Erbil 15°C ھەینی 26 نیسان 05:20

‎کێ نایاوێت ھێزەکانی تورکیا دەربکرێن لە عێراق و ھەرێمی کوردستان.

گەر عێراق مەبەستی بێت تورکیا دەربکات، سەرەتا دەبێت ڕێکەوتنامەی شنگال جێبەجێ بکات
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا
ھۆگر نێروەیی
100%

‎کێ نایاوێت ھێزەکانی تورکیا دەربکرێن لە عێراق و ھەرێمی کوردستان.

‎وەڵامێک بۆ کاک عەلی حەمە ساڵح.

کاک عەلی حەم ساڵح: جەنابت دەڵێیت حکومەت و ھاوڵاتیانی عێراق داوای دەرکردنی سوپای تورکیا دەکەن لە خاکی ھەرێم! بەڵام دوای 30 ساڵ تۆپباران و شەھیدکردن! ھیچ بەرپرسێکی ھەرێم ئەم داوایەی نەبوو! 
‎یەکەم حکومەتی عێراق کە یەکەی فەرمی یە نابێت داوا بکات بەڵکو دەبێت دەریبکات، دەوڵەت داوا ناکات بەڵکو خۆی دەسەڵاتی ھەیە کە ھێزی بیانی دەربکات لە وڵاتی خۆی دا،  دواتر ئەوە ھەرێمە داوا دەکات کە بەسەدان جار داوای کردوە کە تورکیا و پەکەکە شەڕی خۆیان ببنە ناو خاکی خۆیان، خاکی کوردستانی عێراق نەکەنە گۆرەپانی شەڕی خۆیان خەڵکی سیڤلی ئێمە نەکەنە قوربانی، ھەرێمیش ھەر ئەو دەسەڵاتە ھەیە کە داوا بکات چونکە ھێزێکی تر لەسەروی خۆی ھەیە بەڵام حکومەتی ناوەند دەسەڵاتی جێبەجێکردنی ھەیە چونکە ھیچ ھێزێکی تر سەروی خۆی نیە.  

‎ھەروەھا کاک عەلی حەمە ساڵح: ئیدانەکردنی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە دەنگ و ڕەنگ باش ڕونبوو، کەڕاستەوخۆ ناوی تورکیای ھێنا، بەئاشکرا تورکیا تاوانبار و ئیدانەکرد، ھەروەھا وتی هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕاکێشراوەتە ناو شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە کە زیان و ئازارێکی زۆری بە هاووڵاتیانی ئێمە گەیاندوە و دەبێ کۆتایی پێبێ، ئەو شەڕە لە خاكی ئێمە نەمێنێت ببنە ناو خاکی خۆیان. کە بەئاشکرا دەڵێت با تورکیا دەربچێت، ئەوە ھەرێم سەدان جارەش داوا دەکات و دەسەڵاتی دەرکردنی ھێزەکانی بیانیش ھەر وەک وتمان بەدەستی حکومەتی ناوەندە.

‎کاک عەلی حەمە ساڵح:
‎بابەتی دەرکردنی ھێزی بیانی و پاراستنی سنور و سەروەری وڵات بەدەستی حکومەتی ناوەندە لەھەر وڵاتێکی فیدراڵی نەک بەدەستی حکومەتی ھەرێمەکانە، حکومەتی ھەرێم زیاتر حکومەتی ئیدارین نەک سیاسی! ئەوەی ئەمڕۆ لەناو گۆڕەپانی نێودوڵەتی ھەندێک پەیوەندیمان ھەیە زیاتر پەیوەندی شەخسین نەک لە دەسەڵاتی ھەرێم دان، ئەمڕۆی جیھانگیری لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا ھەرگیز ھەرێم نابێتە یەکەی فەرمی بەڵکو تەنھا دەوڵەت یەکەی فەرمی یە،  و سیستەمی نێودەوڵەتی پەیوەندی لەگەڵ یەکە دەکات نەک شتی تر، 
‎بەڵام 
‎ھەندێک جار شەخسەکان لەزۆر ڕوەوە دەکرێت ببنە نیمچە یەکە، نیمچەیەکەش تەنھا کاریگەری دەبێت لەسەر پرسەکان نەک دەسەڵاتی بڕیاردانی دەبێت لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا، لێرەش سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی ھەرێم بوینە نیمچەیەکە لە سیستەمی نێودەوڵەتی دا، ھەر وەک چۆن لەشەڕی داعش دا کەبارزانی سەرکردایەتی چەند میحوەری دەکرد دژی داعش بووبوو بە نیمچە یەکەی فەرمی مامەڵەی فەرمی لەگەڵ دەکرا لە سیستەمی نێودەوڵەتی دا. کەشەڕی ڕووبەڕوبونەوەی تیرۆر ڕەھەندێکی نێودەوڵەتی ھەیە. 

