Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 11:26

حەقیقەتەکە مێژووییەکان بە گێڕانەوەی ڕابەری خاوەن ئیرادە و ڕاستگۆ

فرسەت سەید شوكر
100%


حەقیقەتەکە مێژووییەکان بە گێڕانەوەی ڕابەری خاوەن ئیرادە و ڕاستگۆ

فرسەت سەیدشکور


بە خۆشحاڵی و شانازییەوە پەرتووکی بەرگی پێنجەمی بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە ژێر ناونیشانی (ڕاپەڕین دەرفەت و ئاستەنگەکان لەماوەی ساڵانی ١٩٩١-٢٠٠٢)م خوێندەوە

پەرتووکەکە لە (٨٣٢) لاپەڕە پێکھاتووە، لە پێرست و پێشەکی و بیست بەش و وتەی کۆتایی و بەڵگەنامە مێژووییەکانی ئەو سەردەمە خۆی دەبینێتەوە.

لەبەشی یەکەمی پەرتووکەکە سەرۆک بارزانی تیشکی خستووەتە سەر بارودۆخی دوای ئەنفال و ھاوکێشە جیھانییەکان. ئەو قۆناغەی بە ساتەوەختێکی تاریک و ئاڵۆز وەسفکردووە، لەسەر ڕێکخستنەوەی پارتی و پێداچوونەوە بە کاروباری پێشمەرگە و ڕەوشی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران وەستاوە، دیارە لەو کاتانە ڕووداوگەلێکی نوێ لە جیھان ڕوویانداوە کە کاریگەرییان لەسەر سیستمی جیھانی ھەبووە، ئەویش باڵادەستیی ئەمریکا و ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت بووە.

بەشی دووەمی پەرتووکەکە تەرخانکراوە بە ڕووداوەکانی داگیرکردنی کوێت و شەڕی دووەمی کەنداو بەتایبەت تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و کوێت، لەم قۆناغە سەرۆک بارزانی باس لە ئەوە دەکات لەو کاتانەدا کە سەددام لەخۆبای ببوو، ھەر زوو ھەستم بەوە کرد کە ئەمە کارەسات بەسەر خۆی و عێراقدا دەھێنێت، لە ڕاستیدا عێراق لەو جەنگە زیانی گەورەی بەرکەوت و ھەڵوێستە جیھانییەکان زیاتر گۆڕانکارییان بەسەرداھات.

بەشی سێییەمی پەرتووکەکە ئاماژە بە ئامادەکارییەکانی بەرەی کوردستانی دەستپێکی و ڕاپەڕین دراوە، بەشێوەیەک سەرۆک بارزانی باس لەوە دەکات؛ وەک بەرەی کوردستانی پێش داگیرکردنی کوێت ئێمە پلان و بەرنامەی تۆکمەی خۆمان داڕشت بۆ چۆنیەتی کارکردن لەناوخۆی و دەرەوە، لەبارەی ڕاپەڕینەوە سەرۆک بارزانی دەڵێت؛ مانگی ئاداری (١٩٩١) وەرچەرخانێکی گرنگ و گەورەبوو لە مێژووی گەلی کوردستاندا چونکە لەو ماوەیە جەماوەری ئازا و دڵسۆزی کوردستان دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعس لە کوردستان پاککرایەوە و ڕاماڵدران. 
ھەروەھا باس لە قۆناغ و ڕێككەوتی ڕاپەڕینی شارەکان دەکات، و بە ساتەوەختێکی پڕ لە شانازیی وەسفی دەکات، سەرۆک بارزانی لە قۆناغی ڕاپەڕینی (١٩٩١) وەک سەرۆکی بەرەی کوردستانی بۆ ناوەخۆی وڵات دەستنیشانکرا، لەگەڵ ھەڤاڵانی پارتی و حیزبە سیاسییەکانی دیکە ڕۆڵی یەکلایکەرەوەی لە سەرخستنی ھێزی پێشمەرگە لە ئازادکردنەوەی شارەکانی کوردستاندا بینی.

سەرۆک بارزانی لە بەشی چوارەمی پەرتووکەکەی باس لە پەلاماری ڕژێمی بەعس بۆ سەر ھەرێمی کوردستان دەکات، بەتایبەت کە ھێرشی دڕندانە بووە ھۆی کۆڕەوە ملیۆنییەکەی خەڵکی کوردستان و دواتر بڕیاری (٦٨٨) ئەنجوومەنی ئاسایش، لەم قۆناغە باس لە بڕیارەکانی بەرگری و داستانی کۆڕێ دەکات، کە بەپێی گێرانەوە مێژووییەکی سەرۆک بارزانی؛ شێست و سی جەنازە و دەستکەوتنی چوار دەبابە و سووتانی یەک دەبابە و چەندەھا چەک کەوتوونە دەست ھێزی پێشمەرگە، ئەم داستانە بووە ھۆکاری دوورخستنەوەی فەرماندەی ئەو فیرقەیەی ھێرشەکەی ئەنجامدابوو، وێڕای ڕۆڵی سەرەکی و یەکلایکەرەوەی پارتی بەڵام سەرۆک بارزانی سوپاسی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کردووە کە لەم داستانە ھاوکار ھەماھەنگ بوون، سەرۆک بارزانی دەڵێت؛ (دوای ئەم زنجیرە سەرکەوتنانە ڕژێم ناچاربوو بە خۆیدا بچێتەوە) 

