Erbil 15°C شەممە 27 نیسان 04:55

16ی ئۆکتۆبەر ئەو خیانەتەی پینە نەکرا

فرسەت سەید شوكر
100%

فرسەت سەید شکور

16ی ئۆکتۆبەر لە دیرۆکی کوردان، ڕۆژێکی شووم و ئاڵۆز و خەماوییە. کوردێکی ڕەسەن نییە، خاکپارێز و نیشتمانپەروەرێک نییە لە سەرانسەریی دونیا شەوی 15ی ئۆکتۆبەر و ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 بە خیانەتێکی مێژوویی ڕانەچڵەکیبێت، چونکە ڕووداوەکە جیالەوەی ڕەھەندێکی ناوخۆیی ھەبێت ڕەھەندێکی جیھانیشی ھەبوو کە کاریگەرییەکانی بە ئێستاشەوە ماوە.ئەو ڕۆژەی بەبەرچاوی تەواوی گەلی کورد و جیھان خیانەتیان لە نیشتمان و گەلی کوردستان و پێشمەرگەو خوێنی شەھیدان و کەرکوک کرد.

ڕووداوەکە بە دروستی داگیرکردنی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان بوو لەلایەن ھێزە عێراقییەکان بە ڕێککەوتنێکی نھێنی ژێر بە ژێر بە ھاوکاری گرووپێکی خیانەتکار لەنێو یەکێتی، دەوڵەتی ئێران و کۆمەڵێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران ڕۆڵیان لەم ڕێککەوتنە ھەبوو، ئەمە جوودا لەوەی بڕیارەکە بەو شێوەیە بوو کە (پارتی دیموکراتی کوردستان) لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان بکرێتە دەرەوە و حاکمیەتێکی ئێرانی بۆ کوردستان دابنێن، ئەگەرچی خەنجەری ژەھراوی و خیانەتی تاقمەکە بوونە ھۆکاری لەدەستدانی کەرکوک و فرمێسکی لە چاوی ئازادیخوازان ھێنایە خوارێ بەڵام لە دوای ئەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە داستەکانی پردێ و سحێلا وانەیەکی مێژووییان بە داگیرکەران دا کە بە ژیانی خۆیان بیریان نەچێتەوە، ئەوەیان بۆ سەلماندن کە گەلی کوردستان خۆ ناچەمێنێت، تانک و تۆپ و تەیارە، خیانەت و ترازان زەڕەیەك لە ئیرادەو  خۆڕاگریی کورد کەم ناکاتەوە.

بەڵگە سەلمێنەرەکان

خاڵی سەرەکی سەلماندنی ئەم خیانەتەئەوەیە کە (سەرکردە باڵاکانی یەکێتی بە ئاشکرا دژی ئەم ڕێککەوتن و خیانەتە وەستانەوە) بەشێکی زۆر لە جەماوەری یەکێتی و ھەریەکە لە بەڕێزان (کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی-مەلا بەختیار-شێخ جەعفەر شێخ مستەفا-شاڵاو علی عەسکەری) ئەم ھەنگاوە مێژووییە خراپەی یەکێتییان ڕەتکردەوە و بە لادان لە ڕێبازی یەکێتی وێنایان کرد.
دانپێندانانی سەرۆکی ئێستای یەکێتی بەوەی کە ئەوان بە ئیمزای 38 لە سەرکردایەتی یەکێتی ڕێککەوتنەکانیان کردووە ھیچی نەھێشتووەتەوە.
بەڵگە فیلم و ڤیدیۆ و وێنەکانی ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەر دەلالەتی ئەوەن کە ھیچ ڕوونکردنەوەیەک دەرحەقی ڕاستییەکانی ئەم ڕووداوە نایەت.
جەماوەری کوردستان، پێگیرن بەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان حیزبێکی سیاسیی چەکداری خەباتگێڕ و تێکۆشەر بووە و خاوەنی سەدان شەھیدی تێکۆشەرە، دەشزانن کە ئەم خیانەتە دژی ڕێبازیی یەکێتی خۆیەتی بۆیە ناکرێت مێژوو لەبیر بکرێت، گەورەیی ئەم خیانەتش لە دیرۆکی کوردان ناسڕێتەوە.

ھەمووان ئەوە دەزانین تاقمی خیانەتکار ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەر بە کۆمەڵێک بەیاننامەی ھەڵخەڵەتێنەر دەیەوێ بیر و ھۆشی ھەمووان بەلای ھەندێک چەواشەکاریی نادروست و نالۆژیکیدا ببات کە لەگەڵ ڕووداوە حەقیقییەکانی ئەو ڕۆژە یەکناگرێتەوە، بەڵام بەڵگەکان ھێندە ئاشکرا و ڕوونن کە بە ھیچ کەس و لایەنێک «پینە» ناکرێت.

ئەنجامەکانی 16ی ئۆکتۆبەر 

ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە ئێستا هەڕەشەی گەورەیان لەسەرە بەتایبەت لەڕووی تەعریبکردنەوەی ئەو ناوچانە و سوتاندنی بەروبوومی دانەوێڵەی کورد و هێرشی داعش بۆ سەر گوندە کورد نشینەکان، حکوومەتی عێڕاقیش بێ دەنگە لەبەرامبەر ئەو هەڕەشانەی کە لەسەر کورد هەن لەو ناوچانە و تاوەکو ئێستا هیچ هەڵوێستێکی بێ لایەنانەی دەرنەبڕیوە دەرهەق بە مافی کوردەکان.
 دوای خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەر و فرۆشتنی خاک و خەڵکی کوردستان لەو ناوچانە دەیان کێشە دروست بوون بەتایبەت کێشەکانی خاوەندارێتی زەویەکان و دەرکردنی کوردەکان و تێکدانی خانوەکان و هێنانی عەرەبی بیابان بۆ ناوچە کوردیەکان و پێشێلکردنی دەستور و یاسا لەلایەن پارێزگاری سەپینراوی کەرکوک و تیرۆرکردنی دەنگی ئازاد و تەعریب کردنەوەی ناوچە کوردستانیەکان.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.