Erbil 15°C ھەینی 19 نیسان 20:13

ھەرێمی کوردستان لە زاوییەی ئاڵۆزییەکانی ڕوسیا و ئۆکراینا

کورد چۆن سوود لەم دۆخەی ئۆکراین وەربگرێت
فرسەت سەید شوكر
100%

شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ڕوسیا و ئۆکراینا گەیشتنە لوتکە
"ئۆکراینا" دوای ڕووخانی "یەکێتی سۆڤیەت" لەو ووڵاتە جیابوۆوە و سەربەخۆیی ڕاگەیاند لەگەڵ ڕوسیا، ھەمیشە بە چاوی ركەبەر لە یەکدییان دەڕوانی، بەشێکی زۆر لە ئۆکراینەکان ئارەزوویان بەو سەربەخۆییە کە ئێستا ھەیانە، شانازی بە کلتور و زمان و فەرھەنگی خۆیانەوە دەکەن، ھەمیشە دەیانەوێ لەو قاڵبە بێنە دەرەوە کە وەک بەشێک لە "ڕوسیا"ـێ پێ ھەژماردەکرێن.
"ڕوسیا ھەرگیز" ئەو حەز و ئارەزووانەی خۆی نەشاردووەتەوە کە تایبەتن بە فراوانکردنی دەسەڵات و بەھێزکردنی پێگەی خۆی لەو دەوڵاتانەی کە پێشتر بەشێک بوون لە "یەکێتی سۆڤیەت"

ناتۆ وەک سەرەکیتیرین ھۆکار

"ئۆکراینا" لەلایەن "ئەمریکا" و ووڵاتانی ناتۆ پاڵپشتیی و پشتگیریی ھەیە، زەمەنێکیشە ئەم دەوڵەتە ئاوات و ئارمانجیەتی کە بچێتە نێو یەکێتیی ئەوروپا، بۆ ئەمەش لۆبی باشی بۆ ھەنە، بەڵام ڕێگریییەکانی ڕووسیا لەو ھەنگاوە ئەم ئاواتەی ئۆکراینایان لاوازکرد.
ساڵی 2008، ناتۆ بڕیاریدا "ئۆکراینا" ببێتە بەشێک ڕێكخراوەکە، لە حوزەیرانی 2021، جەختیان لەو بڕیارە کردەوە و رایانگەیاند، "کیێڤ ئازادە لە بڕیارەکانی و مافی ئەندامیەتی ناتۆی هەیە.", ئەم قسانەی ئەندامانی ناتۆ ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕووسیای توڕەکرد.
 
"ئۆکراینا" بە یەکێک لە وڵاتەکانی هاوپەیمانی ناتۆ دادەنرێت، ناتۆ دەیەوێت ئەو وڵاتە بکاتە یەکێک لە هاوپەیمانانی باکووری ئەتڵەسیی، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بەوەداوە “، گۆڕینی وڵاتە دراوسێکانیان بۆ پردی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕووسیا، واتە جێگیرکردنی هێزەکانی ناتۆ لەو ناوچانەی گرنگیی ستراتیژییان بۆ ئاسایشی هەیە، بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت"

"کاریگەرییەکانی ململانێکە لەسەر دۆخی ئابووری"
 
بەردەوامی دۆخی شەڕ، وەک هەڕەشە لە ئابووریی ئۆکراینا و وڵاتانی دیکە لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا دێتە ھەژمار،
ئاڵۆزییەکان بازاڕی وزەی ناسەقامگیر کردووە و نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی بەرزکردووەتەوە، بە جۆرێک خەڵک ناتوانن پێداویستییە ئارەزوویەکانی خۆیان بکڕن.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ھەریەکە لە "جۆ بایدن"ی سەرۆکی ئەمریکا  و "بۆریس جۆنس"ی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و "ماکرۆن"ی سەرۆکی فەرەنسا بە توندی دژی بڕیار و پێشڕەوییەکانی سوپای ڕوسیا وەستاونەتەوە، ئەمە جیا لەوەی ھەریەکە لە ناتۆ و ووڵاتانی (G7) یەکگرتوویی خۆیان لە بەرانبەر دژوەستانەوەی داگیرکردنی ئۆکراین دووپاتکردووەتەوە، ئەمریکا بڕیاریداوە سزای زیاتر بەسەر ڕوسیادا بسەپێبێت بەتایبەت لە ڕووی دارایی و سەربازییەوە، دەوڵەتانی ھاوپەیمانی ئەمریکاش پاڵپشتی سزاکانی ئەمریکان.

