Erbil 23°C شەممە 28 ئەیلوول 23:51

ھەولێر ناوەندی بڕیار، یان شکێنەری ئاڵنگارییەکان...

ھەر زوو میدیاکانی ئێران و نزیک لە سوپا و حکومەتی ئێران زانیارییان لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە
فرسەت سەید شوكر
100%

دەنگێکی گەورە و بەھێز، بەرەبەیانی 13 ی ئادار لە دەیان ناوچەی کوردستان بیسترا، خەڵک شۆک بوون، بە ئاگا ھاتن لە دڵەڕاوێکدابوون، ناوە ناوە دەنگی گەورەی دیکە شاری ھەولێریان دەگرتەوە، دواتر دەرکەوت ھێرشی مووشەکی گەورەی "بالستیک"ـی بووە، کونسڵخانەی نوێی ئەمریکای لەشاری ھەولێر پێ بۆردومان کراوە.

سەرەتا و کاردانەوەکان

ھەر زوو دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دڵنیایان بە خەڵکی کوردستاندا، ئەمریکا، بەشێک لەوڵاتانی ئەوروپا سەرکۆنەی ڕووداوەکەیان کرد و بە کارێکی تیرۆریستی لە لەقەڵەمیاندا و بە ھێرشێکی مەترسیدار بۆ سەر ھەولێر و خەڵکەکەی وێنایان کرد. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەی ڕاگەیاند کە کە هیچ زیان و قوربانییەک لە هیچ باڵەخانەیەکی حکومەتی ئەمریکا نەکەوتووەتەوە، ھاوکات گووتوویەتی "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لەلایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکردووە"

ئامانجی ھێرشەکە؛

 ھەر زوو میدیاکانی ئێران و نزیک لە سوپا و حکومەتی ئێران زانیارییان لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە، "سوپای پاسداران" پێش ھەفتەیەک دوو پلەداری وڵاتەکەی لە سوریا کوژران، ئێران پەنجەی تۆمەتی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، سوپای پاسداران هەڕەشەی کردبوو تۆڵەیان دەکاتەوە. 
کەناڵی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بە کاتی هێرشەکە بۆ سەر هەولێر کردووە لە کاژێر 1 و 20 خولەک و نووسیویەتی "بە کاتی قاسم سلێمانی"، وەک ئاماژەیەک بۆ کاتی کوژرانی سولەیمانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا. لە ساڵانی رابردوویشدا بەرپرسانی سوپای پاسداران هەمیشە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی ئەویان کردووە.
جۆری مووشەکە ئاراستەکراوەکە؛ ساڵی 2020 ئاژانسی ئێران مووشەکەکەی وەک دەستکەوت و پرۆژەیەکی پێویست و گرنگی سوپای پاسداران لە قەڵەمداوە، ئەم جۆرە مووشەکە کێشەکەی 65 کیلۆیە و کڵاوەکەشی 19 کیلۆیە.

کاردانەوە ناوخۆییەکان؛

"سەرۆک بارزانی" لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە: کە ھەولێر چۆن ھۆلاکۆ کۆنەکانی شکاند، ھۆلاکۆ تازەکانیش تێکدەشکێنێت، پەیامەکەی "سەرۆک بارزانی" ڕوونە بەوەی کە ئاڵنگاریی گەورە لەپێش ئەزموونی ھەرێمی کوردستان و ماف و دەستکەوتەکانی ھەن، بە بەرنامە و پیلان کار بۆ تێکدانی دۆخی سیاسیی و ئەمنی ھەرێمی کوردستان دەکرێت.
لە دوای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10 ـی 10ـی 2021، دۆخی سیاسیی عێراق بەرەو چەقبەستوویی ھەنگاوی نا، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی سەربە ئێران لە ھەڵبژاردنەکە پاشەکشەی گەورەیان کرد، قبوڵنەکردنی شکست و سووربوون لەسەر ئاراستەکردنی داھاتووی "عێراق" لەلایەن ئێرانەوە و ڕەتکردنەوەی ئەمە، لەلایەن ئەو ھێزانەی کە ژمارەی کورسییەکانیان زۆر زیاترە لە حیزبەکانی سەربە ئێران، ھۆکارێک بووە بۆ ھەڕەشەکردن بە ڕێگەی جیاواز جیاواز، بۆ شێواندنی دۆخی عێراق و بەتایبەتی ھەرێمی کوردستان.
زیادکردنی فشارەکانی دەوڵەتەا اقلیمییەکان، بەناوی دادگە و یاساوە، ئێستاش بە مووشەک و ھێرشی چەکداری دەچێتە یەک قاڵبەوە کە ئەویش ملکەچکردنی "ھەرێمی کوردستان" و لایەنە سیاسییەکان براوەکانە بە کەمینەکەیەکی شکستخواردوو کە لەلایەن ڕای گشتی عێراقییەوە ڕەتکراونەتەوە.

ئێستا لە ھەمووکاتێک زیاتر چاوەکان لەسەر ھەولێرە، بە تایبەت وەک ناوەندێکی گەورەی بڕیار و یەکلایکەرەوە لە ڕووی سیاسیی و دیبلۆماسیی بەتایبەتی، بە ھەند وەرگرتن و خوێندنەوەی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری کێشە چارەنەبووەکانی عێراق و ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی ئەوڕۆی ھەولێر، کە وەک دەوڵەتێکی بچووکی پێکەوەژیانی ئاشتیانە چاوی لێدەکرێت، ڕەنگە لەلای ھەندێک ھێزی سیاسیی و میلیشیاکانیان ھەزم نەکرێن.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.