Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 16:58

گرنگیی ڕۆڵی ئافرەتان لە سەقامگیریی سیاسی دا

کارڵ مارکس, زانای بەناوبانگی ئابووری و زانستیى کۆمەڵایەتی دەلێت: "ئه‌گەر دەتەوێت ئاستی پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگه‌یەک بزانی، سه‌یری ڕەوش و هەڵسوکەوتی ئافرەتانى بکە"
د. ئاشنا بابان
100%

هەمیشە پرسی ئافرەت پرسێکی هەستیار و گرنگه‌, جێی باس و گفتۆگۆ و مشتومڕی بەردەوامە، بۆیە بەردەوام لە بابەتە گرنگ و کۆمەڵایەتيیەکان جەخت لە ئامادەبوون و هاوبەشی و بەشداریی سیاسیی ئافرەتان دەکرێته‌وه‌ بۆ چالاكیيان و بەگەڕخستنی تواناکانیان, جەخت لە گرنگی وکاریگەرییەکانی ئافره‌تان لە پێواژووی سیاسی و کاریگەری لەسەر ڕەوتی سیستیم وسیستمی کۆمەڵگه‌ جیاوازەکاندا ده‌كرێته‌وه‌.


ئافرەت بەردەوام بە نیوەی کۆمەڵگه ناودەبرێت و ڕۆڵی گرنگ دەبینێت لە پەروەردەی نەوەکان و پەروەردەی خێزانی و جۆر و چۆنیێتی ئامادەکردنی تاک بۆ نێو کۆمەڵگه. هاوبەشی و بەشداریی ئافرەتان لە هەموو بوارەکانی ژیان, کاریگەری و گرنگیى  خۆیی هەیە, بەڵام پشتگوێ خستن یان بوارنەدان بە ئافرەتان بۆ سەلماندنی تواناکانیان و هاننەدانیان کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک لە ڕێگری کە دەکڕێت پۆلێنی بکەین بۆ دوو بەش.


یەکەمیان لە ئاستی سەرەوە, وەک ياسا و حزب و دامودەزگه‌کان, به‌شی دووەمى ڕێگرييه‌كانیش لە نێو خودی کۆمەڵگه‌یە کە لایەنی ئابووری و ديین و کلتوور, ئابووریى سەربەخۆ و جۆری ڕۆشنبیريی تاک و کۆمەڵگه‌ له‌خۆ ده‌گرێت. هه‌روه‌ها دیڤید ئیستن, زانای بەناوبانگی سیستمی سیاسی ئاماژەی كردووه بە پۆلێنکردنی سیستمی سیاسی بۆ کارلێکی نێو کۆمەڵگه‌ لە دابینکردنی بەها کۆمەڵاتيیەکان بە شێوەیەکی فەرمی, واتا سیستمی سیاسی لەنێو کۆمەڵگه کار دەکات و بێ بوونی کۆمەڵگه سیستمی سیاسی بوونی نیيە، لەو ڕوانگەیەوە هاوبەشیى هەردوو ڕەگەز مه‌رجه‌ بۆ گەشە و پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگه‌یەکی مۆدێرن, پێشکەوتن خواز و پێدانی هاوسەنگی و یه‌كه‌ی سیاسی و کۆمەڵایەتی. هەر لاسەنگيیەک لەم هاوکێشه‌یه‌, دەبێتە هۆی دروستبوونى کێشە و دیاردەی نامۆی سیاسی و کۆمەڵایەتی، چونكه‌ بەردەوام سیستمی سیاسی کاریگەری لەسەر کۆمەڵگه هەیە و کۆمەڵگه‌ش‌ کاریگەری لەسەر سیستمی سیاسی دەبێت.


