Erbil 15°C ھەینی 26 نیسان 09:53

موسڵ و ولایەتی موسڵ !

سەرچاوە مێژووییەکان ئەوە دەسەلمێنن که موسڵ له دیرۆکەوە ناوچەیەکی کورد نیشین بووە
یونس حه‌مه‌د
100%

موسڵ و ولایەتی موسڵ !
 
یونس حەمەد - ئۆسلۆ
 
گەڕانەوە بۆ بنچینەکانی مێژوو سەلمێنەری بوونی نەتەوە و نیشتیمانه ، له ڕوانگەیەکی مۆڕاڵی دا دان بەبوونی مرۆڤایەتی دادەنێت .له سوونگەی هەستکردن بەبەرپرسیاریەتی بەرانبەر مێژوو و دیرۆک دا ئەوە دەخاتە ڕوو که ئایندە پەیوەند و پەیوەستە بەمێژووەوە 

. دوای تەواوبوونی جەنگی جیهانی یەکەم مێژوو ڕەحمی به مێژووی کورد نەکرد ، هەروەها هێمایەکی ترسناکی دایه جیهان بەوەی مێژوو تەنیا بەوانه دەنووسرێنەوە که ڕاستگۆ نین ، نە لەگەڵ خۆیان و نەلەگەڵ خەڵکانی دیکه ،بۆیە دەبینین زۆرجاران نووسینەوەی مێژوو دەبێتە کێشە و گرفت بۆ ئایندە .موسڵ وەک شارێکی هەمیشە زیندوو ویلایەتی موسڵیش وەک بنچینیەک بۆ مێژووی کورد له دوای کۆتایی هێنانی جەنگی گەورەی یەکەم ئەوە چووە سەر مێزەوە بێ بوونی کورد مامەڵەی لەسەردا کرا ، تابووە هۆکاری ئەوەی کێشەکان بۆ کورد زێدەتر بکرێن و قوڵتر ببنەوە ،وەک ئەوەی ئێستاکه دەیبینین زۆرشوێن بوونەتە ئەمرێک ئەگەرچی له واقیع دا وانەبووە ، بەڵام کردوویانه به واقیعێکی تاڵ.
 موسڵ و ولایەتی موسڵ له مێژووە تامێژووی دێرین وهاوچەرخ دا ناوچەیەکی کوردنشین وکوردستانی بووە ،کەلتوور زمان ، داب ونەریت ، جل وبەرگ ، شێوازی ژیان ، خەڵکەکەی ڕەسەنی کوردبوون ، بەڵگەکانی دوێنی شاهيدن بۆ ئەمڕۆ و ئایندە.
 هاتنی خەڵکانی دیکه بۆ ئەم ولایەتە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هاوچەرخ واتا دوای جەنگی گەورەی جیهان سەرەتای سەدەی بیستەم ، سەبارەت به عەرەب ئەوە زۆربەیان له شام ودوورگەی عەرەبی و کەنداو ڕوویان تێداکردووە، خێڵەکانی نەجد له شاری قەتیف ، مەدینه و ئیحساء و (حەفەر باتن ) و زوبێر و کوێت و باشووری ئێستای عێڕاق، خاوەنی ڕەسەنی ئەو خێڵانەن که بەهۆکاری جیاجیا وەک ووشکه ساڵی ناوچەکانیان و کۆچکردنی بەردەوام لەملاو بۆ ئەملا هاتنه سەرەتا دەورووبەری ولایەتی موسڵ دواتر نێوشار ولای بەرەی ڕاست نیشتەجێ دەبوون، وەک خێڵەکانی (خەزرەج و تایی وجبووری وشەممەڕ وتەمیم) وهتد.

 سەرچاوە مێژووییەکان ئەوە دەسەلمێنن که موسڵ له دیرۆکەوە ناوچەیەکی کورد نیشین بووە ، هەربۆیە دەبینرێت هەمیشە ناوچەی( نەبی یونس) وەک سەرچاوی بازاڕ وگووزەرانی خەڵک بووە لەم  شارەدا ، ناوچەی  (نەبی یونس ) ئێستا دوای هەموو ئەو تەعریب و ڕاگواستن وبێ بەشکردن له هۆیەکانی ژیان دا لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ، بەڵام هەر کورد زۆرینەن چ له موسڵ به تایبەت (نەبی یونس) ، وەک مەزاری ئاینیش زۆرترین مورید و هاموشێوانی کورد بوونه . لای چەپی موسڵ کورد سەردەمانێک زیاتر له 95٪  کورد پێک دەهێنا ، لای ڕاستیش زیاتر له 80 ٪ ، چونکه دوورووبەری دانیشتووانی لای چەپ وڕاستی دانیشتووانی کوردبوونه وەک ئاکرێ ، بەردەڕەش و ناوچەی زێبار ، تادەگاتە دهۆک و تەواوی دەڤەری بادینان له باکووردا ، لای ڕاستیشی دا دەورردراوە به شنگال و زومماڕ و ڕەبیعە تادەگاتە ڕۆژئاوای کوردستان ،ئەمەش بەڵگەی سەلمێندراوە بەوەی دیرۆک ئەم شارەی به کوردستانی ناساندووە ، چونکه هاتنی به لێشاوی خێڵەکانی عەرەب له زەمەنێکی دوورنیه ڕوویان تێداکردووە ،لەڕووی زمانیشەوە عەرەبەکانی موسڵ زمانێکی تایبەت به خۆیان هەیه ،جگە له خۆیان کەسی تر پێی نادوێت ! ، ئەم زاراوە زمانەش خەڵکێکی یەکجار کەم قسەی پێدەکەن بەراوورد لەگەڵ عەرەبەکانی دیکەدا، زۆربەیان وەک شامیەکان ( سووریا) ژیان وگووزەر دەکەن ووەک زاراوە و هەتاوەکو خواردنیش و جل وبەرگ و ژیانی ئاسایی ، لەملاشەوە خێڵەکان له هەموو ڕووێکەوە نزیکن چ ئاخافتن یان ژیانی ڕۆژانه له دوورگەی عەرەبی و کەنداوییەکان دا ، ژیانیان وەک کۆچەر ( بەدو) دەگووزەرێنن . 
بۆیە گەڕانەوە بۆ مێژوو سەلمێنەری ئەوەیه که ڕێکەوتننامەی( لۆزان) زوڵمێکی گەورەی له گەلی کورد کردووە ، چ لەڕووی نیشتیمان وخاک دا یان پێنەدانی ماف بۆ ئەو گەلەی که بەردەوام خەبات دەکات بۆ بەدەستهێنانی مافی ڕەوای خۆی که سەربەخۆیی ئاخ و وڵاتە .

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.