێدانانی نێودەوڵەتی سەرکەوتوو نابن، بەو ھەموو توانایەکیانەوە ھەوڵدەدات خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییە جیھانییەکان بگونجێنێت. ..پەرەپێدانی ئابوری
تیشک خستنە سەر پەرەپێدانی ئابوری فاکتەری سەرەکی بەرەوپێشچوونی سیاسەتی وڵاتانە، کەم نین ئەو دەوڵەتانەی ژمارەی دانیشتووانیان کەمە و خاوەنی ھێزێی ئابوری نێوخۆی و دەرەکی گەورەن، ڕەنگە وڵاتانی عەرەبی (سعودییە-ئیمارات-قەتەر) باشترین بەڵگە نموونە بن، دەوڵەتی بەھێز و گەشەسەندوو پێویستی بە گۆڕانکاری خێرایی ئابووری جیھانی ھەیە، پێویستی بە خۆگونجاندن و ھاوتاکردنەوە ھەیە لەگەڵ سیاسەتە نوێییەکانی ئابوری جیھانی، ئەگە دەوڵەتێک خاوەنی سیاسەتێکی ئابوری درێژخایەن و خۆگر نەبێت چ لەناوەخۆ یاخود دەرەوە بە دڵنیایەوە ناتوانێت خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکان بگونجێنێت. ..سیاسەتی سەربازی
ھۆکاری بەردەوامی و مانەوەی دەوڵەتانی زلھێز بە درێژایی سەدان ساڵی ڕابردوو بەند بووە بە ھێز و سوپای بەھێز و خاوەن چەکی بەھێز، دەستڕاگەیشتن بە چەکی پێشکەوتوو و بەھێز کە ئەوە بنەمای بەھێز بووە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵات و خۆپارێزی لەو مەترسیانەی کە ڕووبەڕوو دەبنەوە، لە ڕوانگەیەوە دەوڵەتان پێویستە چاوکراوە بن لە ھەر گۆڕانکارییەکی سەربازی جیھانی. مانەوەی وڵات و بەرژەوەندییەکانی بەندە بە ھێزێکی سەربازی تۆکمەی ڕاھێنراو و بەھێز. بەڵام ھەموو ئەمانە بە مەرجی دەستوەرنەدان لە سیاسەتی وڵاتانی دیکە و ڕێزگرتن لە سەروەری خاکەکانی دیکە.
پوختە
جیهانی سیاسەتی نوێ، دروستکردنی بەرژەوەندیی هاودەنگە و مانەوەی دەوڵەتانیش، بەندە بە مسۆگەرکردنی دانپێدانان لە ڕێگهی برەودانی پەیوەندیی دیپلۆماسی و سیاسی و ئابووری و سەربازی لەگەڵ وڵاتانی دیکە، و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان. لەگەڵ ھەموو ئەوانەش بەرژەوەندی نیشتمانی سیاسەت ڕوون و گشتگیری و تێگەیشتن لە دۆخە ھەستیار و گرنگەکان وریایی لە مامەڵەکردن پەیوەندییەکی دیپلۆماسی ھاوسەنگ و یەکگرەوە پێدەکدەھێنێت کە دەرەنجامەکانی مانەوە و پێشکەوتنی بەردەوامە لەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی جیھان دەبنەوە.