بەدرێژايی مێژوو, ئافرەتان خەباتیان کردووە بۆ بەدەستهێنانی مافە سیاسی و شارستانيیەکانیان, تا ئه‌م كاته‌ش لە هەوڵ و کۆششن بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادیيه سیاسیيەکان و یەکسانیى نێوان ڕەگەزی نێر و مێ. ئەم هەوڵانە لە نێو کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی, ڕەنگدانەوە و کاریگەریى باش و بەسوودیان هه‌یه‌. لە جاڕنامەی گەردوونیى مافەکانی مرۆڤى ساڵی ١٩٤٨, لە ماددەی یەکەم دا جەخت لە مافی هەر تاکێک لە بەدیهێنانی گشت ماف و ئازادیيەکانیان بەبێ جیاوازی لە نێوان ژن و پیاو كراوه‌ته‌وه‌. ئافرەتان لە دواى وشیاربوونه‌وه‌یان له مافەکانیان, هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆرتریان دا بۆ بەدەستهێنانی مافە سیاسیيەکانیان و لە ڕێکكەوتننامە و پەیماننامە جیهانيیەکانى ساڵی ١٩٧٩, جەخت لە یەکسانی و ئازادیی مرۆڤەکان كرايه‌وه‌ و ئاماژە بە نەهێشتنی هەموو جیاوازییەکی ڕەگەزیى دژ بە ئافرەتان كرا، لەم سۆنگەیەوە هاوبەشیى ئافرەتان لە کاری سیاسی, مافی دەنگدان, خۆ به‌ربژێرکردن و کارکردن لە کایە گشتیيەکانی نێو کۆمەڵگه بە مافێکی بنچینەيی و سروشتی چەسپێنرا. ئافرەتان لە هەر سوچ و شوێنێکی ئەم جیهانە بێت, لەگەڵ هەموو جیاوازییەکانی وەک زمان, کلتوور, دیين و ئاستی ڕۆشنبیریى کۆمەڵگه, ئازارەکانیان هاوشێوەی یەکن و کۆمەڵێک کێشە, ئێشوئازار و بەربەستەکانيان هاوبەشن.

ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی نەتەوەى کورد بدەینەوە, دەبینین لە هەموو بارودۆخە ناخۆش و نەهامەتيیەکاندا, زەرمەندی یەکەم ئافرەت بووە کە  باجی زۆری داوە و ئازاری زۆری چه‌شتوە, بە هۆکاری لەدەستدانی باوک, برا, هاوسەر و گرتنە ئەستۆی ئەرکی پەروەردەی منداڵ, بەڕێوەبردنی ماڵ و شان بە شانى پیاوان ئەرکی قورسی ژیانيان وه‌ئه‌ستۆ گرتووه‌، جگە لەوەی ڕۆڵی گرنگیان بینیوە لە جەنگەکان و وەک جەنگاوەر خۆبەخشانە لە بواری پەرستیاریى چارەسەرکردنی بریندارەکان, لە جەنگەکان بەشداربوونه. نموونەیەک لە مێژووی ئەڵمانیا, كه باس لە ڕۆڵی ئافرەتان دەکرێت لە دواى جەنگی جیهانيی دووەم ئه‌وه‌یه‌، ژمارەی ئافرەتان زیاتر بوو لە ڕێژەی ژمارەی پیاوان بەهۆی کوژرانی پیاوەکان یان کەمئەندام بوونیان لە جەنگەکاندا، بۆیە  ئافرەتەکان بڕیاریاندا بە پاکردنەوەی شەقەمەکان و لابردنی خۆڵوخاشاکی سه‌ر ڕێگه‌كان, کارکردن و بوژاندنەوەی بازاڕ و کارگەکان, بوژاندنەوەی ئابووری و ژێرخانی ئەڵمانیا لە ماوەی پێنج ساڵدا و توانیان بەسەر هەموو کۆسپ و ناخۆشیەکان سەربکەون, وڵاتەکەیان ببوژێننەوە و سەرلە نوێ بکەوێتەوه سەر پێى خۆی.

ئەو نموونه‌یە بەڵگەیەکی وننه‌بووه‌ بۆ گرنگیى ڕۆڵی ئافرەتان لە دروستكردن و پێشکەوتنی وڵات و کۆمەڵگه. ئه‌نگێڵا مێركل، ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا نموونەی ئافرەتێکی سەرکەوتووە کە ئەڵمانیا بەڕێوەدەبات و چه‌ندین نموونەی ديكه‌ی ئافره‌تی سه‌ركه‌وتوومان لە بوارە جیاوازه‌كان له‌ جیهاندا هه‌یه و ڕۆڵی گرنگ ده‌گێڕن.


