Erbil 15°C سێشەممە 23 نیسان 22:58

زانیاری نەگوتراوی سەردانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی کوردستان

رۆژانی دادێ پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستان لە ناوەندی بڕیارە کاریگەرەکانی جیهان، لە کۆشکی سپی و ئەلیزێ و وڵاتانی دیکە زیاتر بەدیار دەکەوێ
ئاسۆ حاجی
100%

گەرمی پێشوازیکردن لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی و لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەلجیکا و یۆنان، ناکرێ تەنها لە هەیبەتی تەدارەکە پڕۆتۆکۆلیەکان و تامەزرۆیی خانەخۆیان کورت بکرێتەوە، چونکە ئەوەی گفتوگۆی دەربارە کرا و بۆچوونیان دەربارە ئاڵۆگۆڕکرا بۆ کوردستان و ناوچەکەش بابەت گەلی گرنگ و هەستیار و پڕ بایەخبوون.
سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی لە سەر داوەتی فەرمی دەوڵەتی ئیمارات و شەخسی جێنشینی ئیمارەتی ئەبو زەبی محەمەد بن زاید بوو، هەبوونی ئەو ناوە لە هەر رووداو و بزاڤێکی سیاسی واتا هەبوونی پرسگەلێکی پڕ بایەخ و هەستیار، ئەوەش لە دیدارەکەی نێچیرڤان بارزانی و محەمەد بن زیاد بە روونی دیار بوو، لەوەی تەنها یەک چارەگە سعات لەگەڵ ئەندامانی شاندی هەردوولا دانیشتن، بەڵام زیاتر لە سعاتێک و بیست دەقە بە تەنیا کۆبوونەوە و پرسەکانیان تاو و توێکرد.
پێگەی جیۆپۆلۆتیکی هەرێمی کوردستان و کارزانی سەرۆکی هەرێمی کە تەرجومەکردنەوەی پەیوەندیەکان لە سەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی بەهێزبوونەوەی هەرێمی کوردستان لە رووی سیاسی و ئابوریەوە، هەرێمی کوردستانی وەک قەوارەیەکی دەستووری لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدڕالی عێڕاقدا کردۆتەوە چەق و ناوەندی هاوسەنگ کردنی گەلێک هاوکێشەی سیاسی، کە نێچیرڤان بارزانی رۆڵی دیار و کاریگەری لەو بوارەوو هەیە.
لە پایتەختی سیاسی ئەوروپا لە برۆکسێل مەسرور بارزانی بەهەمان گەرم و گوڕیەوە پێشوازی کرا، وەک سەرۆک وەزیرانی وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەند سیادە مامەڵەی پڕۆتۆکۆلی و دبلۆماسی لە تەک دا کرا، لە گفتوگۆکاندا جگە لە باسکردنی توندوتۆڵکردنی پەیوەندی هەردوولا باسی بابەتگەگەلێکی یەکجار هەستیار و گرنگ کرا، کاربەدەستانی بەلجیکا بە نوینەرایەتی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بۆچوونی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانیان بە گرنگیەوە وەرگرت دەربارەی رەوشی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە هەموو ئەو رووداوانەی تێیدا دەگوزەرێن و دەربارەی هەموو ئەو کارەکتەرانەی ئامادەییان لە سەر شانۆی سیاسی دەڤەرەکە هەیە.
ئەو کرانەوەیە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی جەخت کردنەوەیە لەسەر خاڵێکی یەکجار گرنگ و چاورەنووس ساز بۆ گەلی کوردستان و گەلی عێڕاق هەروەها بۆ تێکڕای ناوچەکە، لە گۆڕینی تێڕوانینی سیاسیان و دەرباز بوون لەو بۆچوونە سیاسیەی نەریتیەی کە نزیکەی سەت ساڵە باو و زاڵە لە بەهێزکردنی ناوەندی دەوڵەت لەسەر حیسابی ئەو میللەت و گەلانەی ناوەند(پایتەخت) لە رووی نەتەوەیی و نیشتیمانی نوێنەرایەتیان ناکات، بۆیە باشترین ئەلتەرناتیڤ هەبوونی فرە ناوەندیە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا. ئەوە ئەو بۆچوونە بووە کە محەمەد بن زیاد بۆ نێچیرڤان بارزانی جەختی لێکردۆتەوە و سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا و دواتریش لە یۆنان هەمان بۆچوون بۆ مەسرور بارزانی جەختی لێکردۆتەوە.
رۆژانی دادێ پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستان لە ناوەندی بڕیارە کاریگەرەکانی جیهان، لە کۆشکی سپی و ئەلیزێ و  وڵاتانی دیکە زیاتر بەدیار دەکەوێ، بۆیە دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بکەین لە لایەن ئەو هێزانەی کۆنتڕۆلی بەغدا و عێڕاقیان کردووە هەروەها ئەو هێزانەی بەشێکن لەو ئەجێندا ئیقلیمیەی کار بۆ بێهێزکردنی هەرێمی کوردستان دەکات فشار زیاتر بکەن و رەنگە هێرشی سەربازی بکەن و شەڕی ئابوری لە گەمارۆدان و برسی کردنی خەڵک درێژبکەنەوە، بۆ ئەو کارەش وەک هەمیشە هێزگەلێکی ناوخۆیی کوردستانی دەبنە بەشێک لەو دژایەتیانەی بەرامبەر خەڵک و حکومەتی کوردستان دەکرێن.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.