Erbil 15°C پێنجشەممە 18 نیسان 10:20

گرنگی و پێویستی کۆنگرەی 14ی پارتی لەچیدایە؟

فرسەت سەید شوكر
100%


وشەی "كۆنگرەی حیزب" لەبنەڕەتدا لە ئەمریكیە ڕەسەنەكان (ئەمریكیە هندیەكان)ە وە وەرگیراوە. ئەوان وشەی "كوكوس" (caucus) یان بەكارهێناوە بۆ كۆبوونەوەی سەرۆك هۆزەكان. وشەی كۆنگرە لەئینگلیزی وفەرەنسیدا بەرامبەرە لەگەل (conference) دا . لەعەرەبیدا وشەی (مۆتمر) ی بۆبەكارهاتووە . 
كۆنگرەی حزب: كۆبونەوەی گشتی حزبی سیاسیە، پێك دێت لە نوێنەری ئەندامانی حزب، لەزۆربەی حزبەكاندا بەرزترین دەسەڵاتە، هەڵدەستێت‌ بە هەڵبژاردنی سەرۆك وسەركردەكانی حزب وداڕشتنی سیاسەت‌و ستراتیژ وئامانجەكانی حزب وپەسەندكردنی پەیڕەو وپرۆگرام . 
لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئایا كۆنگرە لەژیانی حزبیدا بۆچی دەبە سترێ ‌‌و مەبەست چیە لێی؟
كۆنگرە بڕیاردرا چونكە حزب بەوشێوازەی ئەمڕۆ هەیە لەباشترین‌و گونجاوترین‌و سەركەوتوترین‌و چالاكترین بارودۆخیدا گوڕو تین‌و جۆش‌و خرۆشی تەنهابڕی چوارساڵ دەكات‌و پاشان بەرەو لاوازی‌و داهێزران دەڕوات. ئەمەلەكاتێكداحزبیش وەك زۆربەی شتەكانی كە سروشتی ئاوی هەیە، بەخاوبونەوەو پەنگ خواردن و قەتیس مان‌و وەستاو دەبێت ، وتوانای گۆڕانكاری‌و بەرەو پێشچون‌و بەدیهێنانی ئامانجەكانی نامێنێ‌. گەر بەمجۆرە بەردەوامبێت دەگاتە هەڵوەشان‌و لێكترازان.


 پارتی دیموکراتی کوردستان (76) ساڵە دامەزراوە، بە درێژایی ئەم ماوە زۆرە لە خەباتی سیاسی و چەکداری و فیکری،«پارتی» بە چەندین قۆناغی سەخت و دژوار و جیاوازدا تێپەڕیووە،کە ھەریەکە لەو قۆناغانە وەچەرخانی بەھێزبوونی کوردستان بوون.
مێژوو پێمان دەڵێت و بۆمان دەسەلمێنێت کە لە ھەر یەکێک لەو قۆناغەی کە «پارتی»تێیدا بەھێز بووە، گەلی کوردستان لەو ساتەنەدا بەھێز بووە.

مێژووییەکی خێرای پارتی

کاتێک کۆماری مەھاباد ڕادەگەیەنرێت، دامەزراندنی «پارتی» دەبێتە پێویستی، ھەر بۆیە (بارزانی نەمر) سەرکردایەتی بنیاتنانی گەورەترین پارت دەکات و پەیڕەو پڕۆگرامی پێویست بە بەھێزبوونی پارتی لەنێو کۆمار و ناوچەکە بە گشتی دادەنرێ.
کۆنگرەی یەکەمی حیزب بە ئامادەیی (70) ئەندام لە "بەغداد" دەبەسترێ و لەوێیەوە خەباتی سیاسی پارتی بە گڕو و تینی کوردانەی شۆڕشەکانی ڕابردوو دەستپێدەکات.
لەو کاتانەی کە حکومەتی ئەو کاتی عێراق بە ھەموو توانا و ھێزی خۆی دژی جووڵانەوە شۆڕشگێڕییەکانی کوردی و بوونیەت و زمان و کلتوری کوردی دەوەستایەوە «پارتی» سەنگەری کوردایەتی خۆی بەھێز کرد لە ساڵانی 1953-1960،قۆناغێكی گرنگ بوو لە مێژووی «پارتی» و ئامادەسازیی بۆ ڕووبەڕوونەوەی ئەو پێشھاتە مەترسیدارانەی عێراق دەکرا، کە ئەگەری ڕوودانیان ھەبوو.
کونگرەی سێھەم لە 26ی کانوونی دووەمی 1953 لە کەرکوک دەبەسترێ ھەر سێ رێکخراوە جەماوەرییەکانی (ئافرەتان و قوتابیان و لاوان) دابمەزرێ.

