Erbil 15°C شەممە 27 نیسان 06:07

کورد لە نێوان هەڕاجکردن و قوربانیدان

هەر ڕۆژە و ناوێک لە ئاڵای پیرۆز دەنێن دەمێک ناوی دەنێن پارچە پەڕۆ
شێنە فەهمی
100%

پیرەمێردی شاعیر دەڵێ "ئـێمە هەر بـۆیە مـاڵمان وێـرانە 
کلکی تەورەکە لقی خۆمانە! "
چەند جوان دەبوو کە ناوی (کورد) لەگەڵ حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەهات ، ڕاستەوخۆ هەستی کورد بوون و نەتەوەیی بوونتان لە هزری میللەتدا  ڕەنگی بدایەتەوە ، نەک دابڕانی شارێک و کارکردن بۆ لەباربردنی مافە دەستورییەکانمان و لێدان لە حکومەتی هەرێم لەبەر چاوە ڕەشەکانی دوژمنانی کورد و سوکایەتیکردن بە سرودی نیشتمانی و ناتەبایی و  خاک هەڕاجی بۆ بەرژەوەندی تایبەتیتان .

هەر کاتێک هەرێمی کوردستان گەیشتبێتە لوتکە دەستێکی ناوخۆیی ناحەز پێشڕەوی دوژمنی دەرەکی کردووە بۆ خستنی هەرێمەکەی ، کە ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی دوژمن زۆر بە ئاسودەیی و بێ هیلاکبوون بگاتە خاک و ئاو و ئاڵامان چونکە چاوڕاستیان لە خۆمانە.
ئەوەی جێی پرسیارە بۆچی دەبێت هێندە ساویلکە بین کە هەر ڕۆژە و بە بابەتێک سەرقاڵمان بکەن و بڕوایان پێبکەین ؟ بۆچی جارێک بیرمان لەوە نەکردەوە ئەم هەموو سەرقاڵکردنەی هاونیشتمانیان لە پێناو پەردەپۆشکردنی تاڵانکردنی بانکەکانی سلێمانیە کە لە دەرگایەکەوە تورەکەیەک پارە دەهێنن و لە دەرگای دواوە تورەکەکە دەبرێتە دەرێ و دەدرێتە ئەندام پەرلەمانە عەرەبەکان بۆ ئەوەی نەبنە تەواوکەری ڕێژەی یاسایی بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ، بۆ ئەوەیە نەڵێین کوا دەرمانی ناو نەخۆشخانەکان، بۆ ئەوەیە بیر لە زیانی خاشاکی کەڵەکەبووی گەڕەکەکان نەکەینەوە، بۆ ئەوەیە گەڕەکە وێران و قیرتاونەکراوەکانی سەنتەری شار نەبینین ...هتد.

 گەر لەبەر خەمخۆریتانە بۆ ئاڵاکەمان مایەی دڵخۆشیە بەڵام دڵنیام زۆر گەڕان بۆ دروستکردنی بابەتێک لەسەر سەردانەکەی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تورکیا هەر هێندەتان پێکرا بڵێن ئاڵای کوردستان دانەنراوە چونکە ئێوە هەر ڕۆژە و ناوێک لە ئاڵای پیرۆز دەنێن دەمێک ناوی دەنێن پارچە پەڕۆ ، جارێک دەیکەنە موڵکی پارتی ، جارێک دەڵێن نە خاک نە ئاڵا نە زمان گرنگ نین .
بۆیە تکایە هەر هەڕاجی مەکەن ، لێی گەڕێن ئێمە قوربانی بۆ دەدەین...!

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.