Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 14:41

بۆ گلەیی لە بارزانی دەکرێ؟

بارزانی لێڤەگەڕ(مەرجەع)ی کوردستانیانە و ئەو پێگە و وەسفە خەڵک پێی دەبەخشێ نەک بەخۆی داوای کردبێ و داوای بکات
ئاسۆ حاجی
100%

زۆر جار ئەو گلەییانە ئاراستەی سەرۆک بارزانی دەکرێن، کە گوایە پێویستە تەنها وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەڵوێست وەرنەگرێ و لێدوان نەدات، زۆربەی ئەو گلەییانە لە کەسانێکی غەیرە پارتی دەبیسترێن و رۆژ بە رۆژ لە زیاد بوون دان.


دوای راگەیەندراوەکەی سەرۆک بارزانی دەربارەی دۆخی نوێی ئەفغانستان و دڵنیاکردنەوەی خەڵکی کوردستان لەوەی هەرێمی کوردستان هەمان چارەنووس چاوەڕوانی ناکات، لە کاردانەوە جیاوازەکاندا دیسان ژمارەیەک هەمان گلەییان لە سەرۆک بارزانی کردەوە، کە پێویستە بە ناوی هەمووان قسە بکات و تەنها وەک سەرۆکی پارتی نەبێت.


ئەو گلەییانە لە کەسانێک و هەندێک لایەن دەکرێن کە رکابەر و نەیاری پارتی دیموکراتی کوردستانن، بۆیە هەندێک لە کادیرانی پارتی بە قسەکانیان نارەحەت بووینە و بە توڕەیی وەڵامیان دەدەنەوە، دڵنیام ئەو پەرچەکردارە خێڕایە و ئەو توڕەییە لێناگەڕێ وێنەکە بە تەواو ببینن و بە دروستی لە پەیامی پشت گلەییەکان بگەن.


کاتێک پەڕلەمانتارێکی یەکگرتوو، ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی یان گۆڕان، سەرکردەیەکی کۆمەڵی ئیسلامی و کەسانی دیکەی ناو حیزبەکان داوا لە مەسعود بارزانی دەکەن، بە ناوی ئەوانیشەوە هەڵوێست وەربگرێ و لێدوان و راگەیەندراوەکانی شانازییە مێژوویەکانی حیزبەکانی ئەوانیشی تێدا بێت، کاتێک جولانەوەی نەوەی نوێ یان هەر لایەنێکی دیکەی سیاسی هەمان داوا دەکەن، تەنها راستەقینەیەک لە پشت ئەو گلەیی و داواکاریانەوە هەیە، کە مەسعود بارزانی وەک هەبوون و کەسایەتی گەورەترە لەوەی لە چوارچێوەی حیزبێک پێناسە بکرێ، بە تایبەتی لەو قۆناغەدا کە کوردستان پێویستی بە کەسایەتیەکی کاریزماتیک و کاریگەر هەیە، کەلێنی رابەر و سەرکردە کۆچکردووەکانمان پڕبکاتەوە و لاباری کەوتوومان راست بکاتەوە، وەک مەرجەع و چەتری کۆکەرەوەی هەمووان رابەرایەتی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان بکات تا بە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی دەگات.


ئەوەی ئەو جوامێرانە لە رێگای گلەییەکانیەوە داوای دەکەن، بۆ پارتیەکان دەبێ جێگای دڵخۆشی بێت نەک دڵڕەنجان، چونکە ئەوەی پارتیەکان لە کەسایەتی سەرۆک بارزانیان دەبینی، ئەوە بەشێوەیەکی خۆڕسک و لە سەر ئاست و رووبەرێکی فراوانتری نەتەوەیی و نیشتیمانی دەڕسكێ و دەبێتە راستەقینەیەک، کە بارزانی لێڤەگەڕ(مەرجەع)ی کوردستانیانە و ئەو پێگە و وەسفە خەڵک پێی دەبەخشێ نەک بەخۆی داوای کردبێ و داوای بکات، چونکە هەڵویستی بارزانی لەو بارەیەوە روون و ئاشکرایە، لە کاتی وازهێنانی لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بارزانی بەو شێوەیە پێناسەی خۆی کرد:"من پێشمەرگە بووم و هەر بە پێشمەرگایەتیش دەمێنەوە"، هیچ ناو و نازناوێکی دیکەی لە خۆ نەنا و بەهیچ وشە و دەستەواژەیەکی دیکەش وەسفی خۆی نەکرد.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.