کارڵ مارکس, زانای بەناوبانگی ئابووری و زانستیى کۆمەڵایەتی دەلێت: "ئه‌گەر دەتەوێت ئاستی پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگه‌یەک بزانی، سه‌یری ڕەوش و هەڵسوکەوتی ئافرەتانى بکە"، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، ئافره‌تان ڕەنگدانه‌وه‌ و کاریگەرييان لەسەر هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا هەیە.

هەر پێواژوویه‌كی سیاسی بێ بەشداریی چالاكانه‌ی ئافرەتان, کەموکوڕی دەبێت و ڕەنگە  بەئاشکرا دیار نەبێت, بەڵام لە سیما و کار و چالاکيیەکانيدا ڕەنگدانەوەی دەبێت، چونکە بوونی ئافرەتان جۆرە نەرمنواندن و ڕاسته‌قینه‌بینی زیاتر دەدات بە بڕیارە سیاسی و چارەنووسسازەکان بەوپێیه‌ی ئافرەتان وردتر کێشەکان دەبینن و نەوەکان پێدەگەیەنن, به‌و واتایه‌ی ئافرەتان ئاشنان به‌ خواست و داواکاریى مرۆڤەکان به‌لایانه‌وه‌ نامۆ نیيە و چارەسەرکردنیان وەک سروشتێکی دایکانە دەبینن. نموونەی زۆرمان هەیە كه‌ بایه‌خیی به‌شداری و ڕۆڵی ئافرەتان له‌ كایه‌ جیاوازه‌كاندا ده‌رده‌خات، به‌ڵام وه‌ك نموونه‌یه‌كی مێژوویی، مارگریت تاتچر, سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بریتانیا(١٩٧٩-١٩٩٠) كه‌ به‌ "ژنی ئاسنین" ناوى ده‌ركردبوو, لە يه‌کێک لە وتە ناودارەکانی دەڵێت: "ئەگەر لە سیاسەتدا پێویستمان بە قسەبوو, لە پیاوەکان بپرسە.

بەڵام بۆ کردەوە پشت بە ئافرەتان ببەستە", ئەم وتەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هاوبەشيی بنەمایی سەرکەوتنە و لەم ڕوانگەیەوە بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت, ئافره‌تان له‌ کردەوەکان و چارەسەری کێشەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە. تێکەڵبوونی توانای پیاوان و ئافرەتان لە بواری سیاسی و بڕیاری سیاسیدا, کۆمەڵێک لێکەوتەی ئەرێنی دەبێت کە ڕنگدانەوەی بۆ پێواژووی سیاسی, سەقامگیريی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەبێت, جگە لە کاردانەوە نێودەوڵەتيیەکان و تێڕوانینيان بۆ بەشداری و هاوبەشیى ئافرەتان وەک سەرچاوەیەکی گرنگ کە ڕەنگدانەوەی ڕۆشنبیریى گشتی نێو کۆمەڵگەیە, بە مەرجێک هاوبەشیى ئافرەتان لە چوارچێوەی بەشداریى سنوورداری کاندیدی پەرلەمان نەبێت.

بەڵکو بەشداريی ڕاسته‌قینه‌ و سوودوەرگرتن لە تواناکانی ئافرەتان لە گشت بوارە جیاوازەکانی بەڕێوەبردن و کایە سیاسی و سه‌روه‌رییه‌كان بێت، کە لە دەسەڵاتی پارت و حزبە سیاسيیەکان بەدەردەکەوێت و لە هاندان و بەرەوپێشبردنی تواناکانیان و پەروەردە سیاسيیەکان خۆی دەبینێتەوە. هه‌روه‌ها زەمینسازی بۆ ئافرەتان و دەستگیرۆکردنیان, لە پێناو بەدەستهێنانی گەشە و پێشکەوتنی بەردەوامی کۆمەڵگه بە هاوبەشی و بەشداریى هەردوو ڕەگەز و نەهێشتنی جیاوازیيەکان و بوار ڕەخساندنی یەکسانی, دادوەری لە هەموو ئاست و کایەکاندا بۆ مەبەستی بەدیهێنانی ئامانجە نیشتمانيیەکان.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.