Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 21:03

‏‎ئێران سێبەری نوری مالکی کاندید کرد! 

ھۆگر نێروەیی
100%

‏‎ئێران سێبەری نوری مالکی کاندید کرد! 

‏‎ناوەندی ستراتیژیەتی سیاسەتی ئێران لە ناوچەکە عێراقە نەک تارانە، گەر عێراق لە خودی ئێران بۆ کۆماری ئیسلامی گرنگتر نەبێت ئەوا ھێندەی ئێران گرنگە بۆیان. لەوانەیە ڕۆژێک بێت ئێران دەست بەرداری ھەموو ئەو وڵاتانە بێت کە ھەژمونی تیادا زۆرە بەڵام  ھەرگیز ئێران دەست بەرداری عێراق نابێت مەگەر بەمەرگی خۆی بێت، بەواتای ئێران دەستبەرداری عێراق نابێت مەگەر کۆتایی پێبێنن لەدەستی بیهێنە دەر. ئەوەی وایکرد ئێران ببێتە ژمارە و خاوەن پێگەیەکی بەھێز لەناوچەکە عێراق بوو، کە ئەمڕۆ ھەژموونی ئێران لەناوچەکە لەھەموو ڕکابەرانی خۆی بەھێزترە بە وڵاتانی زلھێز و ھەرێمیەوە. 

‏‎لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لەھەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 یەکەم جاربوو بەرەی ئێران بدۆڕێت لەبەرامبەر بەرەکانی تر،کە توشی دۆڕانێکی سەخت بوو، بەڵام ئێران بەزیرەکانە ھەر زوو بەرەی خۆی کۆکردەوە، نەیانھێشت حکومەتێکی زۆرینە بەبێ ئەوان پێکبھێنرێت، تا گەیشتە ئەوە کوتلەی زۆرینەی پەرلەمان سەدر بەکۆمەڵ دەست لەکاربکێشێنەوە. 
‏‎کە لێرە سەدر سیاسیەکی پشوو کورتبوو، گۆڵێکی لە خۆی کرد گۆڵێکی بۆ ئێران کرد! کە سەدر ھەموو ئامانجی بوو حکومەتی ئێستای کازمی بەردەوام بێت دوای ئەوەی خۆی نەیتوانی حکومەت پێک بھێنێت. بەڵام بەرەی ئێران ھیچ دەرفەتێک لە دەست نادەن لەھەموو دەرفەتێک دا گۆڵی خۆیان تۆمار دەکەن، خەریکە گەورەترین دۆڕانی خۆیان دەکەنە سەرکەوتنێکی کاتی بۆ خۆئامادکردن بۆ سەرکەوتنێکی مەزنتر. 

‏‎بە کاندیدکردنی (موحه‌مەد سودانی) بەرەی ئێران توانی لەو فشارانەش خۆیان دەربازبکەن کە تاقیکراوەکان تاقیناکرێنەوە، کە ئێران مالکی کردە قوربانی بەڵام لەگەڵ ئەوەش سێبەری مالکی کاندیدکرد، کە سەدر ھیچ بەھانەیەکی بەدەست نابێت بۆ ئەوەی موحەمەد سودانی حکومەت پێک نەھێنێت چونکە تاقی نەکراوەتەوە، سەدر ھەموو تیشکی خۆی خستبوە سەر مالکی کە مالکی حکومەت پێک نەھێنێت.  لەگەڵ ئەوەش سەدر ناوەستێت لە ڕێگای شەقام فشاری خۆی ھەر دەکات بەڵام زوو زوو ناتوانێت  چونکە بەھانەیەکی ئەوتۆی بەدەست نابێت چونکە زیاتر ئامانجی سەدر لە تاقیکراوەکان بەشەخسی کرابوو بەشەخسەکەوە گرتبوی، نەک بەرەی دۆڕاو بەگشتی کە  چەند ساڵە حکومەتی بەدەستبوو و دەسەڵاتیان خراپ بەکارھێنابوو چونکە لەکۆتاییدا خۆشی بەشێکی سەرەکی بوو لەھەموو کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی عێراق . 

