ئەو کاتەی نەتەوەیەک لەبەرچاوی ھەموو جیھان مردن و سەرما و ئایندەی نادیاری ھەڵبژارد بە سەر نانی ڕژێمی بەعس لەپێناو ئازادی دا.
سی و یەک ساڵ لەمەوبەر، کۆچی ملیۆنی نەتەوەیەکی ژێر دەست دەستی پێکرد، کە ئەوکات نەتەوەی کورد بەرەو سنورەکان کۆچیان کرد کەخۆیان بێ سنور و بێ ماڵ و حاڵ بوون، کە ئامادەنەبون نانی ڕژێمی بەعس قبوڵ بکەن لەپێناو مانەوەی ژیانی ژێردەستە، کە کورد کۆچی کرد، ھەمویان دەیانزانی ئەگەری مردن زۆر زیاتر بوو لە مانەوە لەژیان دا، کەس نەیدەزانی بە چەند ڕۆژ و مانگ و ساڵ لەو دۆخە پڕ نەھەماتیە دەمێنەوە ، کەس نەیدەزانی زیندوو دەبێت یان بە ڕێگاوە لە برسا و سەرمادا دەمرێت، برسێتی و سەرما بە تەواوی زاڵ بوو بەسەر ھەمووان، بەڵام ئەم دۆخە پڕ سەخت و ترادیژیایە نەیتوانی ئیردەی گەلێک بشکێنێت بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی لەمەڕ ژێردەستی و کۆیلایەتی ڕژێمێکی دیکتاتۆری ناوچەکە.
لەسەردەمی جیھانی دیموکراسی و لیبرالیزم، نەتەوەی کورد دەتوایەوە، وێڵ بوو بوو لە گەڕان بەدوای خۆی، ئەو جیھانەی بانگەشەی مافی مرۆڤی دەکرد لەخەوێکی قوڵ دابوو، کەچی نەتەوەیەکی چەند ملیۆنی خەوی لێ حەرام بوو بوو، جیھان لە کەڕی دابوو لە مەڕ دەنگی ھاواری نەتەوەیەک کە حەوت تەبەقی ئاسمانی بڕی بوو، جیھان لە تاریک و کوێرایەتی دابوو لە مەڕ بینینی ئەو تراتیژیایە بەسەر نەتەوەیەک ھات کە لەسینەمای ھۆلیود و بۆلیودی ھاوڕەنگ و ھاوشێوەی نەبوو! جیھان لەپێکەنین دابوو کەچی نەتەوەیەک فرمێسکەکانیشی تەواوبون ھیچ ئاوێکی لەجەستەی دا نەمابوو کە بۆ پێکەنین نا بۆ فرمێسکیش بیهێنێتە خوارەوە.
نەتەوەی کورد بەدەستی ڕژێمی بەعسی توتالیتاریزم ئەنفال دەکران، زیندەبەچاڵ دەکران، قڕدەکران، برسی دەکران، تێنو دەکران کەچی جیھان مێش مێوانیان نەبوو لە بێدەنگییەکی بێ کۆتایی دابوو! کورد ئەوەندە برسی کران گەر موسڵمانانی جیهان بتوانن 30 ڕۆژی ڕەمەزان بەڕۆژوبن کورد دەتوانێت یەک ساڵ بەسەر یەکەوە بە ڕۆژو بێت! ئەوەندەش سەرمای بووە، دەتوانێت زۆر بەئاسانی لە جەوی ساردی مۆسکۆی ڕوسیا بگونجێت و بژێت، ئەوەندەش گەرمای بووە دەتوانێت زۆر بە ئاسانی لە گەرمای بیابانی عەرەبی بگونجێت و بژێت!
کورد ڕێگای نەمانەوەی ھەڵبژارد لە پێناو مانەوەی ئازادبون و خۆبونی خۆی، کەکۆچیان کرد ھەموو سنورێک لەسەری داخراوبوون، بەڕێگاوە ھەزاران مناڵ ھەتیو بوون، ھەزاران مناڵ لەسەر سینگی دایکیان ڕەق بونەوە لەسەرما، زۆرشیان لەنەبونی شیر لەسینگی دایکیان دەمردن لە برسا ھەتا دایکیان نەک ھەر پارچەکی بچوکی نانیان نەدەبوو بەڵکو پەلکی داریشیان بەدەست نەدەکەوت بیخۆن بۆ ئەوەی کەمێک شیر بێتە سینگیان و بە مناڵەکانیان بدەن بە جەرگێگی سوتاوەوە بەدەستی خۆی مناڵە ساواکەی دەناشت! بە ھەزاران گەنج و پیرەوە مەرگی خۆیان دانا، گۆڕەکانیان بێ ناونیشان مانەوە.
بەڵام ئەم جارە گۆڕە بێ ناونیشانەکانی کورد لە کۆچ دا بونە ناونیشانی بۆ ئایندەی خۆی، بوونە ناونیشانی کورد لە وێڵی بە دوای خۆیدا کۆتایی بێت خۆی بدۆزێتەوە، بونە ناونیشان کە کەپرسی کورد لە لۆکاڵی و بێ پرسەوە ببێتە پرسێکی جیھانی ، بوونە ناونیشانێک کە جیھان بێدەنگی بشکێنێت بێتە دەنگ، بونە ناونیشانێک نەتەوە یەکگرتووەکان بەناوی جیھانەوە بڕیاری 688 لەئەنجومەنی ئاسایش دەربکات و ھێڵی 36 بەدوای خۆیدا ھێنا، ناوچەیەکی ئارام بۆ یەکەم جار بۆ نەتەوەیەکی بێ ماف دروستکرا کە ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستان لێ بەرھەم ھات. ئیدی کورد خۆی بۆ ناونیشانی خۆی و ناوی خۆی تۆمارکرا لە پرسەکانی جیھان دا.
ھەرچەندە کۆچی ملیۆنی کورد قوربانی زۆری لێکەوتەوە، بە ھەزاران کورد مەرگی خۆیان لەسەر دانا بەڵام کورد بەمانای نەتەوەیەکی زیندوو ئازادی لەسەر نان ھەڵبژارد، گەر ئەوکات کورد کۆچی نەکردبایە، پرسی کورد ھەر بێ پرس و لۆکاڵی دەمایەوە نەدەبوو بە پرسێکی جیھانی، قەت جیھان لەسەری نەدەھاتە دەنگ خۆڕاگری و ئیرادەی کورد ناونیشان و ناسنامەی بۆخۆی دانا، جیھان ناچارکرا کە دانی پێدابنێن.