مانگی ئازار لەگەڵ ئەوەی سەرەتای وەرزی ژیانەوە و لەدایکبوون و شکاندنی شەختەی سەرما و سۆلەی زستانە، بە سەوزبوونی سروشت و چرۆکردنی گول و نێرگز، لەهەمانکات مانگی نەتەوەیی کوردە بە خۆشی و ناخۆشیەکانیەوە، کە پرە لە یادەوری هەمەچەشنی خۆشی و پێکەنین و خەم و دڵتەنگی. لەساتێکدا بەجلوبەرگی رەنگاڵەو ئاڵاو واڵا و رەشبەڵەک و سەیران و زەماوەندی شادی هەتا بە بەرگی ڕەشپۆش و یادەوەری تاڵ و پرکارەساتەکانیەوە. لە هەر بارێکدا بێ بەرەو پیری دەچین و زۆر بە پەرۆشی یەوە یادی دەکەینەوە.
ئازار بەهەردوو دیوی شادمانی و تراژیدیا لە ئامێزی دەگرین و خۆشمان دەوێ ، لە یادی خۆشیەکانیدا خەندە ئەگرین و بست بە بست باڵای پێدەگرین ، لە یادەوەری خەمەکانیشیدا بە مات و مەولوول ملەکەچ بۆ گۆری شەهیدان سەردادەنوێنین و پەیمانی بەردەوامی و کۆڵنەدان ئەدەینەوە.
ئازار مانگی نەورۆزە کە تاکە جەژن و رۆژی نەتەوەیی کوردە، بەبێ جیاوازی ئاین و مەزهەب زاراوە و و بیری سیاسی؛ هەمووکوردێک نەک هەر لە چوار پارچەی کوردستان بەلکو لەهەر شوێنێکی دنیابێ یادی دەکاتەوە و ئاهەنگی بۆ دەگێرێ. کە ئەم یادە تێکەڵاو بە یادەکانی ڕاپەرینی سالی ١٩٩١ گەرم و بەچۆش و بەگورتر و پڕ شۆڕشگێرتر دەبێ، بەلام هەمووی سێ چوار رۆژ پیش نەورۆز لە یادی کیمابارانی هەلەبجەی شەهید دا، گەل بەچاوانی پڕ ڕۆندکەوە، بە دلی پر ئەسرین خەمبارانە یادی دەکاتەوە.
مانگی ئازار بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان پلەیەکی زۆر باڵاو شکۆدارتر و پر گرنگی یە، جگە لە یادەکانی راپەرین و نەورۆز و هەڵەبجە ... یادی دەستکەوتی میژووی یازدەی ئازار، کە سەرەرای جێبەجێ نەکردنی تەواوی بەند و خاڵەکانی، بەلام هەمیشە بە یەکێک لە شانازیەکان و دەستکەوتە مەزنەکان دادەنرێت، بەتایبەتی خویندن و نووسین بەکوردی کە پاشان بوو بەهەوێنی بەرەوپیشجوون و ووشیاری گەلی کورد لە ئاگای شوناسی نەتەوەیی و گیانی شۆرشگێری کوردی دا، واتە شۆرشی ئەیلوولی مەزن کە جگە لە گاریگەرە گەورەکانی تری بەرامبەر بە کوردو شۆرشی بزوتنەوە رزگاری خوازیەکەی، رژێمی عێراقیشی ناچارکرد کە دان نووستان بکات و دان بە بەگەلی کوردا بنێت و مافەکانی جێ بەجێبکات. هەر ئەم مافانەش لە پاشان کاریگەری بەهێزی لەسەر زۆربەی تاکی کورد کرد کە هەمیشە ئامادەبێت لە بەشداریکردنی شۆرش و بەرپەرچدانەوەی زوڵم و زۆرداری. ئەوە بوو بەکردەکی لە چوارجیوەی شۆرشی گوڵاندا خۆی بینیەوە.
ئەوەی لێرەدا گرنگە لە یادی مانگی ئازاردا ئاماژەی پێبدەین؛هەردوو یادی لەدایکبوون و کۆچی دوای سەرکردەی کورد مستەفا بارزانیە . بارزانی نەمر نەک تەنها بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان کە هەرە پایەکی سەرەکی یە بۆ بوون و بەردەوام بوونی لەسەر خەبات و تیکۆشان، بەڵکو سەرچاوەی بیری شۆرشگیری و رابوون و بەرگریە بۆ هەموو تاکێک لە کوردستانی مەزندا. بارزانی سمبووڵی کەسێکی بەباوەڕی ماندوونەناس بۆ رێی کوردایەتی کە کەسایەتیەکی سادە و کۆمەڵایەتی و خۆ نەویستی بێ ماڵ و سامان، کە ئەشکەوت و دۆڵ و چیاکانی کوردسات لەگەل تفەنگەکەی تاکە ناسنامە و سەرمایەکەی بوو. پیاوێکی راسترێگە و ڕاستبێژ و بێ تەم و مژ بوو، پیاوی لوتکە بوو لە بەردەم رەشەبادا نەک کەسی ناو ژوورە تاریکەکانی سیاسەت. بارزانی هەلگری میتۆدێکی سیاسی شۆرشگێری خۆماڵی بوو کە تەنها رزگاری کوردستان ئامانجی بوو، نەک هەڵگری دەیان مەلەفی قەبەی ڕەنگاو رەنگی بێ ناوەڕۆك. ئەو پیاوێکی دینداری خودا پەرست بوو، بەڵام مرۆڤی کورد و نەتەوە و گەلەکەی لەپێش ئاینەوە دادەناو پێی وابوو مرۆڤی بێ خاک و بێ ئازادی و بێ وڵات ، بێ ئاین و بێ رۆح و بێ کەرامەتە.
