Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 20:55

فەلسەفەی مانەوە و بەھێزیی پارتی

پارتی دیموكراتی كوردستان
فرسەت سەید شوكر
100%

فەلسەفەی مانەوە و بەھێزیی پارتی

فرسەت سەیدشکور

(پارتی) وەک حیزب حاکمی یەکەمی ھەرێمی کوردستانە، پێگەی یەکەمی سیاسییە لەسەر ئاستی عێراق، لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە پەیوەندییەکی بەرفراوانی لەگەڵ تەواوی دەوڵەتانی ناوچەکە و جیھان ھەیە، باڵێوز و نوێنەری ووڵاتان بە گرنگییەوە دەڕواننە ڕۆڵی پارتی بۆ ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە، پێشخستنی ووڵات ئاوەدانی و بووژانەوە و وەبەرھێنان و پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسی و ئابوورییەکان.

لە ڕووی سەربازییەوە:-

پارتی ھەم لە ڕووی ھێزی چەکدار،ھێزی ئەمنی وەک (پۆلیس،ئاسایش) Security،ھەم لە ھێزی سەربازیی (پێشمەرگە)،دەزگا ھەواڵگرییەکانی،زۆرترین بەرپرسیارێتی ئەم ھەرێمەیان لە ئەستۆیە،بە شاھێدی نێردە سەربازییەکانی ووڵاتان ھێزە سەربازییەکانی ھێزەکانی (پارتی) باشترین و ڕێکخراوترین ھێزی ناوچەکە و عێراق کە مونەزمن و بە دیسپلینن،کە فەوج و لیوای شەخس لە نێو پارتیدا نین.
ھەر ئەو ھۆکارانەش وایکرد کە زۆرترین میحوەری سەربازیی، زۆرترین ناوچەی پاراستن لە ئەستۆی پارتیدا بێت،سەرکەوتنی پارتی لە تاقیکردنەوە قورسەکان ھەوێنێک بووە بۆ مانەوە و بەھێزبوونی.

پارتی (مەرجەع)ـی ھەیە

ھۆکاری بەھێزبوونو بەردەوامی  پارتی هه‌بوونی ئەو مەرجەع و ڕابەر و پێشمەرگەیە، کە ھەمووان بە پیاوی یەکەم و فەرمانڕەوایی ژمارە یەک دەبینین، ئەدەبی سیاسیی (سەرۆک بارزانی) شۆڕبۆتەوە بۆ خانەوادە و تاک بە تاکی ئەندام و لایەنگری پارتی، ھەڵوێستە نەتەوەییەکانی سەرۆک بارزانی، ساڵانیی پێشمەرگایەتی ئەو وایکردووە کە ھەمووان قەدر و ڕێز بۆ بڕیارەکانی دابنێن، یەکگرتوویی ھۆکارە بۆ ڕێکخراوه‌یی پارتی.

ئاراستەی کارى سیاسی (پارتی) بە درێژایی (76) ساڵی ڕەبەق تا ئێستا بۆ خەڵک ڕوونە،نەنگی و دوو ڕوویی و لاچەپی تێدانیە،
بۆیە زۆر ئاساییە کە خەڵکێک ئەگەر ڕەخنەی توندیشی لە ڕابردوودا لە پارتی ھەبووبێت،یان دژی پارتی کاری کردبێت، ئەوڕۆ لەگەڵ فیکری سیاسی و بەرنامەی پارتیدا خۆی ببینتەوە،دروستیشە خەڵکی ناو پارتی بۆچوونی جودای خۆیان بڵێن ،ئەمە دەرخەری فەزای ئازادیی پارتییە.

بەڵام ڕووە گەورەکە ئەوەیە، فەلسەفە و جووڵە و بەرنامە و ئەجێندای پارتی سیاسەتێکی نێو نەتەوەییە،سیاسەتی ھەموو شت قبوڵ نەکردنە،سیاسەتی بەرپرسیارێتی و حورمەت دانانە بۆ نیشتمان و پاراستنیەتی.

پشت ئەستووریی پارتی

١- پارتی پشت ئەستوورە بە دەنگدەر  و جەماوەریی دڵسۆزی خۆی.

٢- پارتی پەیڕەو پڕۆگرامێکی پتەوی ھەیە، لانیکەم مێژووییەکیشی ھەیە کە شانازیی پێوە بکات.

٣- پارتی حیزبێکە کە ھیوای کوردە لە باکوور،ڕۆژئاوا،ڕۆژھەڵات،باشوور تەنانەت لە نێو عێراقیش خەڵک ھیوای ھەڵچنیووە، خەڵکی دیکە کەمینەی چەند شارێکن نەک ئومێدی زۆرینە.

٤- پارتی پەروەردەی سیاسی ھەیە، پەروەردەی سیاسی و فیکری پارتی وایکردووە کە لایەنگر و دەنگدەری پارتی، ووریاتر و ھوشیارتر و زیراکانەتر مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان بکەن.

٥- لە ھەمووی گرنگتر، پارتی نەتەوەییانە، کوردانە، لە پرسە نیشتمانییەکان دەڕوانێت.

٦- پارتی لە جەنگ و ئارامیدا، بەرپرسیارێتی ھەڵدەگرێت سەنگەری خەبات و حکومداری بۆ خزمەتی گشتیی چۆڵ ناکات.

٧- پارتی ڕێنمایی دەداتە کادیرەکانی کە ڕەوشتی سیاسیی لە نووسین و ووتارەکانییان بە جوانی پەیرەو بکەن و ڕەنگدانەوەی یەکڕیزیی و یەکگرتوویی بکەن.

٨-(پــــارتــــی) خاوەنی مەرکەزییەت و مەرجەعی سیاسی خۆیەتی کە ڕێبەری ھێژا ، سەرۆک مەسعود بارزانییە.

سا کە (پــــارتـــی)
ھەزاران شەھیدی ھەبێت و ئەوانەی لە ڕیزەکانی دابوون پێشتر
 شۆڕشی یەکەمی بارزان شۆڕشی دووەمی بارزانی کردبێت و ھاوکاری مەزنی کۆماری مھاباد،شۆڕشی ئەیلولی مەزن،شۆڕشی گوڵان،ڕاپەڕینی ئازادی،پڕۆسەی ئازادی،ڕیفراندۆم و شەڕی تیرۆریستانی داعش و پردێ و سحێلای کردبێت و لەولاشەوە پووچەڵکردنەوەی پیلانە اقلیمیەکان،ھێشتنەوەی قەوارەی ھەرێم بە یەک پاکێج بەشێکی زۆر کەم بن لەو مێژووە،چ باکی بەوەیە ھەرزەکار و کاڵفامان پەلاماری قاچەکانی بدەن.

کەم نین ئەوانەی بەھۆی ململانێ و حەز و خولییای دەسەڵات گرەو لەسەر نەمانی (پارتی) دەکەن، ئەمما ئەوانە ڕۆژ دوای ڕۆژ گچۆکە دەبنەوە،پارتیش ڕۆژ بە ڕۆژ باڵا دەکات.

پیرۆزبێت 16ی ئابی پڕ شکۆ ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ڕابەریی نەتەوەییمان (سەرۆک مەسعود بارزانی)

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.