بۆ یەکەمجار لە بەشی پێنجەمی پەرتووکەکە سەرۆک بارزانی باس لە گۆڕانی بۆچوونەکانی سەددام حسێن دەکات، ئاماژە بەوەدەکات کە لە ١٣ی ئاداری (١٩٩١) نامەیەکمان بۆ ھاتووە و داوای گفتوگۆمان لەگەڵدا کراوە، ھەروەھا دەرەنجامی نامەکەش سەردانی شاندێکی پارتی و یەکێتی بۆ بەغداد لێکەوتەوە، سەرۆک بارزانی باس لە بینینی سەددام دەکات، لە ٨ی ئایاری (١٩٩١) دەشڵێت؛ دیتنی سەددام بۆ من ساتێکی پڕ لە ئازار و ناخۆش بوو بەڵام بە ھەر شێوەیەک بێت ددانم بەخۆمدا گرت، دەڵێت؛ (کاتێک لەگەڵ سەددام کۆبووینەوە، دیتنەکە دوو قۆڵی بوو، بەڵام لە کاتی ھێنانی چا ھەڵسوکەوتێکی زۆر سەیرم لە سەددام دیت (کاتێک چاکەیان ھێنا شوێنی چایەکانی گۆڕییەوە، لە ڕاستیدا لێتان ناشارمەوە لەو کاتەدا ئەوەم بە مێشکدا ھات کە ژەھری تێدا بێت بەڵام ھەڵوێستێکی موحریج بوو دوای چەند ڕۆژێک چاوەڕێی دەرکەوتنی کاریگەریی ژەھرەکەم کرد بەڵام سوپاس بۆ خوا ھیچ ڕووینەدا) 

لە بەشی شەشەمی پەرتووکەکە سەرۆک بارزانی باس لە یەکەم ھەڵبژاردنی ئازاد لە کوردستاندا دەکات دەڵێت؛ لە ڕۆژی ٢٣ی ئاداری (١٩٩١) لە سەرەتای ڕاپەڕین لە کۆیە گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا بەڵێنم دابوو کە لەپێناو تێپەڕاندنی قۆناغی شەرعیەتی شۆڕشگێریی بۆ شەرعیەتی یاسایی و دامەزراندنی دامودەزگا فەرمی و شەرعیەکانی کوردستاندا دەبێت ھەڵبژاردن بکرێت.
ئەوەبوو؛ ھەڵبژاردن بەدوای بڕینی قۆناغی دژوار و سەخت، ئەنجامدرا و پارتی دیموکراتی کوردستان (٪‏٥١) و یەکێتی نیشتمانی کوردستان (٪‏٤٩) دەنگەکانیان بەدەستھێنا، سەڕەرای ئەوەی پارتی ھەزاران دەنگ لە پێش یەکێتییەوە بوو، بەدوای ئەو ھەموو تۆمەتە بێ بنەمایانەی ئاراستەی پارتی دەکران و لایەنی بەرامبەر ساختەکارییەکی زۆری کردبوو، بەڵام لەپێناو بەدیھاتنی ئامانجە یاسایی و شەرعیەکانی گەلەلەمان قبوڵمان کرد، کە بۆ خۆی ئەمە ھەڵوێستێکی گەورە و مێژوویی پارتی بوو لەو قۆناغە، ھۆکاری سەرەکی دەستبەکاربوونی پەرلەمانی کوردستان بوو. 

