Erbil 15°C ھەینی 26 نیسان 12:06

پۆستی سەرۆک کۆمار لەعێڕاقدا 

پۆستی سەرۆک کۆمار یەکێکه لەو پۆستانەی که شێوازی جیاجیا له خۆ دەگرێت
یونس حه‌مه‌د
100%


یونس حەمەد - ئۆسلۆ

دوای هەر هەڵبژاردنێک چ لەلایەن گەلەوە ڕاستەوخۆ یان نوێنەرانی گەل له پەرڵەمان دا پێکهاتەکانی جومکەی دەسەڵات هەڵدەبژێردرێن ، ئەم جومکانەش سەرەتا به سوێندی ئەندامان دەست پێدەکات دواتر یەک له دوای یەک دا دەست و دەسەڵاتەکان دیاری دەکرێن بۆ بەڕێوەبردنی وڵات ، ئەمه عورفێکی بنەڕەتی یه له ئاستی حکومڕانیدا .
 پۆستی سەرۆک کۆمار یەکێکه لەو پۆستانەی که شێوازی جیاجیا له خۆ دەگرێت له هەندێک وڵات بنچینەیه بۆ به فەرمانگەبوونی دەوڵەتداری ، له هەندێک وڵاتی دیکەش دا زیاتر پڕۆتۆکۆلی یه ، بەڵام لەلایەکی دیکەوە دەوڵەت هەیه پۆستی سەرۆک کۆماری لەلای هیچ بایەخ وئەرزشی نیه ! .
 دەوڵەتی بەناو عێڕاق پۆستی سەرۆک کۆمار هیچ کات لەوەتەی ئینگلیزەکان لەسەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوو دایانمەزراندووە ڕۆڵی نەبووە له سیستەمی حکومڕانی دەوڵەت ، ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ سەرەتای دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە دەستکردە دەبینین پاشانیشینەکانی حیجاز و دوورگەی عەرەبی لەسەر دەسەڵات بوونه ، کەچی ماوە ماوە کۆدتا ڕووی داوە وسیستەم گۆڕاوە ، دوای ئەوەی پاشایەتی ڕووخا هیچ کات سەرۆک کۆمار ڕۆڵگێر نەبووە له بڕیارەکاندا ئەگەر چی ئەم پۆستە هەبووە به کۆمەڵ یان به تاک ،بەڵام ڕۆڵەکان خەڵکانێک گێڕاویانه که پێوویست بووە سەرۆک کۆمار ڕۆڵەکه بگێڕێت ، له 1958 که کۆدتا بەسەر پاشایەتی کرا ، ئەنجوومەنی سەروەری (سیادە) دامەرزا  ،کەچی سەرۆک وەزیران دەسەڵاتی ڕەهای هەبوو ، دوای ئەمیش که عەبدولسەلام عارف و نەتەوە پەرستەکان جلەوی دەسەڵاتیان گرتە دەست ئەگەرچی  عارف وەک سەرۆک کۆمار دەستینشانکرا ، بەڵام زیاتر ئەرکی وەزارەتی بەرگری دەسوڕاند و پلەکەی له سەرۆک کۆمار ئەوە نەبوو که بتوانێت سیستەمی دەوڵەت بسووڕێنێت ، دوای ئەمیش عەبدولڕەحمان عارفی برای پلەی سەرۆک کۆماری پێدرا ، ئەمیش هیچ ڕۆڵی نەبوو ،چونکه نەتەوە پەرست وبەعسیەکان دەسەڵاتداربوون.

 دوای کۆدتای 1968 ی بەعسیەکان ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر یان وەک سەرۆک کۆمار بێ هیچ هەڵبژاردنێک دەست نیشانکرد ، بەڵام له پاڵ ئەمەدا سەرۆکی هێزه چەکدارەکان بوو زیاتر لەم پلەیەدا ئەلبەکر خۆی نیشان دەدا ،سەدام حسێن که به کەسێکی دیکتاتۆر ناسرابوو له هاوینی 1979 دەسەڵاتی ڕەهای گرتە ئەستۆ وەک سەرۆک کۆمار دەستنیشانکرا ، لەم سونگەدا ئەمیش بایەخی بەم پلە سەرۆک کۆمارییە نەدەدا ، بەڵکو زیاتر لایەنی ڕادیکالی بەجێ دەگەیاند وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش ( ڕەئیس مەجلیس قیادە سەوڕە) یان سەرۆکی هێزە چەکدارەکان به تایبەتی له جەنگی هەشت ساڵەی عێڕاق - ئێران ، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئەمجارەیان شیعە جومکی دەسەڵاتی جێ به جێکاریان بۆ خۆیان یەکلاکردەوە و پلە وپایە لاوازەکانی دیکەیان کردە دیاری بۆ ئەوانی تر ،به تایبەتی پۆستی سەرۆک کۆمار که دەیانزانی لەو عێڕاقدا هەرگیز سەرۆک کۆمار بێ دەسەڵات وبێ بایەخ بووە ،نابێتە لەمپەر لەبەردەمیان .
 ئەگەر بگەڕێنەوە مێژووی دوای 2003 وە که پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کوردبووە ، بەڵام کورد نەیتوانیوە یەک هەنگاو یاخوود نوقتەیەک بچێتە پێشەوە ، هەتاوەکو لەم پۆستەدا دەرفەتی ئەوەیان پێ نەداوە  شێوازی پڕۆتۆکۆلی پەیڕەو بکات ،یان ئەوەیا تووانای بڕیاری یەکلایەنەی هەبێت بۆ بەرژەوەندی نەتەوەکەی خۆی که له ڕووی دەستووریەوە خۆی وێنا دەکات ، کەچی لەم چوارچێوەیەشدا پۆستی سەرۆکی کۆماری دوای 2003 وە بوون ونەبوونی بۆ کورد وەک یەک وابووە .
 ئەوەی گرینگە چوارچێوەیەکی یاسایی و ئاسایی له خۆ بگرێت بەشداری کورد لەم پڕۆسەیەدا که به ناو سیاسیە هیچی لێ شین نابێت ، چونکه له بنەڕەتدا نه پۆستی سەرۆک کۆمار ونه هیچ پۆستێکی دیکه لەم دەوڵەتەی ناوی عێڕاقە بۆ کورد ئەرزش و بایەخی نیه ، چونکه لایەنی جێ به جێکار و یاسادانانی نیه و ڕۆڵی به زۆر لاواز دەبینرێت ، بۆیە زیاتر بەرژەوەندییەکان دەچێتە قاڵبی کەسێتی نەوەک بەرژەوەندی گەل ونیشتیمان .

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.