Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 13:39

چۆن بەرژەوەندییەکان جیھانیان دابەشکردووە؟

فرسەت سەید شوكر
100%

چۆن بەرژەوەندییەکان جیھانیان دابەشکردووە؟

فرسەت سەید شکور

سەرەتا

لەو کاتەوەی مرۆڤ مومارەسەری کار و ژیانی خۆی دەکات، بیردەکاتەوە و دەجووڵێ، دیدگای ھەیە و بۆ داھاتوو دەڕوانێ، لە ململانێ و ڕکەبەریدایە، جیھانی قۆناغ بە قۆناغ دابەشبوون کردووە.
 دابەشبوونەکان زۆرینەی پایە بنەڕەتییەکانی ژیان دەگرنەوە، ھەر لە سیاسەتەوە تاوەکو بەرژەوەندییە ئابووریی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی و کلتورییەکان، لە سەرو ھەمووشیانەوە ئابووری وەک پایەی سەرەکی بەرژەوەندییەکان و خۆ بەختکردن لەپێناویدا.
دیدی جیاواز و تێڕوانینی مرۆڤ بۆ گۆڕانکارییەکان حاڵەتێکی سرووشتی و گرنگە، یەکێکیشە لە بنەما باڵاكانی (دیموکراسی) زۆرینەی ئاین و کتێبە کاریگەرەکان بە تاک پێگیریی بەم بابەتەوە دەکەن، بەڵام گۆڕانی بەرژەوەندییەکان لە سەردمی نوێ زۆرجار کارەساتباری گەورەی بەسەر مرۆڤایەتیدا ھێناوە، بە درێژایی مێژوو ھەمیشە دونیا لە دابەشبووندا بووە، ھەر لەسەردەمی پێش ئیسلام و باڵادەستیی گەورەی بەسەر وڵاتان و زلھێزانی وەک ڕۆمەکان و مەغۆلەکان و یۆنان و ئیسپانیا و ڕوسیا و ئینتیدابی بەریتانیا و ئەمریکا و دوایەمینیشان سۆڤیەت و لق و پۆپەکانی.
لە سایەی دابەشبوونەکانی جەنگی جیھانی یەکەم و دووەم ملیۆنان کەس لەناوچوون یان ماڵ و خاکیان جێھێشت، سەدان شار وێران و بێ کەڵک بوون لە سایەی ئەم جەنگە خوێناوییانە.

دابەشبوونی نوێ

بە دامەزراندنی ڕێکخراوی گەورەی نەتەوە یەکگرتووەكان لە ساڵی 1945 لە ژێر چەتری بنەما یاسایی و مرۆڤایەتییەکان و یەکێتی ئەوروپا لە 1993 و ھەموو ئەو گرووپ و ڕێکخراوانە لە کیشوەر و ناوچە جیاجیاکانی جیھان تا ڕاددەیەک دەرچەیەک ھەبوو بۆ یەکبوون لەبارەی ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی جیھان دەبنەوە.

ئەگەر ھەندێک بە وردی لە قۆناغی ئێستای جیھان و جووڵەی دەوڵەتە زلھێزەکان بڕوانین دەبینین دابەشبوونێکی تەواوەتی بەدی دەکرێ؛
ئەوڕۆ ئەمریکا کە باڵادەستی یەکەمینی جیھانە خۆشی لە ڕوسیا و چین و ئێران نایەت ئەوانیش بە ھەمانشێوە، ھێندێ لە لەو وڵاتە زلھێزەکانی ئەمریکای باشوور و باکوور دژی ئەمریکان، وڵاتانی ڕۆژئاوا ناکۆکن لەگەڵ سیاسەتەکانی ڕوسیا و ئێران، بەو واتایەی لە ھەر شوێنێک بەرژەوەندی ھەبێت ناکۆکی ھەیە.

