Erbil 15°C پێنجشەممە 25 نیسان 00:38

ھاوپەیمان و پشتیوانی کورد تەنھا کێو و شاخەکانن!

کەداعش ھات مالکی چەکی بۆبەجێ ھێشت و ئاراستەی شەڕیان لە بەغداوە گۆڕی بۆ ھەولێر
ھۆگر نێروەیی
100%

لەدوای سەد ساڵ لە خەبات و زەریایەک لە خوێن کە ئەوەندی زەریای ئەتڵەس خوێنمان داوە بۆ ئەزمونی ئەمڕۆ و پاراستی شکۆی تاکی کورد، لەگەڵ ئەوەش بەو ھەموو خوێن و قوربانیە ھێشتا بەنیوەی مافەکانمان نەگەیشتوینە، ھەرچی نەیارو دوژمنی کوردە ھێشتا ھەرێمێک بەکورد ڕەوا نابینن بە ھەڕەشە لەسەر خۆیان دەبینن، ھەموو ھەوڵێک دەدەن ئەم ھەرێمەش نەمێنێتەوە، چەندین وڵات لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست سنورەکانی خۆیان لەسەر نەفەسی کوردەکان داناوە وڵاتەکەیان پارچە پارچە کراوە لەگەڵ ئەوەش کورد بەتاوانبار دەزانن ئەگەر ناوی وڵاتی خۆیان بھێنن، ھەر بڵێ کوردستان لەملا و لەولا چاویان سور دەبێت دەمیان دەکرێتەوە ھاواریان دەگاتە ئاسمان کە شتێک نیە بەناوی کوردستان!

لەملا و لەولا بەناوی ئیسلامەوە ناوی کوردستان بە حەرام و کوفر دەزانن! لەوپەڕیشەوە ناموسڵمانەکان ناوی کوردستان بە چەوت و خراپە دەزانن کەپێیان وایە وڵاتی کوردستان دەبێتە ھۆی تێکدانی ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە! لەولاشەوە تەنھا بۆ چاوسورکردنی زیاتر نەیارانی کورد لەسەر نەژادی کورد ناوی کوردستان بۆبەرژەوەندی خۆیان بەکاردەھێنن!
لەناوخۆشەوە بەدوای ئەوەن کێ قسەیەک دژی ئەزمونی کورد دەکات پەلە پەلەیان دەبێت وەکو موژدە ڕایەگەیەنن فڵان و فیسار کەس پەیامی توندی ھەیە بۆ ھەرێم و سەکردایەتی کورد ئەو ھەواڵانە وەکو موژدە دەبینن ئەوەندە بەحەماسەوە دەڵێن وەک ئەوە وابێت کە کورد ھیچ دوژمنی نەبێت ئەمانە بەدوای دوژمنن بۆ کورد! لەدێر زەمانەوە وتویانە ھاوپەیمان و پشتیوانی کورد تەنھا کێو و شاخەکانن.

سەرۆک بارزانی لەکتێبی بۆ مێژوو فەرموی:
(ئامۆژگارییم بۆ ھەموو تاکێکی کورد و ھەموو سیاسیەکی کورد لەبابەتی ڕەواکانی گەلەکەماندا کەھیچ کات پشتی خۆتان بەلایەک گەرم نەکەن. جیھان جیھانی بەرژەوەندیەکانە. ئەگەر وڵاتان بەرژەوەندیان لەگەڵ کورد بگونجێ ئەوا دەبنە دۆست و ئەگەر بەرژەوەندیان نەگونجێ پشتیان تێ دەکەن ناتان ناسن. بۆیە تەنھا پشت بەخودا و پشت بەخۆتان ببەستن).

