Erbil 15°C ھەینی 19 نیسان 15:23

وەزیری نەشارەزا !

زۆربەی سیاسیەکان تا شەقامیش لەگەڵ ئەوەن قەرداحی دەست لەکار بکێشێنێتەوە
یونس حه‌مه‌د
100%
وەزیری نەشارەزا ! یونس حەمەد - ئۆسلۆ زۆر جاران قەیرانێكی گەورە درووست دەبێت چ له ناوخۆی وڵات یاخوود نێوان دوو دەوڵەت هۆکارەکەی کەسێکه یان ئەوەتا لێدوانی بەرپرسێکه، قەیرانەکه ڕوو له سیاسەت وئابووری و دیپلۆماسی و زۆر بابەتی دیکه دەکات . جا بۆیە شارەزایی له کاری وەزاری وسیاسی و دیپلۆماسی گرینگه بۆ بەرپرس ئەگەر لێدوان بدات ، لێدوانەکەش پێوویستی به شارەزایی ولێهاتوویی هەیه ، مەرج نیه لێدوان یان وەرگرتنی بەرپرسیاریەتی کەسانی زیرەک لە بوارێکی دیاریکراودا وەری بگرن . لوبنان دەوڵەتێکی هەمیشە پڕ قەیران بووە ، قەیرانەکانی لوبنان شەڕی ناوخۆیی و ئاینی وتایفی لەلایەک و ئابووری و پەیداکردنی نان و ئازووقە لەلایەکی دیکەوە خەڵکی بێزارکردووە ، نەبوونی سیستەمێکی سیاسی هاوچەرخ بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەردەوام لوبنانی خستۆتە نێو ( زڵکاوێکی) قوڵەوە وزۆرجاران دەرچوونی ئەستەمه . دوا قەیرانی لوبنان که دوا قەیرانیش نابێت لەگەڵ سعودیا و ئیماڕاتی یەکگرتووە لەدوای ئەوانیش بەحرین یش هاتە سەر خەت ، هۆکارەکەشی لێدوانی وەزیری نەشارەزایه ، بەڵێ جۆرج قەرداحی لە کاری میدیا وڕاگەیاندندا کەسێکی تا ڕادەیەک خۆی سەلماند ئەگەر چی بەرنامەکانی لەچوارچێوەی پێشبڕکێ بوون، بەڵام به ناسنامەیەکی میدیای زۆر باشە بەرانبەر به بینەر وجەماوەر خۆی ناساند . لەکاتی پێکهێنانی حکومەتی نۆێی لوبنان قەرداحی کرایە وەزیری ڕاگەیاندن و زۆران کەس ئەم کارەیان پێ باشبوو بەوەی کەسێکی به ئەزموونه وەک بڵێی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاوە ، جۆرج قەرداحیش ئەو کەسە شیاوەیه بۆ لوبنان ، بەڵام بەیەك لێدوانی نابەرپرس وهەڵه که پەیوەندی به لوبنانیشەوە نەبووە ، بەڵکو ڕاستەوخۆ پەیوەندی به گرژی حوسیەکان وکەنداو بووە لوبنانی گەیاندەوە خاڵی سفر ، بەمەش قەیرانێکی واهای بۆ حکومەتی لوبنان درووستکرد ، بەرانبەر به وڵاتێک که هەمیشە وویستوویەتی لوبنان سەقامگیر بێت که پاشانشینی سعودیایه ! لوبنان لە قەیرانێکی گەورە و بێزارکەرەدایه بۆیه زۆربەی سیاسیەکان تا شەقامیش لەگەڵ ئەوەن قەرداحی دەست لەکار بکێشێنێتەوە بۆ ئەوەی لوبنان که خۆی نەخۆشە و نەخۆشترنەبێت ، یان هەر هیچ نەبێت نەمرێت ، هەروەها به ئاشکرا سیاسیەکان پێیانوایه کاریگەریەکانی داگیرکاری ئێران له وڵاتەکەیان گەیشتۆتە خاڵێک که قەیران دوای قەیرانی لێبکەوێتەوە ، که ئەمجارەیان لەجاران ترسناکترە ،بەو هۆکارەی کەنداویەکان باڵوێزیان لە بیروت کەشاندەوە ، وێڕای ڕاگرتنی هەموو جۆرە یارمەتیەکی مرۆیی . قەیران مرۆڤ درووستی دەکات ، مرۆڤ ئەگەر لێزان وبەلیمەت بێت ئەوە تووانایی بەڕێوەبردنی هەموو جۆرە کردەیەکی ئیداریی وسیاسی و دپلۆماسیەتی دەوڵەت هەیه ، بەڵام ئەگەر مرۆڤەکه نەشارەزابوو ، دەوڵەت یان وڵات دەخاتە حاڵەتێکی مەترسیەوە، جا لەم سونگەوە ئەگەر ئەم مرۆڤه نەخاسمه پلەیەکی گەورەی سیاسی هەبوو و هەڵەش بکات ئەوە باجەکەی حکومەت به گشتی وهاوڵاتی به تایبەتی دەیدەن .بۆیه پلەوپایە پێوویستی به شارەزایی و ئەزموون هەیه ، نەوەک به لێهاتووی لەکارێكدا ، سیاسەت بابەتێکی گەورەیه ، لەبەرانبەردا پیشە بابەتێکی دیکەیه و نابێت ئەوەی له بواری خۆی لێهاتووبێت پلە وپایەکی پێ بدرێت که دواتر به قسە ولێدوانی نابەرپرس قەیران وزیان بۆ وڵاتەکەی سەرئێشە و نەهامەتی درووست بکات.
کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.