كورد له هاوینه سیاسییه‌كه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناویندا چی بكات؟
له پاڵ قه‌یرانه‌كانی دارایی، گرانی، وشكه‌ساڵی و ناسه‌قامگیری سیاسی، هاوینی ئه‌مساڵ بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوین له رووی سیاسییه‌وه زۆر گه‌رمتر ده‌بێت. حاڵیحازر له عه‌ره‌فه‌ی چه‌ندین گۆڕانكاری سیاسی زۆر گه‌وره‌ین له ناوچه‌كه‌دا و پێده‌چێت له هه‌ندێ وڵاتی ناوچه‌كه‌یش پێكدادانی سه‌ربازی و له یه‌كترازانی كۆمه‌ڵایه‌تی روو بدات. كه سه‌یری دۆخی عێراق، توركیا، ئێران، سووریا و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عه‌ره‌بی به تایبه‌تی لوبنان ده‌كه‌ین زۆر روون و ئاشكرایه كه بایه‌ك له ناوچه‌كه‌دا هه‌ڵی كردووه به‌ڵام ئاراسته‌كه‌ی زۆر روون نییه. له نێوان ئیسرائیل و لوبنان ئه‌گه‌ری روودانی شه‌ڕ هه‌یه، رێككه‌وتنی ئیبراهیم بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسرائیل به‌رده‌وامه، دۆخی سووریا هه‌ر وه‌كو ساڵانی رابردوو ئاڵۆزه، توركیا سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی دارایی، گرانی و بێكاری، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنێكی دیكه له باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سووریا ده‌كات، ئه‌مریكا، رووسیا و ئێران له دژی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه ئاماده‌كاری خۆیانیان كردووه.
له ئێران گرانی ته‌نگی به خه‌ڵكدا هه‌ڵچینه‌وه رۆژانه خۆپیشاندان له دژی رژیمی ئه‌و وڵاته ده‌كرێت. دانوستانی نێوان ئێران و كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی بێ ئه‌نجام بووه و هیچ پێشكه‌وتنێكی ئه‌وه‌تۆیش له دانوستانی نێوان ئێران و سعوودییه‌دا به‌دێ ناكرێت.
له عێراق پڕۆسه‌ی سیاسی كه‌وتووته نێو سێ گۆشه‌ی به‌رمۆدایه‌وه و ئاسۆی هیچ روون نییه. عێراق له هه‌وڵه‌كانی بۆ دوور كه‌وتنه‌وه له ئێران له بواری وزه‌دا چڕتر كردووه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ سعوودییه رێككه‌وتن ئیمزا ده‌كات.
ئێران: قه‌یرانی گرانی، بێكاری و نائارامی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له ئێران رۆژ له دوای رۆژ قووڵتر ده‌بێت، برسیتی، هه‌ژاری و گرانی ته‌نگیان به خه‌ڵكی ئێران هه‌ڵچینه‌وه، به جۆره‌یه‌ك رۆژانه له ئێران خۆپیشاندان له دژی رژیمی ئه‌و وڵاته ئه‌نجام ده‌درێن وخه‌ڵك ئاوات به سه‌رده‌می شا ده‌خوازن. دووبه‌ره‌كی كه‌وتووته نێو به‌رپرسه باڵاكانی سه‌ربازی، سیاسی و ئیستیخباراتی ئێرانه‌وه، به جۆره‌یه‌ك كه له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی ئێران سیخۆری بۆ وڵاتانی ده‌ره‌كی به تایبه‌تی ئیسرائیل ده‌كرێت له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئێرانییه‌وه. دانوستانه‌كانی ئێران و كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران بێ ئه‌نجام بوون و گه‌مارۆكانی سه‌ر ئێران درێژه‌یان هه‌یه. ئێستا ترسێكی زۆر له به‌رپرسانی باڵای ئێران نیشتووه و له دیالۆگی دۆستانه‌ی نێوان خۆیاندا باس له‌و ترسه ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن دۆخی هه‌نۆكه‌یی