Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 16:05

لە هیندستان دەزانی کە زۆر شت هەیە نایزانی

هەر کە ویستم چاوم داخەم باران دەستی پێکرد و جەوەکە سارد بوو، وەکو ئەوەی سەرەتای زستان بێت
دیدە فەرەیدوون
100%

لە هیندستان دەزانی کە زۆر شت هەیە نایزانی

هیندستان هەمیشە نیشانەی پرسیار بووە بۆم. ئەو وڵاتەی  ٧٥ ساڵ پێش ئێستا سەربەخۆیی لە بەریتانیا وەرگرت، چۆن ئەم وڵاتەی لێ دروست بووە کە زیاتر لە ٣٠٠ شار و نزیکەی یەك بلیۆن و نیو ژمارەی دانیشتوانیەتی و چەند ئاین و زمانی جیاواز، دانس و میوزک، و خواردنی جیاوازی تێدایە.
هیندستان، لە پێش و دوای گەشتەکەم، هەمیشە سیمبوڵی جوانی کیشوەری ئاسیا بووە، ئەمەش لە گەشتەکە بۆم دووپات بووەوە. بەڵام بۆچی ڕۆیشتم بۆ هیندستان و چیم کرد لەوێ؟
لەوێ چەند هەڵبژاردەیەکم هەبوو بۆ زیاتر تێگەیشتن لە کلتوری ولاتەکە کە ئەویش  دانس، میوزیک، یۆگا، مێدیتەیشن یان فیربوونی خواردنی هیندی.
دوو ساڵ پیش ئێستا چاوپێکەوتنێکم هەبوو لەگەڵ قوسوڵی هیندستان بۆ بەرنامەی پەنجەرەی دیدە لە  شاری هەولێر. لەگەڵ دەستپێکردنی بەرنامکە چەند پرسیارێکم لێکرد کە  زۆربەی وەڵامەکانی دەگەڕایەوە بۆ یۆگا. بەلامەوە سەیر بوو کە ئەوەندە یۆگا بەلایەوە گرنگە، هەر بۆیە بڕیارمدا بزانم ئەم زانستە چییە و خۆم بیبینم. دوو ساڵ پێش ئێستا ڤیزەم وەرگرت بۆ ئەم مەبەستە بەڵام بەداخەوە قەدەغەی هاتووچۆ کرا لەبەر کۆرۆنا، نەمتوانی گەشتەکە بکەم بۆیە وا ڕێکەوت ئەمساڵ بچم و کۆرسێکی یەک هەفتەیی لە ریشیکیش بکەم لە نزیک چیاکانی هیمالایایە لە باکوری هیندستان.
لە دێلهی پایتەختی هیندستان دابەزیم دوای ٢٤ کاتژمێر لە گۆڕینی چەند فڕۆکەیەك، دەمویست بگەم بە ئوتێلەکە و بخەوم. لەگەڵ گەیشتنم هەمووم هیلاکییەکەم بیرچۆوە. کاتێك سیمای ئەو هەموو خەڵکە دەم بە خەندەی هیندستانم بینی، پاشانیش کە ئوتێلەکەم بینی زۆر لەوە جوانتربوو لە وێنەکانی ئینتەرنێت بینیبووم. ئوتێلێکی کلتوری بوو لە لایان دوو برای ئینگلیز لە سالی ١٩٠٣ دروستکرابوو، کە دەکرا رۆژێكت پێ بچێت تاوەکو وەکو شوێنەوار لەناویدا بگەڕێیت. 
ئەوەندە تینوی بینینی ئەو کلتورە بووم، لەگەڵ دانانی جانتاکانم تەکسییەکم گرت بۆ قەڵا سورکە و ناو بازار. قەڵا سورکە شاکارێکە لە جوانی بیناسازی، لە رەنگ و جۆری مەڕمەڕ، دیزاینی سەر دیوار و سروشتی لە دار و سەوزایی. دارەکانی وەکو پیاوێکی بە تەمەن دەهاتە پێش چاوم کە لە فلیمەکاندا ئامۆژگاری خەڵک دەکەن. بەشێکی تری جوانییەکەی ڕووخۆشی خەڵکەکەی بوو کاتێك کەسێکی غەریبیان دەبینی وێنەیان لەگەڵ دەگرت. هەرچەند خۆم لە هیندیش دەچم، بەڵام دیارە خوێنم هەر کوردییە و ئەوانیش هەستیان پێ کردووە.
پیاسەکەم لە نێو بازاڕە کۆنەکەیان دەستی پێکرد، کە دەرگاکەی دەکەوێتە بەرامبەر قەڵا سورکە. لەگەڵ چونە ژوورەوەم نەمدەزانی سەیری چی بکەم و لە چی تێبگەم. لەسەر یەک شەقام مرۆڤ بە هەموو شێوازێک دەبینی؛ لە ڕەنگی جل و بەرگ، خەڵکی ولاتی جیاواز لە ئاینی جیاواز و کەسیش سەیری ئەوەی تەنیشتی ناکات بە چاوێکی ناشرین. ئاژەڵ هەر لە مانگا و سەگ و پشیلە و مەیمون دەسوڕێتەوە و کەسیش بێزار نیە لە هەبوونیان. لە دەستی راست و چەپم بە کەنیسە، مزکەوت، پەرستگای هیندو، بۆنی خواردنە جیاوازەکان و میوە فرۆشەکان لە هەمو سوچ و پەنایەک بە درێژایی رێگاکەم هەبوو، منیش دەمویست هەست بکەم کە بەشێکم لەم جیهانە رەنگا و رەنگە، دەست بەجێ دەستێك جل و بەرگی کلتوری هیندیم کڕی کە خۆیان پێی دەڵێن ساری. 
