Erbil 15°C ھەینی 19 نیسان 15:11

پەیامە مەزنەکەی بارزانی لە یادی بەرگری لە راپەرین و  داستانی مەزنی کۆڕێ

نەسرەدین گۆرۆنی
100%

نووسینی: نەسرەدین گۆرۆنی

شاڵاوەکانی سوپای عێراقی دژی ڕاپەرینی گەلی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١، سەرکەوتنێکی کتوپر و کاتی بوو، چونکە هەر لەدوای داگیرکردنەوەی ناوچەکان لەلایەن سوپای عیراقەوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتی راستەوخۆی مەیدانی سەرۆک مەسعود بارزانی لە شەڕی کۆڕێ، تەواوی یارییە سیاسی و ناوچەیی و هەتا دەولییەکانیشی گۆڕی، ئا لێره‌دا گەورەیی و مەزنی داستانی کۆڕێ لە کاریگەرییەکانی بۆ گۆڕینی مێژوو دەردەکەوێ.

لە کۆتاییەکانی ئازاری سالی ١٩٩١ سوپای عێراق پاش وەرگرتنی گلۆپی سەوز لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانانەوە، کەوتە پەلاماردان و داگیرکردنەوەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان و عێراق، بەتایبەتیش لەو کاتانەی کە شیعەکانی باشووری عێراق بە پاڵپشتی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران توانیبوویان هەندێ لەناوچە شیعەنشینەکان ئازاد بکەن و هاوکات لەپێشرەوی گەورەدابوون. ئەم دەستێوەردانە سەرەتاییەی ئێران لە باشووری عێراق گەورەترین کارەساتی مرۆیی و سیاسی دروست کرد بۆ گەلی عێراق بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی. لەهەمانکاتیش گەورەترین یارمەتی چارەنووسازی ستراتیژی بوو بۆ هەستانەوەی ڕژێمی بەعسی و کەوتنەوە سەرپێی خۆی لە جێبەجێکردنەوەی پەلامارە دڕندەیییەکانیدا.

لە ڕێكه‌وتی ٢٨ی ئازاری ساڵی ١٩٩١ سوپای داپلۆسێنەری عێراق لە شاڵاوێکی بەرفراواندا بە یارمەتی ڕێکخراوی موجاهیدی خەلقی ئیرانی توانی کەرکووک بگرێتەوە، ئیتر پاش ئەم داگیرکارییە سەرەرای بەرگرییەکی بێ وێنەی پێشمەرگە، بەڵام پاشەکشێی هێزەکانی بەرەی کوردستانی لە ناوچە ئازادکراوەکانی وەک پردێ و قوشتەپە و هەولێر و پیرزین و مالائۆمەر و پیرمام هەتا دەگاتە دەربەندی کۆڕێ بەتەواوەتی دەستی پێ کرد. بەهەمانشێوە لە هەموو ناوچەکانی تری کوردستان لە سلێمانی و بادینان بەهەمان رێگادا رۆیشتن. ئەوەی لێرەدا زۆر گرنگە کە من ئاماژە بە ناوچەی هەولێر دەدەم سەرەڕای خۆم و خزمانی گۆرۆنی وەک هێزێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمەیدانی جەنگەکان بوون بۆ تۆمارکردنی ڕاستی رووداوەکان، هاوکات شکستی سوپای عێراق لە کۆڕێ بوو بە یەکێک لە گەورەترین رووداوی سەروەری مێژووی کورد، بەهۆیەوە جگە لەوەی گیانی هەزارەها خەڵکی کوردستانی پاراست کە بەهۆی شاڵاوەکانەوە دووچاری کۆڕە و ڕاکردنی بەکۆمەڵ ببوون، هاوکات رژێمی عێراق بەچۆکداهێنا کە داوای دانووستان لەگەل کورد بکات، هەروەها رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیشی هێنایە سەرپێ لە پشگیری کورد و دروستکردنی ناوچەی ئارام.

لەدوای پەیمانی سیڤەر لە سالی ١٩٢٠ بۆ یەکەمینجار ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبوونەوە بۆ دەرکردنی بریارێک لە پاڵپشتی کورد دژی حکوومەتی ناوەندییەکان. هەرچەندە بڕیاری (٦٨٨) لە ٥/٤/١٩٩١ لە گەرمەی کۆڕەودا دەرچوو (واتە پێش شەری کۆڕێ) کە بە پێشنیازی فڕەنسا و پشگیری ئێران و تورکیاش بوو، بەڵام لە ١٧/٤/١٩٩١ ناوچەیەکی ئارام ڕاگەیەنرا. هەڵبەتە ئەم بریارە چوار هۆکار لەپشتی بوون بۆ دەرچوونی:

یەکەم: پەیامی بەناوبانگی سەرۆک بارزانی لە سەرەتای مانگی چواردا بەڕەسمی بۆ مەحالیفی دەولی نارد بەتایبەتی ئەمەریکا و بەریتانیا و فڕەنسا لە پاراستنی کورد لە دەست ڕژێمی عێراق.

