Erbil 31°C پێنجشەممە 26 ئایار 17:38

ترافیکی سیاسی له‌ باره‌گای بارزانی

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بۆ كورد له‌م كاته‌دا جارێكی دیكه‌ بریاری سیاسی له‌ عێراقدا به‌تاك لایه‌نه‌ نه‌درێت
100%

هاتنی شاندێكی باڵای عێراقی سه‌دریه‌كان و مه‌حمود مه‌شهه‌دانی بۆ هه‌رێمی كوردستان و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی، له‌ دۆخێكی گرنگ و هه‌ستیاردایه‌ له‌و سه‌ردانه‌  پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراق باس كراوه‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بۆ كورد له‌م كاته‌دا جارێكی دیكه‌ بریاری سیاسی له‌ عێراقدا به‌تاك لایه‌نه‌ نه‌درێت و كورد ببێته‌ كاراكته‌ری به‌هێز له‌ عێراقدا به‌داخه‌وه‌ له‌دوای ئه‌وه‌ی كوردستان له‌بریاری سیاسی عێراق فه‌رامۆش كرا ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی زۆر خرابوو یه‌كێك له‌وانه‌ به‌تاكره‌وانه‌ هێرش كرایه‌ سه‌ر ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و سه‌رجه‌م پۆسته‌كانی كورد له‌به‌غدا به‌وه‌كاله‌ت پڕكرانه‌وه‌ و له‌ناوچه‌ كوردستانیه‌كانیشه‌وه‌ هه‌ولێر كرایه‌ ئامانج كه‌ دواجار نیگه‌رانی توندی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی لێ كه‌وته‌وه‌.

ئه‌م جاره‌ كوردستان به‌سه‌نگ و قورساییه‌كی دیكه‌وه‌ سیاسه‌ت له‌به‌غدا ده‌كات، پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق كه‌ به‌پێی عورف پشكی كورده‌ ده‌توانتێت رۆڵی گرنگ و گه‌وره‌ ببینێت له‌ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان، له‌هه‌مان كاتدا پۆستی كورد له‌ سوپای عێراق رۆڵی گه‌وره‌ی ده‌بێت له‌ رێگری له‌ تاكره‌وی سه‌ربازی. جیاله‌وه‌ش وه‌زیره‌كانی كورد له‌به‌غدا ئه‌گه‌ر بێت و ده‌سه‌ڵاته‌كانیان وه‌ك خۆیان به‌كار بهێنن ده‌توانن هاوكیشه‌ی سیاسی عێراق بگۆرێن، ئه‌وه‌ی گرنگ كه‌ ئه‌م جاره‌ به‌رنامه‌ی به‌هێز پلانی تۆكمه‌ بۆ چوونه‌ به‌غدا هه‌بێت، بۆیه‌ ئومێد ده‌كرێت هاتنی ئه‌م شانده‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رچاوروونی زیاتری هه‌بێت بۆ هه‌رێمی كوردستان كه‌ چۆن به‌شداری له‌ حكوومه‌تی داهاتووی عێراق ده‌كات ئایا حكوومه‌تی زۆرینه‌ی بۆ كورد باشه‌ یان حكومه‌تی بنكه‌ فراوان؟.


لیستی سه‌دریه‌كان ئیستا له‌ مه‌یدانی سیاسی عێراق به‌هێزو و كاریگه‌رن ژماره‌ی كورسییه‌كانیان زیادی كردووه‌ له‌هه‌مان كاتدا ده‌یانه‌وێت دوای چه‌ندین سال شێوه‌ی حوكمرانی خۆیان تاقی بكه‌نه‌وه‌، ره‌نگه‌ ده‌رفه‌تدان به‌ سه‌دریه‌كان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت ئه‌گه‌رێكی چاوه‌روانكراوبێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ خاوه‌نی جه‌ماوه‌رێكی زۆرن و یه‌ك سه‌ركرده‌یان هه‌یه‌ و وه‌ك مه‌رجه‌ع ده‌توانێت گرفته‌كان یه‌كلا بكاته‌وه‌، له‌هه‌مان كاتدا گرنگه‌ چوار چێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعه‌كان به‌شداری له‌ كابینه‌ی حكوومه‌ت بكه‌ن و ره‌نگه‌ هاوكێشه‌كه‌ش هه‌ر ئاوابێت، چونكه‌ مانه‌وه‌یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات گرفتی گه‌وره‌ بۆ حكوومه‌ت دروست ده‌كات، هه‌ردوولا ده‌یانه‌وێت بۆچوونی خۆیان له‌سه‌ر داهاتووی عێراق و ئیداره‌دانی عێراق روون بكه‌نه‌وه‌ و له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دووباره‌ متمانه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش بگه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی رابردوو گرفت بوو له‌به‌رده‌م هه‌ردوولا نه‌بوونی متمانه‌ بوو.


سه‌رۆك بارزانی رۆڵی گرنگ و یه‌كلا كه‌ره‌وه‌ ده‌بینێت له‌ شێوه‌ی حكوومه‌تی عێراق به‌بێ ئۆكه‌ی سه‌رۆك بارزانی، ئاسته‌مه‌ حكوومه‌تی عێراق دروست بكرێت بۆیه‌ هاتنی ئه‌و شانده‌ زیاتر وه‌رگرتنی په‌یامه‌ له‌لایه‌ن بارزانییه‌وه‌ كه‌ كورد چ جۆره‌ حكوومه‌تێكی ده‌وێت، ره‌نگه‌ ده‌ست پێشخه‌ری نوێش هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی قسه‌ له‌سه‌ر شێوه‌ی ئیداره‌دانی عێراق بكات، كاتی خۆشی ئه‌یاد عه‌لاوی له‌ چاوپێكه‌وتنێك گوتی، له‌گه‌ڵ برام كاك مه‌سعود بارزانی قسه‌م كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستپێشخه‌ری هه‌بێت بۆ نزیك بوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی عێراق سه‌رۆك بارزانیش پێی گوتووه‌ كه‌ (هه‌ر كاتێك گرفته‌كه‌ به‌ ده‌ستپیشخه‌ری من چاره‌سه‌ر بێت ئاماده‌م)، ناكرێت رۆڵی سه‌رۆك بارزانی له‌ كایه‌یی سیاسی عێراق و كوردستان له‌بیر بكرێت ئێستاش لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ری ئه‌گه‌ر كار له‌سه‌ر ئه‌و هۆشداریه‌ی سه‌رۆك بارزانی بكرابایه‌ له‌ 2012 بۆ عێراق كردی كارنه‌ده‌گه‌یته‌ ئه‌وه‌ی ئێستا كه‌ هه‌یه‌. 


بریاره‌ سبه‌ی دووباره‌ شاندی باڵای پارتی و یه‌كێتی كۆبوونه‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش بچنه‌وه‌ بۆ به‌غدا ئه‌م جاره‌ ده‌رفه‌تی زێرین له‌به‌رده‌م هه‌ردوو حزب له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئه‌و به‌رنامه‌ هاوبه‌شه‌ دیاری ده‌كرێت بكرێته‌ بنه‌مایه‌ك و وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت كه‌ به‌دڵنیایه‌وه‌ نه‌ له‌به‌غداوه‌ مافی كورد پێشێل ده‌كرێت نه‌ موزایه‌ده‌ له‌ناو حزبه‌كان دروست ده‌بێت كه‌ له‌خولی رابردوو ئه‌وه‌مان بینی.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.