Erbil 15°C شەممە 20 نیسان 11:18

چما هەولێر بەئامانج دەگیرێت!

ھیچ کارتێکی سیاسی لەناوچەکە بەبێ ھەولێر سەرکەوتوو و بەھێز نابێت
ھۆگر نێروەیی
100%

زۆر جار دەڵێین فڵان و فیسار شت بە دەستی ئێمە نەبوو بەڵام بە دڵی ئێمەبوو، ئێران گەر ڕاستەوخۆش ھێرشی مووشەکی نەکاتە سەر ھەولێر ھەم دەستی تێدا ھەیە، ھەم بەدڵیەتی، ھەم پیلانی بەئامانجگرتن و موشەک بارانکردنی ھەولێر لەئێرانەوە دادەنرێت! 

بە ئامانجگرتنی ھەولێر، مەبەستیان شەخسێک یان حیزبێکی دیارکراو یان خۆدی ھەولێر نیە بەڵکو مەبەستیان کوردستان و شوناسی کوردە، مەبەستیان سلێمانی یە، ئامەدە، عەفرینە، کەرکوکە، مەھابادە، قامشلوە، کە بتەوێت دوژمنی خۆت لە زەوی بدەی، بیشکێنی لەچەق و سەرچاوەی ھێزەکەی دەدەی کەچەقی ھێزەکەت وێرانکرد، شکاندت، ئیدی بەئاسانی دوژمنەکەی لەناو دەبەی، ھەولێریش چەق و سەرچاوەی ھێزی کوردە.

ھەرچی نەیارو دوژمنی کوردە بیانەوێت لەکورد بدەن لەھەولێر دەدەن، ئەوان دەزانن کەھەولێر بەھێزبێت شوناسی کورد ھەر زیندو دەمێنێتەوە، ئومێدی سەربەخۆیی 
کوردستان قەت نامرێت، جا ھەمیشە چاویان لەسەر ھەولێرە چەندین جاریشە دەیانەوێت ھەولێر وێران بکەن، داگیری بکەن، تەسلیم ببێت بەڵام ھەولێر تەسلیم نابێت، و بووە بە بەربەستێکی گەورە بەرامبەر ھەرچی شۆڤێنی و تاریک پەرست و نەیاری کوردە، بەو ھەوڵە ترسنۆکانەیانەوە کە گولە بە تاریکیەوە دەنێن، دەیانەوێت مەترسی بخانە سەر سەقامگیری و ئاسایش و پێکەوەژیان لەھەولێر و ھەموو ھەرێمی کوردستان، کە ھەولێر بووە بەڕەمزی پێکەوە ژیان لەھەمو ناوچەکە وەکو مانگی چواردە لەتاریکی ناوچەکە دەردەکەوێت. 

ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە، کە پڕ ئاڵۆزترین ناوچەیە لەجیھان وەکو سندوقێک وایە، ھەرێمی کوردستانیش دەکەوێتە ناوەڕاستی سندوقەکە، ھەولێریش قوفلی سندوقەکەیە، ھەرێمی کوردستان لەھێز و چەک نابەرامبەرە بەرامبەر وڵاتانی ناوچەکە، بەھۆی ئەوەی تا ئێستا دەوڵەت نین بەڵام جوگرافیاکە وا دەخوازێت کە ھیچ پرسێک بەبێ ھەولێر سەرکەوتوو نەبێت، دەوڵەتانی زلھێز و ئیقلیمی کە ھەر یەکەیان لای خۆیانەوە دەیانەوێت حاکمی ناوچەکەبن بەدوای کارتی سیاسین. ئەو کارتە سیاسیەش تەواو نابێت گەر لەسەر مێزی ھەولێر نەبێت، جا ھەر یەک لای خۆیەوە دەیەوێت ھەژمونی خۆی لەھەولێر زیاد بکات یان خۆی بسەپێنێت. بەڵام ھەولێر ڕادەست نابێت وەکو یاریکەرێکی زیرەک لەناوچەکە سیاسەت دەکات.

ھەولێر کارتی سیاسەتی بەھێزی ئەوتۆی نیە، بەڵام ھیچ کارتێکی سیاسی لەناوچەکە بەبێ ھەولێر سەرکەوتوو و بەھێز نابێت، جا ھەموو دەوڵەتە دژبەرەکانی یەکتر سەردانی ترافیکی دیبلۆماسیەتی ھەولێر دەکەن، ترافیکی ھەولێریش بۆ ھەموو دەوڵەتە دژبەرەکان سەوزە، سور لەسەر ھیچ وڵاتێک دانەنراوە، بێ دەوڵەتی و دیلی دەستی جوگرافیا وا دەخوازیێت کە ھەولێر پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ ھەموو وڵاتانی ناوچەکە و زلھیز و بەتایبەتی چوار دەورمان ھەبێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی. 

