"لاوان نوێگەریێتییان پێیه"
"لاوان بەردی بناغەی سەرکەوتنی پێواژووی هەڵبژاردنن"
"گەنج دەتوانێت گەورەترین گۆڕانکاری بکات"
گەنج، بە گرنگترین و بایهخترین سامان و وزهی نیشتمانی و نەتەوەیی هەژمار دەکرێت، بناغەی وڵات و کۆمەڵگهیە. پێویستە بە گرنگییەکی زۆر و وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ گهنج دا بکرێت، لاوانی ئەمڕۆ نەوەی داهاتووی داڕێژهری بەردی بناغەی کۆمەڵگهن، خاڵی گرێدانی دوێنی و سبەیی وڵات دیاری دەکهن، جگە لەوهی بوژانەوەی چەرخی ئابووری و بەردەوامیی خولانهوهی هێزی کار و دەستی کارن لە ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو دا.
لەگەڵ نزیک بوونەوەی وادەی ڕۆژی هەڵبژاردنی نوێنەران بۆ پەرلەمانی عێراق(10ـی ئۆكتۆبهری 2021)، كه بەشداربووانی ئەم پێواژووه زۆرینهیان لە توێژی گەنجانن، چهند پرسیارێكی به بایهخ دێنه پێش وهك، ئایه ڕۆڵی گەنج چییە لەم هەڵبژاردنەدا؟، لە کاتێکدا زۆرترین و گەورەترین توێژی کۆمەڵگهن و بزووێنەری ڕهوتی پێواژووی سیاسی و کۆمەڵایەتین، ههروهها کۆکردنەوەی دەنگ و پێواژووی كهمپهینهكان بۆ پەرلەمان کە بە دڵی سیستمی سیاسی دادەنرێت و خواستی هاووڵاتییان بۆ گۆڕانکاری و هاوبەشی لە بڕیارە سیاسی و چارەنوسسازەکان لە ڕێگهی نوێنەرەکانەوە بۆ پەرلەمان نیشاندهدات، بە هاوبەشیی سیاسیی گەنج دەبێت لە ڕێگەی دەنگدان و خۆ بهربژێركردن و ئەندام بوون لە پارتێکی سیاسیی دیاریکراو دا، لاوان هێزێکی مرۆییی گەورەن لەگەڵ ئەوەی هەڵگری بیر و بۆچوونی تازن و نوێگەریێتییان پێیە، هاوكات بەردی بناغەی سەرکەوتنی پێواژووی هەڵبژاردن و گۆڕانکارییەکانن بە میکانیزمی خولانهوهی پێواژووی دیموکراتی و کاری سیاسی، چونکە تهنها گەنج دەتوانێت گەورەترین گۆڕانکاری بکات کە ئهمهش بۆ چەند هۆکارێک دهگهڕێتهوه، لهوانه:
- زۆری ژمارەی گەنج، بەتایبەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین کە بە وڵاتی گەنج ناودەبرێت.
- بوونی گەنج وەک هێزێکی مرۆیی و دەستی کار لە نێو کۆمەڵگه.
- چۆنیێتی و چەنیێتیی گەنج لە ڕووی بیر و هزری سیاسی و جیاوازیی هەڵگری ئایدێۆلۆژیەوە.
- گهنج، هەڵگری جۆری ڕۆشنبیریی گشتی و ڕۆشنبیریی تایبەتن کە بەردوام لە گەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای سەردەم ئاشنایەتییان هەیە و توانای داهێنان و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگهیان هەیە.
لهم چهند خاڵه دا، بۆمان دەردەکەوێت هاوبەشیی گەنج و ڕۆڵی گەنج لە سەرەکیترین فاکتەرەکانی گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگهیە لە پێواژووی دیموکراسی, کە پیادە دەکرێت به ڕێگەی هەڵبژاردنی نوێنەری خەڵک و ڕابوون بە ئەرک و مافەکانیان بهرابهر دەنگدەرانیان.