سەردانەکەی مسرور بارزانی بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان، تەنها یەک ناونیشانی لێ دەوەشێتەوە کە سەرۆکی حکومەتی کوردستان خاوەنی ستراتیژیەتێکی روون و چەسپاو و نەگۆڕە ئەویش دەستبەردار نەبوونی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی خەڵکی کوردستانە، هەروەها سازش نەکردن لە سەر مافە دەستوریەکانی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان.
لە سێ ساڵی رابردوو وێڕای ئەو هەموو ئالنگاریە سەخت و جدیانەی هەبوون و هەنە، مەسرور بارزانی توانی رەهەندەکانی دونیابینی خۆی بۆ حوکمڕانی و ستراتیژیەتی کارکردنی کابینەکەی بە تەواوی دیاری بکا و بچەسپێنێ، لە رێگای هەبوونی ئیرادەیەکی جدی بۆ راستکردنەوەی هەموو ئەو غەڵەتیانەی لە رابردوو کراون.
جیهان بە گەشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لە بەردەم گۆڕانکارییەکی گەورەدایە، لەو گۆڕانکاریانە هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی زێڕینی لە بەردەمدایە بۆ بەهێزبوونەوەی پێگەکەی و باشتربوونەوەی ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی لە رێگای زیادبوونی داهات بە هەناردەکردنی غازی سروشتی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان، هەر ئەوەشە کە چەند لایەنێکی لە بەغدا نارەحەت کردووە، بە دەست لە پشدانی وڵاتێکی ئیقلیمی و لە رێگای دادگای باڵای فیدڕالی و بەکارهێنانی لە دژی مافە دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان، هەروەها بە هاندانی لایەنێکی ناوخۆیی بۆ دروست کردنی کێشە بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی کوردستان، کۆسپ لەبەردەم سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان لەو کارەیدا دروست دەکرێت.
بەڵام ئەوەی روون و دیارە ئایندەی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستانە کە سەردەکەوێ بەسەر قەیرانەکان، هەروەها ستراتیژیەتی نەگۆڕی حکومەتی کوردستان و سەرۆکەکەیەتی لە دەستبەرادر نەبوون لە مافە دەستوریەکان و سازش نەکردن بۆ هیچ لایێک و بۆ هیچ شتێک، ئەوەش ئیرادەی خەڵکی کوردستانی لە پشتە و ویستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵدایە.
یەک ناونیشان بۆ سەردانەکەی بارزانی
100%