‎کاک عەلی حەمە ساڵح 
‎عێراق دەتوانێت بەئاسانی تورکیا لەھەموو عێراق بە ھەرێمی  کوردستانەوە دەربکات گەر مەبەستیان بێت بەڵام چونکە پیلانی تری لەپشتە، عێراق نایەوێت ڕێکاری یاسایی بگرێتەبەر،
‎کاتی خۆی سەدام لە ساڵی 1983 ڕێکەوتنێکی لەگەڵ تورکیا ئیمزاکرد، کەتورکیا دەتوانێت 5 کیلۆمەتر بێتە ناوخاکی عێراق تەنھا بۆ ئەوەی دژایەتی کوردی پێ بکات، کەڕژێمی بەعس ڕوخا شیعە دەسەڵاتی وەرگرت ھەموو ئەو بڕیارانەی سەردەمی سەدام ھەڵوەشاندنەوە تەنھا ڕێکەوتنی لەگەڵ تورکیا نوێکردەوە، کە مالکی لە ساڵی 2008 لەجیاتی 5 کیلۆمەتر 15 کیلۆمەتری بە تورکیا دا کە دەتوانێت سنورەکانی عێراق ببەزێنێت. لە ساڵی 2017 عەبادیش بۆ دژایەتی ڕیفڕاندۆم 15 کیلۆمەتر کرد بە 30 کیلۆمەتر!   

‎کاک عەلی حەمە ساڵح گەر عێراق مەبەستی بێت تورکیا دەربکات، سەرەتا دەبێت ڕێکەوتنامەی شنگال جێبەجێ بکات، کە پەکەکە لە شنگال دەردەکات، کەعێراق ماوەیەکی زۆرە پەکەکەی بۆ ئەجێندایەکی ھەرێمی لای خۆی لە شنگال داڵدەداوە و موچەشی پێ دەدات، کە بە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنامەی شنگال دەبێتە سەرەتایەک بۆ دەرکردنی پەکەکە لە ھەموو عێراق و ھەرێمی کوردستان. کە پەکەکە نەما ئەو ڕێکەوتنامەیە لەنێوان تورکیا و عێراق ھەیە بۆ بەزاندنی سنوری عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڵبوەشێنێتەوە کە ڕەھەندێکی یاسایی وەردەگرێت، ئەوکات نەتورکیا ھیچ بەھانەیەکی دەبێت و بە یاسایش دەردەکرێت! کە تورکیا ھەر دەرنەچوو لە دادگای نێودەوڵەتی عێراق سکاڵای لەسەری تۆمار دەکرێت کە تورکیا قەت ناتوانێت بەھانەی پێ نەبێت بچێتە ئەو ڕادەیە کە زۆر بە خراپی لەسەری دەشکێتەوە ئەوکات خۆی دەردەچێت پێش ئەوەی سکاڵای لەسەر تۆماربکرێت. بەڵام لە ڕێکەوتنەکانی عێراق لەگەڵ تورکیا دیارە کە عێراق ھەرگیز نایاوێت ھێزەکانی تورکیا لە خاکەکەی دەربچن. جا ھیوادارین جەنابت لەسەر ھەست و سۆزی خەڵک کارنەکات بەڵکو ڕاستیەکان وەک خۆی بگەیەنێت.

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.