Erbil 13°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 04:13

فواد حسێن پاڵەوانی عێراقیەكان

پەكەكە لەگەڵ ئەوەدانییە دەوڵةتی توركیا لەناو بچێت
100%

فواد حسێن پاڵەوانی عێراقیەكان

 

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە ٢٧ی تەومووز لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی ئاسایش فواد حسێن وەك وەزیری دەرەوەی عێراق رووبەرووی  نوێنەری حكومەتی توركیا دانشت و گوتارێكی پێشكەش كرد، ئەو گوتی ئێستا عێراق لە دۆخێكی خراپدایە و هاتووسنەتە ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ ئەوەی شكایەتی خۆمان لە توركیا و پەكەكە بكەین كە خاكی وڵاتەكەمانی پێشێلكردوە، و لە وڵاتەكەی ئێمەدا بەبەردەوام شەڕدەكەن و بەهۆی ئەو ئاڵۆزیانەشەوە ٨٠٠ گوند چۆڵكاراون و بەهەزاران هێكتار زەویش  لەلایەن هەردوولاوە هەم پەكەكە و هەمیش توركیاوە كۆنترۆڵكراوە.

 

لە ئەنجوومەنی ئاسایش فواد حسێن زۆر بەروونی ئەو بابەتانەی باسكرد كە عێراق پێویستی پێیەتی، ئێستا خواستی عێراقیەكان لەو پرسیەدا تەنها دوو داواكارییە، هەم توكریا هەمیش پەكەكە خاكی هەرێمی كوردستان چۆڵبكات و بگەڕێنەوە ئەو شوێنەی كەلێوەی هاتوون، ئەوە داواكاری گەلانی عێراقە و هەبوونی ئەو هێزانە  گرفتیان بۆ هەردوولا دروستكردووە و  ئەو گرفتانەش ژیانی هەزاران عێراقی خستوەتە مەترسییەوە.

 

نوێنەری توركیا لەگەڵ ئەوەی حاشایكرد لەوەی كە وڵاتەكەی ئەوكارەی ئەنجامدابێت و گوتی ئێستا لە عێراقەوە مەترسی گەورە لەسەر وڵاتەكەیان هەیە و ئەو مەترسیانەش بوونەتە هۆی ئەوەی  ئاسایشی توركیا لە مەترسیدابێت و ئەوان هەموو شتێك دەكەن بۆ ئەوەی وڵاتەكەیان پارێزراوبێت.

 

ئەو دەڵێت پەكەكە، لە سنورە شاخاویەكانی هەرێمی كوردستانەوە و لە شنگال و لە مەخمورەوە بوەتە مەترسی گەورە بۆسەر ئاسایشی وڵاتەكەیان و ئەوان كاردەكەن بۆ ئەوەی  ئاسایشی وڵاتەكەیان بپارێزێن،گوتیشی كە ئەوان دەزانن كە بەم نزیكانە وڵاتەكەیان دەكەوێتە بەر هێرشی گەورەی میلیشیا عێراقیەكان و چەندین چالاكی گەورە دژی  وڵاتەكەی لە خاكی عێراقدا دەكرێن، گوتیشی دور نییە پەیوەندییە سیاسی و ئابووریەكانی هەردوولا توشی گرفتی گەورە نەبێت بەهۆی ئەو ئاڵۆزیانەوە كە روودەدەن لە ناو خاكی  عێراق.

 

پەكەكە ئارامی شێواندووە.

 

بەرلەوەی باس لە هێرشەكانی توركیا بكرێت جێگەی خۆیەتی ئەوە بیر بهێنینەوە كە رێككەوتنی سەد ساڵە لە نێوان توركیا و ئێران و عێراق و سوریا هەیە كە هەریەكە لەو  دەوڵەتانە مافی ئەوەیان هەی كە بە قوڵای ٣٠ كیلۆمەتر و هندێك جار ٥٠ كیلۆمەتر بچنە خاكی یەكترەوە بۆ پارێزگاری كردن لە خۆیان و نەهێشتنی مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەكەیان.