ھەماھەنگی تێکدەر

لە ڕاستیدا وەک باسمان کرد ئەم دابەشبوونانە کارەساتی گەورەی جیھانی لێدەکەوێتەوە و لێکەوتەکانی مەترسیدارن ملیۆنان کەس لە سەرانسەری دونیا بە ھۆی ناکۆکی ئاسایی نێوان دوو دەوڵەتەوە لەناوچوون،  Commonwealth یەکێک لەو رێکخراوانە کە ئەندامەکانیان هەموویان ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانن ئەم وڵاتانە هەمیشە هاودەنگی بەریتانیا بوون، پێی دەوترێت وڵاتانی کۆمۆنوێڵس، کە پێکدێت لە 56 وڵات ئەم دەوڵەتانە خواست و بەرژەوەندی بەریتانیا لە کوێ بێت ئەوان لەوێن، ھەر بڕیارێکیش لە نەتەوەیەکگرتوەکان بدرێت ئەوان لانیکەم دژی بەریتانیا نابن، رێکخراوی بریکس
 BRICS ئەم رێکخراوە هەریەک لە بەرازیل، روسیا، هیندستان، چین، وەک ئەو وڵاتانەی خاوەنی گەشەی خێرای ئابوورین لە خۆدەگرێت، ئەم زلھێزانەش هەریەکە و بەپێی قەبارەی خۆیان هەندێک وڵاتی دیکەیان لە ژێر هەژموونی خۆیان زامن کردووە و لەکاتی پێویستدا هاوشێوەی وڵاتانی سەربە بەریتانیا بەکاریان دەهێنن بۆ سەرخستنی ئەو بڕیارە نێودەوڵەتیانەی لە بەرژەوەندیی خۆیاندایە
لەگەڵ ئەوەشدا، چەندین رێکخراوی  جیهانی دروستکراون
چەندین هاوپەیمانی و رێکخراوی دیکەی بەمەبەست لە جیهاندا دروستکراون کە لە ڕووداوە نوێیەکاندا هەڵوێستەکانیان بە کۆدەنگی بەکاردەهێنن بۆ بردنەوەی ئارمانجەکانیان نموونەی وەک رێکخراوی وڵاتانی ئیسلامی، جامیعەی عەرەبی، وڵاتانی بزووتنەوەی  بێلایەن، جیهانی سێیەم، حەوت وڵاتی پیشەسازی، ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، یەکێتیی ئەفریقا و چەندینی تر لە ئاسیا و ئەوروپا و کیشوەرەکانی دیکە.

پوختە

بەم شێوەیە ململانێ ئابوورییەکان بە ئارمانجی کۆنتڕۆڵکردنی سامان و توانای ماددی ئەوانی دی ئاستی یەکەم و دواتر ھاوپەیمانی سەربازیی لەپێناو داگیرکاری زیاتر و ئامادەگی بۆ جەنگە جیھانییەکان و بەگەڕخستنی توانا سەربازییەکان ھۆکارن بۆ ئەوەی ئاڵنگارییە گەورەکان نەک چارەسەر نەبن بەڵکو قوڵتریش ببنەوە، چونکە نەگونجانی دوو دەوڵەتی زلھێزی خاوەن ئابووری و ھێز و ھەژموون دەرەنجامەکەی کووشتن و ئاوارەیی ملیۆنان مرۆڤ و لەناچوونی ملیۆنان ھێکتار زەوی بە پیتی لێدەکەوێتەوە کە ئاکامەکانی داھاتوویەکی ناڕوون و مەترسیدارە لەسەر توێژی نوێی مرۆڤایەتی و جیھانێکی تازەی پڕاو پڕ لە ئاڵنگاریی و کێشە، دیار نیە ئایا ئەم دابەشبوونانە ڕەنگە ئەو ئاڵنگارییانەی پێش جیھان وەک (شەڕی تیرۆر، منداڵان کە لە ناوچە ناکۆکەکاندا دەژین، برسێتی، گۆڕانی کەشوھەوا، کۆچبەران، نەخۆشییە نوێیەکان) بە ئاسانی چارەسەر نابن لە کاتێکدا دەوڵەتان تەنھا بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوەن.

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.