پارتی بە خەباتی نھێنی و ئاشکرا لە سورەی بەر لەشکر بۆ دەرھێنانی گەلی کوردستان لە ژێر ستەمی ڕژێمەکانی ئەو کاتەی "عێراق" کە چەندین کودەتای بە خۆیەوە دەدیت ،لە خۆبایی و دژایەتی ناڕەوای (گەلی کوردستان) حکومەتی عێراق لە نێوان ساڵانی "١٩٦٠ بۆ ١٩٦١" وادەکات کە ئیرادەی گەلی کوردستان تەقەبوولی ئەم نادادییە  نەکات و (شۆڕشی ئەیلول)ـی مەزن بە ڕابەرایەتی «بارزانی نەمر» لە زاخۆوە و تا خانەقین،کوچە بە کوچەی ووڵات بگرێتەوە، ئەو شۆرشەی کە ھەزاران شەھید و قوربانی لەپێناو و درا ودەیان داستانی تێدا تۆمار کرا، بە خاڵی بەھێز و وەرچەرخانی «پارتی» دادەنرا ئێستاش ئەو شۆڕشە لەگەڵ شۆڕشە گەورەکانی دیکەی دونیا ناوی بە بەرزی دەمێنێتەوە، بەھێزی (شۆڕش) دەبێتە ھۆی داننانی "حکومەتی عێراق" بە مافەکانی گەلی کوردستان لە بە مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی ١١ـی ئازاری ١٩٧٠ کە تیێیدا مافی «ئۆتۆنۆمی» بۆ کورد جێگیرا و مافە نەتەوەییەکانی کورد لەو قۆناغەدا بەدی ھاتن.
گەورەتریی شانازیی «پارتی» ئەوەبوو و بۆ مێژوو ماوەتەوە کە دەوڵەتی عێراق نەیتوانی بەو بەھێزییەی خۆی کە سوپایەکی زلھێزی گەورەی ھەبوو پشتیوانی نێودەوڵەتیشی ھەبوو شۆڕشی کورد لاواز بکات،ناچار ڕێککەوتنامەی (جەزائیر) لەگەڵ عێراق دەبەستێت.

ئەگەرچی بەھۆی ئابڵۆقەی ئابووریی و خیانەتی نەیاران و پشتێکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ماوەیەکی کەم (شۆڕشی کوردی) لاوازی بەخۆیەوە دەبیبێت، بەڵام دیسان «پارتی» دەبێتە پێشڕەوی دەستپێکردنەوەی شۆڕش و شۆڕشی (گوڵانی پێشکەونتخواز) بە سەرۆکایەتی سەرۆک «مەسعود بارزانی» و «کاک ئیدریس بارزانی« و کۆمەڵێک پێشمەرگە و فەرماندەی کۆڵنەدەر شۆڕش ڕادەگەیننەوە بە خەباتی نھێنی و ئاشکرا لە شار و شاخ دژی زوڵم و دەستدرێژییەکانی حکومەتی (بەعس) ئەو کات دەوەستانەوە.

خەباتی «پارتی» بەردەوامی دەبێت تا ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی (١٩٩١) و ڕزگارکردنی شارەکانی "کوردستان" و دامەزراندنی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان،کە ئەمانە ھەمووی دەرەنجامی پێکەوە بوونی "بەرەی کوردستان"ـی بوو،لەوێش «پارتی» بە گیانێکی لێبوردەیی لەپێناو سەرخستنی یەکڕیزیی،کاریگەری ڕاستەوخۆی لە بەھێزبوونی بەرەی کوردستانی بینی.