لەگەڵ قوڵبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا، وڵاتانی ئەوروپا نیگەرانن لەوەی کە لەوانەیە کاریگەری لەسەر کەرتی وزەی ئەوروپا دروستبکات. 
لە کاتێکدا وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و پۆڵەندا و فەرەنسا نزیکەی لە 40%‏ گازی سروشتی لە ڕووسیاوە هاوردە دەکەن.
تەشەنەکردنی ڤایرۆسی گۆڕاوی ئۆمیکرۆنیش بەشێکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، جگە لە دابه‌زینی قه‌باره‌ی نه‌وتی كۆگاكراوی ئه‌مه‌ریكا کە تەنها له‌م هه‌فته‌یه‌دا زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن به‌رمیل دابه‌زیووە.

"ئۆکراینا" نەک بۆ ڕوسیا بۆ ھەموو جیھان گرنگی و تایبەتمەندی خۆی ھەیە، گرنگی ئۆکراین دەگەڕێتەوە بۆ (یەکەمینی یەدەگی نەوتی-یەدەگی تیتانۆمی خاو-یەدەگی مەنگەنیز-یەدەگی ئاسنی خاو-یەدەگی جیوەی خاو-خاکی کشتوکاڵی بەھێز-ھەناردەکردنی زەیت-ھەناردەکردنی جۆ-سەرچاوەی گەنمەشامی-بەرھەمھێنەری پەتاتە-بەرھەمھێنەری ھەنگوین-ھەناردەکردنی گەنم-بەرھەمھێنانی ھێلکە-ھەناردەی پەنیر-وزەی ئەتۆمی-درێژی ھێڵی ئاسنین-خۆڵ بۆ فرۆشتن), ئەم ھۆکارانە وایکردووە کە نەک ڕوسیا تەواوی ڕۆژئاواش چاویان لە گرنگی ئۆکراین بێت، بە تایبەت ئۆکراین یەکەم گەورەترین ووڵاتی ئەوروپایە، تەنانەت لە فەرەنساش گەورەترە و لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە ناوچەیەکی ستراتیژی گرنگە بۆ ئابووری و سیاسەت و سەربازیی و گۆڕانکارییە جیھانییەکان.

"دۆنێتسک و لوھانسک"

پاش ئەوەی ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا بڕیارییدا سەربەخۆیی بداتە هەردوو هەرێمی دۆنێتسک و لوهانسک، ئەم دوو شوێنە ناوچەیەکی ستراتیژی گرنگە بە نسبەت ڕوسیا و ئۆکرانیاش، ئەم دوو ناوچەیە زۆربەی دانیشتووانەکەی ڕوسین و ئارەزوویان بە جیابوونەوەیە لە ئۆکراین، ڕوسیا، حکومەتی ئۆکراین بە ھەوڵدان بۆ سڕینەی کلتور و فەرھەنگی ئەو دوو ناوچەیە تۆمەتبار دەکات، پێیانوایە ئۆکراین جینۆسایدی لەو دوو ھەرێمە ئەنجامداوە، ڕەنگە ئەمە بۆ ئەو خەڵکی ئەو ناوچانەش بێزارکەر نەبێت، چونکە بەشێکی زۆر لە ڕووسەکانی نێو ئۆکراینا، ئارەزووی گەڕانەوەی دەسەڵاتی ڕوسیا دەکەن، حکومەتی ڕوسیا پێیوایە؛ دەکرا ئۆکراین "ئۆتۆنۆمی" بە ئەو دوو ھەرێمە بدای، لە بری ئەوەیە دژایەتی وڕک بەرامبەر ئەم شوێنانە بچێنێت.

