Erbil 24°C یەکشەممە 15 ئەیلوول 04:00

كۆنگره‌ی 14ی پارتی به‌ره‌و كوێ؟

100%

پارتی وه‌ك حزبێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، به‌ درێژایی ته‌مه‌نی زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌ی دا، نه‌خشه‌ی خۆی له‌سه‌ر به‌رد داكوتیوه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ وه‌ك سه‌رۆك بارزانی به‌ دار به‌ڕووی كوردستانی چواند كه‌ هه‌ر چه‌ند بیبڕن و بسوتێنن،هه‌ر گه‌شه‌ ده‌كات و وشك و له‌ناو ناچێت، ده‌ستكه‌وته‌كانی بۆ گه‌له‌كه‌ی هێنده‌ زۆرن كه‌ ئینكاری ناكرێت و له‌ سه‌ر ئاستی ناوه‌خۆ و هه‌رێمی و جیهانیش حساب بۆ كراوه‌، وا له‌ هه‌لومه‌رجێكی سه‌ختی ناوچه‌كه‌ و ئاڵۆزییه‌كانی هه‌مه‌ جۆری جیهاندا به‌ره‌و به‌ستنی كۆنگره‌ی چوارده‌هه‌مینی خۆی نزیك ده‌بێته‌وه‌ .
پارتی له‌كاتێكدا بریاری به‌ستنی كۆنگره‌ی داوه‌ كه‌ جه‌نگێكی دیكه‌ كه‌ ئاگرێكی دوكه‌ڵداری ره‌شی هه‌ڵكردووه‌ به‌رێوه‌یه‌، ئاگره‌كه‌ بۆ له‌ناوبردن و نه‌هێشتنی هزری سه‌ربه‌خۆییه‌ و له‌نێو له‌پی دوژمنێكدا هێلكاریی بۆ كراوه‌ و ده‌یانه‌وێ له‌ رێگه‌ی جۆراوجۆر بخه‌نه‌ نێو هزری تاكی كوردستانی به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ئه‌م ئاگره‌ی دوژمن دوا هه‌وڵه‌ بۆ رێگرتن له‌ سه‌ربەخۆیی و ئه‌نجامی ریفراندۆم و ده‌وڵه‌ت، پارتی باش ده‌زانێت و له‌وه‌ گه‌یشتووه‌ كه‌ هیچ كات هێنده‌ی ئێستا كاتی به‌خۆداچوونه‌وه‌ و خۆكۆكردنه‌وه‌ و رێكخستنه‌وه‌ نییە به‌ ئامانجی ده‌وڵه‌تداری و چاكسازی.
پارتی له‌م كۆنگره‌یه‌دا به‌وه‌ی كه‌ سه‌رۆك بارزانی زۆر به‌ په‌رۆشه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتیی ئاماده‌سازییه‌كانی كردووه‌، مه‌سه‌له‌ی رێكخستنه‌كانی ناوه‌خۆیی له‌گه‌ڵ كادیر و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ پرسی گه‌لی كوردستان و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی و كێشه‌ و گرفته‌ ئاڵۆزه‌كانی ناوچه‌كه‌ و جیهان، هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی هیزی نوێ و ته‌سفیاتی ئیقلیمی، گۆڕه‌پانی شه‌ڕی هزری و ئایدۆلۆژیی گه‌لان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ژێرده‌سته‌ن، ململانێ و شۆرشی نوێی پیشه‌سازی و سه‌رمایه‌داری و هه‌روه‌ها چه‌مكی جۆراوجۆری سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیا، هه‌موو ئه‌م پرسانه‌ و پرسگه‌لێكی دیكه‌ش ده‌باته‌ ژووری نه‌شته‌رگه‌ری و به‌ هێزی نوێ و كاریگه‌ر و په‌یره‌و و پرۆگرامێكی نوێیەوە ده‌خاته‌ به‌ر چه‌قو و دۆرینه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی پارتی جیای كردۆته‌وه‌ له‌ حزیه سیاسییه‌كانی دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پارتی به‌ ره‌شابه‌یه‌كی نائۆمێدی، نائۆمێد نابێت و له‌ رووی فیكره‌وه‌ نه‌وه‌یه‌كی پێگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌رهه‌می ده‌وڵه‌ت ده‌دورێته‌وه‌ و مقاومه‌ ده‌كات بۆ سه‌ربه‌خۆیی، چونكه‌ شاخ ئەمەی بۆ جێهێشتووين و لە شاریشدا بەرامبەر ئەو دەستە رەشانەی کە رەشابا هەڵدەکەن، به‌ ته‌كنیكی نوێ رووبه‌روویان بووه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی هه‌زم كردوووه‌ كه‌ شەڕی فکر وەک پاشماوەی شەڕی گەرم و بۆ جەنگێکی سارد بەڕێوەیە. 
