Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 07:38

کاریگەرییەکانی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا لەسەر ئابووری ئەوروپا

فرسەت سەید شوكر
100%

کاریگەرییەکانی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا لەسەر ئابووری ئەوروپا

شیکاریی:
فرسەت سەیدشکور

جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا تەنھا پێکدادانی سەربازیی و وێرانکاریی و کوژرانی ھەزاران سەرباز نەبوو، بەڵکو ھەر زوو کاریگەرییە گەورەکانی ئەم شەڕە بەسەر زۆربەی سێکتەرەکان دەرکەوتن، بەتایبەتر کاریگەرییەکان ھەموو ئەوروپایان گرتەوە، وڵاتانی ئەوروپاش ھۆشداریی لە زیاد بوونی مەترسییەکان دەدەن.

مەترسییەکان چین؟

دابەزینی بەهای یۆرۆ لە بەرامبەر دۆلار کە حەوت ساڵە بەو شێوەیەی ئێستا نەبووە ئەمە جیالەوەی بەشێوەیەکی خێرا نرخی کاڵا، خۆراک و وزە بەرزبووەتەوە، گرانییەکە 41 ساڵە خەڵک هاوشێوەیی ئێستا نەبووە.
لەلایەکی دیکەوە نرخی "گازی سرووشتی" بەرزبووەتەوە، بەهۆیەوە هەموو شتەکانی دیکەش گران بوون، هەر لە خانووبەرەوە تاوەکو خۆراک.

"ئەڵمانیا" لەنێوجەرگەی ئەوروپا گەورەترین هێزی ئابووری ئەوروپایە، پایتەختی ئیمپراتۆرییەتی پیشەسازی و کارسازییە، هێشتا لە قەیرانەکانی کۆرۆنا رزگاری نەبوبوو، گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی گازیشی هاتەسەر.

گرانیی بازاڕ

بەراورد بە ساڵی رابردوو، نرخی وزە 84%، نرخی گاز 145%، نرخی نەوت بۆ گەرمکردنەوە 131% و خۆراک 12.2% بەرزبوونەتەوە، تەنانەت نرخی هەندێک خۆراک زۆر زیاتریش بەرزبوونەتەوە. نرخی رۆنی زەیت 72.3% و نرخی گۆشتیش 31.1% زیادیانکردووە.
 
گرانییەکە تەنگی بە هەموولایەک هەڵچنیوە، ئەگەر بەپێی داتاکان سەرنجی کۆمپانیاکان بدەین لە چ دۆخێکدان: 
46%یان ناچارن وەبەرهێنانەکانیان راگرن، 6%یان دەیانەوێت بنکەکانیان ببەنە دەرەوەی وڵات، 90%ی کۆمپانیاکانیش دەیانەوێت نرخی کەلوپەلەکانیان بەرزبکەنەوە و 14%یش دەیانەوێت شوێنی کار کەمبکەنەوە.


لە ئێستاوە لێکەوتەی ئابوورییەکانی جەنگ کاریگەرییان لەسەر ڕوسیاش کردووە بەشێوەیەک، کە (ڕۆبڵ)ی ڕوسی نیوەی بەهاکەی لەدەستداوە و هەڵاوسانیش ڕۆژ دوای ڕۆژ لە بەرزبوونەوەدایە.  
لە ئێستادا بۆرسەی "مۆسکۆ" داخراوەو زۆرێک لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان وەک (ئیکیاو ماکدۆناڵدزو ڤیزەو ماستەرکارد ھتد...) وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە.  
پێشبینی دەکرێت؛ لەماوەی ساڵی 2022 ئابووری ڕووسیا بەلایەنی کەمەوە بەھاکەی بە ڕێژەی 15% کەم ببێتەوە. 

وەک ئابووریناسان وێنای  دەکەن: شەڕی ئۆکرانیا و روسیا سێیەم شۆکی ناهاوسەنگە، کە یەکێتییەکە لە دوو دەیەی ڕابردوودا تووشی بووە، دوای قەیرانی دارایی و ئابووری ساڵی 2008 و قەیرانی دواتری یۆرۆ و، بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا کۆڤید-١٩.  
شۆکی ناهاوسەنگ بریتییە: لە گۆڕانکارییەکی لەناکاو لە بارودۆخی ئابووریدا کە زیاتر لە ھەر شوێنێکی دیکە کاریگەری لەسەر وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هەیە.  