ئێران وه‌كو دۆخی ساڵی 1957ی پێش شۆڕشی ئێرانه. بۆیه ئێران بۆ لادانی سه‌رنجی رای گشتی ناوخۆیی له‌سه‌ر كێشه و قه‌یرانه‌كان، په‌نای بردووه‌ته به‌ر درۆست كردنی رۆژه‌ڤی دوور له راستی و هه‌ڵبه‌ستراوه بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی. ئه‌وه‌ی ئێستا له ئێران‌دا هه‌یه، بێده‌نگی پێش تووفانه و چاودێران پێیان وایه ته‌قینه‌وه گه‌وره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی ئێران له ئان و ساتدایه. ئێران كه بۆ سووك كردنی گوشاره ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانی خۆی به لاسایی كردنه‌وه‌ی ئیسرائیل ده‌ستی به هه‌وڵدان بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی به تایبه‌تی سعوودییه كردووه، هیچ ئه‌نجامێكی ده‌ست نه‌كه‌وتووه. سه‌رچاوه‌ی داهاتی ده‌ره‌كی بۆ ئێران وشك كراوه و ئێران داهاتی ناوخۆیی خۆیشی بۆ ئه‌و گرووپه چه‌كداره بیانییانه سه‌رف ده‌كات كه شه‌ڕی به وه‌كاله‌ت بۆ ئێران له عێراق، یه‌مه‌ن، سووریا و لوبنان ده‌كه‌ن. به هۆی خراپی دۆخی سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه درز كه‌وتووته نێو كابینه‌كه‌ی ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆككۆماری ئێران و وه‌زیره‌كان یه‌كتر و په‌رله‌مانتاره‌كانیش حكوومه‌ت به كه‌م ته‌رخه‌م تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.
عێراق: عێراق له پڕۆسه‌ی زایمانێكی نوێ به ژاندایه، ئه‌مریكا ستراتیژیه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر به عێراق گۆڕیوه و به پێچه‌وانه‌ی رابردوو ئه‌مریكا چاوپۆشی له سه‌رده‌ستی ئێران له عێراق ناكات، هه‌ر بۆیه ئه‌مریكا گۆشاره‌كانی له‌سه‌ر عێراق چڕ ده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له ئێران دوور بخاته‌وه و زیاتر نزیكی سعوودییه ببێته‌وه. ئیمزا كردنی رێككه‌وتنه‌كانی تایبه‌ت به وزه و سه‌رچاوه‌كانی وزه له نێوان سعوودییه و عێراقدا، پلانی ئه‌مریكایه بۆ درووخستنه‌وه‌ی عێراق له ئێران. ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه كه دوای سه‌رڕاست كردنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی سیاسی عێراق ( مه‌به‌ست دامه‌زراندنی حكوومه‌تێكی نوێیه له عێراق) ئه‌مریكا له رووی سه‌ربازییه‌وه گۆرزی گه‌وره له گرووپه سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی سه‌ربه ئێران بوه‌شێنێت. ده‌ستله‌كار كێشانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی سه‌در له په‌رله‌مان، هه‌ر چه‌ند بڕیارێكی ناوخۆیی و تایبه‌ت به خۆدی سه‌دره به‌ڵام ئاماژه‌ی به ده‌ستوه‌ردانی جدی و گرنگی ئه‌مریكایه له دۆخی سیاسی عێراق. ئه‌مریكا كار بۆ ئه‌وه ده‌كات كه زه‌مینه بۆ نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌یه‌كی سیاسی و سه‌ربازی له لایه‌ن گرووپه‌كانی نزیك له ئێران له عێراق خۆش بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی ستراتیژیه‌تی نوێ خۆیدا پڕۆسه‌یه‌كی دیكه‌ی سه‌ربازی له عێراق ئه‌نجام بدات. ئه‌م پڕۆسه‌یه لاواز كردنی شیعه به ده‌ستی شیعه ده‌بێت و به‌مجۆره هه‌ژموونی ئێران له عێراق لاواز ده‌كرێت.
