Erbil 13°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 04:25

لەبارەی كتێبەكەی سەرۆك بارزانی

زكری موسا
100%

نووسینی: زكری مووسا

سەرۆك مەسعود بارزانی لە نوێترین كتێبیدا (بەرگی پێنجەمی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، ڕاپەڕین دەرفەت و ئاستەنگەكان) باسی قۆناغێكی هەرە گرنگ و چارەنووسسازی گەلی كوردستان دەكات كە پڕ بووە لە دەرفەتی گرانبەها و لەهەمانكاتیشدا تژی بووە لە ئاستەنگ و هەڵدێڕی مەترسیدار بۆ خەڵكی كوردستان.

سەرۆك بارزانی لە پێشەكیی كتێبەكەیدا ئاماژە بەوە دەدات كە ئاستەنگەكانی ساڵانی دوای ڕاپەڕین بوونە هۆی ئەوەی ئەو دەرفەتەی بۆ ئازادی و وەرگرتنەوەی ماف و بەهێزتربوونی شووناسی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلی کوردستان ڕەخسابوو، تووشی تەنگوچەڵەمە و تونێلی تاریک ببێتەوە. ئەو بە ڕاشكاوی لە كتێبەكەیدا باسی ڕووداوە هەرە تاڵەكانی ساڵانی دوای ڕاپەڕین دەكات كە شەڕی ناوخۆ بوو. دەشڵێ "لە شەڕی خۆکوژیدا ڕووداوی زۆر ناخۆش و ناخهەژێن هەبوون کە کاریگەریی زۆر خراپی له‌سەر ژیانی خەڵک دانا و، ڕێگر بوو لە بەردەم سەقامگیریی هەرێم و کارکردنی دامودەزگەی هەرێم".

هەروەها هێماش بەوە دەدات كە "باسکردنی شەڕی خۆکوژی، هەر بۆ ئەوەیە کە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە هۆکارەکانی بگەن و، ببێتە دەرسێک بۆ نەوەکانی ئێستا و ئایندە کە شەڕ و دەستبردن بۆ چەک دژی یەکتر لەناو کورددا چەندە کارەساتبارە. زۆر بابەتی وردی دیکه‌ش لەو بارەیەوە هەیە کە نەمویستوە ئاماژەی پێ بدەم، بۆ ئەوەی ناحەزانی گەلی کوردستان سوودی لێ نەبینن".

نووسەر لە كۆتایی پێشەكیی كتێبی ڕاپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەكان بە بیر خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان دەهێنێتەوە كە "دەستکەوتی ڕاپەڕین و هەڵبژاردن و دامەزراندنی دامودەزگەی هەرێم لە سایەی یەکڕیزی و نیازپاکی و پەرۆشیی لایەنەکانه‌وه‌ بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان به‌رهه‌م هاتووه‌. هەرکاتێک یەکڕیزی هه‌بووبێت و له‌پیناوی به‌ها و ئامانجه‌ باڵاکاندا کار کرابێت، ئه‌وا دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بەرەوپێشەوە هەنگاوی ناوە".

پەیامی سەرۆك بارزانی وەك یەكێك لە كاریگەرترین سەركردەكانی مێژووی سیاسیی كورد لەو كتێبەدا زۆر ڕوون و ئاشكرایە. ئەگەر یەكڕیزی و كاركردن بە بەها و ئامانجە باڵاكان لەناو لایەنە سیاسییەكان هەبێت ئەوە دۆزی گەلی كوردستان بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت. نەوەكانی ئاییندە دەبێ وانە لە ڕووداوەكان و هەڵەی سەركردەكان وەربگرن و باش بزانن كە دەستبردنی كورد بۆ چەك لە دژی یەكتر كارەساتبارە و هەرچی دەرفەت و دەستكەوت هەیە بەرەو مایەپووچی و نەمان دەبات.

سەرۆك بارزانی سەركردەیەكی سیاسییە كە دەیان ساڵ بە بەردەوامی و بێ بچڕان، سات بە سات و چركە بە چركەی ژیانی خۆی بۆ خەباتی سیاسی و تێكۆشان بۆ گەییشتن بە ئازادیی گەلەكەی و ڕووبەڕووبوونەوەی داگیركاری و ستەمكاری تەرخان كردووە. هەڵگرتنی چەك و پێشمەرگایەتی و حیزبایەتی و ئاوارەیی و نووسین و سیاسەت و دانوساندن و خەباتی مەدەنی و دیموكراسی و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دامودەزگەی شەرعی و سەرۆكایەتیكردنی وڵات و دەیان وێستگەی گرنگی تر، ژیانی سیاسیی سەرۆك بارزانیان پێك هێناوە. سەرۆك بارزانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووداوە گرنگەكانی پەنجا ساڵی ڕابردووی كوردستان بووە و بەشێكی سەرەكیی دروستبوونی بڕیارە چارەنووسسازەكان چ لەناو پارتی و چ لەناو بەرەی كوردستانی و چ لە سەركردایەتیكردنی هەرێمی كوردستان لەسەر شانی ئەو بووە.