گرنگیدانی پارتی بە پەیوەندییە دەرەکییەکانی دوای ڕاپەڕین خاڵی سەرەکی بەدەنگەوەھاتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خوێندنەوەی ئەوان بوو بۆ پرسی کورد، لە بەشی حەوتەمی پەرتووکە سەرۆک بارزانی باس لە سەردانەکانی خۆی بۆ (تورکیا، بەریتانیا, فەرەنسا، ئەڵمانیا, نەمسا) و دیداری خۆی لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، سەرۆک بارزانی باس لە بەشداریکردنی خۆی لە ڕێوەڕەسمێکی چەتەم ھاوس لە لەندەن دەکات دەڵێت: لەو کاتە ڕۆژنامەنووسێک پرسیارێکی لێکردم لێی پرسیم (چ جیاوازییەک ھەیە لەنێوان سەردانەکەت لە لە ساڵی ١٩٨٩ و ئەم سەردانەت?)
سەرۆک دەڵێت: وەڵامم دایەوە «لە ساڵی ١٩٨٩ بە ڕێکەوت چاوم بە فەرمانبەرێکی وەزارەتی دەرەوە کەوت ئەمڕۆ داونینگ دە سەرۆکوەزیران و وەزیرانی دەرەوە لەبەرچاوی ڕاگەیاندنەکانەوە پێشوازیان لێکردم» 
ھەروەھا باس لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ جەنەڕاڵ فسکۆکرافت) ڕاوێژکاری ئاسایشی ئەمریکا دەکات، سەرۆک بارزانی دەڵێت: لە کۆبوونەوەکەدا زۆر کەم قسەم کرد تەنیا گوتم؛ «گەلی کوردستان داوای گەرەنتییەک دەکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە تووشی کارەساتێکی تر نەبێتەوە» 

لەبەشی ھەشتەمی پەرتووکەکە باس لە کۆکردنەوەی ئۆپۆزیسۆنی عێراق و بەستنی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی لە سەڵاحەددین کردووە، دیارە پارتی و سەرۆک بارزانی ڕۆڵی بەرچاو و کارایان ھەبوو لە ڕێکخستنی ئۆپۆزیسێۆنی عێراقی مەبەستی ھەماھەنگی بەردەوام لەپێناو دژایەتیە نارەواییەکانی ڕژێمی بەعسی پێشوو.

سەرۆک بارزانی بەشی نۆیەمی پەرتووکەکەی تەرخانکردووە بارودۆخی گشتیی دوای ھەڵبژاردن و دامەزراندنی حکومەتی ھەرێم و ھەڵوێستەکانی ئێران و ڕەوشی ناوخۆی ھەرێم.

بەشی دەیەم؛ ئاماژە بە چەند بابەتێکی گرنگی دوای ڕاپەڕین کراوە بەتایبەت ھەڵوێستی مامۆستایان لەو قۆناغە، لەبارەی گرنگی زانکۆ و خوێندن لە کوردستان باس لە گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین دەکات و دەڵێت؛ ئێمە ئەو کاتە بە ھەموو توانایەکمان ھەوڵی ھاوکاری زانکۆی سەڵاحەددینمان دەدا چونکە باش لە گرنگی خوێندن تێگەیشتبووین کە بۆ پرۆسەی گەشەی کۆمەڵگە و نیشتمان چەند گرنگن، ھەر ئەو ئەو ھەوڵانەی سەرۆک بارزانی بوو لە لە ٣١ تشرینی یەکەمی ساڵی (١٩٩٢) زانکۆی دھۆک دامەزرا.

لە بەشی یازدەیەمی پەرتووکەکە ئاماژە ھەڵگیرسانی شەڕی نەگریسی ناوخۆ کراوە کە خۆی لە چەندین گەڕدا دەبینێتەوە، لە ڕاستیدا سەرۆک بارزانی زۆر بە وردی ڕاستی کۆمەڵێک ڕووداوی لەو کاتانە ئاشکرا کردووە کە مێژوو گرنگە ھەموو تاکێکی کورد بیزانێت، ئەوەی سەرۆک بارزانی ئاماژەی پێداوە کافییە بەڵام ئەوەی خاڵێکی گرنگ بوو کە لەم بەشانەدا ئاماژەی پێدراوە، دوژمنان و نەیاران ھەمیشە سوودیان لە پەرتەوازەیی نێوماڵی كورد وەرگرتووە بە قازانجی لایەک ھەوڵی شکاندنی لاکەی تریان داوە، بێگومان خوێندنەوەی بەشی یازدەیەم تاوەکو شازدەیەم کۆمەڵێک ڕاستی مێژوویمان پێ ئاشنا دەکات، کە پێشتر نەمان زانیووە، ئەوسا دەردەکەوێت کە کێ بوون ئەوانەی دژی شەرعیەتی یاسایی کوردستان کاریان دەکرد و ھەوڵی شکاندنی سڕینەوەی لایەنی بەرامبەریان دەدا، بەڵام ھەموو ئەم پلانانە شکستیان پێ ھات و لە ئەنجامدا ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان ناوەندی بڕیار و یەکلایکەرەوەی گرفت و ئاڵنگارییەکانە.