‏‎ئەوەی بۆ ئێرانیش گرنگە حکومەت پێک بھێنرێت و حکومەتی کازمی نەمێنێت، جا گرنگ نیە حکومەتەکە چەند بەھێز بێت و ماوەی چەند بێت ساڵێك بێت یان چوار ساڵ کەبەڕایی خۆم تەمەنی حکومەتەکەی ناگاتە دوو ساڵ، بەڵام ئەوەی بۆ ئێران گرنگە لەپێکھێنانی حکومەتی نوێ: یەکەم کازمی نەمێنێت کە کازمی تا ڕادەیەکی زۆر لە بەرژەوەندی ئێران دوور بوو، دووەم ھەموو ئەو بڕیارانەی لە سەردەمی کازمی دران ھەڵبوەشێنرێتەوە کە دژی خواستی ئێران بوون، سێ یەم دوورکەوتنەی عێراق لەو ولاتانەی کە دژبەری ئێرانن لەناوچەکە کە سەردەمی کازمی عێراق بە ئاراستەی ئەو وڵاتانەبوو کەدژی ئێرانن بەتایبەتی سعودیا، چوارەم  یاسایەکی تر بۆ ھەڵبژاردن دابنێت کە بەرەی ئێران تا  ئێستاش لایەنگری زیاترە لە ھەموو بەرەکانی تر  وەکو ژمارە بەڵام بەھۆی یاسای نوێ ھەڵبژاردن پەرشوبڵاوە و ڕێک نەخستنی لایەنگرانی تووشی دۆڕانێکی سەخت بوون کە لەوانەیە جارێکی تر یاسای ھەڵبژاردنی لیستی داخراو  پەسەندبکرێتەوە.

‏‎لە سیاسەت دا ئەوەی لە کۆتایی پێدەکەنێت سەرکەوتوو دەبێت نەک ئەوەی سەرەتا، پشوو درێژەکان بە ئامانج دەگەن نەک پشوو کورتەکان.سەدر ھەم پشوو کورت بوو ھەم پەلەی زۆریشی کرد، مادەم نەیتوانی حکومەت پێک بھێنێت خۆ دەیتوانی لە پەرلەمان پشتیوانێكی بەھێزی کازمی بێت کە خۆشی زۆربەی پۆستەکانی حکومەتی کازمی بەدەستیەتی، ھەم دەستی ئێران کورت دەکرد ھەم خۆشی بەھێزتر دەبوو لە پەرلەمان دەیتوانی زۆر شت بکات کە زۆرینەی پەرلەمان لەگەڵی بوو، بەڵام بەھۆی پەلەکردن سەرکەوتنی خۆی کردە دۆڕان، بەرەی ئێرانیش  بەعەقلانی و پشوو درێژی خەریکە گەورەترین دۆرانی خۆیان بکەنە سەرکەوتن. 

‏‎بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریش گەر کورد یەک کاندیدی نەبێت نەگەن بەڕێکەوتن ئەو دەبێتە سەرۆک کۆمار کە ئێران بەڵێی بۆ دەکات. بەڵام  مەرج نیە ئێران یەکسەر بەڵێی بۆ کاندیدی یەکێتی بکات چونکە بە ھەر شێوەیەک بێت ئێران دەیەوێت پارتی لە حکومەتەکەیان دا بەشداربێت کە زۆرینەی کورسی کوردیان بەدەستە، دەیەوێت شەرعیەتی پارتیشیان ھەبێت نەک لە دەرەوەی حکومەت بێت. کە شەرعیەتی پارتی شەرعیەتی ھەولێرە، شەرعیەتی ھەولێر شەرعیەتی کورد و ھەرێمی کوردستانە، کەئێران ھەموو ھەوڵێک دەدات کورد یەک کاندیدی ھەبێت ھەندێک فشار لە یەکێتی دەکات کە بگاتە ڕێکەوتن لەگەڵ پارتی. 
‏‎کە یەکەم جارە ئێران دەیەوێت کورد یەکگرتوو بێت چونکە ئەم  جارە بەرژەوەندی خۆی لە یەکگرتنی کوردایە بەڵام ئەو یەکگرتنە تەنھا لە چوارچێوەی بەغدا بێت نەک ھەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.