Erbil 28°C سێشەممە 08 تشرینی یەکەم 10:02

ئەزمون لە ڕێکردندا

ته‌نیا كوردی
100%

((کێ ھێندەی گەلی کورد لە جوگرافیا تەقسیم کراوە؟ کەوایە کێ دەبێ ھێندەی کورد نرخی کۆدەنگی و تەبایی و بەیەکەوە بوون لە ئێستادا بزانێت)).

رۆژێکی رووناک بوو کاتێک راپەڕین کرا، بەڵام لە پڕێک رژێمی سەدام گەڕایەوە و خەڵک کۆڕەوی کرد، ئەوکاتە گفتوگۆ لەگەڵ رژێمی سەدام دەرفەت بوو کە نەگەڕێینەوە شاخەکان و وەک شەھید سامی عەبدوڵڕەحمان گوتی "ھەرچۆنێک بێت لە شار بمێنینەوە"، تا لە شاردا ئەمڕۆ وێنا بکەین، واش کرا و دواتر چیرۆکی سەرکەوتن لە ئاوەدانی تا باڵاترین وێنەی دیپلۆماسی کە بەردەوامی ھەیە، تۆمار کرا.

رێگایەک دروستبوو، بەوپەڕی ئەمانەوە تێیدا ڕێ مان کرد، بەڵام مومکین نییە بۆ دواوە بڕۆین و چارەنووسی گەلێک بخرێتە دەست قەدەری لەتکردنەوە، ئەم رێگایەی ئێستا بەرھەمی دەستی خۆمانە، بەڵام کاتێک لە ئەزموونکردن لە رۆیشتندا لێی بووەستین، دەچینەوە ھەمان ئەو شوێنەی کە لێوەی ھاتووین.

زۆر دەرفەتی گەورە ھاتنە پێش و لەو رێگایەدا بوون بە دەسکەوت، زۆر قوربانی گەورەی بۆ درا و، ون نەبووین، بەڵام زۆر قوربانی تریش ماون ئەگەر لە ڕێ کردن لەم رێگایەدا بووەستین، دەرفەتی ئەوەمان نابێ بپرسین کێ خەتابارە و کێ ھۆکار بوو! چونکە ئەوەی دەستھاتووە ژێرخانێکە لە ئاوادانی و دەسکەوت و سەروەتی ھەموو کوردستانیەکە کە گرینگە و، بە دەستی خەبات و ماندووێتی وەدی ھاتوون.

ئێستا شەڕی زۆر شوێن بۆ تێکدانی ئەم رێگایەیە، ئایا کە رێگای خەبات بۆ ئەم ئامانجە نەپچڕا، کێ لە تێکدانی رێگای دەسکەوت، قازانج بار دەبێ؟
رێگاکە سەوزی تێدابێت یان زەرد، سوور یان شین، ئەمە رێگای گەلێکە تا ئێرە ھاتووە، گرینگە گەلێکی ماندوو، ھیلاک نەکرێت بە چەند فکرەیەکی پێشوەختە لەبارچوو کە دەگوترێت، دوو ھەرێم و دوو حکومەت و دوو پەرلەمان و دوو جوگرافیا.

کێ ھێندەی گەلی کورد تەقسیم کراوە؟ کەوایە کێ دەبێ ھێندەی کورد نرخی کۆدەنگی و تەبایی و بەیەکەوە بوون لە ئێستادا بزانێت.

ھەر ھەوڵێک بۆ لەتکردنی نێو ماڵی کوردستان بدرێت،  ھەڵەیەکی ستراتیژی گەورەیە و قەرەبوو کردنەوەی سەختە...

 سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە وردی پێشھاتەکانی ناوچەکە دەزانێت، بۆیە ھەمیشە باوەڕ و بەھێزی پێگەی کوردستان لە تەبایی و کۆدەنگی دەبینێت، لەم ڕێگایەدابوو چیرۆکی ئاوەدانی دۆزیەوە و  دروستی کرد، لەم رێگایەدا دیپلۆماسی گەشە پێدا و لەم رێگایەشەوەیە بەردەوامەو کۆدەنگی لە ھەمووان دەوێت، بۆیە بەسەختی دژی پەرتەوازەیی و، ونبونی ھێزە ساسییەکان لەم رێگایەدا، دەجەنگێ.

ناوچەکە لەبەردەم ئاشتی و شەڕدایە، بەشێک لە گەلانی ناوچەکە تاریکی دەبینینن و بەشێکی تر رۆشنایی، ھەمیشە چارەنووسی گەلی ئێمە لەو بەشە رووناکیەدایە کاتێک بەدەوری پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆببینەوە کە ھەمیشە بۆ پارێزگاری لە دەسکەوتەکان و، بەردەوامیدان بە کۆدەنگی و تەبایی نێوان ھێزە سیاسییەکان، دەرگای سەرۆکایەتی ھەرێمی بۆ یەکریزی نێوماڵی کوردستان خستوەتە سەرپشت..

دەکرێت جیاوازی لە بۆچونەکان زۆر بێت، بەڵام ھەمیشە گرینگە کۆی بۆچونە جیاوازەکان لە پێناو بەھێزکردنی کوردستان بێت.
لە ناوچەکەدا کۆمەڵێک گۆڕانکاریی دیکە بەڕێوەن، شەڕی بە وەکالەت و فشار دروستکردن و لێکەوتەیشی لەسەر ئێمە دەبێت، بۆیە گرینگە لە ڕووی سایکۆلۆژی سیاسی بەدەوری یەکتردا ھەبین، تا ئەوانەی بۆ پەرتەوازەیی نێو ماڵی کوردستان پیلانگێڕی دەکەن، ئیتر نەبن، دواجاریش گرینگە ئەم رێگایەی کەدروستکراوە بەشی ڕێ کردنی ھەمووان بێت، چونکە وێنە گەورەکەی کوردستان لەم رێگایەدا دەتوانێ ببینرێت و ھەر ئەم رێگایەی پێکەوەبوونیشە دەتوانێ کوردستانێکی دیموکراسی و گەشەکردوو بەھێز، لە کۆتایی ڕێ کردندا بپارێزێت
 

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.