Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 06:07

خوولی پێنجەمی پەڕلەمانی کوردستان لەنێوان موزايەـدە و کێشە و چارەسەریەکاندا

پەرلەمانی كوردستان
100%

بەپێی ماددەی یەکەم بڕگەی یەکەم لەیاساى ژماره‌ (٢)ى ساڵى ٢٠١٧ى یاساى دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێم، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کودرستان بە مەرسوومی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١٨ رۆژی ٣٠ی ئەیلولی سالی ٢٠١٨ دیاری کرد وەک وادە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان. 
بەپێی راگەنراوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لەهەرێمی کوردستان ژمارەی ٣٠٨٥٤٦١ هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبوو لەو ژمارەیە ١٨٤٥٩٧٩ هاوڵاتی بەشداری پرۆسەی دەنگدانیان کردوە کەرێژەی بەشداری هاوڵاتیان دەکاتە ٥٩٪. لەو هەڵبژاردنەدا ٢٩ لیست بەشداری هەڵبژاردنیان کردوو لە ئەنجامدا ١٦ لیست توانیان کورسی پەرلەمانه بەدەست بهێنن، کە ئەویش بەم شێوەیەی خوارەوەبوو: 
بەپلەی یەکەمیان؛ لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان ٤٥ کورسی،پلەی دووەم یه‌كێتى نیشتمانی كوردستان ٢١کورسی،سێیەم گۆڕان ١٢کورسی، جولانەوەی نەوەی نوێ ٨، كۆمه‌ڵى ئیسلامى ٧، هاوپەیمانی بەرەو ئیسلاح ٥، هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی ٣، پارتی گەشەپێدانی تورکمانی ٢ وە هەریەک لە لیستەکانی (لیستی سەردەم و  ئازادی و  میللەت و پارتی چاکسازی تورکمانی و بەرەی تورکمانی وە لیستى رافدین و ئەرمەن و ئه‌نجومه‌نى گه‌لى كلدانى سریانى و ئاشوورى) توانیان هەریەکەو کورسیەک بەدەست بهێنن و لەئەنجامدا (١١١) ئەندام پەڕلەمان لەسەر لیستە جیاوازەکان بگەن بەنێو هۆلی پەڕلەمان. 
  
ئەگەر چی هێشتا ماوەی یاسایی ئەم خولە تەواو نەبووە و کۆتای پێنەهاتوە، بەڵام هەر نەبێ سێ لەچواری تەمەنی یاسایی خۆی تێپەڕاندووە. ئەوەی جێی پرسیارە و گرنگی ئەدای کارکردنە لای هاوڵاتیان ئاخۆ لەماوەی دەست بەکاربوونی ئەندامانی خولی پێنجەمی پەڕلەمانی کوردستان لەسالی ٢٠١٨ــەوە تاوەکو ئێستا چیان کردووە و تا چەند توانیویانە کۆمەلێک یاسا دەربکەن کە لە بەرژەوەندی زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵگادابێت و تاچ ئاستێک توانیویانە کاری باش ئەنجام بدەن لە حکومەتدا.....؟ 
  
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستە تێڕامانێک لە ڕۆژانی زووی ساڵانی ڕابردوو بکەین ئاخۆ تەمەنی سێ سالەی پەڕلەمانەکەمان بە چ قۆناغ و بارودۆخێکدا تێپەڕیووە. 
ئاشکرایە لەماوەی گشت خولەکانی ڕابردوو کۆمەلێک ئەندام پەڕلەمان ئەرکەکانیان زۆر بەخەمخۆری و دڵسۆزی ڕاپەڕاندووە، بەڵام ئەوە ناشاردرێتەوە کە بەدرێژایی تەمەنی خۆی بەتایبەت لەدوای سالی ٢٠٠٩یەوە هۆلی پەڕڵەمانی کوردستان مەیدانێک بووە بۆ ملمڵانێ و کێشمەکێشمی حیزبە جیاوازەکان، بەتایبەت لەنێوان هەردوو بەرەی دەسەڵات و ئۆپزسیۆن زۆرجار دیالۆگی نێوانیان و دانیشتنەکانیان بۆ شەڕ درێژەی کێشاوە و بەدانیشتنێکی تەواونەکراو کۆتایی پێ هاتووە ! 
  