تێگەیشتن لە فەڵسەفەی دروستبوونی حزب وەک چەمکێکی مەدەنی و، ژێرخانی فکری بۆ داڕشتنی بنەماکانی حوکمڕانی شتێکە و، لە روانگەی لێکدانەوەی پراگماتیکی شتێکی ترە. دروشمی رووخانی حزبەکان بەشێکی لە تێگەیشتنی شاخەوە ھاتووە و بەشەکەی تریشی لە قۆناغی شاردا گەورەبووە. لە ئەمەریکا کۆمارییەکان ناڵێن دیموکراتەکان دەروخێنین، بەڵکوو دەڵێن دێین باشتر حوکمڕانی دەکەین، دیموکراتەکانیش ھەمان شت، ئەوان پرۆگرامی یەکتر رەتدەکەنەوە لە ھەڵبژاردندا، کەچی حزبی سیاسی لە کوردستاندا كار و كاسبیی بووه‌ته‌ شكاندنی ئه‌وی دیكه‌ و سرینه‌وه‌ ، داڕشتنی سیناریۆی رووخان بەتایبەت رووخاندنی پارتی وەک حزب، خەونێکە لە ھەناوی ھەندێ سەرکردە ھەبووە و لە دوای قۆناغی شاریشدا بە کرداری ئەم نیەتە ھاتە نێو ئەو بوارە و مەکینەیەکی گەورەی راگەیاندن بۆ ئەم مەبەستە سیناریۆکانی دەدوری، بەڵام خاوەنی ئەم روئیایانه‌ به‌شێكیان هاتنه‌ ژێر باڵی پارتی و به‌شێكیشیان نه‌مان و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ش خه‌ریكی خۆخۆرین و خۆ سڕینه‌وه‌. 
پارتی پڕدەستکەوترین حزبی سیاسییە لە ئاستی ھەموو پارچەکانی کوردستان دا کە نەخشاندنی ئەم دەستکەوتانەیش پاشخانێکی قووڵی مێژوویی ھەیە، لە بارزانی نەمر وەک قۆناغی شاخ و، ھەم لە قۆناغی شاخیشەوە تا ئێستای شار کە رابەرێکی باڵای سیاسی وەک سەرۆک بارزانی ھەیە و شەرعیەتی جیوگرافی و کاریزمایی کوردستانە، ھاوکات خاوەنی کارەکتەرێکی بەھێزی دیپلۆماسییە کە رەسام و خولقێنەری دەستکەوتەکانە بۆ کوردستان لە رۆژھەڵاتی ناویندا. 
