Erbil 15°C شەممە 27 نیسان 01:19

ئەزموونی ھەرێمی کوردستان لە کورتبینی ھەندێک لایەنی سیاسیدا 

فرسەت سەید شوكر
100%

ڕوونە ئەزموون و پێگەی ھەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی (١٩٩٢)وە دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری (٦٨٨) دەستپێدەکات، 
دەستپێکێک کە حکومەت و پەرلەمان و دامەزراوە حکومی و یاساییەکانی بەھۆی شۆرش و خەباتی چەکداریی دەیان ساڵەوە لێکەوتەوە، ھەرێمێک کە نوێنەرایەتی ناسیۆنالیزمی کوردی لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش دەکات، وەک ئومێدێکی نیشتمانی تەماشای دەکرێت.

لەو کاتەوە تا ئێستا ھەمیشە ئەو ھەرێمە لەژێر کاریگەریی و ھەیمەنەی وڵاتان و چاوتێبڕینی دەوڵەتانی زلھێزی ناوچەکە بووە، خۆڕاگرتن بەرانبەر ئەو ھەموو تەحەددیانە بە بارتەقای شۆڕش و جووڵانەوە سیاسییەکان ئاستەنگ بووە، کورد بە درێژایی مێژوو ھەمیشە گلەیی و گازاندەی لە زلھێزان ھەبووە لەوەی کە بە ئامانجە نەتەوەیی و مافە سەرەتاییەکانی خۆی لە چوارچێوەی عێراقدا نەگەیشتووە.

لە پاش شەڕی براکوژی و ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری (صەدام حسێن) و دواتر نووسینەوەی دەستووری عێراق و ڕۆڵ و کاریگەریی و پێگەی کورد لە بەغداد بەشێوەیەک بوو، کە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش چاوەڕوانی بڕیار یان لێدوانێکی سەرکردە کوردەکان بوون، بە تایبەتیش (سەرۆک بارزانی) کەو ئەو کات لە (ئەنجوومەنی حوکم) ڕۆڵ باڵای ھەبوو.

یەکگرتنەوەی ئیدارە و خوێندنەوەی ھەڵەی ھەندێک لایەنی سیاسیی

لە دوای یەکگرتنەوەی ئیدارە لە ساڵی (٢٠٠٥) و پێکھێنانی حکومەتی ھاوبەش لە ساڵی (٢٠٠٧)، دەرچەیەکی ڕوون ھاتە پێشەوە بۆ ئیدارەیەکی سیاسیی، حوکم، ھاوبەشی، یەکگرتوو، بەڵام کاریگەری دەوڵەتانی ناوچەکە و تەسلیم بوونی سیاسیی ھەندێک لەلایەنی سیاسیی بە ئەجێنداکان، ڕۆژ دوای ڕۆژ ئەم یەکگرتوویی و یەکبوونییەی کاڵ كردەوە، ڕەنگبێ ئەمە ھۆکار بێت، کە یەکێتی نیشتمانی، بەھۆی کەمکردنی دەنگەکانی ھەڵبژاردن دوای ھەڵبژاردن ھەمیشە بە ھەڕەشەی دوو ئیدارەیی و سیاسەتی حساب نەکردن بۆ حکومەت ھۆکاری سەرەکی ئەم دابەشبوونە بێت لە کاتێکدا گەورەترین ئاستەنگی لە ماوەی ڕابردوو ئەو دژایەتییە بە ڕکانە بوو لەسنووری سلێمانی لە دژی پرۆسەی چاکسازیی،
ھەندێک جاریش ئەوە گووتراوە کە ئەگەر (یەک کورسی) بھێنن ھەرئەو حیزبەی جارانن، کە ئەمە ھەر بۆ خۆی پێشێلی بنەما یاساییەکانە و ڕەتکردنەوەی ئەو پرۆسەیە کە پێی دەوترێت (دیموکراسی).
ئێستا کە کورد لە قۆناغێكی سەختی بەڕێوەبردن و ڕووبەڕوونەوەی ئاڵنگارییە سیاسیی و ئیقلیمیەکاندایە، ھەندێک لەلایەنە سیاسییەکان بە ناڕاستەوخۆ خزمەت بەو ئەجێندا دەرەکییە دەکەن، کە ھۆیەلە بۆ لاوازبوونی پێگەی ھەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا بەھۆی ڕۆڵی (سەرۆک بارزانی) لەماوەی ڕابردوو و ئەزموونی ئاوەدانی و ئارامی ھەرێم وەک نموونەیەک لەناوچەکە پێگەیەکی نێودەوڵەتی گرنگی بۆ خۆی دروستکردووە.

بەڵام ئێستا لە دوای تێپەراندنی ئەو ھەموو قۆناغە سەخت و دژوارە ئێستا بەشێک لەلایەنە سیاسییەکانی ھەرێم دژی سادەترین پرۆسێسی دیموکراسین کە ھەڵبژاردنە، لەو قۆناغەدا تازە یەکێتی نیشتمانی شەراکەت ڕەت دەکاتەوە و دەستبەسەر داھاتی سنووری سلێمانیدا دەگرێت بەبێ ئەوەی کەسێک بزانێت چیلێدێت، تازە ڕێگریی لە حکومەت دەکرێت، بە دڵنیاییەوە لەو قۆناغە پشکی شێر بەر ئەو لایەنە سیاسیانە دەکەوێت کە ھۆکارن بۆ دۆخی چەقبەستوویی ھەرێم.

ئەگەر بە ویژدانەوە لە پرسەکان بڕوانین لەوە تێدەگەین؛ کە پارتی وەک حیزبی یەکەمی ھەرێمی کوردستان باجی گەورەی بەھۆی یەکڕیزییەوە داوە، زۆر شتی بەھۆی ئەم فراوان بینیەی لەدەستداوە، ھەرگیز بە حەجمی خۆیان لە لایەنە سیاسییەکانی دیکەی نەڕوانیووە.
وا دەردەکەوێت؛ دوای بڕینی ھەموو ئەو ئاستەنگیانە بەشێک لەو لایەنە سیاسیانە، بەھۆی کورت بینی و خوێندنەوەی ھەڵەیان بۆ ڕۆڵ و پێگەی ھەرێم لەناوچەکە ڕۆژ دوای ڕۆژ ئاستەنگ بۆ بەرەوپێشچوونەکان و باشترکردنی ژیانی خەڵک دروستدەکەن، بێشک کاریگەریی ئەم خوێندنەوە خراپە کاردانەوەی نەرێنی لەسەر پێگەی ھەرێمی کوردستان لەناوچەکە دەبێت.
ھوشیاری ئەو لایەنانە و پێداگرتن لەسەر ھەڵەکانیان ڕەنگە بۆ ئێستا درەنگ نەبێت، چونکە بەوشێوەیە چ لەناوەخۆ و چ لەدەرەوە ڕووبەڕووی شکست دەبنە ئەمە جیالەوەی دەنگی خەڵکیش لەدەستدەدەن.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.