Erbil 11°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 11:05

سه‌ركه‌وتنى كۆنگره‌ى 14ی پارتى،، شكستى گه‌وره‌ى داگیركه‌ران و به‌كرێگیراوان بوو

100%

رێبوار حه‌مه‌لاو شوانی

راستییه‌كى حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ هه‌ر له‌و ساته‌وه‌خته‌وه‌ی كه‌ پارتى دیموكراتى كوردستان ڕێگه‌ى نه‌دا مه‌شخه‌ڵى خه‌بات و به‌رخودانى نه‌ته‌وه‌ی كورد بكوژێته‌وه‌ و بێ ئومێدى گۆرى بۆ ئومێد و تاریكى گۆرى بۆ رووناكى و بووه‌ ڕێنیشانده‌رى خه‌بات و كوردایه‌تى، داگیركه‌ران و دووژمنان به‌ هه‌موو توانایه‌كیانه‌وه‌ تا‌ ئه‌مڕۆ هه‌وڵى له‌ناوبردن و لاوازكردن و پارچه‌پارچه‌كردنى ده‌ده‌ن، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و رۆحییه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌په‌وه‌رى و نیشتمانپه‌وه‌ریی و سازشنه‌كردن و خۆنه‌چه‌ماندنه‌ بووه‌ كه‌ رۆژ به‌ رۆژ كاروانى كوردایه‌تی له‌ گه‌یشتن و به‌‌دیهێنانى ئامانجه‌كانى نزیكتر كردۆته‌وه‌ و پارتى وه‌ك هێزێكى كاریگه‌ر له‌ سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه‌ و جیهان كردۆته‌ ئه‌ستێره‌یه‌كى گه‌ش و ژه‌ماره‌یه‌كى دیار.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پارتى به‌ ڕابه‌رایه‌تی بارزانى له‌پێناو چه‌سپاندنى بنه‌ماكانى دیموكراسى و ئازادى و ئاشتى و پێكه‌وه‌ژیان باج و قوربانیی گه‌وره‌ى به‌خشیووه‌ و هه‌رگیز په‌شیمان نه‌بووه‌ له‌ هه‌ڵوێسته‌كانى، به‌ستنى كۆنگره‌ی 14ش له‌نێو ناوچه‌یه‌كى پڕ له‌ ئاڵۆزی و عێراقێكى پڕ كێشمه‌كێش، پارێزگاریكردن له‌ مافه‌ڕه‌واكان و خه‌بات بۆ چه‌سپاندنیان ئه‌و هونه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌یه‌ كه‌ هیچ حزب و لایه‌نێك بێجگه‌ له‌ پارتى نه‌یتوانیووه‌ به‌جێی بگه‌ێنێت، هه‌ر ئه‌وه‌ش‌ هۆكار بووه‌‌ بۆ سه‌رسه‌ختى به‌سه‌ر دووژمنان و نه‌یارانى به‌ درێژایی 76 ساڵ ته‌مه‌نى پڕ له‌ شكۆ و مێژووی خه‌باتى پڕشانازی.

پارتی دیموكراتى كوردستان به‌ ڕابه‌رایه‌تی سه‌رۆك مسعود بارزانى به‌ كۆنگره‌ی چوارده‌یه‌م نوێ بوویه‌وه‌، به‌ دروشمه‌كانی ئازادی و دیموكراسی و دادپه‌وه‌ری خۆی به‌ خاوه‌نی كوردستان ده‌زانێت، ئه‌م حزبه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ هه‌میشه‌ به‌رگریكارێكی سه‌رسه‌ختی دۆزی ڕه‌وای گه‌لی كورد و ته‌واوی كوردستانیان بووه‌ به‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینه‌كانه‌وه‌.

پارتى له‌ كۆنگره‌كانى رابردوو و ئێستاش به‌ پێى ئه‌و دروشمانه‌ى كه‌ به‌رزی كردۆته‌وه‌ و به ‌كرده‌وه‌ هه‌نگاوی ناوه‌ له‌ بوارى ئازادیدا، بینیمان كه‌ چۆن هه‌ر ئه‌ندامێك به‌و په‌ڕى ئازادى و دادپه‌روه‌ییه‌وه‌ خۆى كاندید كرد ئه‌وه‌ش بنه‌مایه‌كى گرینگه‌ وه‌ك ماف و ئازادى، ئه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنێكى مێژوویی پارتى دیموكراتى كوردستانه‌ دوور له‌ هه‌موو خۆسه‌پاندنێك، هه‌روه‌ها له‌ گۆڕنانى خه‌ونى نه‌یاران و به‌كرێگیراوانه‌ له‌ هه‌مانكاتدا ئه‌وانه‌ى خه‌ونى لێكترازان و باڵباڵێنیان به‌ پارتییه‌وه‌ ده‌بینى، بینیان كه‌ پارتى ته‌نیا بۆ یه‌ك ئامانجه‌ و ڕه‌مزى هێز و ئیڕاده‌ى كورد و كوردستانه هه‌ر ئه‌وه‌ش سه‌ركه‌وتنی كۆنگره‌ى 14ى پارتیمان بوو.

كه‌واته‌ دۆڕاوه‌كان دۆڕان و فڕیوه‌كانیش به‌یه‌ك ئاسۆ فڕین، پارتی وه‌ك هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌م خۆی ده‌گونجێنێت، ئه‌م جاره‌ش سه‌لماندی كه‌ سه‌ره‌ڕای هه‌موو بارودۆخه‌كان توانی له‌گه‌ڵ شه‌پۆڵه‌ خێراكان و گۆڕانكارییه‌كانی دونیا خۆی بگۆڕێت به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی، كه‌واته‌ كۆنگره‌ی چوارده‌ى پارتیمان بردییه‌وه‌ و كوتله‌ دۆڕا‌وه‌كانیش دۆڕان، تاوه‌كو ئاستێك دۆران كه‌ تووشى هیستریا بوونه‌وه‌.

سه‌رۆك بارزانی وه‌ك ڕابه‌ری نه‌ته‌وه‌ییمان هه‌میشه‌ داڕێژه‌ری ستراتیژی سه‌ركه‌وتنی كورد و كوردستان و پارتییه‌، ئه‌مجاره‌ جێگره‌كانی جێبه‌جێكاری ستراتیژه‌كه‌ ده‌بن، له‌ دوای ئه‌م كۆنگره‌یه‌ پارتی كاره‌كانی به‌ ئاسۆیی ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌دواداچوون بۆ كێشه‌ و گرفته‌كان بكات و چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزێته‌وه‌، هه‌نگاو به‌ هه‌نگاویش ستراتیژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌باته‌‌ قۆناغێكی تر.

وەک سەرۆک بارزانی فەرمووی "پارتی داربەڕووە" نە دەکەوێت نە دەشکێت و نە وشکیش دەبێت. هەردەم ڕەگی توندتر دەچێتە ناو خاکەوە بۆ سەرجەم سنوورەکانی کوردستان، دوای سەرکەوتنی کۆنگرەش ئەوانەی لە ڕابردوو و داهاتوودا خۆیان بۆ فاتیحە خوێندن لەسەر پارتی ئامادە کردبوو، ده‌بێ بیر له‌ لاوازبوون و شكستى خۆیان بكه‌نه‌وه‌ و ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانن كه‌ سه‌ركه‌وتنى كۆنگره‌ى چوارده‌ى پارتیمان،، شكستى گه‌وره‌ى داگیركه‌ران و به‌كرێگیراوان بوو.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.