سووریا: شه‌ڕی ناوخۆیی سووریا وه‌كو رابردوو به‌رده‌وامه، سووریا هێشتا گۆڕه‌پانێكی گرنگه بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ململانێ نێوان وڵاتانی جیهان و ناوچه‌كه. شه‌ڕی به وه‌كاله‌ت له سووریا درێژه‌ی ده‌بێت. ئیسرائیل گۆشاری زۆرتر ده‌خاته سه‌ر سووریا بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ی له ئێران، رووسیا به هۆی شه‌ڕی ئۆكراینایه‌وه ناچار بووه مه‌یدانی سیاسی له سووریا بۆ ئیسرائیل، ئه‌مریكا و تا راده‌یه‌كیش ئێران چۆڵ بكات. ئه‌م مه‌یدان چۆڵ كردنه هانی توركیای داوه كه ئاماده‌كاری بۆ ئۆپه‌راسیۆنێكی دیكه له سووریا بكات به‌ڵام نه رووسیا و نه ئه‌مریكا گڵۆپی سه‌وز بۆ توركیا هه‌ڵ ناكه‌ن و له به‌رامبه‌ریشدا به ئاگاداری رووسیا و ئه‌مریكا، ئێران و رژیمی به‌شار ئه‌سه‌د هێزیان روانه‌ی ئه‌و ناوچانه كردووه كه بڕیاره توركیا تێیایاندا ئۆپه‌راسیۆن بكات. ئه‌وه‌ی واقێعی حاڵ بێت به‌رده‌وامی شه‌ڕی ناوخۆیی سووریایه و پێ ده‌چێت له داهاتوودا ئیدلێب دووباره ببێته‌وه مه‌یدانی شه‌ڕێكی قۆرسی نێوان توركیا و رژیمی سووریا. پڕۆسه‌ی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه داگیركراوه‌كانی باكووری سووریایش له لایه‌ن توركیاوه به‌رده‌وامه و ئه‌مریكایش كه تا ئێستا بێده‌نگ بووه، ورده ورده ده‌ستی به جووڵه‌ی سه‌ربازی و ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆن له ناوچه داگیركراوه‌كان له ژێر ناوی ئۆپه‌راسیۆنی دژی داعش كردووه.
توركیا: دۆخی ئابووری، گرانی و بێكاری له توركیا كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر سیاسه‌ت و دۆخی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و وڵاته كردووه. ئه‌نجامی راپرسییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه رێژه‌ی گرانی له توركیا ئاستی سه‌دا 150 تێ په‌ڕاندووه به‌ڵام حكوومه‌ت هێشتا ئاماده نییه دان به‌مه‌دا بنێت. له ده‌ستدانی به‌های لیره‌ی توركیش وای له هاووڵاتییانی توركیا كردووه كه توانای دابین كردنی په‌یداویستییه سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیانی رۆژانه‌یان نه‌مێنێت. له دابین كردنی په‌یداویستییه‌كانی وه‌كو خوراك، ده‌رمان و سووته‌مه‌نی خه‌ڵكی توركیا تووشی كێشه و گرفتی زۆر گه‌وره بووه‌ته‌وه. سنووری برسیتی ئاستی 6 هه‌زار لیره‌ی تێپه‌ڕاندووه و سنووری هه‌ژاریش گه‌یشتووته 15 هه‌زار لیره‌ی توركی. ئۆپۆزسیۆن و خه‌ڵك داوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته ده‌كه‌ن و ده‌سه‌ڵات به لاواز و ناكارامه له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، ده‌سه‌ڵاتیش حه‌شا له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن ده‌كات و به‌ڵێنی دابین كردنی سه‌رچاوه‌ی دارایی و باشتر كردنی دۆخی ژیانی خه‌ڵك ده‌دات. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی توركیا بۆ لادانی سه‌رنجی خه‌ڵك له‌سه‌ر قه‌یران و كێشه ناوخۆییه‌كان په‌نای بردووه‌ته به‌ر تۆمه‌تبار كردنی ئۆپۆزسیۆنی وڵاته‌كه‌ی و ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی خۆی. سه‌رۆككۆماری ئه‌و وڵاته بۆ دابین كردنی سه‌رچاوه‌ی دارایی هه‌وڵی زۆری‌دا كه ئیسرائیل رازی بكات تا غازی خۆی له رێگه‌ی توركیاوه هه‌نارده‌ی ئه‌ورووپا بكات كه‌چی رۆژی رابردوو ئیسرائیل له‌گه‌ڵ میسر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته رێككه‌وتنی ئیمزا كرد. له‌گه‌ڵ سعوودییه و ئیماراتیش توركیا هه‌وڵی ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیدا به مه‌رجی ئه‌نجامدانی سه‌رمایه‌گوزاری له لایه‌ن سعوودییه و ئیماراته‌وه له توركیا، به‌ڵام سعوودییه و ئیمارات تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێكیان نه‌ناوه و بێ ئه‌نجام بوونی ئه‌م هه‌وڵانه بوونه هۆكاری ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له چاره‌سه‌ر كردنی كێشه و قه‌یرانی دارایی و گرانیدا بێ چاره بمێنێت.
