Erbil 15°C ھەینی 26 نیسان 05:58

یەکەم وێنەى خەیاڵى یادەوەریەکانى ژیانم

(بۆ یادی ٢٤ی٤ی١٩٧٤)
د.چواس حسن
100%

نەمدەزانى باسى چى دەکەم ؟ نەمدەزانى چى دەگێڕمەوە؟ نەمدەزانى وەک ئەکتەرێکى باش، چ ڕۆڵێک بۆ میوانەکانی خێزانەکەم دەگێڕم؟

هەر ئەوەندەم دەزانى کە میوانێکمان دەهات، یان ئەو ساتانەى کە هەر خۆمان دانیشتبووین، داوایان لێ دەکردم لاسایى ئەو پیاوەیان بۆ بکەمەوە کە چۆن لەوبەرەوە بەڕاکردن بەرەو دەرگاى ماڵەکەمان هات و لەناو دەرگاى حەوشەکەماندا، ڕاست لەوشوێنەى ئێمەى لێ وەستابووین، هەڵخلیسکا و بەتەواوى قاچەکانى لەبەریەک هەڵتڵیشان، بەشێوەیەک بەدەمدا کەوت قاچێکى لەدەرەوە و قاچێکى لەناو حەوشەى ماڵەکەماندا مایەوە. من پاڵەوانى نمایشى لاسایی کردنەوەی ئەم کەوتنەى پیاوەکە بووم.

سەرو ڕوخسارى میوانەکانم بیرنەماوە چۆن چۆنى سەیریان دەکردم؟ بەڵام دیارە نمایشێکى سەرنج ڕاکێش بووە، بۆیە هەمووان و تا ماوەیەکى زۆریش پێیان دووبارە دەکردمەوە. لەوانەشە لەنمایشەکەى منەوە ئازارى ئەو کارەساتەیان، دووبارە و چەند بارە، چێشتبێتەوە. بیرم نیە کەسیان بەو کەوتنە و لاسایی کردنەوەکەى من پێکەنیبن، لەوانەیە لەدواى هەر لاسایى کردنێکەوە چەندین جار هەناسەى ساردیان هەڵکێشابێت، فرمێسکى گەرم لەچاوانیاندا قەتیس بووبێت، تا ئەوەى ڕوومەتیشیانى کزاندبێتەوە.

ئەوە باسى ئەوێ رۆژێ دەکەم، وەک خەونێک لەبیرمە، ئەو کات بەئاستەم ٣ ساڵان دەبووم، بگرە کەمتریش، لەگەڵ (ڕەوەند)ى برام لەناو دەرگاى ماڵەکەماندا وەستابووین، سەرمان لەهێلانە دەرهێنابوو و سەیرى ڕێبوارانى شەقامەکەمان دەکرد، دەمانەویست بزانین لەودیو دنیاى حەوشەکەمانەوە چى هەیە؟ وەک بڵێى دەمانەویست بزانین کاتێک گەورە دەبین بۆ کام جیهان هەنگاو دەنێین؟ دەمانەویست ئارەقەى گەرمی ناو جێگاکەمان بەشەماڵى کۆڵانەکەمان فێنک بکەینەوە.

باسى بەرەبەیانى ٢٤ى٤ى١٩٧٤ دەکەم، ئەو رۆژەى بەعس و داگیرکەرانى کوردستان هەموو قینى ڕەشى هەناویان لەڕێگەى چەند فرۆکەیەکەوە بەسەر شارى قەڵادزێدا هەڵڕشت، بەسەدان گەنج و لاو و ژن و منداڵی شارەکە و قوتابیانی زانکۆی سلێمانی، کە ژیانی ژێر دەسەڵاتی داگیرکارییان رەتکردبۆوە و ژێر سێبەری شۆڕشیان هەڵبژاردبوو، لەگەڵ خاک و خۆڵ و داروپەردووى شاردا هەنجن هەنجن کرد و تێک هەڵشێلا.

بیرمە کە لەپڕ دنیا بووە گرمە و با و تەپوتۆز، منیش دەستى (ڕەوەند) ی برا بچووکمم گرت، بەبێ ئەوەى تێبگەم چى ڕوودەدات ووتم (ئەو بایە بەهێزە چیە؟! وەرە بابچینە ژوورەوە)، لەوکاتەدا بینیم لەوبەرەوە پیاوێک ڕاى کرد بەرەو دەرگاى ماڵەکەمان، بێگومان هەموو گیانى ترسى لێ ڕژاوە، دیارە دەیوویست خۆى بگەیەنێتە کونە تەیارەکەى حەوشەکەمان، کە ئەو سەردەمە ماڵەکان لەترسى بۆردوومانى تەیارە لێیان دەدا، بەڵام لەپڕ لەناو دەرگاى ماڵەکەمان، لەترسان و لەتاوان و پەشۆکاویان، خلیسکا و بەدەمدا کەوت، قاچەکانى لێک واڵا بوون. دەبێت چەند ترسابین؟!! دەبێت چەند شەو بەدەم خەوەوە ڕاچەنیبین؟!! چونکە ناپاڵمەکان کۆڵانى پشتەوەمانیان خاپوور کرد.

زۆر هەوڵم داوە وێنەیەکى لەم تراژیدایە کۆنتر لە خەیاڵى بیرەوەریەکانی منداڵیمدا بدۆزمەوە، بەڵام نیە، بۆیە یەکەم وێنەى خەیاڵى بیروەریەکانى ژیانم بەوێنەى تراژیدیایەکى نەتەوەکەم دەست پێ دەکات، تراژیدیاى بۆردومانى ٢٤ى٤ ى قەڵادزێ، پاشانیش وێنەکانی ئاوارەبوون بەرەو گوندی بێوران و خێمەکانی ئۆردگای قۆڵتێ و ژوورە بچووکەکانی قاعەکانی رەبەت لە ئێران.

ئاخۆ چەند منداڵى ترى کورد یادەورەیەکانیان بەوێنەى لەو چەشنە دەست پێدەکات؟ ئاخۆ بۆ دەبێت سەرەتاى منداڵیمان بەوێنەى لەوچەشنە دەست پێ بکات؟ بۆ دەبێت هەمیشە پاڵەوانى وێنە تراژیدیاکانى مرۆڤایەتی بین؟ هەروەک وێنەى دوو منداڵەکەى کۆڕەوەکە و وێنەى منداڵەکەى باوەشى عومەرى خاوەرى کارەساتەکەى هەڵەبجە و دەیان و سەدان و هەزاران وێنەى ترى بەرجەستەکەرى تراژیدیاکانى ترى نەتەوەکەمان، کە قەتاو قەت دەرفەتیان بۆ نەڕخسا بەچرکەى کامێرایەک تا هەتایە بەزیندوویى بمێننەوە، هەزاران هەزار وێنەى تراژیدیاى ترى ناو بیرەوەریەکانى منداڵى و گەورەییمان، کە قەت ووشە ناتوانێت بەتەواوى دەریان ببڕێت.

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.