یەکێتیی ئەوروپا دەبێت چی بکات؟

 بۆ ڕێگریکردن لە لاوازکردنی گۆڕانکارییە ھەنوکەیی و ناهاوسەنگەکان یەکێتی ئەوروپا چەند ڕێگەیەکی لە پێشە؛
*پێویستە تواناکانیان بەرز بکەنەوە بۆ نیشاندانی هاوسۆزی لەگەڵ وڵاتانی زۆرترین زیانلێکەوتوو.  
ھاوشێوەی ئەوە کە لە دوای قەیرانی 2008-2009 کردیان،
"یەکێتیی ئەوروپا" لەماوەی ڕابردوو، ڕووبەڕووی کاریگەرییە ئابوورییەکانی پەتای کۆڤید-١٩ بووەوە، چ بە کۆکردنەوەی کڕینی ڤاکسین و چ لە ڕێگەی پلانی نوێ ئەمەشی بە ھەماھەنگی لەگەڵ وڵاتانی دیکە بەدەستھێنا.

بڕیارەکانی یەکێتیی ئەوروپا

لێکەوتەکانی شەڕی ئۆکرانیا لەسەر ئەوروپا ھۆکار بوو بۆ ئەوەی لە ناوەندی کۆبوونەوەی نافەرمی سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپادا لە ڤێرسای، 
سه‌رۆکی ئەو ووڵاتانەو و، حکومه‌تەکانیان ڕێککه‌وتن که‌ به‌ زووترین کات پشتبەستنیان به‌ هاورده‌کردنی گاز و نه‌وت و خه‌ڵوزی ڕووسیا قۆناغ به‌ قۆناغ کۆتایی پێ بێنن.  

ڕێگەکانی ڕووبەڕوونەوەی مەترسییەکان لەسەر ئەوروپا

 بەپێی پلانێکی نوێ "یەکێتیی ئەوروپا" دەیەوێت بە سێ ڕێگا پشتبەستن بە ڕووسیا کەم بکاتەوە کە ئەوانیش بریتین لە: 
لە 1-هەمەچەشنکردنی پێداویستییەکان
2-کارایی وزە
 3-خێراکردنی وزەی نوێکردنەوەی.
لە بارەی هەمەچەشنکردندا، یەکێتیی ئەوروپا جەخت لەوەدەکاتەوە: 
پێویستە کڕینی گازی سروشتی شل (LNG) لە دابینکەرانی وەک ئەمریکا، قەتەر، نەرویج، بەرهەمهێنەرانی ئەفریقی و ئەوانی دیکە زیاد بکەن، مەبەش ڕەنگە کەمێک لەو کاریگەریی قورسانە کەمبکاتەوە.

خەرجییەکانی جەنگ

بەپێی توێژینەوە سەربازییەکانی تایبەت بە جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا، پێویستی زیادکردنی خەرجییەکانی بەرگری و جەنگ لە کۆتایی ئەم شەڕە "یەکێتیی ئەوروپا" ناچار دەکات خەرجییەکانی بەرگرییان زیاد بکەن، بەشێوەیەک ھاوکاری ئۆکرانیا بن لە لەسەرکەوتن و ڕووبەڕوونەوەی ڕوسیا.  
هەندێک لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە وەک "ئەڵمانیا" پێشتر ڕێوشوێنی نوێی گرنگیان لەم بوارە گرتۆتەبەر بە خەرجکردنی 100 ملیار یۆرۆی زیادەی بەرگری لە ساڵی 2022 و زیادکردنی بودجەی بەرگری بۆ سەرووی 2%ی بەرهەمی ناوخۆیی لە ساڵی 2024.

کێشەی لە ئاوارەکان

 لێشاوی بەرفراوانی پەنابەران بۆ ناو "یەکێتی ئەوروپا" یەکێکی دیکەیە لە ئاڵنگارییەکانی پێش ئەوروپا، زیاتر لە 2 ملیۆن کەس سنووری یەکێتیی ئەوروپایان بڕیووە و پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارەیە لە ھەفتە دوای ھەفتە زیاد بکات، 
ھاوسێکانی ئۆکرانیا لە یەکێتی ئەوروپا کۆکردنەوە و هاودەنگییەکی بەرچاویان لە پێشوازیکردن لەم پەنابەرانەدا نیشانداوە.  لێرەشدا، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کە زۆرترین پەیوەندییان بە ڕاستەوخۆ هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم لێشاوە و لە داهاتوودا پێویستیان بە پلانی نوێ و گونجاوتر دەبێت، بەڵام پرسی پـەنابەران.

 جەنگەکە کاریگەری نەرێنی لەسەر وڵاتانی تازەپێگەیشتوو و، گەشەسەندوو ھەیە،
 ئەم جەنگە کاردانەوەی گرنگی ھەبووە بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتو و گەشەسەندوو بەتایبەت ئەوانەی هاوردەکاری وزەن زیاتر ئەوان ڕووبەرووی ئارێشە دەبنەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بەردینی.  