ئیسرائیل: ئیسرائیل ناوه‌ندێكی گرنگی سیاسی و ستراتیژیكییه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، سیاسه‌ت و هه‌نگاوه‌كانی ئه‌م وڵاته په‌یامی گرنگن له‌سه‌ر دۆخی ناوچه‌كه و هاوكات كاریگه‌ری زۆریشیان له‌سه‌ر دۆخی ناوچه‌كه ده‌بێت. ئه‌وه‌ی ئێستا له ئیسرائیل رۆژه‌ڤه، ئاماده‌كاری شه‌ڕه، شه‌ڕێك كه له دژی حزبوڵلای لوبنان له خاكی لوبنان ئه‌نجام ده‌درێت. بیجگه له‌مه‌یش ئیسرائیل بۆ لاواز كردنی ئێران و نه‌هێشتی هه‌ژموونی ئێران له سووریا هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر گرووپه چه‌كدارییه‌كانی ئێران له سووریا به‌رده‌وام ده‌كات و دواجاریش هه‌ڕه‌شه‌ی له به‌شار ئه‌سه‌د كردووه كه ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران نه‌پچڕێنێت ئه‌وا راسته‌وخۆ هێرشی سه‌ر كۆشه‌كانی ده‌كات. ئیسرائیل هه‌روه‌ها له پاڵ ئه‌وه‌یدا كه به‌رده‌وامه له‌سه‌ر جێبه‌جێ كردنی رێككه‌وتنی ئیبراهیم له نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عه‌ره‌بیدا كه بڕیاره له‌م چوارچێوه‌یه‌دا له رۆژانی داهاتوودا له‌گه‌ڵ سێ ولاتی دیكه‌ی عه‌ره‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئاسایی بكاته‌وه، هاوكات به‌رده‌وامه له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی بۆ دروست كردنی به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌شی جیهانی و هه‌رێمی دژی ئێران.
ئه‌مه شرۆڤه‌یه‌كی گشتی و كۆرت بوو له‌سه‌ر دۆخی ناوچه‌كه. بێگۆمان دۆخی ناوچه‌كه كاریگه‌ری زۆریشی له‌سه‌ر دۆخی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت. بۆیه پێویسته كورد خۆی ئاماده بكات بۆ ئه‌م هاوینه گه‌رمه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوین كه ئه‌گه‌ری شه‌ڕی سه‌ربازیشی تێیادایه. شه‌ڕی شیعه و شیعه، شه‌ڕی ئیسرائیل و لوبنان.