پارتی لە یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان،٪‏٥١ دەنگەکانی بەدەستھێنا و براوەی یەکەمی ھەڵبژاردن.
پارتی لە ساڵانی ١٩٩٢-١٩٩٨ بە قۆناغێکی سەخت تێپەڕی بەڵام گەلەکۆمە و پیلانەکان پارتییان لاواز نەکرد.

بە گشتی پارتی لە ساڵانی دوای شەڕی نەگریسی ناوخۆ، بەھێزەوە پشتیوانی مافەکانی گەلی کوردستانی کرد و ھەر لە چەسپاندنی مافەکان لە (دەستووری عێراق) لە ساڵی "٢٠٠٥" تا داکۆکی بەردەوام و تەسلیم نەبوون لەم قۆناغانەدا (پارتی) دۆخی سەخت و دژواری بڕیاری پیلانە ھەرێمایەتییەکان گەلە کۆمە،دژایەتی ناڕەوا، پارتیان لەو داوا حەقانە سارد نەکردەوە کە لە نێو عێراقدا دەیکردن.

زوڵم و لە خۆبایی و نادادی "حکومەتی عێراق "وایکرد کە گەلی کوردستان بیر لە ڕێگە چارەی دیکە بکاتەوە کە ئەوەیش بڕیاری ڕیفراندۆم بوو بە سەرۆکایەتی (سەرۆک بارزانی)،دەنگی ٪‏٩٣ خەڵکی کوردستان ئەوەی سەلماند کە داواکەی سەرۆک بارزانی بۆ دەستکەوتی شەخسی نیە بەڵکو بۆ ئەو ئامانجە نەتەوەییە کە سەدان ساڵە ھەوڵی بۆ دەدرێت.

گەلە کۆمە،دەستی ڕەشی ناوەخۆ،خەنجەری ژەھراویی پارتییان لاواز نەکرد،لە ڕێگەی پیلانێکی گەورەی بەرنامە بۆ داڕێژراوەوە ھەوڵی لەنێودانی پارت درا ھێزی پێشمەرگە تەسلیم نەبوو،قەوارەی (ھەرێمی کوردستان) بە ڕابەرایەتی پارتی وەکخۆی مایەوە.

"پارتی لە ئێستادا"

(پارتی) وەک حیزب حاکمی یەکەمی ھەرێمی کوردستانە، پێگەی یەکەمی سیاسییە لەسەر ئاستی عێراق، لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە پەیوەندییەکی بەرفراوانی لەگەڵ تەواوی دەوڵەتانی ناوچەکە و جیھان ھەیە، باڵێوز و نوێنەری ووڵاتان بە گرنگییەوە دەڕواننە ڕۆڵی پارتی بۆ ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە، پێشخستنی ووڵات ئاوەدانی و بووژانەوە و وەبەرھێنان و پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسی و ئابوورییەکان.

پارتی لەڕووی کۆمەڵگەییەوە
 
پارتێكی دیموكراتیی نیتشمانییه‌، بڕوای به‌مافه‌كانی مرۆڤ و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئازادییه‌كانی تاك و مافی نه‌ته‌وه‌ییی كورد و نه‌ته‌وه‌كانی تر هه‌یه‌ له‌ بڕیاردانی چاره‌نووسیاندا، له‌ پێناو به‌ دیهێنانیاندا به‌پێی پرۆگرامگه‌لێكی زانستی و به‌رێگه‌ی دیموكراسیانه‌ و ئاشتییانه‌ی سه‌رچاوه‌گرتوو له‌ ئه‌زموونه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی مێژوویی نه‌ته‌وه‌ی كورد و كه‌ له‌ پووری نیشتیمانی و خه‌باتگێڕانه‌ی بارزانیی نه‌مره‌وه‌ تێ ده‌كۆشێت و سوودیش له‌ ئه‌زموونی گه‌لان وه‌رده‌گرێت كه‌ له‌گه‌ڵ واقیعی كوردستاندا ده‌گونجێن.