بەشی شازدەیەمی پەرتووکەکە ئاماژە بە ڕێککەوتنی مێژوویی واشینگتۆن دراوە بەشێوەیەک ئەمریکیەکان سەرسام بوون کە لێکتێگەیشتنی باش ھەیە بۆ پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری گرفتەکان، بەشی حەڤدەیەم تایبەتە بە ھەندێک ڕووداوی ساڵانی (١٩٩٨) و (١٩٩٩) لەوانە "کێشەی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان"، "داواکاریی نوێی عێراق بۆ تورکیا", "دامەزراندنی کەناڵی کوردستان تیڤی"

بەشی ھەژدەیەمی پەرتووکەکە ئاماژەیە بە ھەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پرۆسەی ئاشتی لە ساڵی (٢٠٠٠) لەبارەی ڕۆڵی ئەمریکاوە سەرۆک بارزانی باسی ئەوەی کردووە؛ کە ئەمریکا سەرەتا جدی نەبوون لە پرسی چارەسەری کێشەکان بەڵام دواتر باشتر ھاتنە نێو بابەتەکان، لە بەشی نۆزدەیەم تیشک خراوەتەسەر سەر کۆمەڵە بابەتێک لەوانە تیرۆری شەھید فرەنسۆ و ڕووداوەکانی یازدەی سێپێتێمبەری ئەمریکا.

بەشی بیستەمی پەرتووکەکەش تایبەتە بە کۆمەڵێک ڕووداوگەلی گرنگ لەوانەش سەردانی شاندی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کوردستان و سازش نەکردنی پارتی لەسەر جووڵەکانی تورکیا لە ھەندێک ناوچەی ھەرێم، ھەرورھا سەرۆک بارزانی باس لە گرنگیدانی ئەمریکاییەکان دەکات بە کورد لەو قۆناغە بەتایبەت سەرۆک بارزانی باسی ئەوە دەکات کە ئەمریکا گەیشتبووە ئەو بڕوایەی کەدەبێت سەددام کۆتایی پێ بێت بۆ ئەوەش ھاوکاری و ھەماھەنگی کوردەکانی پێویست بوو..

ھەروەک لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆک بارزانی، دەڵێت: ڕاپەین یەکێکە لە دەستکەوتە گرانبەھەکانی گەلی کوردستان و خرۆشانی خەڵک بوو دژی دامودەزگەی ستەمکار و داگیرکەر مرۆڤ کە ویستی ئازادیخوازیی و ڕووبەڕوونەوەی ستەمکاری ھەبوو سەردەکەوێت، دەشلێت؛ بەرێوەچوونی ھەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەت بڕیار و ھەنگاوێکی مەدەنی و سەردەمیانە بوو کە کاری سیاسیی لە قۆناغی شەرعیەتی شۆڕشگێریی بۆ قۆناغی دەستووری و ژیانی دیموکراتیانە ھەنگاو بنێت، سەرۆک بارزانی شەڕی ناوخۆ بە لاپەڕەیەکی ڕەش و خوێناوی ھەژمار دەکات و  دەڵێت؛ شەڕێ ناوخۆ ئەوەی بۆ سەلماندین کە شەڕ و ماڵوێرانی خۆکوژییە و ھیچی لێ سەوز نابێت، ئاشتی و برایەیی و قبوڵکردنی یەکتر کە دەبێتە ھۆی پێشکەوتن و سەقامگیریی.

لایەنێکی دیکەی گرنگ و دەوڵەمەندی ئەم پەرتووکەکە، خستنەڕووی بەڵگەنامەکانە، بەشێوەیەک بۆ ھەر بابەت و خاڵێک کە سەرۆک بارزانی باسیکردووە، لە بەشی کۆتایی پەرتووکە ئاماژەی بە بەڵگەکان داوە، ئەمەش بۆ خۆێ دەرخەریی ڕاستیی و دروستی و سەلمێنەریی تەواوی ئەو حەقیقەتە مێژوویانە کە باسی کردووە.

لە ڕاستیدا گێڕانەوەی مێژوو، بەو ئەو قۆناغە دژوارانەی کە گەلی کوردستان پێیدا تێپەڕیووە گرنگیی و پێویستییە کاتێکیش سەرۆک بارزانی خۆی کارەکتەری دیار و سەرەکی ڕووداوەکان بووە، ئەمە بۆ خۆی خەسڵەتێکی بەھاداری دیکەی پەرتووکەیە، کە لە گێڕانەوەکانی دیکە جیایی دەکاتەوە، خاڵێکی دیکەی گرنگ؛ نووسینی ئەم پەرتووکەیە بەزمانێکی پاراو ئاسان ھەموو کەسێک لێی تێدەگات، لەپاڵ ئەوەش بابەتەکانی بەشێوەیەکی جوان و ڕێک ڕێکخستووە کە خوێنەر ماندوو ناکات، بەڵکو ڕایدەکێشیت بۆ خوێندنەوەی بەردەوام و ئاشنابوو بە حەقیقەتە مێژووییەکان.

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.