Erbil 2°C ھەینی 03 کانوونی دووەم 00:36

شۆرشى سه‌لماندى ئیراده‌ و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى هیوا

شۆرشى ئه‌یلوول مه‌كۆى تێكۆشه‌رانى كوردستان بوو، كه‌ خۆى له‌ كورد و توركمان و مه‌سیحییه‌كانه‌وه‌ ده‌بینیه‌وه‌
100%

شۆرشى مه‌زنى ئه‌یلوول گه‌وره‌ترین شۆرشى چه‌كدارى و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تى خه‌ڵكى كوردستان بوو، كه‌ خه‌باتى كوردى برده‌ قۆناغێكى نوێوه‌، تێكۆشانى گه‌لى كوردستانى له‌ قۆناغى سیاسییه‌وه‌ برده‌ قۆناغى چه‌كدارى و پێشمه‌رگایه‌تى.


جیاوازى ئه‌و شۆرشه‌ له‌گه‌ل شۆرشه‌كانى دیكه‌ له‌وه‌دابوو كه‌ ته‌نها له‌ یه‌ك ناوچه‌دا كورت نه‌كرابووه‌ و سه‌رتاپاى كوردستانى گرتبووه‌ و ئاگایى سیاسى تاكى كوردستانى به‌رز كردبووه‌ و دۆزى ڕه‌واى كوردستانیانى برده‌ ده‌ره‌وه‌ى چوارچێوه‌ى عێراق و هزر و ئینتماى نه‌ته‌وایه‌تى له‌ ناو توێژه‌ جیاجیاكانى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانیدا به‌رز كرده‌وه‌ و گوتارى كوردى یه‌كخست. له‌و شۆرشه‌دا سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كان و تێكڕای پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردستان به‌شداریان تێدا كرد.
شۆرشى ئه‌یلوول مه‌كۆى تێكۆشه‌رانى كوردستان بوو، كه‌ خۆى له‌ كورد و توركمان و مه‌سیحییه‌كانه‌وه‌ ده‌بینیه‌وه‌. هاوكات ببوو به‌  ناوه‌ند و قوتابخانه‌یه‌ك بۆ پێگه‌یاندنی خه‌باتگێڕ و كادر و تێكۆشه‌رانی سه‌رتاسه‌ری كوردستان، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێ وێستگه‌ى خه‌باتدا، تێكۆشه‌رانى عه‌ره‌بیش په‌نایان بۆ ئه‌و شۆرشه‌ بردووه‌.


ئه‌گه‌ر باس له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانى ئه‌و شۆرش بكه‌ین، ڕه‌نگه‌ نه‌توانین ئاماژه‌ به‌ ته‌واوى خاڵه‌ ئه‌رێنییه‌كانى ئه‌و شۆرشه‌ بكه‌ین، به‌ڵام ده‌توانین فۆكه‌س بخه‌ینه‌ سه‌ر چه‌ند ده‌ستكه‌وتێك، كه‌  دیارترینیان رێككه‌وتننامه‌ى یازده‌ى ئادارى ساڵى 1970 یه‌، كه‌ به‌ تۆپى ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت و له‌ رێگه‌یه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتێكى ئۆتۆنۆمى بۆ كوردستان به‌دیهات و ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ بووه‌ به‌  چوارچێوه‌یه‌كى ده‌ستورى و یاسایی، كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار حكوومه‌تى ناوه‌ندى ناچار كرا كه‌ دان به‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى كورد بنێت، به‌ڵام دواتر رژێمى به‌عس له‌ واژۆ و به‌ڵێنه‌كانى په‌شیمان بووه‌.
له‌ ماوه‌ى شۆرشه‌كه‌دا سه‌ركردایه‌تى كورد به‌ رابه‌رایه‌تى بارزانى نه‌مر توانى چه‌ندین ده‌زگاى گرنگ بۆ ناوچه‌ ئازاد كراوه‌كانى كوردستان دابمه‌زرێنێت، كه‌ خۆى له‌ ده‌زگاى سه‌ربازى و سیاسی و قه‌زایى و كارگێرى و خزمه‌تگوزارى ده‌بینییه‌وه‌.