ھەر کاتێک جوڵەیەکی دیبلۆماسی ھەبێت لەلای دەوڵەتێک بۆ ھەولێر، یان لای ھەولێر بۆ دەوڵەتێکی تر، لەلای دەوڵەتانی دژبەر و نەیار بە ئامراز و شێوازی جیا ھێرش دەکەنە سەر ھەولێر کەچەقی سیاسەتە سەرچاوەی ھێزی کوردە، لالەیەکەوە ئابلوقەی بودجە و چەک لەسەر ھەولێر دادەنێن، لەلایەکی ترەوە بە درۆن و مووشەک ھێرش دەکەنە سەر ھەولێر، لەولاشەوە لەشکرکێشی بۆسەر ھەرێم دەکەن، کە تەواوکەری ئەوەن کە پێشتر ئاراستەی داعشیان بۆ ھەولێر گۆڕی، و دواتر کە داعش سەرکەوتوو نەبوو خۆیان بەھەموو ھێزیانەوە بەھەموو چەکی پێشکەوتووی سەردەم ھێرشیان کردە سەر ھەولێر بۆ ئەوەی ھەولێر لەدەستی خاوەنەکەی دەربھێنن بیکەن بە گۆڕەپانی سیاسەت و بەرژەوەندی خۆیان.

کێشەی ھەولێر و ناوچەکە دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەدەیەک، کە لەلایەن کۆلۆنیالیزمی فەڕەنسی و بەریتانی نەخشەی جوگرافیای ناوچەکە گۆڕا، دوای کۆتایی پێھێنانی ھەژمونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، چەند دەوڵەتێک دروستکران لە ناوچەکە بەبێ خواستی نەتەوەکانی ناوچەکە، کە ئامانجیان گەشە و ئاوەدانی و بەرقەرارکردنی ئارامی بوو لە ناوچەکە، بەرژەوەندی شارەوەشیان کۆنترۆڵی نەوت و گاز کە دوو جەمسەری وزەن، کەھەر دەوڵەتێک بیەوێت حوکمڕانی لە جیھان بکات بەبێ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەی وزەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست نابێت. 

دوای سەدەیەک ناوچەکە ئاڵۆزیەکانی زیاتر بوون، گەشەی نەک ھەر بەرەو پێشەوە نەچوو بەڵکو خراپتر بوو، سەدان حاکمی تر دەرکەوتون، دانەری نەخشەی ناوچەکە کە بەزۆری جوگرافیای چەند نەتەوەیەک بەبێ خواستی ئەوان پێکەوەلکاون نە لەسیاسەتی ناوچەکە سەرکەوتوبون، نە توانیان بەرژەوەندیەکانی خۆیان بپارێزن، ناوچەکە بەرەو گۆڕانکاری حەتمی یە، کەھەموو وڵاتانی ناوچەکە دەیانەوێت لەم گۆڕانکاریەدا ھەژمونی خۆیان زیاد بکەن و بەرژەوندی خۆیان بپارێزن. بۆ ئەوەی ببن بە حاکمی ناوچەکە چاویان لەسەر ھەولێرە. 

ھەولێریش بەدیبلۆماسیەتی بەھێز دەیەوێت لەم گۆڕانکاریەدا وەکو یاریکەرێکی زیرەک بەرژەوەندی خۆی بپارێزێت، ئیدی قوربانی دەستی ھیچ ڕێکەوتنێکی ھەڵەی نێوان ھیچ وڵاتێکی زلھێز نەبێت، سنورەکان بەدەستی خۆیان بێت نەک وڵاتی تر. وەکو ناوبژیوانێکی بێ لایەن لەناوچەکە دەربکەوێت نە مەترسی بۆ سەر ھیچ لایەک ھەبێت نە دۆستی لەیەک بێت دژی لایەکی تر. ئەوەی لەتوانای بێت درێغی نەکات لەچارەسەرکردنی کێشەکان لەنێوان دژبەرەکان کەزۆر جار سەرکردایەتی کورد ڕۆڵی ناوبژیوانی بینیوە دژبەرەکانی لەیەکتر نزیک کردۆتەوە ئاشتی لەنێوانیان بەرقەرارکردووە. 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.