پارتی لە ڕووی سەربازییەوە:-

«پارتی» ھەم لە ڕووی ھێزی چەکدار،ھێزی ئەمنی وەک (پۆلیس،ئاسایش) Security،ھەم لە ھێزی سەربازیی (پێشمەرگە)،دەزگا ھەواڵگرییەکانی،زۆرترین بەرپرسیارێتی ئەم ھەرێمەیان لە ئەستۆیە،بە شاھێدی نێردە سەربازییەکانی ووڵاتان ھێزە سەربازییەکانی ھێزەکانی (پارتی) باشترین و ڕێکخراوترین ھێزی ناوچەکە و عێراق کە مونەزمن و بە دیسپلینن.
ھەر ئەو ھۆکارانەش وایکرد کە زۆرترین میحوەری سەربازیی، زۆرترین ناوچەی پاراستن لە ئەستۆی پارتیدا بێت،سەرکەوتنی پارتی لە تاقیکردنەوە قورسەکان ھەوێنێک بووە بۆ مانەوە و بەھێزبوونی.

بە داتا،ژمارە،دۆکیۆمێنت،بەڵگە،زۆرترین ئەرکی سەربازیی پاراستن لە ئەستۆی پارتیە،بەڵام تا ئێستا کەسێک ئەگەر زۆر ڕۆنەچووبێتە نێو ئۆرگانەکانی پارتی نازانێت بەرپرسی دەزگا ئەمنییەکان وەک (ئەنجوومەنی ئاسایش،دژەتیرۆر, ئاژانس،دەزگای....،ھتد....) کێن،کارییان چیە،شوێنیان کوێیە.
بەو ھۆکارەی (پارتی) کار لە سەر شەخس و گەورەکردنی ناو و پێگە و شوێنیان ناکات،بە پێچەوانەوە دوور لە ڕاگەیاندن و خۆ نێشاندان دەیانکاتە قەڵای پاراستنی ئەمنییەتی ھەرێم.
بە پێی ئامارەکانیش ئەو ھێزانە لە ئاستی جیھان لە پێشەوەی ڕێزبەندی ھێزە کاریگەرەکانی ناوچەکەن.

پارتی و یەک بڕیاری (مەرجەع)ـی

ھۆکاری بەھێزبوونی بەردەوامی و مانەوەی پارتی بە درێژایی (٧٦) ساڵ، بوونی ئەو مەرجەع و ڕابەر و پێشمەرگەیە،کە ھەمووان بە پیاوی یەکەم و فەرمانڕەوایی ژمارە یەک دەبینین،ئەدەبی سیاسی (سەرۆک بارزانی) شۆڕبۆتەوە بۆ خانەوادە و تاک بە تاکی ئەندام و لایەنگری پارتی،ھەڵوێستە نەتەوەییەکانی سەرۆک بارزانی، ساڵانیی پێشمەرگایەتی ئەو وایکردووە کە ھەمووان قەدر و ڕێز بۆ بڕیارەکانی دابنێن،یەکگرتوویی و نەبوونی باڵ لەنێو پارتی ھۆکارە بۆ ڕێکخراویی پارتی.

ئاراستەی کاری پارتی

ئاراستەی بنەمای سیاسیی (پارتی) بە درێژایی (٧٦) ساڵی ڕەبەق تا ئێستا بۆ خەڵک ڕوونە، نەنگی و دوو ڕوویی و لاچەپی تێدانیە،
بۆیە زۆر ئاساییە کە خەڵکێک ئەگەر ڕەخنەی توندیشی لە ڕابردوودا لە پارتی ھەبووبێت،یان دژی پارتی کاری کردبێت،ئەوڕۆ لەگەڵ فیکری سیاسی و بەرنامەی پارتیدا خۆی ببینتەوە،دروستیشە خەڵکی ناو پارتی بۆچوونی جوادای خۆیان بڵێن،ئەمە دەرخەری فەزای ئازادیی پارتییە.

بەڵام ڕووە گەورەکە ئەوەیە،فەلسەفە و جووڵە و بەرنامە و ئەجێندای پارتی سیاسەتێکی نێو نەتەوەییە،سیاسەتی ھەموو شت قبوڵ نەکردنە،سیاسەتی بەرپرسیارێتی و حورمەت دانانە بۆ نیشتمان و پاراستنیەتی.