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی دوو کاراکته‌ری سیاسی كوردستان و عێراق، رۆژھەڵاتی ناوین و جیهانن، ئەوان ھێز و رۆحی سەرۆک مەسعوود بارزانیین و ئیلهامیان له‌ سه‌رۆك وه‌رده‌گرن، ئەوانەی گرەو لەسەر لەتبوونی نێوماڵی بارزانی و پارتی دەکەن و ھێرش دەکەنە سەر کاک نێچیرڤان و كاك مه‌سرور وەک چۆن لە مێژوو جێمان، لە ئێستایشدا ھەمان شت شکست دەبەن، چونکە نەخشەڕێگای هه‌ردرووكیان یەکگرتوویی ناوخۆیان و کۆدەنگی و بەھێزکردنی نێوماڵی کوردستانە نەوەک لەتکردنی حزبە سیاسییەکان، ئەمەش نەخشەڕێگای سەرۆک بارزانییه‌ كه‌ له‌ دوای كۆچی دوایی رابه‌ری رۆحیمان بارزانی نه‌مر، ئه‌ركی هه‌ره‌ سه‌خت كه‌وته‌ سه‌ر شانی بەرێزیان و هه‌م تێكه‌ڵی شۆرشی شاخ و هه‌میش هی شار بوو كه‌ هی شار له‌وه‌ی شاخ و كرانه‌وه‌ به‌رووی جیهانی سێیه‌م و گلوباڵیزم و دروستبوونی نه‌وه‌یه‌كی نوێ و هه‌بوونی جۆره‌ها لوغمی چێنراو له‌سه‌ر رێگه‌ی گه‌یشتن به‌ ئامانج، قورستر و قوڵتره بووە.
پارتی ده‌یه‌وێ به‌ پرۆگرامێكی نوێ هێزی خۆی بخاته‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌ و هه‌روه‌ها هێزێكی خولقێنه‌ر و پێشه‌نگ بێت له‌ به‌هێزكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان و پێكه‌وه‌ژیان و نوێبوونه‌وه‌ و دادپه‌روه‌ری و له‌ دوای كۆنگره‌ی 14 بكاته‌ چه‌كی شانی و سه‌قامگیری و ئاشتی و خۆشگوزه‌رانیی زیاتر بۆ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌سته‌به‌ر بكات، چونكه‌ له‌ پارتی دا ھونەری قیادەکردن لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی، دیموکراتیەتی خولقاندووە، لە باوەڕیشەوە، تەریقەتێکە لەسەر بنەمای نەتەوەسازی روئیاو پەیامی لەسەر تەرجەمە کراوە.
ئێمە چانسمان نەبووە ببینە دەوڵەت وەک ئەمەریکا و ژاپۆن و چین و ئەڵمانیا و رووسیا لە ڕاوی دەوڵەتەکاندا ماسی بگرین، چانسی وەک کوێتیشمان نەبووە ئەوانەی پەلاماری خاکیان داوین، دەوڵەتانێک ڕاویان بکەن، به‌ڵام چانسی ئه‌وه‌مان هه‌بووه‌ كه‌ خاوه‌نی حزبێك به‌ سه‌رۆكایه‌تیی و رابه‌رایه‌تیی كاریزمای وه‌ك سه‌رۆك بارزانی بین و ئێستاش فێربووین كه‌ وەک سویدییەکان لە پەنای یاساکاندا سەرنجی جیھان بە دەوری ئەزموونێکی نوێی حوکمڕانی کوردی لە ناوچەکەدا رابکێشین، پارتی له‌ دوای كۆنگره‌ی 14 دەبێ لە سیباقی سیاسی ناوچەکەدا شتێکی نوێ پێشکەش بكات، ئەویش بە یاساکردنی ھێزی سیاسیی و كۆده‌نگی جه‌ماوه‌ری له‌مه‌ر پرسه‌ نیشتیمانیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تدا.
پارتی  وەک راوچییەک لەشەڕی رژێمە یەک لە دواییەکەکانی عێراق، شەڕی داعش کە ئایدۆلۆژیەتەکەی لە نێوان نیل و فوڕات دروست بوو، شەڕی حەشد کە لەسەر ئایدۆلۆژیەتی ھەمان کۆد، رێی كرد و خه‌می كوردانی باكوور و رۆژهه‌ڵات و رۆژاواش لە کۆڵ نا، ئێستاش له‌ هه‌موو كاته‌كانی دیكه‌ زیاتر خۆی كۆكردۆته‌وه‌ و شه‌ری دیپلۆماسی و فکر و ستراتژیەت و مەکانی سیاسی بردۆته‌ نێو پایته‌ختی وڵاتانی ئیقلیمی و جیهان  و جارێكی دیكه‌ ناهێڵێت گه‌لی كوردستان په‌لكێشی بیابان بكرێته‌وه‌ و له‌ لمی خۆیاندا ئه‌نفالمان بكه‌ن. 