لەلایەكی ترەوە سەرۆك بارزانی یەكێكە لەو سیاسییە دەگمەنانەی كە هەر لە تەمەنی منداڵییەوە هەتا ئێستا بەسەرهات و ڕووداوەكانی ژیانی خۆی ڕۆژانە نووسیوەتەوە. لە ڕاستید ئەم كارەیان جێگەی دەستخۆشییە، چونكە بەهۆی یادداشتەكانییەوە بەشێكی گرنگی مێژووی گەلی كوردستان تۆماركراون. ئەمە لە مێژوودا كەم هەڵ دەكەوێت كارەكتەرێكی سەرەكیی ڕووداوەكان، خۆی بە یادداشتكردنی ڕۆژانەی پێشهات و ڕووداوەكان هەڵسێت، بۆ مێژوونووسان و دۆستانی مێژوو، قسە و تێكست و كتێب و گێڕانەوەكانی سەركردەكان بە تایبەت سەرۆك بارزانی سەرچاوەیەكی دەستی یەك و باوەڕپێكراوی توێژینەوە مێژووییەكان و تێگەییشتنە لە مێژووی سیاسیی كوردستان و جووڵانەوە سیاسی و ڕزگاریخوازەكەی، بۆیە پسپۆڕانی مێژوو پتر لە هەر كەسێكی تر لە بایەخی ئەو جۆرە نووسین و كتێبانە دەگەن.

گرنگییەكی تری كتێبەكانی سەرۆك بارزانی باسكردنی ڕووداوەكانە وەك خۆی. سەرۆك بارزانی باسی ئایدیۆلۆژیا ناكات و بەنیازیش نییە دەستگەیەكی فكری بەسەر خوێنەردا بسەپێنێت، ئەو تەنیا ڕاستییەكان باس دەكات، ڕاستە لە كتێبەكانیدا هەموو ڕووداوەكان باس نەكراون، بەڵام ئەوەی نووسراوە و باس كراوە، ڕووداوگەلی بنەڕەتی و كاریگەرن كە ڕێڕەوی سیاسیی و واقعی كوردستانیان گۆڕیوە، ئەوەی لە كتێبەكانیدا هاتووە هەر هەمووی ڕاستین و كەس ناتوانێ نكۆڵیان لێ بكات. كتێبەكان پڕن لە مێژوو و كات و ڕێكەوت و وێنە و نەخشە و ناوی كەسایەتیی جۆراوجۆر، سەرۆك بارزانی لە هەموو لاپەڕەیەكدا لەبارەی شوێن و جیۆگرافیا دەدوێت كە ئەوە چێژ و تایبەتمەندیی بە نووسینەكانی داوە، ئەو كتێبانە بە بەڵگەنامەی مێژوویی و دەگمەن بەهێز و دەوڵەمەند كراون و گێڕانەوەكانی لە مەڕ ڕووداوە سیاسییە گرنگەكان پشتڕاست دەكەنەوە.

دیوێكی تری كتێب و نووسینەكانی سەرۆك پەردەلادانە لەسەر كۆمەڵێك نهێنی و حەقیقەتی پشت ڕووداوەكان، بەهۆی ئەو شەپۆڵە ئیرهابە فكرییەی لە ساڵانی ڕابردوو كوردستانی گرتووەتەوە، زۆر لە ڕووداو و مێژووە گرنگەكان هەتا ئەو پەڕی شێواندن و ئاوەژووكردنی ڕاستییەكان خوێندنەوەی بۆ كراوە، لێرەدا كتێب و نووسینەكانی سەرۆك بارزانی ڕەنگە ببێتە مایەی ناڕەزایەتیی هەندێ كەس و لایەن، چونكە بوار و مەودای بۆ شێواندنی مێژوو نەهێشتۆتەوە، بە خوێندنەوەی ئەو كتێبە گرنگانە چاوگی بەشێكی زۆری ئەو ئازار و ناڕاستی و تەنگوچەڵەمانەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە كە ئێستا لە كۆمەڵگەی ئێمەدا هەن و گەنجەكانمان وەك واقعێكی تاڵ دەیبینن كە لە ڕاستیدا سەرچاوەیان بۆ كۆمەڵێك ڕووداو و هەڵە و قاڵبگرتنی نادورست دەگەڕێتەوە كە سەرۆك بارزانی بە وردی ئاماژەی پێ داون و دەیەوێ بەرچاوڕوونی بە نەوەكانی ئێستا و داهاتووی كوردستان بدات.

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.