Erbil 15°C چوارشەممە 24 نیسان 14:17

بارزانی پێشمەرگایەتی وەک عەقیدە

ئاسۆ حاجی
100%

سەرۆک بارزانی کە ئێستا مەرجەعی بزاڤی کوردایەتی (بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان)ـە و بە گیانێکی پێشمەرگانە رابەرایەتی دەکات، ئەو پێشمەرگایەتیەی شەست ساڵە بۆتە مەزنترین ناسناو و پێناسە و شانازی کە هەرگیز بە هیچ وەسف و پلە و پۆستێکی دیکەی نەگۆڕیوەتەوە، ئەو باوەڕەی بارزانی درێژکراوەی هەمان ئەو مێژووەیە کە بیری نەتەوەیی لە فەیلەسوفانی مەزن ئەحمەدێ خانی و مەلای جزیری لەلایەن شێخ عەبدولسەلامی یەکەمەوە تێکەڵ بە خواپەرستی و عیرفان بووە و لە بارزان وەک عەقیدەیەک ڕسکاوە و بۆتە ئەو ڕێبازەی کە مانەوەی کورد وەک نەتەوە و کوردستان وەک نیشتیمان پێیوەیە گرێدراوە.

لە مێژووی زیاتر لە سەت ساڵی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان لەپێناو ئازادی و سەربەخۆییدا، ناوی مەسعود بارزانی بە پیتی گەورە دەنوسرێت، چونکە بۆتە زاکیرەی هاوبەشی هەموو کوردستانیەکی سەربەخۆخواز لە سەرتاسەری کوردستانی گەورە، ناوی بۆتە هاوواتای ناوی سەرکردە و رابەرە مێژوویەکانی کوردستان، رابەرانی وەک شێخ عوبەیدوڵڵا، شێخ رەزا، شێخ مەحموود، قازی محەمەد و مستەفا بارزانی، ئەمڕۆ لە زاکیرەی هەموو کوردێکی نەتەوەیی و هەموو کوردستانیەکی سەربەخۆخواز مەسعود بارزانیەک بە هەموو واتا و شانازیێکەوە ئامادەیی هەیە.

مەسعود بارزانی وەک خاوەن و رابەری مەزنتری رووداو لە مێژووی نوێی نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان دەمێنێتەوە، وەک وەچەرخانێک لەو مێژووە پێناسە دەکرێ، وەک رابەرێکی بە هەڵوێست لەبەرامبەر گەلەکەی ناوی دەهێندرێت کە بۆ یەکەمین جار توانی ئیرادەی گەلی کوردستان بە سەر ئیرادەی داگیرکەرانی کوردستان سەربخا، لە سەرخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە 2017/09/25 کە زۆرینەی رەهای خەڵکی کوردستان دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا و باوەڕیان بە سەرۆکەکەیان کرد کە پێشمەرگانە بۆ مافەکانیان ئامادەیی هەموو قوربانیەک بوو.

ئەو مێژووە کە خاڵی جیاکردنەوەی دوو قۆناغە لە مێژووی کوردستان و ناوچەکەدا، لە بڕیاری خەڵکی کوردستان لە چارەنووسی خۆیان، هەروەها بێدەنگی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی کە رێگەیان بە داگیرکەران دایەوە کە ئەو مافە بە گەلی کوردستان رەوا نەبینن، وڵاتانی داگیرکەر لە جیاتی رێزگرتن لە بڕیاری کوردستانیان، ئەوە پەلاماری کوردستانیان دایەوە و ئەگەر گیانی پێشمەرگایەتی مەسعود بارزانی و باوەڕی پێشمەرگەکانی بارزانی بە کوردستان و دۆزە رەواکەی نەبووایە، ئێستا شتێک بەناوی قەوارەی دەستوری کوردستان نەمابوو، رەنگە لە باشترین حاڵەتدا شتێکی کارتۆنی وەک سەردەمی رژێمی بەعس هەبووایە کە لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوەبردرابووایە کە نیوەی جوگرافیای باشووری کوردستانیان رادەستی داگیرکەران کردەوە. بارزانی لەو مێژووە یەکلاکەرەوەیدا بڕیاری خۆنەچەماندنی دا، خۆنەچەماندن ئەو چەمکە نوێیەی ئەو رووداوانە خستیانە ناو فەرهەنگی سیاسی کوردستان و بارزانی لە رێگەیەوە قوتابخانە و باوەڕی کوردایەتی تێدا ژیاندەوە و بە ناوی خۆیەوە گرێی دا کە ئێستا وەک قوتابخانەی خۆنەچەماندن باسی لێوە دەکرێ.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.