بۆ تەئکید کردنەوەی قسەکانی سەرۆک بارزانی:

کورد بەدرێژایی مێژوو بەتەنھا بووە کەس پشتیوانی نەکردووە ھەر وەک چۆن لەساڵی 1975 لەڕێکەوتنی نێوان جەزائیر عێراق و ئێران، و ھەموو وڵاتانی تری ناوچەکە و زلهێزەکان ڕێکەوتن بۆ کۆتایی پێھێنان بەشۆڕشی کوردی. شاخ و کێوەکان نەبونە کورد ھەر زوو دەتوانەوە.
کەکورد ئەنفال کرا و زیندە بەچاڵ و برسیکران بەدەستی صدام و ئەمسالەکانی ھیچ وڵاتێک ھەڵوێستی نەبوو لەسەر کورد تەنھا چەند وڵاتێکی کەم قسەیان ھەبوو بەبێ ھەڵوێست بەڵام ھەر کە صدام کوێت داگیرکرد بەکەمتر لە 24 کاتژمێر وڵاتانی جیھان ھاوپەیمانیان پێکھێنا لەدژی صدام ولەماوەیەکی کەم وەدەریان نا لەکوێت، کە کوێت یەک لەسەدی ئەو ئازار و زیانەی کوردی نەبینی!

بەبڕیاڕێکی شەخسی مالکی بودجەی کوردی لەماوەی شەو و ڕۆژێک دا بڕی ، کە مالکی جارێکی تر سکی تاک بەتاکی کورد بەمناڵ و پیرەوە ئەنفال کرد کەچی وڵاتان ھەر تەنھا قسەیان کرد ھیچ ھەڵوێستیان نەبوو!
کەداعش ھات مالکی چەکی بۆبەجێ ھێشت و ئاراستەی شەڕیان لە بەغداوە گۆڕی بۆ ھەولێر، عەبادییش ئابلوقەی چەکی لەسەر پێشمەرگە دانا، پێشمەرگەش بەچەکی کۆن و سەردەمی شاخەوە بەرامبەر بەھێزێکی پێشکەوتوی و سەردەم و پڕ لە چەک وەستا، ئەم جارە جیھان ھەڵوێستیان ھەبوو ھاوپەیمانیان پێکھێنا بەڵام لەبەر چاوی جوانی کورد نەبوو بەڵکو بۆخۆیان بوو چونکە داعش دەبوە مەترسی لەسەر ئەوانیش لەھەموو ناوچەکەش پێشمەرگە تاکە ھێز بوو شەڕی داعشی دەکرد، لەدەرئەنجامی ئازایەتی پێشمەرگە و مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ئەوان جیھان هاتە دەنگ !

لەدوای ئەوەی پێشمەرگە ئەفسانەی داعشە تاریک پەرستەکانی تێکشکاند و ئاسایشی جیھان لەمەترسیەکی جدی پاراست، چاوەڕێ ئەوەبوین کوردەکان پاداشت بکرێن لای وڵاتانی جیھان بەسەربەخۆیی بۆ ئەوەی ھەڕەشەی تواندنەوەی چوار دەوریان ڕزگاری بێت، کەچی زەمینەیان بۆ عەبادی و ھەموو و میلیشیایەکانی وڵاتانی ناوچەکە خۆشکرد کەھەولێر ودهوک داگیر بکەن ھەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی ناوچەکە بسڕنەوە بەڵام ئەم جارەش تەنھا کورد پشتی بەخۆی بەست ئەفسانەی عەبادی کۆتایی پێھێنا کوردستان بۆ ھەموو نەیارەکانی کردە گۆڕستان.

پێشینان وتویانە، ھەموو کەس دوژمنی کەوە، کەویش دوژمنی خۆیەتی، گەر نەیارانی کورد چەند ھۆکاری ئەو ھەموو نەھامەتیەی بەسەر کورد ھاتووە و ھەتا ئێستاش کە گەورەترین نەتەوی جیھانی بێ دەوڵەتە، کورد دەھ ئەوەندە ھۆکاری بێ دەوڵەتبونی خۆیەتی، ھەتا کورد سەربەخۆ نەبێت دەوڵەتی تایبەت بەخۆی نەبێت کێشە و گرفتەکانی ژیان لەسەر کورد تەواو نابن ولەھەموو کات و ساتێک دا مەترسی تواندنەوە لەسەر کورد لە ئارا دەبێت.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.