بێگۆمان شه‌ڕی ئۆكراینا و رووسیایش، هاوشێوه‌ی وڵاتانی دیكه كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی ئابووری كوردستان كردووه و پێده‌چێت ئه‌م كاریگه‌رییانه ساڵی داهاتوو زیاتر خۆیان به‌رجسته بكه‌ن. به تایبه‌تی له بواری حبووبات و دانه‌وێڵه‌دا. له لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی له به‌غدایه‌وه بۆ سه‌ر هه‌رێم هه‌ن، هێشتا هه‌ر به‌رده‌وامن. ئێران له رێگه‌ی گرووپه‌كانی خۆیه‌وه و توركیایش له پێ ناو شه‌ڕی دژی په‌كه‌كه، هه‌وڵ بۆ ناسه‌قامگیر كردنی كوردستان ده‌ده‌ن. كورد له‌م جۆره پرسانه‌دا پێویسته له بازنه‌ی سه‌ره‌وه‌ی حزبایه‌تی له دۆخه‌كه بڕوانن و نیشتمانییانه سه‌یری روودا و پێشهاته‌كان بكه‌ن و به پلان و ستراتیژیه‌تی نیشتمانی، رووبه‌رووی مه‌ترسییه‌كان ببنه‌وه.
بۆ ئه‌وه‌ی له رووی ئابووریشه‌وه بتوانرێت كاریگه‌رییه‌كانی قه‌یرانی گشتی جیهانی له‌سه‌ر هه‌رێم كه‌م بكرێنه‌وه، پێویسته كورد گرنگی به كشتوكاڵ و به‌رهه‌می ناوخۆیی خۆی بدات و ژماره‌ی سایلۆكانی بۆ هه‌ڵگرتنی گه‌نم، جۆ، دانه‌وێڵه و حبووبات زیاتر بكات و په‌ره به به‌رهه‌م هێنانی ئه‌م به‌رهه‌مانه له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆییدا بدات. هه‌روه‌ها بۆ رێگریكردن له گرانی رێكاری یاسایی دادمه‌ند پێویسته په‌یڕه‌و بكرێن و رێگه نه‌درێت سیاسه‌تی به قوربان كردنی به‌ره‌ژوه‌ندی گشتی بۆ به‌ره‌ژوه‌ندی تایبه‌تی دووباره بكرێته‌وه. بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سووته‌مه‌نیش كه قه‌یرانێكی زۆر گه‌وره‌یه پێویسته بیر له چاره‌سه‌ری یه‌كجاره‌كی ئه‌و قه‌یرانه بكرێته‌وه كه ئه‌ویش به دروست كردنی پاڵاوگه و رافینه ده‌بێت. هاورده كردنی سووته‌مه‌نی له وڵاتانی ده‌راوسێ ده‌بێته كارتێك له ده‌ستی ئه‌و وڵاتانه له دژی هه‌رێم بۆیه پێویسته حكوومه‌ت له پاڵ رێكاره كۆرتخایه‌نه‌كانی، رێكاری درێژخایه‌نیش بگرێته به‌ر و به دانانی رافینه و پاڵاوگه كار بۆ چاره‌سه‌ر كردنی هه‌میشه‌یی قه‌یرانی سووته‌مه‌نی بكات. پرسی هه‌نارده كردنی غازی سروشتیش پرسێكی گرنگه بۆ هه‌رێم و هه‌نارده كردنی ئه‌و غازه له رێگه‌ی كۆمپانیای وڵاتانی هه‌رێمییه‌وه ته‌نیا زه‌ره‌ری بۆ كورد ده‌بێت، بۆیه پێویسته كورد له‌گه‌ڵ كۆمپانیا جیهانییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه رێك بكه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی كارتی گوشاری دیكه نه‌داته ده‌ست وڵاتانی ده‌راوسێ.
له كۆتاییدا پێویسته ئاماژه به‌وه بكه‌م كه ئه‌گه‌ر كورد هاوینی ئه‌مساڵ به‌ره‌ژوه‌ندی نیشتمانی به بنه‌ما وه‌رنه‌گرێت و له سۆنگه‌ی ئه‌و به‌ره‌ژوه‌ندییانه‌وه هه‌ڵسووكه‌وت به‌رامبه‌ر به رووداو و پێشهاته‌كان نه‌كات رووبه‌رووی كێشه و گرفتی زۆر گه‌وره ده‌بێته‌وه. با به‌ره‌ژوه‌ندی حزبی و تاكه‌كه‌سیش پارێزراو بن به‌ڵام نابێت ئه‌م پاراستنه به جۆرێك بێت كه كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر به‌ره‌ژوه‌ندییه نیشتمانییه‌كانماندا هه‌بێت.