دانەوێڵە و گەنم

بازاڕی دانەوێڵە و گەنم ھیچی کەمتر نییە لە کاریگەرییەکانی جەنگ و ئەمیش قوربانییەکی دیکەی جەنگەکەیە،
ھەریەکە لە  گەنمەشامی و گوڵەبەڕۆژە کە ڕووسیا و ئۆکرانیا هەناردەکاری سەرەکی بوون ئەم بەرھەمانە بوون، کاریگەریی بەرچاویان دەبێت.
پێشبینی دەکرێت؛  نرخی بەرهەمە کشتوکاڵییە سەرەتاییەکان، ئەگەرێکی زۆرەوە زیاترببن بەمەش ناسەقامگیری سیاسیی و ئابووری دروستدەکەن.

کاریگەریی جەنگ لەسەر وڵاتە ھەژارەکان

رێكخراوێكی خێرخوازی ئه‌ڵمانی ئاشكرای ده‌كات، به‌هۆی جه‌نگی ئۆكرانیاوه‌ برسێتی زۆربه‌ی ناوچه‌كانی جیهان ده‌گرێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت وڵاته‌ هه‌ژاره‌كان.
رێكخراوی "فێڵد هۆنگه‌ر هیلفه‌"ـه‌ی ئه‌ڵمانی هۆشداری له‌باره‌ی كاریگه‌رییه‌كانی جه‌نگی ئۆكرانیا بڵاوكرده‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ وڵاته‌ هه‌ژاره‌كان، رایگه‌یاند، ئه‌وان له‌ داهاتوودا گه‌نمیان به‌ئاسانی ده‌ست ناكه‌وێت.
ئه‌و رێكخراوه‌ ئه‌ڵمانییه‌ راشیگه‌یاند، ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌ ئۆكرانیاوه‌ راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ  گه‌نم هاورده‌ ده‌كه‌ن، له‌ ئێستادا به‌هۆی جه‌نگه‌وه‌ گه‌نمیان پێ ناگات، له‌ داهاتووشدا تووشی كێشه‌ ده‌بنه‌وه‌.
ئه‌و رێكخراوه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، به‌هۆی جه‌نگی ئۆكرانیاوه‌ نرخی كاڵاو خۆراكه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ زۆربه‌ی وڵاته‌ هه‌ژاره‌كان به‌رز بووه‌ته‌وه‌.
رێكخراوه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ روونیكرده‌وه‌، له‌ وڵاته‌ هه‌ژاره‌كان زۆرترین پاره‌ بۆ خۆراك ته‌رخان ده‌كرێت، ئه‌مه‌ وا ده‌كات خه‌ڵكان به‌ره‌و شوێنی دیكه‌ كۆچ بكه‌ن.

قەیرانی خۆراک و خوێندن

قەیرانی خۆراک لە ئەوروپاو بەتایبەت ئەو وڵاتە ھەژارانەی کە ئەم کاریگەرییە دەیان گرێتەوە، ئەگەری ڕاگرتنی خوێندن یان وازهێنان لە منداڵان و گەنجان زیاتر دەکات بەتایبەت لەو ماڵە هەژارانەی کە بە کشتوکاڵی بچووک دەژین.

پوختە

بۆ یەکێتی ئەوروپا، بنیاتنان و پەیوەندی هاوبەشی یەکسان لەگەڵ وڵاتانی تازەپێگەیشتودا، وەک دەوڵەتانی ئەفریقا، دەبێ ئاراستەیەکی نوێی ستراتیژی گرنگ بێت.  لە جیهانی فرەجەمسەریی و وڵاتانی تازەپێگەیشتوویش دەتوانن هاوبەشی خۆیان هەڵبژێرن.  
 شەڕ لە ئەوروپا جەخت لەو ڕاستییە دەکاتەوە کە وەبەرهێنان لە بواری پەروەردە، بژێوی، پێشگیری لە ململانێ، کاری ئاشتی و هاوبەشی ڕاستەقینە کاریگەرترین و گونجاوترین شێوەی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانن.  وەک هاوسەنگییەک، مەترسی پەرەسەندنی ناسەقامگیری لە دەوروبەری ئەوروپا هەیە، ڕەنگە لە ئێستادا بژارەی سەرەکی ئەوروپاییەکان فشاری زیاتر بێت بۆ وەستاندنی ئەم شەڕە، چونکە ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت بێگومان، قەیرانێکی نوێ چاوەڕوانی ئەوروپا دەکات، کە چارەسەرییەکانی ڕەنگە دوابکەوێت

جیهان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.