دووەم: کارەساتی مرۆیی کۆڕە و هەڵهاتنی ملیۆنان کەس بەرەو سنوورەکان. لەڕووی مرۆیی هەست و سۆزی جیهانی وروژاند بۆ بە پاڵپشتی کورد.

سێیەم: بەرەنگاری داستانی کۆڕێ کە لە مێژووی کوردا نموونەیییە، نەک بەهۆی قورسایی و سەختی شەڕەکە، بەڵکو بەهۆی ئەو کاریگەرییە سیاسییە ستراتیژی-مرۆیییانەی دروستی کرد.

چوارەم: وتارە بەناوبانگەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی لە ٣/٤/١٩٩١ لە شارۆچکەی سۆران لەبەردەم هێزی پێشمەرگە و جەماوەرێکی زۆر، بەئامادەبوونی چەندان ڕۆژنامەنووسی جیهانی وەک پەیامنێرانی بی بی سی و سی ئێن ئێن ئه‌وانی تریش. لەم وتارە بە نرخەدا بارزانی فەرمووی "ئایا بۆ کوی بڕۆین؟ ئێرە وڵاتی ئێمەیە! بۆیە لە بەرگریکردن زیاتر هیچ ڕێگایەکی ترمان نییە، دڵنیاتان دەکەمەوە کە دوژمن هیچ نییە، بەرگریکردن لە کوردستان ئەرکی سەرشانی هەمووانە، ورەی پێشمەرگە بەرزە، بۆیە دەبێ نەیەڵین دوژمن بێتەوە بۆ کوردستان یان ئەوەتا دەبێت بەسەر لاشەی ئێمەدا بێتەوە".

دوای پەیامەکەی بارزانی ئیتر هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە هەموو لایەکەوە وەرەی بەخۆدا هاتەوە و توانی لە ناکاو شکستێکی گەورە بەدوژمن بهێنی. فەرماندەی بەتواناکانی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حەمیدە فەندی، شەهید نەجمەدین گۆرنی و شەهید خالید ئاژگەی و مصطفی گۆرۆنی و عومەر عوسمان و شەهید دکتور سەعید بارزانی و کاک هەڵگورد و برایم حمکۆ لەگەڵ فەرماندەکانی تری لایەنەکانی تری بەرەی کوردستانیدا و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆک مەسعود بارزانی گەورەترین داستانی مێژووییان تۆمار کرد.

لە کات و ساتێکی وادا، کە کۆڕەوی ملیۆنەها مرۆڤی کورد بەژن و منداڵ و بەتەمەن و پەکەوتەوە لەژێر سەختترین بۆمبارانی ڕژێمدا ملی هات و نەهاتیان بەرەو سنوورەکان دەگرتەبەر. لەو کاتانەدا کە وڵاتانی هاوپەیمانی دژی عێراق بەهۆی برەوی دەستەڵاتی شیعە بەیارمەتی ئێرانەوە پشتیان لەگەڵی عێراق کرد و دووچاری کارەساتیان کرد. لەو کاتانەدا کە بێ ئومێدی بەسەر هێز و تواناکانی پێشمەرگە و سەرکردایەتی سیاسی و گەلی کورد بەگشتی هەتا ڕادەیەک دروست ببوو لەبەرامبەر بە دنیا لە پاراستنی کورد، گەل هەموو و بەرەو سنوورەکانی ولاتانی دراوسێ کۆچیان دەکرد. سوپای عێراق رۆژ بەڕۆژ لە پێشرەوی سەرکەوتن دابوو، ئەو قۆناغە کە یەکێک بوو لە سەخترین و نالەبارترین قۆناغی مێژووی کورد و بزووتنەوە ڕەواکەی.... ئا لەوکاتانەدا سەرۆک بارزانی به‌ هاوارێکی پڕ گەرووی ماندوو و دڵی زامدارەوە پەیامی بەرگری ڕاگەیاند و ورەی پێشمەرگەی بە ڕادەیەک بڵند و بەرزکردەوە هەتا گەورەترین هێرشی سوپایان تێكشکاند. هەڵبەتە بەتەنها هێزی پێشمەرگەی پارتی نەبوو، بەڵکو هەر هەموو لایەنەکانی بەرەی کوردستانی بەشداربوون و لەژێر پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دوژمنیان لە دەربەندی کۆڕێ ڕاوەستان.

