Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 21:32

کۆنفڕاسی پەروەردەیی لە دهۆک، هەڵوەستەیەک 

ئەمجارە زۆریش گەشبینم بەوەی کە ئیتر نیەتێکی پاقژ و جدی هەیە
100%

ئەڵبەت سێکتەری پەروەردە وەک گرنگترین کۆڵگەی بنیاتننان و چێکردنی کۆمەڵگایەکی پۆست پێشکەوتوو چاوی لێدەکرێ، بەجۆرێک هەر ووڵات و نەتەوەو گەلێک، ویستی پێشڤەچوونی هەبێت، سەرەتا لە پەروەردەوە دەستپێدەکات و هەموو توانا ماددی و مەعنەویەکان چڕدەکاتەوە تا ئەم کەرتە بخاتە سەر ڕێڕەوێکی جێگیرو تەندرووست.

 ئەگەر سەیری ووڵاتانی ئەورووپی و بەشێک لە ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە فاکتۆری خێرا پێشکەوتنی ئەوان، داڕشتنی ئەستووندی بەهێزو کۆنکرێتی بووە لە کەرتی پەروەردەو فێرکردندا، ڕەنگە پێویست نەبێت لێرە ڕۆبچمە نێو ووردەکارییەکان و هەنگاوەکان بخەمە بەرباس، بەڵام ئەگەر ئێمەش لە هەرێمی کوردستان، ویستی پێشڤەچوون و ئاواکردنی جڤاک و ووڵات و گەلێکی هۆشیارو تێر بە زانست و مەعریفەمان هەبێت، بەبێ هیچ دوو دڵیەک، دەبێت بوێری ئەوەمان هەبێت، کە بە نووکی پەنجە دەست بۆ کەرتی پەروەردەو فێرکردن ببەین، وە بڕیاری گونجاوی لەبارەوە بدرێ، چونکە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە کە سێکتەری پەروەردە  لەهەرێمی کوردستان، جگە لەوەی تەژییە لە کێماسی، بەڵکو خۆیشی هۆکار بووە بۆ درووستکردنی تاکێکی نا بەرپرس و مرۆڤی دڕدۆنگ و گەندەڵ و تەمبەڵ، بەجۆرێک لە مرۆڤی نۆبەرەی پەروەردە بگرە تا ئەو لەشکرەی کە ساڵانە دوای دەرچوونیان دەخرێنە باوەشی کۆمەڵگای کوردی، شەق لە نیشتمان و نەتەوەو ئاڵاو هەرچی پیرۆزییە دەوەشێنێ و حساب نە بۆ گەورە نە بۆ خانەوادە نە بۆ عورفە کۆمەڵایەتیە ئەرێنیەکان و تەنانەت لادەرە لە بەهای بەرزی مرۆڤایەتی و ئاسمانیەکانیش.

بێگومان ناتوانرێ چاو لەڕاست ئەو ڕاستیە بنوقێنرێ کە هەڵکشانی ڕێژەی تاوانی جۆر بەجۆر، لە کوشتن و دزی و بەد ئەخڵاقی و تەلاق و گەندەڵی و قۆڵبرین و قۆرخکاری و تاوانگەلی تر، کە نە تەنێ ڕۆژانە، بەڵکو هەر کاتژمێرێک دەیان جەریمەی فرەچەشن لە ووڵاتی ئێمە و لەسەر دەستی نەوەی پەروەردەی ژێر دەستی ئەو سیستەمە ئیفلیجە پەروەردەییەیی کە ساڵانێکە بە هێڕی ئێمە لەسەری دەڕۆین ئەنجامدەدرێت.

ئەڵبەتە مەبەستی من ڕەخنە نیە لە فێرخوازو پەروەردە بەتەنها، بەڵکو  ڕووی ڕەخنەم زیاترە لە خودی پەروەردەکار، کە مامۆستاو سەرپەرشتیارو کارەکتەری پەروەردەیی لەخۆدەگرێ، کە دەتوانم بڵێم بەشی هەرە زۆریان هەژارن بە پاشخانی ڕۆشنبیری، ئەمە سەرباری ئەوەی کە خودی سیستەمی پەروەردەیی و وەزارەت و تەنانەت حکومەتیش هەگبەی بەتاڵەو بەتاڵبووە لە ئاست گرنگترین و هەستیارترین پڕۆسە، کە پەروەردەو فێرکردنە. 


دیارە کۆنفڕاسی پەروەردەیی لە زانکۆی ئەمریکی، کە ئەمڕۆ ١٩ ئەیلول لە دهۆک بەڕێوەچوو، دوای ئەوە دێت کە سەرۆکی حکومەت خۆی بەتایبەت و تیمی وزاری لە کابینەی نۆیەم، ئەولەویەت بە مەسەلەی پەروەردە دەدەن، دیارە کە تەواو بۆیان دەرکەوتووە، کە پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردن لە هەرێمی کوردستان سەرچاوەی گشت قەیران و کێشە ئاڵۆزەکانی ترە، کە ساڵانێکە یەخەی هەرێم و کۆمەڵگای کوردستانی گرتووە، پێخەمەت ئێستاش و هیچ کات و زەمەنێک درەنگ نیەو نەچووە بچێ، چەندە زوو قۆڵ لە ڕیفۆرمی پەروەردەیی و داڕشتنی سیستەمێکی گشتگیر لەو بوارەدا هەڵماڵدرێت، ئەوەندە زووتر ڕەووڕەوەی چێکردن و پێشکەوتنی جڤاک و ووڵات خێراتر دەبێت. 

بێگومان، زۆریش گرنگە بزانرێ، کە دەستبردن بۆ پڕۆسەی پەروەردەو داڕشتنی سیاسەتی پەروەردەیی، بابەتێکی هێندە هەستیارە، دەقاو دەق لە نەشتەرگەری مێشک دەچێت، بۆیە ناشێ بەبێ خوێندنەوە بۆ واقعی کۆمەڵایەتی و ئاینی و ئابوری و تەنانەت لایەنی سایکۆلۆژی هاوڵاتیان و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەلگای کوردستانی و هەروەها بەبێ ڕاوێژو پرس بە شارەزاو پسپۆڕانی بواری پەروەردەی ناوەخۆیی و دەرەکی و تەرخانکردنی هێزێکی گەورەی ماددی و مەعنەوی و مۆڕاڵی، تەنانەت یەک سانتیمەتر هەنگاوی بۆ هەڵبگیرێ. 

لەوڕا، خۆم وەک کادرێکی پەروەردەیی لە ژێر ڕۆشنایی کۆنفراسی پەروەردەیی لە زانکۆی ئەمریکی_دهۆک، کە بە خوێندنەوە بۆ ووتارەکەی سەرۆکی هەرێم، رێزدار نێچیرڤان بارزانی، ئەمجارە زۆریش گەشبینم بەوەی کە ئیتر نیەتێکی پاقژ و جدی هەیە، کە ئیتر لێرەبەدوا حکومەت و سەرۆک وەزیران بەتایبەت و لایەنی پەیوەندار بە کەرتی پەروەردە، جۆرە سیاسەتێکی تر بۆ پێشخستن و گەشانەوەی زیاتری هەرێمی کوردستان وێنا دەکەن، کۆنفڕاسی پەروەردەیی زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک، وەک دیاترین نمونە.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.