 

توركیا بۆچی هێرش دەكاتە سەر هەرێمی كوردستان و بەبەردەوام سنورەكان بەهانە دەكات، یەكەم بیان و كە توركیا هەیبێت بۆئەوەیە هێرشەكان دژی پەكەكە ئەنجامدەدەن بە بیانوی ئەوەی كە لەخاكی هەرێمی كوردستانەوە هێرش دەكاتە سەر خاكی توركیا و بەرژەوەندیەكانی توركیا،

 

پەكەكە، وەك هاوكێشەیەكی سیاسی دەنواڕێتە هاوكێشەكە، ئێستا پەكەكە لە خاكی هەرێمی كوردستاندا بوونی هەیە، بەڵام تا ئێستا نەبینراوە چالاكی گەورە دژی توركیا لە عێراقەوە ئەنجامبدات، چوونكە پەكەكە لەگەڵ ئەوەدانییە دەوڵةتی توركیا لەناو بچێت و ئەوان كار بۆ ئەوە دەكەن توركیا دیموكراتیزە بكەن.

 

پەكەكە هێزێكی نزیكی لایەنە عێراقیەكان و ئێرانیەكانە، هەركاتێكیش ویستبێتیان مەترسیان لەسەر ئابووری هەرێمی كوردستان دروستكردووە و بوونەتە كێشەیەكی گەورە بۆسەر ئابووری هەرێمی كوردستان، چونكە پەكەكە وەك ئامێرێك بەدەست ئێران و عێراقەوەیە بۆیەوەی ببێتە هۆكاری تێكدانی ئابووری هەرێمی كوردستان وتوركیا.

 

ئێستا تۆپەكە لە پێێ پەكەكەدا نەماوە، توركا توشی گرفتێكی گەورە بووە، كەبریتییە لە نەمانی ئەو دۆستانەی كە دوژمنی راستەقینەی خۆیانن، مەترسییە گەورەكە ئەوەیە كە پەكەكە لە جێنشین و ئارامگەی خۆیدا لە قەندیل و ناوچە شاخاویەكانی هەرێمی كوردستان مەترسی گەورەیان دروستكردووە بۆ ئایندەی ئاسایش و ئابوری هەرێمی كوردستان، كە ئەوەش هیچ پەیوەندیەكی بە دۆزی رەوای گەلی كوردەوە نییە، كە هەر لە بنەرەتتدا پەكەكە وەك مافی چارەی خۆنوسین و مافی سەربەخۆی و دەوڵەت لەگەڵیدا نییە وپەكەكە بۆ ئامانجێكی دیكە دەجەنگێت.

 

ئەنجوومەنی ئاسایش چی پێدەكرێت؟

 

ئەنجوومەنی ئاسایش لە ئیدانەكردنێك زیاتر لەو پرسەدا هیچی پێناكرێت، چونكە گرفتەكە نە توركیایە و نە عێراق گرفتەكە پەكەكەیە كە لە سنورەكانی هەرێمی كوردستانەوە هێرش دەكاتە سەر توركیا و توركیاش بەرگری لەخۆی دەكات، تاكە چارەسەرێك ئەوەیە كە  پەكەكە كێوماڵبكرێت ئەوشە تەنها بە توركیا و ئێران و عێراق دەكرێت كە ئەوانیش نایانەوێت ئەو كارە بكەن، چونكە هەمیشە پەكەكە هۆكارێكی گەورە بووە بۆ ئەوەی وەك چەكێكی گەورە دژی یەكتر بەكاری بهێنن،

 

لەراستیشدا پەكەكە بۆ پرسی كورد و سەربەخۆی كوردستان و مافی چارەی خۆنوسین و دەوڵةتی كوردستان لە قەندیل نییە، سەركردە هەرە باڵاكانیان وەك دودان كاڵكان و قارێلان ئەوانی دیكە ئەو راستییە دەڵێن كە پەكەكە  بەدوای لەتكردن و تێكدانی دەوڵةتی توركیا یان ئێرانەوە نییە بەڵكو ئەوان بۆ خەباتێكی ترەوەن كەبریتیە لە پێكەوە ژیانی گەلان و پرسی  ئازادی تاكەكەسی و هەروەها دروستكردنی خۆبەڕێوە بەری گەلانی ناوچەكە و هەروەها دیموكراتیزەكردنی ئێران یان توركیایە.