هەر بۆیەش هەموو ئامانجە مەزنەکە لای مستەفا بارزانی رێی کوردایەتی بوو، ئنجا بیرکردنەوە لە شتەکانی تر. ئەو ڕێگەیەش خەبات بوو بۆ رزگاری کوردستان بێ هیچ بەررژەوەندیەکی تر، رێگەی کوردایەتی دەست و دڵ و داوێن پاکی و بە ویژدان، سک برسی و سەربەرزی ژیان بوو ، هەمیشە ئاوردانەوە لە هاوەڵ و هاورێکان و هاوسەنگەرەکان ، کوڕی تەنگانەو خزمەتکاری هەژاران بە جوتیار و کریکاران بێ هێنانی هیچ فکرێکی بیانی. بیری کوردایەتیەکەی بارزانی هەر بەتەنها تفەنگ بەدەستێکی هەڵمەت بەرنەبوو بەرووی دوژمناندا بەڵکوو پاراستنی کەلتور و رەسەنایەتی و کەلەپوور و سەرمایەیی هونەر و ئەدەبی کوردیش بوو، بەتایبەتی پاراستن و بەرەو پێشچوونی کردار و رەفتار و شیوازەی ژیانی کوردەواری بوو لە ڕێزگرتنی میوان و بێگانەو ئاشتی دۆست و لەبەرچاوگرتنی ماف و بەهاکانی مرۆڤایەتی.
خەباتی رزگاری نیشتیمانی لە ڕێبازی بارزانی دا بەتەنها ئەوە نەبوو کە تەنها کورد سەربەخۆبێ و بەس، بەڵکو پاراستنی دەستکەوتەکانی ئازادی بە پارێزگاری کردن لە حورمەت و کەرامەتی تاکی کورد بەژیانێکی شایستە و بەختەوەر وەک هەموو میللەتەکانی سەر رووی زەوی، دوور لە گەندەڵی بازرگانی بە خوێنی شەهیدان. ئازدی کورستان لە رێبازی بارزانی دا رێز و حورمەتگرتن و پێزانینە لە پیشمەرگە ماندوونەناسەکان کە هەموو ژیان و خۆشی خۆیان بۆ رزگاری کوردسستان بەخشی، ئاوردانەوە لە کەس و کاری شەهیدان و باشکردنی بژێوی ژیانیان. ئاودانکردنەوی کوردستان بەرو پێشچوونی هەتا بگاتە ئاستی وڵاتان.
بیری و رۆشنایی رێبازی بارزانی دوای سەربەخۆی کوردستان بە هیچ شێوەیەک کۆتایی نایەت، بەڵکو بەردەوام دەبێ لە رەوتی خەبات و بەروە پێشچوونی ئاستی شارستانی ژیانی کوردەواری دوور لە هێنان و کۆپیکردنی ژیاری نامۆی دوور لەبەها جوان و ئاکارە بەرزەکانی مرۆفایەتی. بۆیە دەبێ ئەوە باش تێبگەین ئێمە وەک شۆرەسوارانی رێگای رێبازی بارزانی نەمر کارمان هەر بەتەنها تفەنگەڵگرتن نیە بۆ رووبەرووبوونەوەی دوژمنان، بەڵکوو بەربەرچدانەوەەشە دژی هەموو نادادیەکی کۆمەلایەتی و سیاسی و ئابووری کە کاریگەری مەترسیدار دژی ئاسایشی نەتەوەی کورد دروست دەکات ( ئیتر کورد بکات یان نەتەوەی تر)؛ بەتایبەتی وەک نموونە ڕادەستکردنی هەموو سەرچاوە ستراتیژی ئابووریەکان بە حکومەتی فیدراڵی عێراق. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ زۆر بوێرانە دژی هەر کەس و لایەنێک بوەستینەوە کە لەپێناوی دەستکەوتی کەسێتی مادی و چاوچنۆکی و بەرژەوەندی بەرتەسکی حیزبی خیانەت دەکات و رێبازە لەکەدار دەکات.
لە مانگی ئازاردا کە یاد و بەبیر هێنانەوەی پیاوی مەزنی کورد بارزانی نەمرە .. دەبێ هەموو ساڵێ بە دڵ و دەروونێکی پاکەوە دیسان خۆمان لە بەردەم رێبازی پیرۆزی بارزانی دا سکان بکەینەوە و بچینە ژێر بەر پرسیاریتی و خۆ خوێندنەوە و ووردبینی ویژدانی و کوردێتی بێگەردەوە، کە ئایا هەتا چی ئاستێ توانیوومانە دەست بگرین بە بەند و ڕێساکانیەوە، جێ بەجێ بکەین و لێی لانەدەین و خیانەتی لێنەکەین. بەتایبەتی لێپرسراوەکانی حکومی و حیزبی کە چارەنووسی سیاسی ئەم گەلەیان لەبەردەستە ، دەبێ زیاتر لە هەموو کەس خۆیان لەبەردەم هێزی پرشنگی تیشکی ڕێبازی بارزانی مەزندا هەڵبخەن بۆ بەرگریکردن و توانین لە جێبەجێکردنی کوردایەتی راستەقینە لە خزمەتکردنی گەلی کورد دژی هەموو و ناداپەروەی و خۆویستن و بەرژەوەندیەک.