له‌و سه‌رده‌مه‌دا  سه‌ركردایه‌تى شۆرش، به‌ پێى هه‌لومه‌رجى ئه‌وكات بایه‌خى زۆرى به‌ بوارى سه‌ربازیدا و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سێ له‌شكرى گه‌وره‌ى دامه‌زراند، كه‌ له‌شكرى یه‌كه‌م بۆ بادینان و له‌شكرى دووه‌م بۆ هه‌ولێر و له‌شكرى سێیه‌میش بۆ سلێمانى بوون، كه‌ هه‌ر یه‌كێك له‌و له‌شكرانه‌ سێ لیواى هه‌بوو. له‌ ڕووى چه‌كدارییه‌وه‌ توانى چه‌ندین داستان و نه‌به‌ردیی تۆماربكات، له‌ نێویشیاندا ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ داستانه‌كانى بارزان و زاویته‌ و هه‌ندرێن و ئه‌زمه‌ر و هه‌یبه‌ت سوڵتان و هیزۆپ و چه‌ندان داستانى دیكه‌ بكه‌ین.
خاڵێكى دیكه‌ى ئه‌رێنى ئه‌و شۆرشه‌ ئه‌وه‌ بوو، كه‌ سه‌ره‌ڕاى زولم و سته‌مى رژێم, سه‌ركردایه‌تى شۆرش په‌ناى بۆ تیرۆر نه‌برد. 


سه‌ركردایه‌تى شۆرش له‌سه‌ر ئاستى سیاسیش پێنج لقى دامه‌زراند و له‌ ماوه‌ى ئه‌و شۆرشه‌دا، پارتى دیموكراتى كوردستان سێ كۆنگره‌ى به‌ستووه‌، كۆنگره‌ى شه‌شه‌مى له‌ یه‌كى ته‌مموزى ساڵى 1964 له‌ شارۆچكه‌ى قه‌ڵادزێ و كۆنگره‌ى حه‌وته‌مى له‌ 15 تشرینى دووه‌مى ساڵى 1966 له‌ ناحیه‌ى گه‌ڵاڵه‌ و كۆنگره‌ى هه‌شته‌میشى له‌ یه‌كى ته‌مموزى ساڵى 1970 له‌ ناوپردان به‌ستووه‌، كه‌ به‌ پێى بۆچوونى چاودێرانى سیاسیش، كۆنگره‌كانى شه‌ش و حه‌وت و هه‌شت وێراى ئه‌وه‌ى له‌ هه‌لومه‌رجێكى سه‌ختدا سازكراون، سه‌ركه‌وتوو بوون. 
له‌ پێكهاته‌ى ئه‌نجوومه‌نى ته‌نفیزیشدا به‌شى دارایى و ئیدارى و دادوه‌رى و ته‌ندروستى و ئاسایش و به‌شى كاروبارى ناوخۆیش دروستكردووه‌.


له‌ ڕووى دیبلۆماسییه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تى شۆرش سه‌ره‌ڕاى تواناى سه‌ربازییه‌كانى، هه‌رگیز گفتوگۆ و دانوستانى له‌گه‌ل رژێم ڕه‌تنه‌كردۆته‌وه‌ و هه‌میشه‌ پابه‌ندى به‌ڵێنه‌كانى بووه‌. به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى ده‌توانین ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ شۆرشى ئه‌یلوول به‌ رابه‌رایه‌تى بارزانى نه‌مر شۆرشى سه‌لماندنى ئیراده‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ى هیوا بوو بۆ تاكى كوردستانى.
هاوكات بۆ نه‌یارانیشى سه‌لماند كه‌ زوڵم و سته‌م چه‌ند زۆربێت سنوورى هه‌یه‌ و كورد ده‌ستبه‌ردارى مافه‌كانى نابێت.

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.