"پارتی و پێداچوونەوە و ئاگایی بەردەوام"

وەک ھەر حیزب و لایەنێیکی دیکەی سیاسی،بێ کەم و کوڕی نیە و پێویستیشی بە پێداچوونەوە ھەیە،قسەیەک ھەیە دەڵێ: (حیزب و حکومەت لە باشترین دۆخیاندایە،ڕەخنەگرتن لێیان پێویستییە).
بۆیە بە دڵنیاییەوە گەر (پارتی) ھەندێک گۆڕانکاری و پێداچوونەوە چ لەناوەخۆ و چ لە دەرەوەی حیزب بکات،زامنی سەرکەوتنی بەردەوام و خزمەتی باشتریشی بۆ خەڵک دەبێت،ھەروەک چۆن شانی داوەتە بەر بەرپرسیارێتی و خۆڕێکخستنەوە و چاکسازی و پاکسازی و دانانی سنوور بۆ گەندەڵکاران.
حزبە سەركەوتوو دیموكراسیخوازەکان گۆڕانكارەكان جیادەكاتەوە لەوانی كە ئەوەیە، كە كۆنگرەكانیان پڕمانا و ناوەرۆكە و زۆرترین گۆڕانكاری دەكەن چ لە گۆڕینی كەسەكان‌و چ لەبیرو بۆچون وستراتیژ و هۆكارەكانی گەشتن بە ئامانج‌و پەیكەری حزب، بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشە و گرفتانە و ڕێگەنەدان بەگەورەبوون و كەڵەكەبوونی زیاتریان و ڕێگەكرتن لەوەی كە ببنە هۆكاری داڕزان و ھەرەسھێنانی پەیكەر و ئۆرگانەكانی حیزب و دووركەوتنەوەی جەماوەر و توڕەبونیان، و بەهیوای ئەوەی كە بتوانرێت چارەسەر بكرێن و ڕێبازی حیزب بپارێزرێت و كاربكرێت بۆ بەزیندوو هێشتنەوەی حیزب و یەك و یەكگرتوویی ڕیزەكانیش.بشبێتە هۆكارێك بۆ خۆنوێكردنەوە .
پێویستە بە نیەتی گرێدانەوە و جۆشدانەوەی كار و خەبات و وەلانانی هەموو ناكۆكی و جیاوازیەكان و گەڕانەوە بۆ بنەما و بوژاندنەوەی گیانی هەڤاڵانەوە  هەموان لە چوارچێوەی كۆنگرەیەكی گشتیدا كۆببنەوە.
هەموو ئەم كارانە پێویستیان بە بەستنی كۆنگرەیەكی ئاسایی گشتی هەیە .كە هەڤاڵان پێكەوە و بە گیانێكی برایانە و لەخۆبووردویانە و بەنەفەس و نیەتی گرێدانەوە و جۆشدانەوەی كار و خەبات و وەلانانی هەموو ناكۆكی و جیاوازیەكان و گەڕانەوە بۆ بنەما و بوژاندنەوەی گیانی هەڤاڵانەوە و پێكەوە كاركردنی دەستەجەمعی و وازهێنان و دووركەوتنەوە لە گیانی خۆسەپاندن وپاوەنکاری و تاكڕەوی و پەرستن و پیرۆزكردنی بەتەنھا کەسێک و وەستانەوە دژی دیاردە دزێوەكان و بەرژەوەندخوازی و بەمەبەستی دانانی بەرنامە و پلانی نوێش ،پێویست دەكات هەموان لە چوارچێوەی كۆنگرەیەكی گشتیدا كۆببنەوە و ئاڵوگۆڕی بیرڕاو و تێڕوانینە جیاوازەکان بكەن وگیانی ڕەخنە لەخۆگرتنیش ببوژێننەوە. تەنهاش بەم هەنگاوە دەتوانرێت حیزب و ژیانی حیزبایەتی ڕاستەقینە ببوژێنرێتەوە و گڕو تینێكی نوێ‌ بدەنەوە بەجەستە و فكر و خوێنی حیزب و بتوانن خۆ دەربازبكەن لە قۆناغێكی كۆنی ڕابووردووی قەتیس و پڕ كێشە و ململانێی