ئەگەر چی لە زۆربەی وڵاتان دەمەقاڵە و ڕای جیاوازی پەڕلەمانتاران لە دانیشتنەکانیادا بۆشەڕی بۆکسێن و دەبە ئاو پەلی هاوێشتووە، بەڵام لە کوردستان جیاواز لەولاتانی بیانی ئەمە ڕوویداوە، زۆر جاری وا هەبووە هەتا دەسەڵاتەکانیان وەک یاسایێکی لاستیکی مەتاتی لەبەرژەوەندی خۆیاندا بەکارهێناوە هەربۆیەش ڵایەنی دەسەڵات نەهاتووتە ژێر باری داواکارییە ناڕەواکانی ئەندامانی ئۆپزسیۆن و بە مەرج و ئەدای ئەوان ڕازی نەبووە، لەئەنجامی ئەمەدا پێکدادان وشەڕەجوێن و دەربڕینی قسەی نەشیاو بووە بە مانشێتی ڕاگەیاندن و تۆڕەکۆمەڵاتیەکان، هەتا کێشەو دەمەقالی و کاردانەوەکانیان بۆ ئەوە پەلی کێشاوە کە لێسەندنەوەی متمانە و مەحروم کردنی ئەندام پەڕلەمانی بەدووای خۆوە هێناوە هەروەک هەریەک لە (سۆران عومەر) کە بە دەنگی ٥٧ ئەندام پەڕلەمان متمانەی لێ سەندرایەوە وە (دکتۆر کازم فاروق) کە ئەمیشیان بەدەنگی ٧٣ ئەندام پەرلەمان لە دانیشتنەکانی پەرلەمان مەحروم کرا و لەدانیشتنەکانی پەڕلەمان دوور خرایەوە.  
ئەوە ناشاردرێتەوە بەدەر لەهەر کاروبارێکیتری پەڕلەمانی، لایەنی ئۆپزسیۆن هەمیشە هەولی بۆ موزاهدەکردن داوە و لە زۆربەی دانیشتنەکان هۆلی پەڕلەمانیان کردووە بە میمبەرێک بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕازایی خۆیان لە هەمبەر دەسەڵات، زۆرجار داواکانیان لە چوارچێوەی یاساکانی پەڕلەمانیشدانەبووە، تەنها بۆ نیشاندانی هێزی بازووی خۆیان ئەم پێگە ئەکادیمیەیان وەک سەکۆیێک بەکارهێناوە. 
  
لە ڕاستیدا ناکرێت ئێمە لەپاڵ ڕەخنەکان کاری چاکەشمان بیرچێتەوە، بۆیە گەر بێت و بە واقیعیانە و بیرکردنەوەیێکی لۆژیکانە سەیری بکەین، دەبینین کە لەماوەی سێ سالی تەمەنی ئەم خولەدا کاری زۆر باش ئەنجامدراوە، بەنموونە دانانی چەند لیژنەیێکی جیاواز کەبەنزیکەیی ژمارەیان لە ٢٠ لیژنەی جیاجیا پێکدێت لەنێوانیاندا چەندین سەرۆک و ئەندامێکی کارا ڕۆژانە کاروباری لیژنەکان ڕادەپەڕێنن ئەمیش لەپێناو بەدواداچوون و باشترکردنی ئەو کێشانەی کە ڕۆژانە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بۆمان دێنەپێش و ڕووبەڕویان دەبینەوە، دیارترینیان یارمەتی دان و گەڕاندنەوەی ئەو کوردانەی کە ماوەیێک بەر لە ئێستا لەسەر سنوورەکانی بیلاڕووسیا و وڵاتە ئەروپیەکان گیریان خواردبوو، هەروەها ڕاسپارده‌كانی لێژنەی شاره‌وانی لەبارەى هۆكاره‌كانی دروستبوونی لافاوەكەی هەولێر و دۆزینەوەی هەندێ لە ڕِێگەچارەسەرییەكان وە ڕووبەڕوبوونەوەی چەندین کێشەیتری لەناکاوی وەک؛ کێشەی سیاسی، ئابووری، یاسایی، پەروەردە، تەندروستی، سەربازی، ئاینی و کۆمەڵایەتی. 
  
لە کۆتای ئەوەی پێویستە بۆ ئەندامان و کاندید و بەربژێرەکان لە ماوەی داهاتوودا سوود لەو هەلەو بەسەرهاتانەی خولەکانی پێشووی پەڕلەمان وەربگرین و ئەمە ببێت بە پەند و عیبرەتێک کە دووبارەکردنەوەی شورەیانەبێ، چونکە گەر ئەم دۆخەی پەڕلەمانتاران وا بڕوا و ئاکار و سیفەتیان بەمشێوەیە بەردەوامبێ، بەدوور نییە کە میهنەو وەزیفەری پەڕلەمان و پەڕلەمانتاری هەیبەت و شکۆی خۆی لەڵایەن گەڵ و وڵاتان لەدەست بدات، هەروەک تا ڕاددەیێک لەماوەی ڕابردوو سەنگ و ناوبانگی لەکەداربووە. 
 
 

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.