ماوەیەكە دوژمن و بەكرێگیراوەكانیان بەشێوەیەكی زۆر بەرنامە داڕێژراو و چڕوپڕ، سەروەری و كەسایەتی و قەوارەی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت پارتی و بارزانی، یان بە هەموو توانای هەواڵگریی وڵاتانی ناوچەكە و هێرشی میدیایی و میدیا و كەسایەتیی فەیك و ئاستنزم، بەردەوام پەلامار دەدەن.
ئەگەر بەوردی هەڵوەستە لەسەر ئەو پەلاماردانانە بەتایبەت بۆ سەر قەوارەی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتەكەی و بارزانی بكەین، هەر لە سەرەتاوە و پێش دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم كە بە پلان و ستراتیجی چاكسازی و پاكسازی و پێشكەوتنی كوردستان لە گشت بوارەكاندا، ئینجا كوردستانی بەهێز هاتە گۆڕەپانی خزمەتكردنی كوردستان، ئەوا نەیاران و دوژمنانی گەلەكەمان كە زۆرتر دژایەتییان بەرانبەر پارتی و بارزانی وەك نوێنەری راستەقینەی دۆزی نەتەوەییمان، لە رێی كۆمەڵێك سیناریۆ و پیلانگێڕی و پەلاماری نالۆجیكی و ترسنۆكانە، هەمیشە بابەتێك دەورووژێنن بۆ ئەوەی خەڵك بەلاڕێدا ببەن، بەڵام كورد و بارزانی رێیەكەیان رووناكە و ناكەون.
ئەو پەلاماردانانە لە كاتێكدایە كە عێراق بە بارودۆخێكی زۆر هەستیاردا گوزەر دەكات، بەتایبەت دوای هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021 و شكستی ئەو لایەنانەی لە بەغدا بە هەموو توانایەكەوە هەوڵی سڕینەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستانیان دەدا، ئینجا حزب و لایەنە بەكرێگیراوەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كە بێجگە لە شەڕی دەروونی و تیرۆری فیكری و هاندانی خەڵك و لایەنگر و ئەندامەكانیان، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا هیچ دەستكەوتێكیان بۆ كوردستان نەبووە، بۆیە هەمیشە تووشی رێسوایی گەورە دەبنەوە، بەڵام سەیر لەوەدایە كۆڵ نادەن و هەمیشە لەسەر هەڵە دەڕۆن، لە كاتێكدا سیاسەت وا نییە و هەمووی ئەزموونە، بەڵام سەرگەرمی ئەمانە بۆ دژایەتیی بارزانییەكان، مرۆڤ دڵنیا دەكات كە لە دەرەوە دنە دەدرێن نەك پڕۆژەیەكی فكری خۆیان بێ.
ئەم شكستخواردووانە ماوەیەكە چەند كارتێكی تر بە پاڵپشتی دوژمن و رقە كوێرانەكەی خۆیان بەكار دێنن، كە بەشێوەی بەرنامە بۆ داڕێژراو لە رووی راگەیاندن و توانای تێكدەرانەی خۆیانەوە كاری لەسەر دەكەن، ئەوانیش بریتین لە:
یەكەم: دروستكردنی كێشە لە بەردەم ناردنی بودجە و مووچەی كوردستان.
دووەم: سوودوەرگرتن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ لێدانی پێگەی حكوومەتی كوردستان و شكست پێهێنانی.
سێیەم: بەكارهێنانی چین و توێژەكانی خەڵك و لایەنگرانیان بە سیناریۆی جیاواز لە دژی هەرێمی كوردستان.
چوارەم: سوودوەرگرتن لە میلیشیاكانی پەكەكە و دەزگا هەواڵگرییەكان بۆ تێكدانی سەقامگیری و ئاسایشی كوردستان.
پێنجەم: سووكایەتیكردن بە سیمبول و شوناس و مێژوو و خەبات و كەسایەتییە شۆڕشگێڕەكانی كورد.
شەشەم: بەكارهێنانی دەیان دەزگای میدیایی پرۆگرامكراو و قورمیشكراو بە بەرنامەیەكی چڕ بۆ هاندان و گەوجاندن و تیرۆری فكری لە بواری جۆراجۆردا.
حەوتەم: بەكارهێنانی كۆچبەران و هاندانیان بۆ چوونە هەندەران، بەمەبەستی ناشیرینكردن و سووككردنی سەنگی هەرێمی كوردستان.
هەشتەم: سووكایەتی بە پێشمەرگە و شەهیدان و پشتیوانیی تیرۆریستان لەڕووی میدیاییەوە و هەوڵدان بۆ رووخاندنی تاكی كوردستان.
نۆیەم: دروستكردنی كۆسپ و ئاستەنگی گەورە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و بەغدا و هەرێمایەتی، لە بەردەم هەنگاوە ڕژدەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی كوردستان لە گشت بوارەكاندا كە كار و پڕۆژەی ستراتیجی و گرنگی بۆ كوردستان هەیە.
دەیەم: هەڵبەستنی درۆ و چەواشەكاریی زۆر دژ بە مەسروور بارزانی بە پیلان و نەخشەی دەزگا هەواڵگرییەكان، ئینجا لە رێی حزب و لایەنە ناوخۆییەكانەوە لە پێناو ساردكردنەوەی كەسایەتیی سەرۆكی حكوومەت بۆ ئەوەی لە پڕۆژەكانی بكشێتەوە.
ئەوانە لە كاتێكدان هەموو كوردستانییان گەواهیدەری ئەو راستییەن كە مەسروور بارزانی لە ماوەی رابردوو و بە ئێستەیشەوە، گشت تواناكانی خستووەتە سەریەك و شەو و رۆژ لە هەوڵ و تێكۆشاندایە بۆ خزمەتی دۆزی رەوای گەل و نیشتمانەكەی، وەك كەسایەتییەكی پۆڵاین رووبەڕووی هەموو ئەو كۆسپ و پیلانگێڕییانە بووەتەوە كە لە بەردەم كاروانی كوردستانی بەهێزدا لەلایەن دوژمن و ناحەزانەوە چێنراون.
مەسروور بارزانی خاوەنی دۆزە و بەرپرسیارە، بۆیە هەموو بستێكی ئەم كوردستانە كۆشك و ماڵی خۆیەتی و پێویستی بە خۆدەوڵەمەندكردن نییە، ئەوەی بۆ سەرۆكی حكوومەتی كوردستان شانازییە، خزمەتكردن و فیداكارییە، پارێزگاریكردنە لە شكۆ و ئیرادە و داكۆكی لە مافە ڕەواكانی كوردستان، ئەویش بە كردەوە سەلمێنراوە نەك وەك شكستخواردووەكان هەر دروشم بێت. ئەم نەفامانە دەبوو لەوەوە تێبگەن سەرۆكی حكوومەتێك خۆی بخاتە ناو قوڕی لافاوی گەڕەكێكی وڵاتەكەی، واتە ژیانی خێوەتنشینی وڵاتەكەی، لە هەموو كۆشكەكانی دنیا لەلا جوانترە.