Erbil 8°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 09:43

جووتیار عادل: شاندی حكوومەتی هەرێم پێكهێنراوە كە بەم نزیكانە سەردانی بەغدا دەكات 

کوردستان TV
100%

جووتیار عادل، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا تیشكی خستەر سەر هەوڵەكانی حكوومەتی هەریم بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵیی و رایگەیاند كە لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیراندا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها ئەو رێككەوتنە كرا كە لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق واژوویان كردووە و لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا دەنگی لەسەر دراوە و گوتی: حكوومەتی هەرێم هەر لەسەرەتاوە، بەتایبەتی كابینەی نۆیەم، نیازی جیددی هەبووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵییدا رێكبكەوێت، بەڵام بەداخەوە لەبەر هەندێك بەربەستی سیاسیی نەگەیشتنە رێككەوتن.
ئاماژەی بەوەیشدا كە ئێستایش، حكوومەتی هەرێم بە جیددی هەوڵدەدات لەگەڵ بەغدا كار بكات و رێكبكەوێت و گوتی: شاندی حكوومەتی هەرێم پێكبهێنراوە كە بەم نزیكانە سەردانی بەغدا دەكات، بۆ ئەوەی لەگەڵ شاندی حكوومەتی فیدراڵیی گفتوگۆ بكات لەسەر ئەو خاڵانەی كە لە رێككەوتنە سیاسییەكەدا هاتووە و ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دەنگی لەسەر داوە، ئەم بابەتانە بەشێكی پەیوەستە بەلایەنی جێبەجێكردن و بەشێكیشی پەیوەستە بە لایەنی یاسادانان.
گوتیشی: ئەوەی پەیوەستە بە لایەنی جێبەجێكردنەوە، خۆی لە كۆمەڵێك بابەت دەبینێتەوە لەنێویاندا بابەتی بوودجە، نەوت، ماددەی 140.
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیشی وەبیرهێناویەوە كە پێشتر حكوومەتی هەرێم لەبارەی بوودجەوە لەگەڵ حكوومەتی عێراق رێككەوتووە و رایگەیاند كە حكوومەتی هەرێم هەوڵدەدات، شایستە داراییەكانی هەرێم بەپێی دەستوور لە یاسای بوودجەی فیدراڵیی جێگیر بكات.
جووتیار عادل لەبارەی پرسی نەوتەوە گوتی: دەمانەوێت لەگەڵ حكوومەتی عێراق لەبارەی پرسی نەوتەوە بگەینە رێككەوتنێكی هاوبەش.
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، باسی لەوەش كرد كە لەچوارچێوەی رێككەوتنە سیاسییەكەدا، پێشنیازیان كردووە كە لە ماوەی شەش مانگدا، یاسای نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، هەروەها یاسای دادگای باڵای فیدراڵیی كە تا ئێستا یاسای نییە و یاسای ئەنجوومەنی ئیتیحادی كە ئەوەیش یەكێكە لە تایبەتمەندییەكانی سیستەمی فیدراڵیی دەربكرێن.
 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.