دوای کرینی ساری و چای و بێگومان بەهاراتی هیندی بۆخۆم و برادەران لە کوردستان، کە زۆربەیان لەگەڵ ناردنی سڵاو و رێزیان بۆ ئەمیتاب داوای چا و بەهاراتیان دەکرد، بەلام بە داخەوە ئەوەی ئەمیتاب فریا نەکەوتم دوام خست بۆ هاتنێکی دیکەم.
کە گەرامەوە بۆ هوتیل هەستم دەکرد هەموو کیشوەرەکان بە دەوری سەرم دەسوڕێتەوە و پری ووشەو و هۆڕنی ئۆتۆمبێلە.
داوای خواردنەوەی چایەکی سەوزم یەکسەر خەوم لێکەوت. سەر لە بەیانی زوو بەرەو ریشیکیش بەرێکەوتم لە دێلهی بۆ ئەوەی بە فڕۆکە 40 خولەکم پێچوو. پێش نیشتنەوەی فڕۆکەکە لە ئاسمانەوە دەمبینی کە ئەو شارە چەند خانووی تێدابوو دوو هێندەی ئەوە داری تیدابوو، هەستم بە وزەیەکی سەیر دەکرد و تا ئەو رادەیەی بیرم دەکردەوە هیچ نەخەوم بۆئەوەی هیچم لەدەست نەچێت.
تەنها بۆ خولەکێکیش چاوم نەتروکاند بە درێژای رێگاکە تاوەکو گەیشم بە قوتابخانەکە لەوێ دوای ناو تۆمارکردن بەڕێوبەرەکە ژورەکەمی پیشان دام کاژمێر ی١٢ نیوەڕۆ بوو. لە دوای ڕۆژئاوا بوون ئەو ناوە پڕ دەبوو لە مێشوولە و مەیموون بە پێی ئەوەی قوتابخانەکە لەسەر شاخێك بوو لەسەر چیاکانی هیمالایا.
چووم بۆ مەتبخکە بۆ ئەوی نان بخۆم کە دوو مەنجەڵ خواردن بوو؛ برنج و شلەی پەتاتە بە بەهاراتی بەلەزەتی هیندی. ژووری نان خواردنەکە چەند مێزێکی نزمی لێبوو، بە چوار مەشقی لە لای یەکێک لە مێزەکان دانیشتم و سڵاوم کرد لە نوێڵ کە خەڵی ئێرلەندا بوو، لەگەڵ خانەوادەیەک کە باوکەکە ئەمریکی بوو بالوێزی ئەمریکا بوو لە تاجیکستان بۆ ماوەی سێ ساڵ، دایکەکە خەڵکی کوبا بوو و دوو کوڕیان هەبوو کە هەردووکیان لە دایکیان دەچوون.
دەستمان بە گفتوگۆ کرد لەسەر سەختی رێگا، ئەو شوێنەی لێیەوە هاتوون، زانیاریان لەسەر یۆگا، و هۆی هەڵبژاردنی ئەو شوێنە. هەستم کرد کە بەلایانەوە سەیر بوو کوردێک لە عێراقەوە هاتووە بۆ ئێرە بە پێی ئەوەی کە سێ جار پێیان دوو بارە کردمەوە کە خەڵکی کوێم. "ئێران؟" "نەخێر عێراق" "ئێران؟" "عێراق." "ئێران؟" "نەخێر عێراق." پاشان وتیان، ئەها سەرنج ڕاکێشە. 
قاپەکانی خۆمان شوشت، لە رێگا لە سەر قادرمەکان مایام بینی. ئەو کچە بوو کە بە زەردەخەنەکەی پری ژیان بوو. ئەسمەرێکی چاو سەوز بوو، هەستم دەکرد یا لاتینە یا بەرازیلیە و لە بەرازیلی دەچوو. وردە وردە بەژداربوانی تری کۆرسەکە دەگەیشتن، دوای ئەو نادنین هات کە سویسری بوو لە کۆستاریکا دەژیا. تاوەکو شەو هەموو ئامادەبوون. بۆ سبەی یەکەم رۆژی دەستپێکردنی کۆرسەکەمان بوو، دەبوایە کامێر ١٠ی بەیانی ئاهەنگی دەستپێکردنمان دەستپێبکردایە و هەر کەس دوای یەکتر ناسین چوینە ژورەکانی خۆمان.
هەر کە ویستم چاوم داخەم باران دەستی پێکرد و جەوەکە سارد بوو، وەکو ئەوەی سەرەتای زستان بێت. تروسکەکانی لەوە دەچوو بە دەست دروستکرابن، تکەلبوونی دەنگی باران و هەورە تروسکە لە پارچە میوزیکی کلاسیکی دەکرد وەکو ئورکسترایکی ئامیری فوداری پێکەوە بژەنن.
ئەوەش وای کرد نەخەوم و لە هەمان کاتدا نەترسم.
بەردەوام دەبێت ...


 

جیهان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.