ره‌گ و ریشاڵی شۆرشی چه‌كداری و ئاوه‌دانی له‌ سه‌رده‌می شێخی گه‌وره‌ شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانییه‌وه‌ و تا ده‌گاته‌ بارزانی نه‌مر و قۆناخی نوێش زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌ له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆك بارزانی، داكوتیوه‌، ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ تا كابینه‌كانی حكومه‌ت له‌سه‌ر ده‌ستی نێچیرڤان بارزانی گه‌شه‌ی سه‌ند و له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌، مه‌سرور بارزانی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران، ته‌واوی ئه‌و گرێیه‌ شێرپه‌نجه‌ییانه‌ی كه‌ به‌رۆكی چه‌ند ساڵه‌ی ئه‌زموونی حوكمرانیی هه‌رێمی گرتبوو، خستیه‌ به‌ر نه‌شته‌رگه‌ریی چاکسازی و ره‌گی گرێیه‌ پیسه‌كانی بری و دایه‌ به‌ر چه‌قۆی نه‌شته‌رگه‌ری و له‌ پاڵ ئه‌ویش شۆرشێكی فراوانی پێشخستنی پێشه‌سازی و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری و زیادكردنی داهات و كه‌م كردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان و هه‌روه‌ها پێشخستنی بواره‌كانی په‌روه‌رده‌ و فێركردن و خوێندنی باڵا و پاراستنی ژینگه‌ و گه‌شه‌پێدانی گه‌شتیاری و ئاوه‌دانی و ... هتد، پێشخست به‌ جۆرێك كه‌ ره‌نگه‌ له‌ ئێستاشدا زۆر به‌ زه‌قی هه‌ستی پێ نه‌كرێت، به‌ڵام له‌ داهاتوودا ئه‌نجامه‌ گه‌وره‌كانی زۆر به‌ باشی به‌دیار ده‌كه‌ون، ئه‌مانه‌ هه‌موو و زیاتریش، ئه‌نجامی خه‌می پارتییه‌ بۆ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و خاك و ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گری ئه‌و پارته‌ له‌ مێژینه‌یه‌یە.
بە پلەی یەکەم، خواستی جەماوەری پارتی بۆ گۆڕانکاری لە ئۆرگانەکانی حزبدا، گەیشتبووە لوتکە، لەو روانگەوە سەرۆک بارزانی بڕیاری بەستنی کۆنگرەی دا، لەوەدا لە هەمووان زیاتر جەماوەری پارتی براوە دەبێ و زیاتر شانازی بە خۆیان و حزبەکەیانەوە دەکەن.
ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی ناوه‌ندی لێكۆلینه‌وه‌ و ستراتیژیی ناوه‌خۆیی و ئیقلیمی و جیهانی شیكردنه‌وه‌ی جیا بۆ كۆنگره‌ی چوارده‌هه‌مینی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كه‌ن و هه‌روه‌ها هه‌ندێك لایه‌ن و كه‌سیش گره‌و له‌سه‌ر نه‌مان یا خود له‌ت و په‌تبوونی پارتی ده‌كه‌ن، كه‌چی هه‌روه‌ك سه‌رۆك بارزانی فه‌رمووی پارتی وه‌ك داربه‌روو وایه‌، به‌ بۆچوونی كه‌س و شیكه‌ره‌وه‌ ئاقل و دونیا دیده‌كان، پارتی له‌ دوای ئه‌م كۆنگره‌یه‌ زیاتر له‌ جاران ده‌بێته‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئه‌و حزب و ولایه‌نانه‌ كه‌ ده‌بنه‌ رێگر له‌ به‌رده‌م كاروانی پێشكه‌وتن و خۆشگوزەرانیی خه‌ڵكی كوردستان و هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هێزێكی نوێ كه‌ ئیلهامه‌كه‌ی له‌ سه‌رۆك بارزانی وه‌رده‌گرێت بۆ زیاتر خرۆشاندن و چه‌سپاندنی سه‌ربه‌خۆیی و بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.