لەسەر ئاستی ناوخۆی حیزب (پارتی) 

کۆنگرەی ١٤ی پارتی لەم قۆناغە هەستیار و چارەنووسسازە گرنگی و تایبەتمەندی زۆری خۆی هەیە، بەستنی کۆنگرەی پارتیش هەنگاوە بەرەو ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری، بە دڵنیاییەوەوە پارتی حیزبێکە پڕاو پرە لە کادیری شارەزا و بە ئەزموون و تێگەیشتوو لە کاری سیاسیی و پارتایەتی، ئومێدی هەموولایەکە کە پەیڕەو پڕۆگرامێکی وەها گشتیگیر و گرنگ و پێویست ئامادەکرابێت کە لەگەل ستراتیج و خەسڵە بەهادارەکانی پارتی خۆیدا یەکبگرێتەوە.
بەو پێیەی مانەوە و بەهێزیی کوردستان و کیانەکەی بەندە بە هێز و تواناکانی پارتی، کۆنگرە و نوێبوونەوە باشترین رێگە چارەیەتی.
ئەو بنەما سەرەکییەکانی گرنگە، هەڤاڵان و کادیرانی پارتی لە کۆنگرەی نوێی حیزب بۆ هەڵبژاردنی سەکردایەتی نوێ و ئاراستەی حیزب ڕەچاوی بکەن:

١ـــ کەسی هەڵبژێردراو پێویستە خاوەن ڕابردووی پاك بێت و بەشداری لە و ڕێكخستنانە نەكردبێت كە دژی بیری كوردایەتین و ئەندامی هیچ ڕێكخراوێك نە بووبێت كە بونەتە بەر هەڵست لەبەردەم شۆڕشەكانی گەلی کوردستاندا.

٢-بە ئەنقەست بكوژی هیچ تاكێكی كورد نەبووبێت لە پێناو بەرژەوەندی شەخسی.

٣-لە هەڵبژاردنی سەرکردایەتی نوێ، گرنگی بە لایەنی كەسایەتی كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و زانستی گشتی بدرێت.

٤-هیچ كەس لەبەر خاتری كەسی تر هەڵنە بژێردرێت و لە ئەنجامدا لە زیانی پارتی بشکێتەوە.

٥-هەوڵبدرێت كەسانێك بێهێننە پێشەوە كە بە پێی تەدریجی پلەكانی ڕێكخستنیان بڕیبێت.

٦-دەست پاكی و ویژدان و ڕەوشت پێوەرێكی ئەساسیبێت بۆ دەست نیشان كردنی خەڵك.

٧-ڕەچاوی ماندووبونی کادیر و سەرکردە تێکۆشەرەکان بکرێت، ئەوانەی داینەمۆی حیزبن و بۆ پارتی پێویستین.

٨-كۆنگرەی (١٤) پێویستە ڕەچاوی ڕێژەی دروست كردنی سەركردایەتی بكات بە پێی ناوچەكان و ڕەچاوی ژمارەی دانیشتووانی هەر ناوچەیەك بكرێت.

