Erbil 15°C شەممە 20 نیسان 00:16

له‌سه‌ر شكۆو شه‌ره‌فمان خه‌ڵات وه‌رمه‌گرن 

مێژوو دەریخستووە جەنگ کارەساتێکی مرۆییە و لە دوای تەواو بوونیشی کارەساتی دیكه‌ى بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
دیدە فەرەیدوون
100%


عێراق لە ماوەی ١٠٠ ساڵی دەوڵەتبوونی بە چەندین جەنگدا تێپەریوە کە کۆمەڵێك کارەساتی مرۆیی لێ کەوتۆتەوە. من باسی دواین کارەسات دەکەم و تیشك دەخەمە سەرلایەنی میدیایی.
تیشك دەخەمە سەر رێزگرتن و پاراستنی شکۆی منداڵ و ئافرەت کە زۆربەی کات دەبنە قوربانی لە ناو جەنگ و دوای تەواوبوونی.
قوربانیانی جەنگی داعش بەشێکی زۆریان پێکهاتەی ئێزیدی و کریستایان بوون، لە ٢٠١٤ تاوەکو کۆنترۆڵ کردنی داعش لە ساڵی ٢٠١٧.
میدیاکان، دەرهێنەرەکان و رێکخراوەکان بەشێکی زۆریان وێنە و ڤیدیۆی ئەو ئافرەت و منداڵانەیان پیشان دەدا تو بەشێوەیەکی نه شیاو و نا مرۆڤانە بەبێ ڕەزامەندی خۆیان و ئەم کارە ئێستاش بەردەوامی هەیە.
نه‌ شیاو بە واتای چی؟ پاراستنی کەیس یان پاراستنی نهێنی تایبەت بە مرۆڤەکان یەکێکە لە ئەتەکێتەکانی رۆژنامەنووسی، وەکو چۆن لە ئاسایش یاخود دادگا کەیسەکان دەبێت بپارێزرێن.
ئەوەی کە کۆمەڵێک میدیا و دەرهێنەر سودی لێ وەردەگرن بەکار هێنانی ناموس و شەرفی منداڵ و ئافرەتە لە دوای جەنگ بۆ دروسکردنی پارچە فیلمێك یا راپۆرتێک بە سود بینین لە نەبوونی یاسا، ئەویش کە هەندێك وڵاتی بەناو مرۆڤدۆست پشگیرییان دەکەن.
یەکێک لەو کارەساتانە کە دوای جەنگ رویدا و تاوەکو ئێستا بەردەوامە و میدیکان و کۆمپانیای دەرهێنانی فیلم پشگیری دەکەن، فیلمێکە بە بە ناوی (صبایە) کە بەرهەمی دەرهێنەری کورد هۆگر هروریە، لە ساڵی ٢٠٢١ لە سوریا وێنەیگیراوە و کەناڵی سویدی (SVT) کاری بەرهەم هێنانی بۆ کردووە.
لەم فیلمە دا بە ئاشکرایی وێنەی ئەو منداڵ و ئافرەتانە نیشان دەدرێت کە دەست درێژی سێکسیان لێکراوە، و بەبێ رەزامەندی و ئاگاداری خۆیان وێنەیان گیراوە، ئەمانەش هەمووی بە بەڵگە لە رۆژنامەی نیورک تایمزی ئەمریکی و کڤارتالی سویدی بڵاوکراوەتەوە دوای ئەوەی چەندین خەڵاتی لەسەر شەرەفی ئەو قوربانیانە وەرگرتووە.
ئەوەی راستیبێت نامەوێت زۆر بووەستم لە سەر ئەم فیلمە، چونکە نامەوێت بەهۆی وتارەکەمەوە بینەری زیاد ببێت، نەك لەبەرئەوەی کارەساتە، بەڵکو لەبەر ئەوەی هەر بینەرێك زیاد ببێت برینی ئەو ئافرەت و منداڵانە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات دەکولێتەوە کە خۆیان قوربانین و دووبارە بوونەتە قوربانی ئەم فیلمە.
 
نەبوونی یاسا
لە پاش لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوەی ئایا هیچ یاسایەک هەیە پاڵپشتی ئەم قوربانیانە بکات یاخود ڕێگری لەم فیلمە بکات لە سوید و هەرێمی کوردستان بە پەیوەندی کردن بە وەزارەتی رۆشنبیری، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمانی کوردستان، ڕوون بووەوە کە هیچ جۆرە یاسەیەك نییە پارێزگاری لەم کەسانە بکات.
هەبوونی یاسایەك دەرفەت دەدات بە قوربانی کە بەرگری لە خۆی بکات. بۆ نموونە گروپێکی ئەمریکی بە ناوی نیرڤانا لە ساڵی ١٩٩١ ئەلبومێکیان بە ناوی نیڤەر مایند بلاو کردەوە کە بەرگەکەی وێنەی منداڵێکی ساوای لەسەرە. ئەم کەسە دوای ٣٠ ساڵ داوای لەسەر گروپەکە تۆمار کرد لەسەر ئەوەی وێنەکەیان بەکار هیناوە و دوای گەورەبوو پێی خۆش نەبووە بەو شێوەیەی کە بڵاو کراوەتەوە، لە کاتێکدا رەزامەندی خانەوادەکەیان وەرگیراوە. لە پاش دوو جار کۆڵ نەدان کەیسەکەی بردەووە. 
رێکخراوی دکتورانی بێسنوور ٢٦ ی ئایاری ٢٠٢٢ دوای ئەوەی وێنەی کچێکی تەمەن ١٦ سالانیان بڵاو کردەوە کە چەند چەکداریکی کانگوک دەستدرێژی سێکسی کردبووە سەر، بە فەرمی داوای لێبوردنی کرد و وێنەکەیان سڕییەوە لە پاش ڕەخنەگرتن لێیان.

نەبوونی یاسا، یان نەبوونی مرۆڤایەتی؟
ڕاستە هیچ یاسایەک نییە بەم شێوەیە قوربانی بپارێزێت کاتێك کە فیلم سازان خەڵات بە چیرۆکی ژیانیان و کارساتەکانیان وەردەگرن بە بێ ڕەزامەندی خۆیان رێزگرتن لە شکۆیان، بەڵام هەر دەزگایەکی میدیایی لە جیهان و رۆژنامنووسان دەبێت بزانن کەپاراستنی شکۆی مرۆڤ لە سەرووی هەموو خەڵاتێکە.
هەر هەمان کەنالی سوید لە کاتی گێڕانەوەی چیرۆکی خانمێکی دووگیانی ئۆکرانی کە بە سەختی دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە بە هۆی شەڕی نێوان روسیا و ئۆکرانیا، دەموو چاوی خانمکەیان لێل کردبوو، کە بەڵگەی ئەوەیە جیهان سوود لە تراژیدیاکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و بە تایبەتی کەیسی کورد و کوردستان وەردەگرن.

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.