 

پەكەكە لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا سێ جار گۆرانكاری گەورەی لە ئایدەلۆژی خۆی كردوە لە چەپەگەراییەوە بۆ  ئەركی ناسیۆنالیزمانە و لەوێشەوە بۆ پێكەوەژیانی گەلان و دیموكراتیزەكردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوە ئەو مەترسییە گەورەیەیە كە توشی پەكەكە بووە، ئێستاش وەك داردەستێكی گەورەی عێراقی و ئێرانیەكان دژی بەرژەوەندیەكانی باشوری كوردستان وەستاوەتەوە و كێشەی گەورەی بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە دروست كردووە.

 

پارتی كرێكارانی كوردستان تەنها هەڕەشەیەك نییە بۆسەر هەرێمی كوردستان، بەڵكو كێشەیەكی گەورەشە بەسەر رۆژئاوای كوردستانەوە وهەر لەسەرەتای شۆرشی گەلانی سوریاوە پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان گرفتی گەورەی دروستكرد ئەوەشبوە هۆی ئەوەی كە توركیا بەشێكی زۆر لە خاكی رۆژئاوای كوردستان كۆنترۆڵبكات.

 

ئێستا عێراق و ئێران و توركیا و سوریا، بەدەست گرفتەكانی پەكەكەوە دەناڵێنن ئەو ئاژاوانەش كە دروستیانكردوون مەترسی گەورە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و ئایندەی ئابوری ئەم قەوارەیە دروستكردووە، ئەوەش بوەتە هۆی ئەوەی كە كوردەكان توشی گرفتی گەورەببن.

 

لە ئەنجوومەنی ئاسایش هیچ رێگە چارەیەك بۆ ئەو پرسە باسنەكرا، تاكە چارەسەر لە چیاكانی كوردستانەوەیە، كە دەبێت پەكەكە ئەو راستییە بزانێت كە ئەوان بوونەتە مەترسی بۆسەر هەرێمی كوردستان و حكومەتی كوردستان، لەگەڵ ئەوەش بوونەتە مەترسیەكی گەورە بۆسەر ئایندەی كورد چونكە ئەوان نە دەوڵەتیان دەوێت نە پشتیوانیشی دەكەن، چونكە باوەریان بە وپرسە نییە و ئەوان دەیانەوێت رۆژهەڵاتی ناوەراست دیموكراتیزە بكەن.

 

بێگومان شەڕ هەر بەردەوام دەبێت، توركیا خاكی هەرێمی كوردستان جێناهێڵێت، بەردەوام دەبێت لە هێرشەكانی بەدرۆن و بەتۆپ  تەیارە و بە چەندین كیلۆمەتریش هەر دێنە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و عێراقەوە، لە شارەكانی عێراقش بەردەوام دەبێت لە كوشتنی ئەو كەسانەی كە بە مەترسیان دەزانێت لەسەر وڵاتەكەی خۆیان.

 

توركیا لە چوارچێوەی پارێزگاری لە ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەكەیدا ئەم كارە دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا عێراق و ئێرانیش لە ناوچەكە بۆ ئەوەی مەترسی دروستبكەن بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامدەبن لەوەی كێشەكان گەورەتر بكەن و ئابوری هەرێمی كوردستان لاواز بكەن، ئەوە ئامانجێكە كە نەیارانی هەرێمی كوردستان بەدوایدا دەگەڕێن، بەڵام سیاسەتی حەكیمانە ئەوەیە كە رووبەرووی ئەو گرفتانە بە شێوەیەكی دیبلۆماسیانە بوەستینەوە.

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.