هێزی سەرکەوتنی شەری کۆرێ زۆر لەوە گەورەتر بوو کە خەلک لێی دەڕوانی یاخود هەتا ئێستاش مێژوو تۆماری کردووە، چونکە لە مێژووی ئەرشیفکردن و تۆمارکردنی داستان و بەرگرییەکان هەروا باوبووە کە گەورەیی و گرنگی داستانێک تەنها بەهۆی قەبارە و سەختی خودی شەڕەکە و فراونی جەبهەکە و قوربانییەکانییەوە هەڵسەنگێنرابێ، بەڵام جەنگی مەزنی کۆڕێ ئەو تێروانینەی گۆری و مێژووێکی نوێی لە نووسینەوە و ئەرشیفکردنی داستانەکانی پێشمەرگەوە دروست کرد بە جۆرێك کە کاریگەر و لێکەوتەکانی پاش تەواوبوونی شەڕەکە زیاتر دەرکەوت، بەرگری و سەرکەوتنی پێشمەرگە دەوڵەت و سیاسەتمەدارانی کۆکردەوە و وتاری سیاسی و دبلۆماسی هێنایە جولەیەکی بە وزە بۆ ڕێکەوتن و کۆتایهێنان بە جەنگ؛ واتە بەهۆی تەقاندی گولەی پێشمەرگە و بەرگری و سەرکەوتنی پێشمەرگە، لەلایەک رژێمی داگیرکاری بۆ دانوستان بەچۆک دا، لەلایەکی ترەوە بیروڕای وڵاتانی گۆری لە ڕەوایەتیدان و پشگیری خەباتی شۆرشێکی ڕاستەقینە کە لە سەخترین باری ژیانیدا ئامادەیە بەرگری بکات و قوربانی بدات.

داستانی کۆڕێ لەناو گەرمەی کۆڕەودا بوو، لەو کاتانەدا بوو تەواوی شار و شارۆچکەکانی کوردستان چۆڵ ببوو، نەک تەنها ئەو شوێنانەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە داگیرکرابوو بەڵکو هەموو ئەو شوێنانەش کە لەژێر دەستی پێشمەگەدابوون، چونکە خەڵکی کوردستان لە کیماباران و ئەنفالێکی تر دەترسان و پێشتر ئەزموونیان هەبوو،  دڕەندەیی حکوومەتی عێراقیان بینیبوو، بۆیە لەبارێکی وا خراپدا ئاسان نییە پێشمەرگە دەست لە کەسوکاری بەر بدات و بگەڕێتەوە بەرەنگاری لەگەڵ بەهێزترین و دڕەندەترین سوپا لەناوچەکەدا بکات بەتایبەتی لەوکاتەدا کە ئومێدی سەرکەوتن و بەرەنگاری لەگەڵ حکوومەتدا زۆر ئەستەم بوو، پێشمەرگە ئەزموونی هەبوو لە کەرکووکەوە هەتا کۆڕێ هەر بەرگریی بێوێنەی کردبوو. بۆیە لەوبارەدا کە هیچ کەسێ پێشبینی نەدەکرد سەرکەوتن مەیسەر ببێت. لەناکاو سەرۆک بارزانی پەیامێک دەردەکات و بەوزەیەکی نەبڕاوە و ورەیەکی زۆر بەرزەوە پێش پێشمەرگەکان دەکەوێ و بەیەکەوە ئەو داستانە گەورەیە تۆمار دەکەن.

ئەوی ئەمرۆکە جێی تێڕوانین و قسەکردنە؛ پاش ٣١ ساڵ بەسەر ئەم داستان و کۆڕە و تەواوی ئەو بەسەرهاتانەدا تێدەپەرێت، بەڵام بەداخەوە هیچ گرنگییەکی وا بەم داستان و پەیامەی سەرۆک بارزانی نەدراوە کە ئەو کات بۆ بەرگریکردن دەری کرد. هەتا ئێستاش چەندان بەشداربووی ناو ئەو داستانە هەیە بە کۆلەمەرگی و ناموڕادی و بەدبەختی ژیان دەگوزەرێنێ، کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی ئەم داستانە بەتەواوی مافی ئەو قارەمانێتییەیان پێ نەدراوە.

بۆیە بەبۆنەی ٣١ ساڵی داستانی کۆڕێ و یادی کۆڕە و بەرەنگارییەکاندا؛ داوا دەکەم مەدالیای ئازایەتی و قارەمانێتی داستانی کۆڕێ ببەخشێتە هەموو ئەو پێشمەرگە و فەرماندانەی کە لە داستانی مەزنی کۆڕێدا بەشداربوون لەپێش هەموویانەوە سەرۆک مەسعود بارزانی کە داڕێژەر و بەخشینی ڕۆحی بەرگریی داستانی کۆڕێ بوو، بارزانی داینەمۆ و وزەبەخش و بارینی ورە بوو بەسەر دڵ و دەروونی تەواوی پێشمەرگەکانی کوردستاندا. لەهەمانکاتیش چەپکە گوڵ بنێرێت بۆ ڕۆحی شەهیدانی داستانی کۆڕێ و تەواوی شەهیدانی گەلی کوردستان.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.