Erbil 15°C پێنجشەممە 25 نیسان 14:57

کۆنگرە نەوعییەکەی پارتی

فرسەت سەید شوكر
100%

(پارتی) وەک حیزب حاکمی یەکەمی ھەرێمی کوردستانە، پێگەی یەکەمی سیاسییە لەسەر ئاستی عێراق، لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە پەیوەندییەکی بەرفراوانی لەگەڵ تەواوی وڵاتانی ناوچەکە و جیھاندا ھەیە، باڵوێز و نوێنەری وڵاتان بۆ ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە، بۆ پێشخستنی و وڵات ئاوەدانی و بووژانەوە و وەبەرھێنان و پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسی و ئابوورییەکان، بە گرنگییەوە لە ڕۆڵی پارتی دەڕوانن، ھەر ئەوەش ھۆکار بوو کە زۆرترین چاوەکان لەسەر ئەم کۆنگرەیە نوێیەی پارتی بێت.

شەڕی تیرۆریستانی داعش و کۆرۆنا و ھەندێک تەحەددیاتی دیکەی پێش ھەرێمی کوردستان، کۆنگرەی 14ی پارتیان دواخستبوو، کۆنگرەکەی پارتی (8) ساڵی تێپەڕاندبوو
 سەرۆک بارزانی و کادیرانی پارتی بە گشتیی گەیشتبوونە ئەو باوەڕەی کە کۆنگرە پێویستییەکی حەتمییە و دەبێت دەست بە کارەکانی بکات.
ڕۆژی 3ی 11ی 2022 کۆنگرەکە دەستیپێکرد و ماوەی چوار ڕۆژی خایاند، دروشم و ئەدای کۆنگرەکە ھاوتا و ھەماھەنگ بوو لەگەڵ بنەما نێودەوڵەتییەکان کە لەژێر دروشمەکانی (دیموکراسی، ئازادی، دادپەروەری)ی بەسترا.

لە ڕۆژی یەکەم، دەستپێکی کۆنگرە و کردنەوەی سەڕەرای ئەوەی چەند جارێک (سەرۆک بارزانی) داوای ئەوە دەکات کە سەرۆکایەتی بداتە دەست کەسێکی دیکە بەڵام ئەندامانی کۆنگرە و جەماوەری پارتی ھەر زوو ئەوە ڕەتدەکەنەوە، ڕەنگە ئەوە تاکە بڕیار بێت کە سەرۆک بارزانی لەدەستی خۆیدا نەبێت، چونکە گرنگی و پێویستی سەرۆک بارزانی بۆ پارتی وایکردووە کە خۆشەویستی و گەورەیی ئەو پیاوە لە دڵ و دەروونی ھەموواندا بچەسپێت.
پێشنیاری سەرۆک بارزانی بۆ ھەڵبژاردنەوەی کاک نێچێرڤان بارزانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆک و پێشنیاری کاک نێچیرڤان بۆ زیادکردنی پۆستی جێگرێکی دیکە بۆ سەرۆک جیالەوەی جەختی لە یەکگرتووی و یەکڕیزیی نێوماڵی پارتی کردەوە، ھەروەک سەرۆک بارزانی لە وتارەکەیدا باسی کرد: کە دەبێت سەرەخۆشی لەوانە بکەین کە دەیانوویست فاتیحە بۆ پارتی بخوێنن، مەبەستی سەرۆک لەو وتەیە وەبیرھێنانەوەی شکاندنی ھەموو ئەو ھەوڵ و پیلانانە بوو کە دژی پارتی دەگێڕدران.
ڕۆژی دووەمی کۆنگرە پەسەندکردنی پەیڕەو و پڕۆگرامی نوێی پارتی بوو کە چەندان خاڵی جیاواز و گرنگی لەمەڕ ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی حیزبی لە خۆدەگرت.
گرنگترین بڕیار کە کاردانەوەی گەورەی لێکردەوە و پێشوازی گەورەی لێکرا بریتیی بوو لە:
١- دروستکردنی کەناڵێک بۆ گەیاندنی سکاڵا و گلەیی کادیر و ئەندامانی پارتی بە سەرۆک بارزانی.
٢-هەر شوێنێک دەنگی پارتی كەمكرا لێپرسینەوە لە بەرپرسانی حزب دەكرێت لە سنووری ئەو ناوچەیە.

لە پەراوێزی پەسەندکردنی پەیرەو کۆنگرەی 14 کۆمەڵێک بڕیاری نوێ دەنگیان لەسەر درا؟

۱ـ سەرۆکی پارتی لە یەک جێگرەوە، جێگرێکی دیکەی بۆ زیادکرا لەپێناو باشتر بەڕێووەچوونی کاروبارەکانی حیزب
۲ـ دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسیی بووە سەرۆک و 4 کەسی دەستەی کارگێڕ
۳ـ مەکتەبی سیاسیی دەبنە 12 کەس
٤ـ ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارێزگا گۆرا بـــــۆ مــــەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگا
٥ـ بەرپرسی لق و 6 کارگێر
٦ـ بەرپرسی ناوچە و 4 کارگێر
۷ـ کۆنفراسی کۆمیتەی ناوەندی پارتی 5 ساڵ جارێک ئەنجامدەدرێت.
٨ ـ کۆنفراسی لق و ناوچەکان 2 جارێک ئەنجامدەدرێت
۹ـ مەکتەبی تێکۆشەرانی دێرین لە پێنج ئەندام پێک دێت
۱۰ ـ مەکتەبی سکاڵا بۆ ڕەخنە و داواکاری ئەندامان دروست دەبێت لەژێر چاودێری سەرۆک.
۱۱ـ ئەنجومەنی سەرکردایەتی گۆرا بۆ کۆمیتەی ناوەندی
١٢- کۆمیتەی ناوەندی لە 51 ئەندام و 9 یەدەگ پێکدێت
ھەموو ئەم بریارانە لەنێو جەماوەر و کادیر و لایەنگرانی پارتی بەباشی پێشوازییان لێکرا و بە ھەنگاوی دروست لەپێناو بە ئۆرگانیزەکردنی دامەزراوەکانی حیزب وێناکران.