٩-بابەتی دەست پاكی و دارایی و ڕەوشت بەرزی بە یەكێك لە خاڵە بنە ڕەتیەكان دابنرێت
١٠-هەرچەندە لە كۆنگرەی سیانزە كەمێك گۆرانكاری لە پەیڕەوی ناوخۆ ئەنجام درا بەلام ئەو گۆڕانكاریانە زیاتر شكلی بوون ، لە نێوەرۆكدا پەیرەوە كۆنەكە  كە لە ناوەراستی سەدەی ڕابردوو نوسراوە وەك خۆی مایەوە ، پێویستە پارتی لە كۆنگرەی داهاتوو ببێتە خاوەن پەیرەوەێكی هاوچەرخ ، پەیرەوێك كە شایستەی پارتێكی دیموكرات و ئازادیخوازبێت.
١٠-گۆڕانکاریی و خۆ نوێکردنەوە لەمەر ئەو تەحەددایانەی کە روومان تێدەکەن.
١١-مامەلەیەکی بەهێزیی سیاسیی لەگەڵ پرسە ناوخۆیی و نیشتمانییەکان.
١٢- بە‌هێزبوونی پێگەی ئافرەت لە ستراتیجیەتی پارتیدا بێت.
١٣-گرنگیدان بە ڕۆڵی گەنجان و لاوان و قوتابیان و رەخساندنی دەرفەت بە ئارمانجی خستنەرووی بیرۆکەی نوێ بۆ چۆنیەتی ئیدارە و بەڕێوەبردنی ووڵات.
١٤-هاندانی لاوان تا ئەوەی بیر و ئامانجەکانیان بخەنە خزمەتی نیشتمان و کۆمەڵگەکەیان.

ئەرکە گرنگەکانی پارتی دوای  کۆنگرەی 14
 
-هەوڵی بێ وچان بۆ زیادبوونی دەنگی پارتی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێمی کورستان و عێراق.
- دۆخی نێوخۆی کوردستان بە ئاراستەی سەقامگیری (سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئەمنی)
- پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان.
- پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدای ناسەقامگیر.
- پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و هێزە نێودەوڵەتییەکان.
 

خەمی کادیران و ئەو چینە لاوەی کە بەھێزبوون و مانەوەی پارتی بە پێویستی دەزانن وایکردووە کە ڕووئیا و بۆچوونەکانیان بە ھەموو شێوەیەک بخەنە ڕوو، بەڵام پارتییە تێگەیشتووەکان دەبێت ئەوەیان لە یاد بێت کە میدیا و سۆشیال و میدیا و ڕاگەیاندنەکان، شوێنی ڕەخنە و گلەیی و پێشنیار نییە.
لەڕاستیدا گەیاندن و ناردنی پڕۆژە پێشنارییەکان لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەری بۆ خاڵە ناکۆک و لاوازەکان، گرنگە خەمی ھەموومان بێت، ئەم دڵسۆزییەش دروست ئەو پەندە کوردییە مێژووییە دەیگرێتەوە کە دەڵێت( دۆست دەتگرێینێت، دوژمن پێت پێدەکەنێت) لە ڕاستیدا خەمخۆری ھەموومان لەپێناو زیندوو ھێشتنەوەی ڕێبازی پیرۆزی بارزانییە کە ئامانج لێی پاراستنی کوردستانە.
سەرۆک بارزانی ڕابەریی نەتەوەییمان کارێزمایەکی خاوەن ئیرادەیە، ئەندام و لایەنگرانی پارتی پشتیان بە خوا و ئیرادەی پۆڵاینی جەنابیان ھەیە بۆ ڕێخکستنەوە و بەھێزترکردنەوەی پارتیمان لە مەیدانی سیاسیی لە عێراق و ناوچەکە و جیھان.

پوختە
کە «پارتی» ھەزاران شەھیدی ھەبێت و ئەوانەی لە ڕیزەکانی دابوون پێشتر
 سەرقافڵەی شۆڕشی یەکەمی بارزان شۆڕشی دووەمی بارزانی بووبن و ھاوکاری مەزنی کۆماری مھاباد،شۆڕشی ئەیلولی مەزن،شۆڕشی گوڵان،ڕاپەڕینی ئازادی،پڕۆسەی ئازادی،ڕیفراندۆم و شەڕی تیرۆریستانی داعش و پردێ و سحێلای کردبێت و لەولاشەوە پووچەڵکردنەوەی پیلانە اقلیمیەکان،ھێشتنەوەی قەوارەی ھەرێم بە یەک پاکێج بەشێکی زۆر کەم بن لەو مێژووە.
ئیدی حیزبایەتی و پارتیبوون دەبنە ئامراز بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکانی کورد و پارێزگاری لە کیانی ھەرێمی کوردستان، ئامرازێک کە ھەمووان لە چوارچێوەیەکی نەتەوەییدا کۆ دەکاتەوە.

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.