کورد چۆن سوود لەم دۆخەی ئۆکراین وەربگرێت:

پێش ئەوەی ئۆکراین بە تەواوی شەر بەرۆکی بگرێت، وڵاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەتیش ئەمریکا ھەڕەشەی توند و بەھێزیان لە ڕوسەکان دەکرد، "بایدن" لە دواین پەیامی ئەوەی ڕاگەیاند: کە شەڕ لەگەڵ ئۆکراین واتای شەڕە لەگەڵ ئەمریکا.
کەچی پەیتا پەیتا ڕوسیا لە کۆنتڕۆڵکردنی ئۆکراین نزیکدەبێتەوە، نە ئەمریکا و نە وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاواش جگە لە بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و باسکردنی کۆمەڵێک سزا کە ڕەنگە ڕوسیا خۆی بۆ ئامادەکردبێت ھیچی دیکە نەبووە.
زینلیسکی سەرۆکی ئۆکراینیش ئەوەی ڕاگەیاند: کە بەجێیانھێشتووین و گەر ووڵات ھاوکارمان نەبن، شەڕ دەچێتە گەڕەکانی ئەوانیش، لێرەدا سەرۆکەکەی ئۆکراین مەبەستی ووڵاتانی ڕۆژئاوایە.

کورد ئەزموونی تاڵ و ناخۆشی لە بێھەڵویستی زلھێزەکان ھەیە، ھەر لە قۆناغی دوای ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان (1946) و دواتر موئامارەی دژبە شۆڕشی ئەیلول و پاشان لە ئەنفال و کیمیابارانی کورد لە ناوەڕاستی ھەشتاکان، دواتریش لە ڕیفراندۆم و دواتریش لە کەرکوک ساڵی (2017) 
ئەمانە دەرخەری ئەوەن کە زلھێزەکانی دونیا لەسەروی ھەمووشیانەوە ئەمریکا، بە سیاسەتی بەرژەوەندی کار دەکات، بەرژەوەندی لە ھەر شوێنێک بێت لەوێ دەمێنێتەوە، ھەر کە لاوازیش بوو دەکشێتەوە لێی، بێ گوێدانە ماف و داواکارییەکانیان.

بەشێوەیەکی لۆژیکی دۆخی ھەرێمی کوردستان لەنێوانی ھەبوون و مەترسی نەبووندایە، کورد لە ئێستادا لە ھەموو کات زیاتر پێویستی بە تۆکمه‌کردنی ئه‌زموونی ئێستای هه‌رێم له‌ ناوه‌وه‌، جگە لەم  بەدیلێکی دیکە نییە، "هه‌رێمی كوردستان" پاڵپشت بە جیۆپۆلەتیک و به‌ بوونی ئه‌و سه‌رچاوه‌ سرووشتییه‌ی لە ڕووی ئابوورییەوە ھەیەتی بووەتە،‌ پێویستییەکی ئێستای مرۆڤایەتی بەڵام ڕەنگە بۆ ھەمیشە نەتوانێت‌ دوور رابگرێت له‌و ناكۆكی و ململانێیانه‌ی له‌سه‌ر غازی سرووشتی هه‌ن و له ‌داهاتوودا زیاتر ده‌بن. 
بۆیە بوونی سیاسەتێکی بەھێزی ئابووری و پێداچوونەوەی بەردەوام بە کەموکوڕییەکان، دەکرێتە ھۆکارێک بێت بۆ بەھێزی قەوارەکە، ئەمە جیالەوەی ھەوڵدان بۆ یەکگرتوویی و ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کورد لەنێو ئەم ھەموو کێشمەکێشم و ئاڵنگارییە سیاسیی و سەربازییەی ئێستا زامنێکی باشتری قەوارەی ھەرێمی کوردستان دەکات، چونکە لە یادمان نەچێت، ئەگەرچی دۆخی ڕوسیا و ئۆکراین جوودایە، بەڵام لەشکرکێشییەکانی ڕوسیا شەرعیەتی ناڕەوا دەداتە بەشێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە کە دەیان ساڵە چاویان لە کوردستان و ناوچەکە ستراتیژییەکەیەتی بە تایبەت عێراق و تورکیا و ئێران کە ھەر بیانوویەکیان لەدەستدا بێت، ھەلی فراوانکردن و ھەژموون و پێگەی خۆیان لەناوچەکە لەدەست نادەن.
تورکیا بە ئارمانجی گەڕانەوە بۆ سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی و عێراق بە ناوی دادگە یاساوە، ئەو سیاسەتە نە دەشارنەوە نە لەبیری دەکەن!
بەڵام ھەروەک باسمان کرد؛ بەھێزی و یەکگرتوویی کورد و خوێندنەوەیەکی سیاسیی قوڵ، پاڵپشت بە ھێزی پێشمەرگە و ئیرادەی خەڵک دەتوانێت لە پێش ھەموو ئەو ئاڵنگارییانە بووەستێتەوە.

جیهان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.