ڕۆژی سێیەم و چوارەم پرۆسەی دەنگدانی ھەڵبژاردنی ئەندامانی نوێی کۆمیتەی ناوەندی بەشێوەیەکی سەردەمیانە، نەوعی، پێشکەوتوو، یاسایی، شەفاف بەڕێوەچوو، چەند کاندێکی دڵسۆز  و بەتوانا و خاوەن ئەزموون سەرکەوتن بۆ کۆمیتەی ناوەندی ئەوانەشی کە لەم پرۆسەیە دەنگەکانیان نەگەیشتە ڕێژەی دەرچوون، ئەنجامەکانیان بە گیانێکی برایانە و پارتیانە وەرگرت.

ڕوانینی پارتی بۆ داھاتوو 

پارتی ئێستا بە تێکھەڵکێش لە ئەزموون و خەبات و مێژووی تێکۆشەرانی دێرینی خەباتکار و خوێنی نوێ و بیری نوێ بەرەو ئاراستەیەکی بەھێزی حیزبایەتی و حکومداری ھەنگاو دەنێت.
پارتی بە ستراتیجێکی بەھێز و پڕۆگرامێکی نوێی پتەو کە لە ئاست داخوازییەکانی گەلی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی کوردستان یەکگرەوە بێت، پارێزەی دۆزی ڕەوای کورد و ھەموو ئەو بنەما نەتەوەییانە دەبێت کە زیاتر لە ٧٦ ساڵە قوربانی لەپێناو دەدات, کۆنگرەی ١٤ی پارتی لەم قۆناغە هەستیار و چارەنووسسازەدا، گرنگی و تایبەتمەندیی زۆری ھەبوو و بەستنی کۆنگرە هەنگاوی زیاترە بەرەو ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری. بەدڵنیاییەوەوە پارتی حزبێکە پڕاوپڕە لە کادیری شارەزا و بەئەزموون و تێگەیشتوو لە کاری سیاسی و پارتایەتی بەو پێیەی مانەوە و بەهێزیی کوردستان و قەوارەکەی بەندە بە هێزی و تواناکانی پارتی، کۆنگرە و نوێبوونەوە باشترین رێگەچارەی بوو.

ڕۆڵی ئافرەتان لە کۆنگرەی 14ی پارتی

خاڵێكی دیکەی کە شیاوی ھەڵوەستەیە گرنگیدان بوو بە ڕۆڵی ئافرەتان، لە کۆنگرەی 14ی پارتی دەرفەت بۆ کۆمەڵێک لە ئافرەتی خاوەن ئەزموون و بەتوانا ھاتە پێشەوە لە کۆمیتەی نوێی ناوەندی پارتی دەتوانن ڕۆڵی خۆیان لە سەرخستنی بەرنامە و پرۆگرامی داھاتووی پارتی لە ئۆرگانە نوێیەکانی پارتیدا ببینین. ھێنانە پێشەوەی ئافرەتان ستراتیجیەکێکی نوێی زۆرینەی پارت و لایەنە سیاسییە جیھانییەکانە و پارتیش بەشێکی گرنگە لەو گۆڕانکارییانە.

ڕێکخستن و ئامادەکاری کۆنگرە و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست و ڕۆڵی  کارای دادوەران لەم پرۆسەیە شەفاف و دادپەروەرانە، کاریگەر و گرنگ بوو.

پێش ئەوەی کۆنگرە تەواو بێت، سەرۆک بارزانی ڕوویکردە ئەندامانی کۆنگرەی 14 و گووتی: ھەڤاڵان، لێرەدا خەلەلێک ھەیە، ڕێگەم بدەن ئەو خەلەلە چاک بکەن، لێرە ھیچ خوشک و برایەکی ئێزدی لە کۆمیتەی ناوەندی پارتی نابینم سوپاستان دەکەم ڕێگەم بدەن ئەو خەلەلە چارە بکەین.

ئەم فەلسەفە و تێگەیشتنەی پارتی لە پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە ئاین و نەتەوە و بیر و باوەڕە جیاجیاکان، ھۆکارە کە ئەم حیزبە حیزبی ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراو نەبێت بەڵکو پارتی سەرتاسەری ھەموو کوردێکی ڕەسەن و دڵسۆز بێت.

پوختە و یەکگرتوویی ڕێزەکانی پارتی

سەرۆک بارزانی لە گوتاری کۆتایی کۆنگرەی 14ی پارتی رایگەیاند، "من و ئیدریس بارزانی وەسیەتەکەی بارزانیمان بەجێگەیاند" و داوای لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی کرد ئەوانیش ئەو وەسیەتە جێبەجێ بکەن و باسی لەوە کرد، "من و کاک ئیدریس، ئەو برا گەورەی منە، بە دڵ و گیان وەسیەتەکەی بارزانیمان بەجێگەیاند. 
ئەو رۆژەش کە من نێچیرڤان م پێشنیار کرد و ئەویش مەسرور ی پێشنیار کرد، ئەمە پەیامێکی روون و ئاشکرایە کە ئەوانیش وەکو من و ئیدریس دەبن. داوای سەرکەوتنیان بۆ دەکەم و هەمان ئەو وەسیەتەیان بۆ دەکەم کە بارزانی لە من و ئیدریس ی کرد."

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.