Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 05:21

لە 31 ئاب پارتی دوژمنی بەکارھێنا نەک دوژمن پارتی بەکارھێنا!

ھۆگر نێروەیی
100%

نووسینی/ هۆگر نێروه‌یی

‏‎سەرەتا لە 31 ئاب پارتی دوژمنی بەکارھێنا نەک دوژمن پارتی بەکارھێنا، دوای کەمتر لە سێ ساڵ لە ڕووداوەکانی 31 ئاب جارێکی تر ئەوانەی لە31 ئاب دەرکران دوای تەسفیيەکردن و بەبێ ماسکی دوژمن و داگیرکار بە ئازادانە گەڕانەوە ھەولێر وەکو خاوەن ماڵ نەک میوان کە ئێستاش خاوەن ماڵن, بەڵام لە 16 ئۆکتۆبەر نەک دوژمن بەڵکو بەکرێگیراوەکانی دوژمن یەکێتی بەکارھێنا بۆ دوژمن، دوای پێنج ساڵ زیاتریش لە ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر ھێشتا کورد نەگەڕایەوە کەرکووک، کورد نەک ھەر خاوەن ماڵ نيیە بەڵکو دەرکراو و سەپێنراوە بە میوانیش قبووڵ ناکرێن.

‏‎مێژوو بەئاسانی دەشێوێنرێت، بەڵام دەرئەنجامەکانی ھەرگیز ناشێوێنرێن، من ھەرچەند بڵێم 31 ئاب زەروریيەتێکی پێويست بوو بۆ ئەو کاتە خەڵکی تر بە پارتیيانە لێم دەڕوانن، جەماعەتی ئەولاش ھەرچەند بڵێن 31 ئاب خیانەت بوو خەڵکی تر بەیەکەتیيانە لێی دەڕوانن.

‏‎فەوزایەکە ھەموو ساڵ دووبارە دەبێتەوە، ھەروەک ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر نیوەی کورد بە خیانەتی نیشتمانی دەزانن، ھەندێک خەڵکیش بێلایەنن، بکەرانی 16ی ئۆکتۆبەریش بە دەستکەوت و پاراستنی کەرکووک لە پیلانێکی گەورەتر دەزانن.

‏‎جا پێویست ناکات بگەڕێینەوە بۆ مێژوو کە ڕووداوەکە چۆن ڕووی دا، ھۆکارەکانی چی بوون، بۆ ئەوەی لەم فەوزایە دەربازبین باشتروایە باسی دەرئەنجامەکانی بکەین. پێش 31 ئاب ھەولێر گوندێکی بچووک و وێران و کەمترین خزمەتگوزاری لێ بوو لەچاو شارەکانی تری عێراق کە بەدەستی یەکێتی بوو، سەرکردایەتی ئەوکاتی یەکێتی وتیان ھەولێر گوندێکی مەزنە، چەند ساڵیش خۆیان حوکمڕان بوون ھەر پێیان دەوت ھەولێر گوندە بە شار ناچێت ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وێرانتر دەبوو.

‏‎لە دوای 31 ئابەوە ھەولێر لە گوندەوە بوو بە شار، لە شارەوە بە کردار بوو بە پایتەخت، لە پایتەختەوە بەرەو ئارامترین شاری ناوچەکە چوو، لە ئارامیيەوە بوو ‏‎بە پایتەختی پێکەوەژیان، لەپێکەوە ژیانەوە بوو بە پایتەختی گەشتوگوزار، لە گەشتوگوزارەوە بوو بە پڕئاوەدانترین شار لە ھەموو ناوچەکه‌، لەوێشەوە بوو بە پایتەختی ھەموو ڕەنگ و دەنگەکان، بوو بە پایتەختی دیبلۆماسییەت و حساب بۆ کراوە، بۆ بە بڕیاردەرێکی گرینگ لە چارەسەرکردنی پرسە ئاڵۆزەکانی ناوچەکە.  

‏‎31 ئاب پێش 26 ساڵ بوو، بەڵام ھەولێر ھێندەی سەد ساڵ و زیاتر گۆڕانکاری و بەرەو پێشەوە چووە، ئەو کات ھەولێر لەچاو شارەکانی عێراق گوند بوو، بەڵام ئێستا شارەکانی عێراق لەچاو ھەولێر بە گوندیش ناچن.

‏‎کەرکووک پێش 16ی ئۆکتۆبەر سیستەمی حوکمڕانی بە دەستی کورد بوو، کورد زاڵ بوو بەسەر ھەموو پێکھاتەکانی تر، بەڵام قەد خۆی نەسەپاند، ماڵ و موڵک و ژیانی ھەموو خەڵک پارێزراو بوو پێکەوەژیان جوانترین بوو، بەڵام دوای 16 ئۆکتۆبەر ھاوکێشە بە تەواوی گۆڕا کورد بوو بە خەڵووز، نەک سیستەمی حوکمڕانی بە دەست نییە، بەڵکو بوو بە دیلی دەستی پێکھاتەکانی تر، سووکایەتی و ستەم نەماوە لەگەڵ کورد نەکرێت، کورد ھیچی وای بەدەستەوە نەماوە ھەتا ھەندێکجار بۆ دەربازبوون لە بازگەکانی بۆ ئەوەی سووکایەتی بە کورد نەکرێت، کتێب لای بەرپرسانی ئێستای کەرکووک دەکەن، ھەتا ئەو ڕادەیەی نەک لە دەرەوەی بارەگای حیزبییەکانی خۆیان، بەڵکو لە ژوورە تاریکەکانیش جورئەت ناکەن ئاڵای کوردستان ھەڵگرن.

‏‎خیانەت و ھەر ھەڵەیەک بکەی لە ناو خەڵکدا بچووک دەبێ نەک گەورە! زۆرینەی کۆمەڵگە بڕیار دەدات لەسەر ھەر ڕووداوێک نەک حیزبەکان. 

‏‎لە دوای 31 ئاب پارتی ھەر لە گەورەبوون دایە تا گەیشتە حیزبی یەکەمی عێراق، بەڵام یەکێتی کە ڕکابەری سەرەکی پارتی بوو جیاوازی ئەوتۆیان نەبوو، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە بچووک بوون دایە، پارتی لە زۆر قۆناخ دەستی گرتووە گەرنا ئێستا یەکێتی زۆر لە ئێستاش بچووکتر و بێ دەسەڵاتر دەبوو.

‏‎بۆ ھەموو کارێک دەرئەنجامەکان گرینگن نەک ڕێکاری گەیشتنی دەرئەنجامەکان، جا بۆ سیاسەت تەنھا دەرئەنجام قسە دەکات ڕێکارەکان گرینگ نین، ئەوەی گرینگە لەبەرژەوەندی تۆ بێت، ھەر لەبەرئەوە شانازی بە دەرئەنجام و دەستکەوتەکانی 31 ئاب دەکەم، گەر 31 ئاب نەبووایە  ئێستا کورد ھەتیو دەبوون، ھەولێر بێ شوناسی کورد دەبوو، کورد بێ خاک و بێ پایتەخت و بێ ھەرێمێکی ئازادکراو دەبوو و ھەتا ئێستاش  ھەر ژێردەستە و چەتە دەبوون.

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.