Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 16:13

بەریتانیا چی لە نێچیرڤان بارزانی دەوێت

ئەرکی داھاتووی کورد لە ناوچەکە سەختەو پێویستی بە ھەستیاری زیاتر ھەیە
ته‌نیا كوردی
100%

لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو باوەڕمان وابوو کە کاراکتەرێکی دیپلۆماسی پێویستە گرێکوێرەی کورد لەگەڵ بەریتانیا بکاتەوە، چونکە ئینگلیز ھەم وەک مەنھەجی ئابووری لە ناوچەکە یانیش وەک دیزاینەری دەوڵەتەکان و سپۆنسەری ئایدۆلۆژیکی نەتەوەیی و ئاینی و گروپاتی سیاسی، ھێزی سەدەیەک زیاترن لە رۆژھەڵاتی ناویندا و بەتایبەت لە عێراق دا.
ئێمە لە ئێستادا لە قۆناغێک دەژین، دەبێ بۆ ساڵی نوێ لە دوو ئامانجدا ئامادەبین:
یەکەم، ئەگەر ئەمەریکا کشایەوە لە ناوچەکە یانیش قورسایی دیپلۆماسی خۆی لە ناوچەکە ھەڵگرت کێ ھاوپەیمانمانە؟
دووەم، پرسی ئاو و وزەو جیوگرافیا لە ناوچەکە ھەستیار دەبێ و کێ لەم ڕێگایەدا لەگەڵمانە؟
بە دیقەتێکی وردەوە تاکە خاڵ و گرەنتی بریتییە لە کۆدەنگی و یەکڕیزی نێوان ھێزە سیاسییەکان، چونکە ئێمە بۆ ساڵی داھاتوو دەبێ وەھا ئامادەبین کە لە رووداوەکان نەبینەوە قوربانی گەمەی وڵاتانی ئیقلیمی.
لەدوای ئەمە گرینگە کە تێگەیشتنی بەریتانیاو فەڕەنسا بەشێوەیەکە ئامادەن ھاوکاری ئابووری و سیاسی کورد بکەن لە ھەولێر تا رۆژئاوای کوردستان و تایبەتریش لە عێراقی فیدڕاڵدا پێگەی کورد بەھێزبکەنەوە.
بەریتانیا چی لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەوێ؟ تاکە وەڵامێک دروستکردنی ھێزێکی ئابووری ھاوبەش لە ئێستا بۆ بواری وزە و لە داھاتوو بۆ نەوایەکی ئارام بۆ کریستان و ئێزدییەکان لە دەشتی نەینەواو ھەروەھا دروستکردنی بەرەیەکی ھاوبەشی ستراتیژی کورد و ئینگلیز لە ناوچەکەدا کە فڕەنسایش لەم ھەوڵەدا لەگەڵ بەریتانیا یەک بەرژەوەندییە.

-بەریتانیا دەیەوێ سەرۆکی ھەرێم لە دەستپێشخەری ئاسایشی سیاسی و دیپلۆماسی لە ناوچەکەدا ڕۆڵی زیاتری ھەبێت و دەستپێشخەری نوێیشی لەدوای ھەڵبژاردن بۆ ھێزە عێراقییەکان ھەبێت.

لە ھەنگاوی یەکەمدا و لە بۆکسی پێوەندی دیپلۆماسی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ فڕەنساو بەریتانیا دەکرێ بڵێین گەیشتووین بە قۆناغێکی زێڕین لەم پێوەندییەدا، بەڵام ئەوەی کە پێویستە سەرۆکی ھەرێم ئەنجامی بدات بە پاڵپشتی سەرکردە سیاسییەکانی دیکەی کورد بتوانێت مێژووی سەدساڵەی بەریتانیا لە ناوچەکە بەرامبەر بە کورد بە ئەرێنی بگۆڕێ، بەتایبەت بۆ پرسی خاک و تێڕوانینی ستراتیژیانەی کورد لە داھاتووی عێراقی نوێ و سووریای نوێ دا.

-نەخشەدانەری پێوەندی دیپلۆماسی ھەرێم لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا بۆ پاڵپشتی کوردستان لە رابردوو لە سەرۆک بارزانی و سەرۆک تاڵەبانی، تا سەرۆک نێچیرڤان و سەرۆک بەرھەم لە ئێستادا روونە، ئەوەی کە گرینگە زەمینە خۆشبکرێت لە نێوخۆی کوردستان چاکسازی جدیانەتر بچێتە پێش و یەکێتی و پارتی و گۆڕان لەم ھەنگاوەدا پاڵپشت بن، ھەروەھا لە دوای ھەڵبژاردن ھێزە کوردستانییەکان لە بەغدا بەیەک تیم بەشداربن، کە ئەمە خواستی بەریتانیاو فڕەنسایشە بۆیە گرینگە لەم ھەوڵەدا سەرۆکی ھەرێم لە ئێستاوە کارنامەی کۆدەنگی وەک رێکەوتنێکی ستراتیژی بخاتە بەردەم ھێزە کوردییەکان و بەر لە دانوستان لەگەڵ بەغدا نێوماڵی کوردی رێک بخاتەوە، چونکە ئەرکی داھاتووی کورد لە ناوچەکە سەختەو پێویستی بە ھەستیاری زیاتر ھەیە.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.